amingardiglani | Unsorted

Telegram-канал amingardiglani - ئەمین گەردیگلانی

1081

کاناڵی تایبەتی بەرهەمەکانی ئەمین گەردیگلانی

Subscribe to a channel

ئەمین گەردیگلانی

🔸بۆ بەجێت هێشتم؟🔸

دڵم خنکا لە نێو گێژاوی خەمدا بۆ بەجێت هێشتم؟
ڕوحت بردم لەشی سەردم بەجێما بۆ بەجێت هێشتم؟
‌ ...........

🔹شێعر: ئەمین گەردیگلانی

گۆرانیبێژ: حسێن وەفا

🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱
🆔 @gerdiglani2020

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

پیرەدارێکی خەزان گەستەم و سیس و کەلەلام
ڕەشەبای ڕەوتی دەدا لێم و دەڵێ: ھەڵمەوەرە

🍁ئەمین گەردیگلانی🍁


🔸دیارییەکی جوان لە هونەرمەندی
🔸خەتخۆش کاک عەبدوڵڵا قەرەنی

🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

سووتاندی دڵم کۆچی لە ناکاوی تۆ
ئاوا بوو لە من خۆری بزە و چاوی تۆ
ڕۆیشتی بەڵام هەر لە دڵمدا زیندوون
سەد بیرەوەریی سەوزی بەجێماوی تۆ

◾️ئەمین گەردیگلانی◾️

ئەمڕۆ 17ی ڕەشەممە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویستم
کاک عەزیز مستەفازادەیە
یادی بەخێر و ڕۆحی شاد بێ

💠💠💠💠💠💠💠
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

پیرەدارێکی خەزان گەستەم و سیس و کەلەلام
ڕەشەبای ڕەوتی دەدا لێم و دەڵێ: ھەڵمەوەرە

🍁ئەمین گەردیگلانی🍁

🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔹تان‌وپۆ🔹

خۆر کە دیتت ڕۆژ و شەو بێ ئۆقرە هاتوچۆیەتی
تاسەباری شیلەماچێکی دەمی ئاسۆیەتی

🔸شیعر: ئەمین گەردیگلانی

💠خوێندنەوە: خاتوو کەژاڵ فەرهادی

⚡️⚡️⚡️⚡️⚡️⚡️⚡️⚡️
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸سەر تەتەی بن مافەتە🔸


🔻بەشی سێهەم


شە‌ش ساڵ ماڵداریم کردووە تاکوو بچێت بۆ فێرگەی شێوەکاری و هونەرە‌کە‌ی گەشە پێ بدا. لە من دەڕوانێ و دەریاکەم نیشان دەدا:
ـ«نار‌نج! خۆشە‌ویستەکەم! سەیری دەریا بکە چۆن شەپۆل دەدا. ئەگەر ئێستا گەمیەی ماسیگرێکی پیر لەگەڵ شەپۆلی دەریا ململانیی بکردبایە، دەبووە مودێلێکی باش بۆ تابڵۆکەم.»
دەستووری خۆی داوە. لەسەر ڕووبەری دەریا و ڕۆخەکە مووبە‌موو بە دوای گە‌میەیەک و ماسیگرێکی پیردا دەگەڕێم. بەڵام نە هیچ گەمیەیەک وەبەر چاو دەکەوێ نە ماسیگرێکی پیر، دەزانم ئیتر ماسیگرە پیرەکان باویان نەماوە و توانایی ئەو کارانەیان نییە. ئێستا پیرە پیاوە‌کان لە ڕۆخی دەریاکە دەسووڕێنەوە و بنیشێت و جگەرە دەفرۆشن.
لە سەر چۆک، لە پیرە پیاوێکی پشت چەماوەی جگەرە‌فرۆش دەچمە پێشێ و بەستەیەک جگەرەی مارلبورۆی سووری قوڵەی پاکەت مقەباییی ـ جگەرەی تایبەتی هاوسەرەکەم ـ لێدەکڕم، خێرا بۆی دێنم و دەستە ناسک و هونەراوییەکەی ماچباران دەکەم.
پاکەتە جگەرەکە لە نزیک تەپڵەکی لای بوومەکە دادە‌نێ. دە‌ستە‌کانی بە‌رە‌و ئاسمان هە‌ڵدە‌بڕێ. سۆز و هە‌ستێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو چاوە هونە‌ر خوڵقێنە‌کانیدا شەپۆل دەدا. لێوەکانی وەکوو ئاڵایەکی سوور دەشەکێتەوە:
ـ«خۆزگە پاپۆڕە جەنگییەکەی پۆتمە‌کین لەوێ بوایە، لە سەر ڕووبەری دەریاکە، تاکوو من تابڵۆیەکی هەرمانم لێ بخوڵقاندبایە.»
ئەی خودایە گیان! ئێستا من پاپۆڕی جەنگیی پۆتمەکین لە کوێ پەیدا بکەم؟
دیسان لەسەر چۆک دەچم بۆ لێوارەکە و وە‌ک چاو ئێشەدار بۆ پاپۆڕی جەنگی دەگەڕێم.
بۆم پەیدا نابێ و بە جێی ئەو پەرداخێکی گەورەی چایی بۆ دێنم کە سە‌هۆڵ لە نێویدا هەڵدەچێت و دادەچێ. فرمