🔘چوارینە🔘
ئەو تەورە کەوا لە لێڕەواران بەربوو
دەسکی کە لە داریش بوو لە داران بەربوو
داریش بە لقی شەمچە کرا دەیزانی
سووتانە بەشی چوو لە نزاران بەربوو
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
🍃🍃🍃🍃🍃🍃🍃🍃
🆔 @amingardiglani
♦️چوارینە♦️
بێ کەڵکی بە لاورگەوە، لێم بوویە سپڵ
سارد و ڕەشی وەک خەڵووز و نابیتە سکڵ
سەرشۆڕ مەبە گەر ئاشقی سەربەرزیش نییت
ناخوازی بە گوڵ بی لانیکەم مەشبە چقڵ!
ئەمین گەردیگلانی
🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻
🆔 @amingardiglani
🔷زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ🔷
▪️ئەمین گەردیگلانی▪️
بەڕێوەم و دەگەڕێم تا سنووری ئەم خاکە
لە چاوم ھەڵدەوەرێ ئەسری سووری ئەم خاکە
لە ناخم ھەڵدەقوڵێ زایەڵەی بە تینی شاخ
دڵم بووە بە ھەناوی تەنووری ئەم خاکە
خەزەڵوەرێنە نیگای باخ و گوڵ وەری پەلکی
ژەنینی دارە لە سەر نۆتی شووری ئەم خاکە
لەگەڵ ھەنیسکی گوڵ و کانیی دڵ بە خەم، گریان
چڕینی باخە بە قوڕگی تەمووری ئەم خاکە
گلارە شەونمی سەر پەلکی گوڵ لە قوڕ وەربوون
لە دووکەڵا ونە کوڵمەی بلووری ئەم خاکە
بە قیژەقیژ و زریکەی گوڵووک و وردەچرۆ
چیا دڵی بە گڕە و بۆتە «توور»ی ئەم خاکە
لە دووریی تیشکە، غەور گرتی چاوی ئاوێنە
وەریوە باڵی شنەی سەوز و سووری ئەم خاکە
وەنەوشە سەر بە ھەشە و خۆ دەڕنن گوڵباخی
بەقەد خودایە، خودایە! سەبووری ئەم خاکە
▪️🔸▪️🔸▪️🔸▪️🔸
🆔 @amingardiglani
🔹ڕچەی پڕشنگ🔹
🔸ئەمین گەردیگلان🔸
من لە شەو بێزارم و تیشکی بەیانانم دەوێ
سینە پڕ زووخاو و دەردم، تۆزێ هەتوانم دەوێ
خەم لە ناخمدا ڕەگاژۆی کردووە چەشنی هەرێز
بۆ نەفەوتانم بژار و ئەرک و تەیمانم دەوێ
وەک هەسێڵی بەردەمی کانیلەیێکی ویشکەڕۆ
بۆوە نەمخنکێنێ قەوزە و لیتە، جووڵانم دەوێ
ناهومێدی وەک ڕنوو ڕووخا بە سەر گوندی دڵا
بۆ ژیانی پڕ لە هیوا قەت هەدادانم دەوێ؟!
ئەشق و ئاواتم لە سەر دوندی ڕەشی شەو ساکنە
بۆ وەسەرکەوتن ڕچەی پڕشنگی پەیمانم دەوێ
بۆ بزەی نایێتە سەر لێو خۆری دڵگەرمی بەیان؟
شەو لەشی کردووم شەکەت، تاوێ پشوودانم دەوێ
🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸
🆔 @amingardiglani
🔸کالانی ژیان🔸
شێعر: ئەمین گەردیگلانی
خوێندنەوە: عەبدولخالق یەعقووبی
🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
🆔 @amingardiglani
☘ #ئێوارەی شەقام☘
♻️ئەمین گەردیگلانی♻️
کاتێ چیا و خۆر بۆ ماڵئاوایی یەکتر هەڵەمژن
شەقام دەبزوێ بە تینی ڕەوت و لەرە و شنەی ون
شەقامی دڵپڕ، ڕەشپۆشی قورمی چارشێو و لەچکەن
تینووی شەپۆلی پەڵکەزێرینەی پەخشانی پرچن
بڵێی رۆژێ بێ زەردەشتی ڕقمان، ببێتە گڕپژ
هەڵبچۆقێنێ تەمی سەر باڵای ئاسۆگی رۆشن?
دابگرێ دەشتی شان و بەرۆکت شەپۆلی کەزیە
بکەونە مەلە لە گەڵ ڕۆحی من دوو ماسیی خرپن
بێم لە قەڵپەزەی سەر شان و ملتا خۆم بخنکێنم
با هەڵم لووشێ شنەی مۆسیقای کەروێشکە کردن
هەڵیدەواسم ڕۆحم بە تاڵێ شەبەنگی چاوتا
دێتە جێژوانم ترووسکەی گەرمی شێعرێکی"هێمن"
سەرنجم بۆ سەر چناری لەنجەت باڵی لێک دەدا
لە سەر بەرۆکی شەقامی ڕەنگ و بۆن و بزەی ژن
بە نێردیوانی بۆنی جوانیدا ڕۆحم هەڵەزنێ
بەرەو مێعراجی جوانی پەرەستی و ئەوینی بێ بن.
🔱🔱🔱🔱🔱🔱🔱
🆔 @amingardiglani
ڕاستییەکی تاڵ ...
دوای ماوەیەک لە بەرگریکردن، (محمەد كەريم)ی شۆرشگێڕی میسر بە دیل گیرا و کەوتە دەست سوپاکەی ناپلیۆن. سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بە سەردا درا.
بەڵام دواتر ناپلیۆن پێی وت: تۆ بەرگریت لە خاکی خۆت کردووە، نامەوێ مێژوو بە کوشتنی پیاوێکی شۆڕشگێڕ تۆمەتبارم بکات.
بڕیارم دا لە بەرامبەر دە هەزار پارچە ئاڵتوون لێت خۆش بم؛ وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو سەربازە فەڕەنسییانەی بە دەستی تۆ کورژاون. محەمەد کەریم وتی: ئێستا هیچ پارەیەکم لا نییە، بەڵام دڵنیایی دەدەم بازرگانەکانی میسر لەجێی دە هەزار، ئامادەن سەد هەزار پارچە ئاڵتوون بدەن؛ تەنیا بۆ ئەوەی ئازد بم.
ناپلیۆن ڕێگەی پێی دا و وتی: بڕۆ پارەکە بهێنە.
محەمەد کەریم بە کۆمەڵێک سەرباز دەورە درابوو. چووە بازاڕ بەو هیوایەی بازرگانی وڵاتەکەی دڵیان بۆ شۆڕشەکەی بسووتێ و لە حوکمی لەسێدارەدان ڕزگاری بکەن. بەڵام یەک بازرگان ئامادە نەبوو پارەی بۆ بدات، بەڵکوو تۆمەتباریان کرد بەوەی بۆتە هۆی خراپبوونی بازاڕی بازرگانی. بە بێهیوایی گەڕایەوە لای ناپلیۆن.
ناپلیۆن پێی وت: چارەیەکیترم نییە، ئەبێ لە سێدارەت بدەم. لەبەرئەوە نا کە بەرگریت کردووە و سەربازی ئێمەت کوشتووە، بەڵکوو لەبەرئەوەی بۆ میللەتێکی ترسنۆک ژیانی خۆت کردە قوربانی؛ کە ئازادیی وڵاتەکەیان گۆڕییەوە بە بازرگانی.
محەمەد ڕەشید پاشا دەڵێ: شۆڕش لە پێناو میللەتێکی نەزان، وەک ئەوەیە ئاگر لە جەستەی خۆت بەربدەی هەتا ڕێگا بۆ کوێرێک ڕووناک بکەیتەوە.
🌺 کەناڵی هەڕەمەگوڵخار:
🆑 @haramegulxar2022
🆔 @amingardiglani
🌺☘زامی چیا☘🌺
💠ئەمین گەردیگلانی💠
دەنگی کسپەی زامی قووڵی کێوی بێ هەتوانە وا،
دەمهەژێنێت و قەڵەم ڕادەچڵەکێ بەو ژانە وا
لێرە وەک جەرگی زڵەیخا لەتلەتن جەرگی چیا
بۆیە دۆڵی پڕ چەمەی خوێن و زنەی گریانە وا
گەر پشووی بۆ بسکی نەرمی ئاو بکاتە شانە -با-
خەونی کانی کوانێ هەر زەلکاوی بێ جووڵانە وا؟!
لێرە قەت دەریا مەمک نانێتە دەم کۆرپەی هەور،
ئاسمان بۆیە نەزۆک و وشک و بێ بارانە وا
خۆری ئاشق بۆ لە ماشقەی عەرزی چاو داناگرێ؟
شەو کەسیرەی کردووە و ناخی سەهۆڵبەندانە وا!
لێرە پێدەشت و بنار شاخی بەرز پاشقول دەدەن
بۆیە کاری لووتکە کوێنی تەم بەسەردادانە وا!
دەمدەمانی خۆر و مانگە ڕۆژ و شەو دوندی چیا
بۆیە کێشرا سەر گلێنەی شیوی سەرشۆڕ تانە وا!
بۆ گوڵی بەفر و چرۆی باران و بسکی خۆر نەبێ،
شاخی گەردنکەش سەری بۆ کامە باڕەش دانەوا؟!
گورزی بزمار ڕێزی نێو دەستی شەون ئەستێرەکان
بۆیە لە خوێنا لەشی سەوزی چیا شەڵتانە وا!
🌹🌹🌹🌹🌹🌹🌹🌹
🆔 @amingardiglani
💧دەریای ئەوین💧
▪️ئەمین گەردیگلانی▪️
ئێمە ڕۆڵەی باوەشی ئازار و گریان و شەوین
ڕێ دەپێوین، ڕێ دەپێوین، ڕێ بەرەو لووتكەی ئەوین
ئێمە ڕۆڵەی خۆر و گڕكانین و تاریكی بەزێن
ئەسپی ژێر پێمان برووسكەن، فێری تەقڵە و ھەوھەوین
چلچەمەی ئەشقە دەماری ئێمە، دڵ سەرچاوەكەی
بەرزە سەرمان، دوندی ئاواتێكی بەرزین، نانەوین
ئێمە خەرمانەین لەدەوری مانگی ھیوای نیشتمان
تا زەوی پاراو نەكا بارانی شادی، ناڕەوین
ژوانی ھیوامان چیای عەشقە و ھەمێزی گەرمی خۆر
ڕژد و ھەوراز و گەوەی ڕێمان لە بەر پێدا، كەوین
پەنجەمان لێك ھەڵدەپێكین ھەروەكوو كانی و شەتاو
ڕێ دەپێوین، ڕێ دەپێوین، ڕێ بەرەو دەریای ئەوین
🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸
🆔 @amingardiglani
💠باڵنج💠
شێعر : ئەمین گەردیگلانی
میلۆدی و مووزیک: هاشم ڕەشادەت
🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱
🆔 @amingardiglani
💧💧باوەشی باران💧💧
خەم دڵی خستوومە جەغزی ئاگری ژانێکەوە
هەر شەوەی دەخزێمە ڕۆحی سەوزی گریانێکەوە
بۆیە شەو ئەشکم دەبێتە گوڵوشەی شێعری ئەوین
ڕۆژ نیگام دەدرووم بە تیشکی نیونیگای جوانێکەوە
💧شیعر: #ئەمین_گەردیگلانی
💧بە دەنگی هونەرمەند:
#سەیدکەماڵ_بۆکانی
👇👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @amingardiglani
💧💧باوەشی باران💧💧
خەم دڵی خستوومە جەغزی ئاگری ژانێکەوە
هەر شەوەی دەخزێمە ڕۆحی سەوزی گریانێکەوە
بۆیە شەو ئەشکم دەبێتە گوڵوشەی شێعری ئەوین
ڕۆژ نیگام دەدرووم بە تیشکی نیونیگای جوانێکەوە
💧شیعر: #ئەمین_گەردیگلانی
💧بە دەنگی هونەرمەند:
#کامەران_کرماشانی
👇👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @amingardiglani
💠ژانی خاک💠
دانەبەردی زەوی دانی نەلەقیبوو هێشتا
گا بنەی پیرە زەوی پێی تەبەقی بوو هێشتا
شێعر و خوێندنەوە:
ئەمین گەردیگلانی
🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻
🆔 @amingardiglani
🍀بەهار🍀
نەوبەھارە و سەوزە گۆرانی دەڵێ
بەندی تیشک و شەونم و جوانی دەڵێ
پێیەتی مزگێنیی سەرھەڵدانەوە
پشت لە مردن کردن و بووژانەوە
شێعر: ئەمین گەردیگلانی
خوێندنەوە: لوقمان کەریمی
👇👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @gediglani2020
🌸یادێک لەمامۆستا حەقیقی🌸
🔻بەشی 2
مامۆستا حەقیقی جگە لە شێعری ناسک و خەیاڵاوی و غەزەلی تەڕ و تەرچک و بە تام و پڕ ناوەرۆک لە بواری تارۆز و شێعری کۆمەڵایەتیشدا خاوەن دەسەڵاتە و کەم شاعیری کورد هەیە بە ڕادەی ئەو ئاوڕی لە ئەو بوارەی ئەدەب دابێتەوە و بە زمانی تەنز و تارۆز دەرد و گیروگرفت و نەهامەتی و دواکەوتووییەکانی کۆمەڵگای دابێتە بەر پللار و نقورچک، یان زەقی کردبێتنەوە.
لەوانە شێعری گامێشە کوێرە و سوڕی دەوران و مانگا پیوازی و کورد زیندووە و کۆنە چیرۆک و گرانی و سەگی بەغدایە و دەسەڵات و حەشری هێلکە و سەری بورج و ...
دوو کیلۆ گوشتی دەکڕم بۆ نەهار
پێیان ڕاناگا دەبێتە هاوار
لە مەلام پرسی بەو مواجبە
حەوتووی جارێکی پڵاو واجبە؟
بزێکی هاتێ، گوتی ناوەڵڵا
ئەگەر لە ماڵێ نەبێتە هەڵڵا
*
ئابیاری گەر جەریمەیشم بکا
من لە ئاوا سەرفەجوویی کەم دەکەم
خوا نەخواستە بێمە ماڵت دەفعەیەک
مستە خۆڵێک دێنم و تەیمەم دەکەم
تا لە ترسی فیشی ئاو سەکتەی نەکەی
نوێژەکانیشم بە قەسروجەم دەکەم
*
لە چامەی بەرزی «بیرەوەری» دا زیاترمان توانایی مامۆستا حەقیقی بۆ دەردەکەوێ و دەبینین لە چامەیەکی ئاوا درێژ و حەفتا بەیتیدا کە زۆریش تارۆزێکی شیرینە، چەندە بە توانا و دەسەڵاتە و وشە لە دەستیدا وەکوو مێو وایە:
وەرن ئەو نەقڵە سەیرەو بۆ وەگێڕم کۆمەڵی یاران
بە شەرتێکی نەفەرموون خۆ کتێبی ئەلف و لەیلایە
لە ناخی سینەما باسی نەما یا ما، نەما سینەم
لە داخی چەرخی سیما سینەما،یا سینەما سایە
لە سەر دەریای نەوت خەوتووم و ئەمما بۆ سوخت سوختم
دەڵێی تینووی قەراخ ئاوی فوڕاتێم و دڵم نایە
بە کۆپینیش چمان دەست ناکەوێ خوایە پەنا بۆ تۆ
دەترسم دوای کەری جرجاڵ کەوین بۆ دەنکە خورمایە
سەفی نووسەر هەموو کورکن دەڵێی هێلکەت وەبەر ناون
گەلی هۆنەر وەکوو گاگێرە دەمبێنیان لە دەم دایە
لە شێعری گرانیشدا لە دەست گران بوونی کەلوپەل و بژیوی ژیان زاڵەی دێ و تیری توانج لە کاربەدەستان و هۆکارانی ئەو کێشە و گرفتانەدەگرێ و سیخورمەی وشە لە خاڵیگەیان دەکوتێ:
گرانی گووی لە موستەزعەف دەرێنا
دەزانی چۆن وەکوو کەنگر بە پیشکی
بە جیقنە و میقنەوە و تووک و پەڕوباڵ
سەدوحەفتا تمەن کیلۆی مریشکی
لە گام پرسی ئەتۆ کیلۆت بە چەندە؟
لە سەوری ئاسمانی دا بە لووشکی
بەهای گازۆڵی بۆگەن بۆتە خۆرە
دەبینم خۆرەکەش بێ تینە تیشکی
هەموو کون کون بوو بەرگم چەشنی جەرگم
بە گرفەی شووی تەڕ و قرچە و پڕیشکی
بە دینم پێکەنینت دێ بە دینم
کە وێک هاتووم لە سەرما چەشنی ژیشکی
من نە لێکۆڵەر و نە ڕەخنەگرم و نە شارەزای ڕاڤە و شرۆڤەی شێعر و دەقی ئەدەبیم تەنیا وەک قوتابییەکی بچووکی مامۆستا حەقیقیی دڵپاک و نەمر تیشکم خستە سەر چەند لایەنێکی هەست و سۆزە پاراوەکەی و ئەم چەند دێڕەم نووسی. بە ڕاستی ددانیشی پێدادەنێم کە لە حاندی ئەو زاتە گەورە و ڕۆحە مەزنەکەی هێندە خۆم بە بچووک و کەم دەزانم کە زمانم گۆ ناکات و پەنجەم توانایی نووسینی نییە.
لە کۆتاییدا چەند بیرەوەریی ئەو کاتانە دەگێڕمەوە کە لە خزمەتیدا بووم. ئەو کەسانەی چووبێتنە خزمەتی مامۆستا حەقیقی دەزانن کە ئەو شاعیرە هێژایە چەندە ماڵخۆش و میوانگر و دڵفراوان بوو. کاتێک لە ماڵەوە بوایە دەرگای حەوشەکەیان لەسەر گازەرای پشت دەکرایەوە و خۆی لە بەر پەنجەرەکە بەرەوڕووی دەرگای حەوشەکە دادەنیشت و لە گەڵ خوێندنەوەی کتێب و نووسین چاوێکی هەر لە دەرگای حەوشەکە بوو و چاوەڕوانی میوان و قوتابییەکانی بوو. کاتێک دەرگای حەوشە پێوەبدرایە مانای ئەوە بوو مامۆستا لە مەڵەوە نییە و ئیتر پێویست بە پرسیار کردن و لە دەرگا دان نەبوو. کاتێک میوانێک یان چکۆڵەترین قوتابیی کە من بووم دەگەیشتینە بەر دەرگای حەوشەکە و چاوی پێمان دەکەوت بەپەلە هەڵدەستا و بە کۆمەکۆم و دەست بە گۆچان دەهات بەرەوپیری میوانەکەی و بەڕوویەکی خۆش و پڕ لە گوڵاڵەی زەردەخەنەوە دەیبردە ژوورێ و دوای ئەوەی بە گەرمی میوانداریی لێدەکرد، زۆر بە سینگێکی ئاوەڵاشەوە گوێی بۆ بیستنی دەق و نووسینەکانیان ڕادەگرت و دڵسۆزانە و وردبینانە بەرهەمەکانی بۆ نیسکەشۆر دەکردن و بەپێی پێویست ڕێنوێنیی دەکردن. کەم وابوو بچمە خزمەتی و دەوری پڕ نەبێ. ژن و پیاو و کوڕ و کچ لە دوور نزیکەوە بۆ ڕێنوێنی دەهاتنە خزمەتی و بە دڵێکی خۆشەوە دەگەڕانەوە و قەتم نەدی دڵی کەسێک بڕەنجێنێ و ئەگەر بەرهەمەکەی زۆریش لاوازبوایە ڕووشکێنی نەدەکرد.
ڕۆژێک چوومە خزمەتی و دوای ئەوەی شێعرێکی کاڵوکرچی خۆمم بۆ خوێندەوە داوای پێداچوونەوە و ڕێنوێنیم لێکرد، فەرمووی خراپ نییە بەڵام تۆزێ بۆ کاڵی لێدێ و دەبێ نیسکەشۆرێکی بکەی.
💠تیشکی عەشق💠
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
تیشکی عەشقێکی لە دڵدا هەیە ئاسۆی ئێمە
دێتە نێو باوەشی ئاڵا کە هەڵێ ڕۆی ئێمە
تاکوو تاریک بێ ژیانی مە جیهان بێ نوورە
خۆر وەریدەگرێ گڕ و تینی لە پشکۆی ئێمە
شەو هەزار هێندە ڕەش و ساردوسڕ و نووتەک بێ
پێی بزر نابێ تریفەی سپیی تاپۆی ئێمە
خوێنی سووری مە بەزاندی چەک و مەرگی تۆقاند
شاخی بڕوای گەشە کێل و گڵی گڵکۆی ئێمە
سوورە بە خوێنی گەشی ئێمە وڵات سەر تا پای
گوێی جیهان کەڕ بوو بە ناڵەی دڵ و ڕۆرۆی ئێمە
سەر ببا خوێن و مەرگ دابڕژێ وەک باران
یارییە و پەردەیەکی ژینە لە شانۆی ئێمە
وەک پەڕەی سوورەگوڵی دەم بە خوناوە و شەونم
عەشقی لێ دەتکێ دڵی پڕ لەکوڵوکۆی ئێمە
عاشقین تاکوو بژیین دەست لە هومێد بەرنادەین
تیشکی سەد عەشقی لە دڵدا هەیە ئاسۆی ئێمە.
🔅🔅🔅🔅🔅🔅🔅🔅
🆔 @amingardiglani
بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی ناسراو، مێژوونووسی خۆشەویست و هێژا
(عومەر فاڕوقی) سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو ئازیزە کۆچ کردووە و هەموو نووسەران و خەڵکی کوردستان دەکەم و خۆم بەشەریکی خەمیان دەزانم.
🔸🔹🔸🔹🔸🔹🔸🔹
🆔 @amingardiglani
بەشێک لە چیرۆکەشێعری
♦️ئۆقرەگرتن لە باوەش هیوای سووردا♦️
🔲 ئەمین گەردیگلانی 🔲
ئێمە ئەو چیرۆکە لە خوێن گەوزیوانەین
گۆچ کراوی مەمکی ئەوین و بارانین
بە مردن و خوێن و برین پێدەکەنین
ئێمە لەگەڵ ڕۆحی سروشت تێک هاڵاوین؛
لە دڵۆپە بارانێکی هەڵنیشتوو لە سەر ئاوێنەی ڕوومەتی گەڵا بپرسن
کرچەکرچی
پلیشانی جەستەی خۆی
لە نێو تەوژم و گوشاری هەورا لەبیرە؟!
لە گەڵایەکی تەرچکی
دەمدەمانی خوناوکەی باران بپرسن
چرکە چرکی
ئازاری چەکەرەدانی باوەشی خاکی لە بیرە؟!
لە مەزرای کراسی کەسکی گیا لەبەرکردوو بپرسن
ژانی ئاژن ئاژن بوونی
سنگی نەرمی بە دەرزیلە و چزووی چەقەرە لە بیرە؟!
لە ئێسک و پرووسکی نوستووی
نێو باوەشی ڕەگ و ڕیشە تازە و کۆنەکان بپرسن
ئازاری ئاویلکە دان و
هەڵقرچانی قەقنەسی ڕۆحیان لە بیرە؟!
خۆتان
لە خۆتان بپرسن
قیژە قیژی
لە دایک بوون و ئازاری ناوک بڕینتان لە بیرە؟!
دەڵێی/ تامی مەرگ تاڵە/
نەتچێشتووە!
تۆچووزانی شیرین نییە؟!
ئەوەیە نهێنیی سەوزی
زیندووبوون و
هەناسەکێشانی ئێمە
ئەوەیە ڕازی سوورباوی دەستەملان بوون
لەگەڵ زام و مەرگ و ئەوین.
ئەوەیە مۆچڕکی گەشی
ئۆقرەگرتن لە باوەشی هیوای سووردا
ئەوەیە تەزووی شیرینی
دەمدەمان بوون لەگەڵ فریشتەی هەڵفڕین.
ئەگەر جەستەی ئێمە نەبێ
ئەی ئاور شێعری ڕووناکی و سووتان لە سەرچی بنووسێ؟
ئەگەر پشووی ئێمە نەبێ
«سیانید» و«خەردەل» چیبکەن بە جۆلانە؟
ئەگەر خوێنی ئێمە نەبێ
لێوی وشکەسوێی گولـلـە بە چی بخووسێ؟
ئەگەر سنگی ئێمە نەبێ
تفەنگی حەپۆلی زلکوێر
چیی تر بکاتە نیشانە؟
👇👇👇👇👇👇👇👇
⚫️ 🆔 @amingardiglani⚫️
💠ھەواری ئازادی💠
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
ڕێم بەرەو ئەشقە و دەبێ قەت بەرنەدەم ئەو ڕێیە من
بێ پشوودان ڕێگە دەبڕم تاوەکوو ئەو جێیە من
ھەر بە تەنیا خۆشەویستی و یەکدڵی دەیباتەوە
گۆڕەپانی گوڕڕەیە و کەوتوومە ڕێ بەو پێیە من
خۆی بە سەد ڕەنگیش لە بەر چاوم کە بنوێنێ ژیان
تێدەگەم چۆنە و چییە و بۆچی دەبێت و کێیە، من
گەر من و تۆ بووینە ئێمە و ڕێی ئەوینمان گرتەبەر
بۆ بە تەنیا تۆ لە جێژوانی، ئەدی لە کوێیە من؟!
«دڵ دەچڕژێ ھەرکە دەیبینم کەسێ لاڕێ دەبێ
چونکە شووشەی ناسکی ھیوای گەلێکم پێیە من1»
شۆخە باڵابەرزەکەی تیشک و شنە و شادی، بڵێی
سەر بە تاجی خۆرەوە بشنێیەوە و بدرێیە من؟
ئەشقە ڕێگام و ھەوارم باوەشی ئازادییە
خۆشەویستیی خەڵک و خاکیشم چرای ئەو ڕێیەمن
1_ئەو بەیتە هی سائیب تەبریزییە
پای تا کج میگذارند خلق ما دل میخوریم
شیشهی ناموس مردم در بغل داریم ما
👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @amingardiglani
💠کالانی ژیان💠
▪️ئەمین گەردیگلانی▪️
خەنجەرێکم من، دروشمی «نا» دژی جەنگم ھەڵێنا
ھێند لە کالانی ژیانا مامەوە، ژەنگم ھەڵێنا
ھێندە ئەم ژینەم لە خۆم تاڵ کرد و داخم خستە سەر دڵ
بوومە دیلی دەستی خۆم و خۆم بە خۆم تەنگم ھەڵێنا
بازی بێزار بوو لە بەرزیم، تۆزی نزماییم لە سەر نیشت
وەک مەلی کڕ کەوتوو ئەمڕۆ جووجەڵەی نەنگم ھەڵێنا
ھێندە شانم دایە بەر ئازاری بوون و مان و مردن
ئێسکی جەستەم بوونە مەڵغە و ژینی لاسەنگم ھەڵێنا
چۆمی خوێنم ھێندە ڕشتە باوەشی دەریاوە، گۆڕا
شین و سەوزایی نەما پێی و بە سەد ڕەنگم ھەڵێنا
شاخ و دەریای خستە ھەڵپەڕکێ و سەما ھاوارەکانم
کەڕ بوو نەیبیست گوێی زەمان ھەر چەندەکەش دەنگم ھەڵێنا
خۆری ئازادی بە جێی پڕشنگ دەھاوێ ڕم لە چاوی
شەڕدژم، ئاڵای سپیم سەد چەل بە پێشەنگم ھەڵێنا
سەد خەمی ھاویشتە ناخم، سەد گڕی ئاڵاندە ڕۆحم
تا سەری جارێ لە خاکی مات و دڵتەنگم ھەڵێنا
پیرە دنیا سەد نەزیلەی قورسی داھێناوە لێم و
من بە سووکی ڕازی کڵپە و گۆزەڵە و سەنگم ھەڵێنا
ئارەزووی باڵ گرتنم کەوتۆتە دڵ، جاڕز لە مانم
ھێند لە ھێلانەی ژیانا مامەوە، ژەنگم ھەڵێنا
🔸🔹🔹🔸🔹🔸🔹🔸
🆔 @amingardiglani
♦️✨چەقۆی زوححاک✨♦️
🔰⚡️ئەمین گەردیگلانی⚡️🔰
بەرمە لای کێ ئەو دڵەی خەمناکی خۆم
چۆن وەلاوێنم دڵی ھیلاکی خۆم
دەردی کۆمەڵگا بڕستی لێ بڕیم
ھاتەدی لێم خەونەکەی سامناکی خۆم
شەق لە سەنعەت ھەڵدەدەن ڕیش و ددان
پێم دەڵێ: با ھەر بژی سیواکی خۆم،
شانەیەکیان پێیە سەد کەڵپەی ھەیە
ھەر کەسەی ھاوارییە: کوا چاکی خۆم؟
قامکی تانەم ھێند لە چاوێ ڕۆکرا
کیسەڵ ئاسا چوومەوە نێو لاکی خۆم
جهنگهڵێکم سوژدە بۆ ئاور دەبەم
تا نەجاتم بێ لە دەس خاشاکی خۆم
پاڵ وە تاریکی دەدەم وەک چەکچەکی
تا نەبینم ڕۆژەکەی ڕووناکی خۆم
تا لەگەڵ دووکەڵ ھەناسەم تێکەڵە
ھەر دەبێ ماچ کەم چەقۆی زوححاکی خۆم
تا لە سەر گۆڕم ھەبێ قاشوولە کۆن
چۆن ببێ بێ کوندەبوو شەبباکی خۆم
چونکە شیعرم ئاگرین و زیندووە
گڕپژینن یەک بە یەک لوولاکی خۆم
ڕوونە لێم واژەی گەشاوەم نامرن
تا لە دیوانم نەنیشێ خاکی خۆم
👇👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @amingardiglani
🔹شەوەژان🔹
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
ئەم خاکە چرۆی ئەشک و گوڵی زامی نەپشکوێن،
گڕ تیخی زمانی لە لەشی لەتلەتی دەسوێن
غەیری کوڵی گریان و ڕنینی قژ و ڕوومەت
چیی تر لە خەم و ژان و کوڵی ئەم دڵەم ئەدوێن؟
با ـ لێرە پەڕی کۆتری زۆر داوە ڕەپێچەک
ناویانە لە هەش شۆڕەبی پرچ و ملی بە کوێن
ئەستێرە گەلێ کەوتنە نێو قوڕگی ڕەشی شەو
بۆ مەرگی هەتاویش چووە مانگ بێ سەر و بێ شوێن
گڕ بسکی تەڕی سوورەگوڵێ زۆری پڕووزاند
هەر ڕۆژی بە داسێ مل و پەنجەی گوڵ ئەدروێن
شاخ و شەوەزەنگ پێکەوە زۆر دەستەملان بوون
زۆر جار پەڵەشی داوە لە داوێنی چیا، خوێن!
دوای ئەم هەموو تاڵی و کەسەر و ڕۆژە ڕەشانە،
دوای ئەم شەوەژانەی دڵ و جەستە و وزە تاوێن،
بێژی لە هەناوی شەوی سامناکی ژیانا
خۆرێک و هەزاران گەشە ئەستێرە نەگوورێن؟!
🔸🔹🔸🔹🔸🔹🔸🔹
🆔 @amingardiglani
🔸گوڵەبەڕۆژە🔸
بەس خۆت لە بن ئەو چڵکە پەچەت داشارە
کەم چەم لە چەمی خۆر بڕە، دێ ئێوارە
ئەو خۆرە کە دەیپەرەستی دەتژاکێنێ
دەیدا لە ھەرا کە ڕووڕەشی، بێچارە!
ژینت شەوی ڕەش نە ڕۆژە خاترجەم بە
ڕووزەردی نە گەش، لە دۆژە خاترجەم بە
ڕۆژێ دەوەرێ گوڵ و خوڵامانەی تۆش
ڕووڕەش دەبی وەك بەڕۆژە خاترجەم بە
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
دۆژە: دۆزەخ.
خوڵامانە: ئەو پرزە زەردە و وردەی به ڕووی گوڵەبەڕۆژەوەیە.
🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸
🆔 @amingardiglani
🙍♀شێعرێکی منداڵان🙎♂
💠باڵنج💠
وهك پهڵهههوری ئاسمان
نهرم و نیان و بۆشه
بۆ خهوتن و پشوودان
خودایه چهنده خۆشه
دایكم بهرگێكی جوانی
له بازاڕ بۆ كڕیوه
ئهو بهرگه ڕهنگاوڕهنگهی
پڕ به بهری بڕیوه
باخێكی سهوز و خۆشه
پڕ لهگوڵی زهرد و شین
كه، سهرمی دهنێمه سهر
دهبینم خهونی شیرین
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱
🆔 @amingardiglani
💧💧باوەشی باران💧💧
خەم دڵی خستوومە جەغزی ئاگری ژانێکەوە
هەر شەوەی دەخزێمە ڕۆحی سەوزی گریانێکەوە
بۆیە شەو ئەشکم دەبێتە گوڵوشەی شێعری ئەوین
ڕۆژ نیگام دەدرووم بە تیشکی نیونیگای جوانێکەوە
💧شیعر: #ئەمین_گەردیگلانی
💧بە دەنگی هونەرمەند:
#بێهنام_تاهیری
👇👇👇👇👇👇👇👇
🆔 @amingardiglani
🔵 #باوەشی باران🔵
💧ئەمین گەردیگلانی💧
خەم دڵی خستوومە جەغزی ئاگری ژانێکەوە
هەر شەوەی دەخزێمە ڕۆحی سەوزی گریانێکەوە
بۆیە شەو ئەشکم دەبێتە گوڵوشەی شێعری ئەوین
ڕۆژ نیگام دەدرووم بە تیشکی نیونیگای جوانێکەوە
گوندی ژینم بۆتە جاڕی خوێن و فرمێسک و برین
بۆنی مەرگە و دێ لە نێو هەر ماڵ و کۆڵانێکەوە
ڕۆژ فەلای بیرم لە مەزرای دڵ دەچێنێ تۆوی ژین
هەر کە شەودێ، وێڵە بە دوای ڕەنگ و بۆی نانێکەوە
پێ لە هەر جێگایە دانێم تیخ و پشکۆ و ئاگرە
بۆ پشوودان بچمە ژێر کەپری چ ئاسمانێکەوە؟
ئەو مەلانەی ساڵەهایە لەم هەرێمە کۆچ ئەکەن
ئێستە چوونە نێو ڕکەی قینی چ یەزدانێکەوە؟!
زایەڵەی هاواری شێعری دڵ بە ژانی ئەمشەوم
چۆتە شمشاڵی دڵی خنکاوی چ شوانێکەوە؟
دڵ ڕەگی تینووی درەختی ئەشقی ژینە بۆیە من
سەر دەنێمە باوەشی گشت قەترە بارانێکەوە
💧💧💧💧💧💧💧💧💧
🆔 @amingardiglani
💦💦💦💦💦💦💦💦
وەکوو فرمێسکی چەمی هەوری، بە بێ جیاوازی
سەر بە سەر شانی گوڵاڵە و دڕووداڵا دێنی!
🔹ئەمین گەردیگلانی🔹
💠💠💠💠💠💠💠💠
🆔 @gerdiglani2020
یادێک لەمامۆستا حەقیقی
🔻بەشی 3
دوای ئەوەی چایەکمان خواردەوە، ئاڵبۆمێکی وێنە کە لەبەر کتێبخانەکەیدا داندرابوو سەرنجی ڕاکێشام. فەرمووی ئەو ئاڵبۆمە بێنە تەماشای کە بزانە کاتی لاوی کوڕی چاک بووم. دەستم دا ئاڵبۆمەکە و لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مامۆستا چاوی هەر لە دەستم و ئاڵبۆمە دەکرد دیاربوو دەیهەوێ شتێک بڵێ و چاوەڕێیە بگەمە لاپەڕەی مەبەست و شوێنی خۆی. دوای هەڵدانەوەی چەند لاپەڕە و چاو کردن لە وێنەکان فەرمووی ئەو ئەکسەت پێچۆنە؟ گوتم: زۆر جوانە مامۆستا. فەرمووی بە چاوی مشتەری لێی بڕوانە. وردتر چاوم لێکرد وێنەیەکی جوان و گەشاوە بوو بە دیمەنێکی سەرسەوز و ڕازاوەوە. وێنەکە مامۆستا بوو لەگەڵ کاک مستەفا ئیلخانیزادە و لە نێو گیاجاڕێکی پڕ لە گوڵ و سەوزەڵانیدا کێشابوویان و زۆر وێنەیەکی جوان بوو. مامۆستا فەرمووی: ڕۆژێکی میوانێکمان هەبوو لە گوندەوە هاتبوو دەستی دا ئاڵبۆمەکە و هەڵیدایەوە، کە گەیشتە ئەم وێنەیە گوتی: تەککوو، ماشەڵڵا! گوتم: چییە، من جوانچاکم یان کاک مستەفا کە ئاوا ماشەڵڵامان پێدەڵێی؟ کابرای میوان گوتی: نا مەبەستم ئێوە نییە، ماشەڵڵا لەو لەوەڕە خۆشەی لە نێویدان!!
ڕۆژێکی دیکە چوومە خزمەتی قەندانێکی پڕ لە کشمیشی دانابوو کە چاییان هێنا فەرمووی جا وەرە با چایی بە مێوژەوە بخۆین. پێم سەیر بوو مامۆستا بەو کشمیشە ورد و زەرد و جوانەی گوت مێوژ. چاییمان خواردەوە و پاشان وەک جاران چەند شێعری کاڵوکرچم بۆ خوێندەوە و بە پێی پێویست ڕێنوێنیی کردم. عەرزم کرد مامۆستا جەنابت شێعری تازەت دانەناوە؟ زەردەیەکی شیرین نیشتە سەر لێوە ناسکەکەی و فەرمووی: تاکە بەیتێکم بۆ ئەو مێوژە داناوە. دیسان پێم سەیر بوو مامۆستا بە کشمیشەکەی گوت مێوژ. بە پێکەنینەوە فەرمووی خزمێکمان کە خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخانە دەچوو بۆ سەردەشت و داوام لێکرد دوو سێ کیلۆم مێوژ بۆ بێنێ، کاتێک هاتەوە و بۆی هێنام و کە پرێسکەم کردەوە لە جیاتی مێوژ ئەم کشمیشە مەبارەکەی بۆ هێنابووم. گوتم: خۆ ئەوە کشمیشە هێناوتە و ئێرە زۆری لەوە لێیە، بمزانیبایە ئەوە دێنی زەحمەتم وەبەر نەدەنای و لێرە دەمکڕی. کابرا گوتی: دەی مامۆستا ئەوە مێوژە هیدی فەڕقی چییە؟ منیش لە داخانا ئەم بەیتە شێعرەم دانا:
لەداخی خەڵکی ئەو خوارەی بە کشمیشی دەڵێن مێوژ
ئەمن شەرتە لەمەولاوە بە شێڵانە بڵێم گێوژ
..........
سڵاو بۆ ڕۆحی پاک و پیرۆزی مامۆستا حەقیقیی نەمر و هیوادارم جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
🍃🍃🍃🍃🍃🍃🍃🍃
🆔 @gerdiglani2020
🌸 یادێک لە مامۆستا حەقیقی🌸
🔸ئەمین گەردیگلانی🔸
🔻بەشی 1
کاتێک دەڕوانینە دنیای ئەدەب و شێعری کوردی و جوانی و ڕەسەنایەتییەکەی سەرنجمان ڕادەکێشێ، ترووسکە و سریوەی گەلێ ئەستێرەی گەش چاوە بڕکێنە لەگەڵ هەست و ڕۆحمان دەکەن و بە زمانی ڕوونی وشە و ئاهەنگ و مۆسیقای شیرین و ڕەوانی کەلام دەماندوێنن. ئەو هەستە پاکانەی بوونەتە بەشێک لە فەرهەنگ و تۆرە و هونەری گەلەکەمان، بەڕاستی بۆ ئەوە دەبن شانازییان پێوە بکەین و سەری ڕێز بۆ هەست و هونەرەکەیان دانەوێنین و دڵمان بکەینە جۆلانە و هێلانەی شێعر و وتە بە نرخ و پڕ تاموچێژەکانیان.
بێ گومان بۆ هەموو ئەدەب دۆست و گەوهەرناسێک خۆیا و ئاشکرایە کە مامۆستا حەقیقیی نەمر شاعیرێکی بە ئەزموون و هەست ناسک و بیر ورد و ڕەوانبێژە و هەمیشە لە دڵی گەلەکەیدا زیندووە و بەڕاستی شێعرەکانی پڕاوپڕن لە جوانی و هەموو چەشنەکانی هونەری شێعری و جوانکاریی ئەدەبی و بیری ورد و مووقەڵێشانە. مامۆستا حەقیقی لە شێعری کوردیدا بە ڕاستی جێ پەنجەی دیارە و لە نێو ئەستێرەکاندا گەشە ئەستێرەیەکی پڕشنگدارە. ئەو ناسکی و ڕەوانی و دیاردەی جوانی و وێنە شێعرییانەی لە شێعرەکانیدا و بە تایبەت لە چامە و غەزەلەکانیدا شەپۆل دەدا بەڕاستی جێگای سەرنجە و هەڵدەگرێ چەندین کتێب و و تاری تێروتەسەلی لەسەر بنووسرێ.
من چونکە شانازیی ئەوەم هەبووە لە نزیکەوە لە خزمەتی ئەو شاعیرە مەزن و ڕووناکبیر و گەشبینەدا بم و یەکێک لە شاگردە هەرە چکۆڵەکانی ئەو گەورە پیاوەم (ئەگەر شیاوی ئەوە بم و ڕێم لە ڕیزی شاگردەکانیدا هەبێ)باش دەزانم کە ڕۆح و دڵ و ئاکاریشی وەک شێعرەکانی پاک و بێگەرد و بێغەور و دڵۆ بوون.
ئاکاری جوان و ڕووخۆشی و زمان شیرینی و قسەخۆشییەکەشی ئەوا هەر باسی ناکرێ و دەبێ چەندین وتار و بابەتی لە سەر بنووسرێ.
بۆ ئەوەی تیشک بخەمە سەر ئەو هەستە پاراو و ڕەوانەی و ئەو ناسک خەیاڵییەی لە شێعرەکانیدا شەپۆل دەدا، بە پێویستی دەزانم چەند نموونە لە شێعرەکانی بخەمە بەر چاوی خوێنەرانی ئازیز. بڕواننە ئەم غەزەلە تازە و پاراوە کە جوانی و تازەیی لە هەموو بەیتەکانیدا دیار و جێی سەرنجە:
جوانە گوڵخونچە، گوڵم! وەک دەم و لێوی تۆ نا
بێ و هەناریش خڕوپڕ وەک مەمی سێوی تۆ نا
گەرچی زۆر شیرنە هەنگوینی شەمەترووکە بەڵام
بە مەزەی نۆبەرە ماچێک و جنێوی تۆ نا
شۆڕشی موتتەفقین و گڕی فیتنەی نازیم،
دیوە ئەمما بە بزەی فیتنە بزێوی تۆ نا
من بەزیوی هەڕەشە و لاشەڕی دوو چاوی ڕەشم
لە هەڕوگیفی حەریفانی دزێوی تۆ نا
نەوەسانی هەیە بازاڕی تەڵا ئەمما وەک
دڵی من بۆ پەلوپووزی وەکوو زێوی تۆ نا
دەفتەری سەبتی ئەوین مێهر و وەفاشی تێدا
ئۆگریم بەویە بەڵام بێجگە لە نێوی تۆ نا
بۆ پەشێوی گوڵم!؟ ئەی ماوەیی ژینم بە فیدات
بۆ حەقیقی نەژیان سەهلە، پەشێوی تۆ نا.
لە چامەی بەهاری کوردەواریدا کە بۆ کارەساتی دڵتەزێنی هەڵەبجەی نووسیوە بەڕاستی بۆمان دەردەکەوێ مامۆستا حەقیقی چەندە خامە ڕەنگین و خاوەن دەسەڵاتە لە شێعردا و دیمەنی جەرگبڕی ئەو کارەسات و قەلاچۆیەی بە وشە و وێنەی شێعری پیشان داوە و ئەو کێوی خەمەی بە شانی هەست و شێعر هەڵگرتووە. کاتێک ئەو چامە بەرز و مەزنە دەخوێنینەوە سەرمان سووڕدەمێنێ کە دەبێ ئەو توانایی و دەسەڵاتە شێعرییە چی بێ کە لە هەست و خەیاڵیدایە و ئاوا بەوردی دەرد و ئازارەکانی دەربڕیوە و بە کامێرای وشە دەیاننوێنێ:
بە جورعە و مورعە کار پێکنایە ساقی پڕ کە مینایە
بەقەد کێوی دەماوەند و سەهەندم خەم لە دڵ دایە
بەهارە و وەک گەڵاڕێزانە تەرمی نۆ نەمامانی
نەما مانی هەتا ڕەسمی نەمامانی بکێشایە
سەدان خونچەی نەپشکووتوو، هەزاران نێرگسی خەوتوو
بەگێژی گێژەڵووکەی بای دژی ژین تەرتوتوونایە
سەدان دایک دەبینی کۆرپە ساواکەی لە باوەشدا
مەمی دایەی لە دەمدایە و لە هیچیانیش پشوو نایە
چیا بۆ ڕۆڵەکانی شین دەکا و ڕووی خۆی ڕنی بۆیە
شیاری ڕوومەتی پەیدایە کاتی ڕۆشن و سایە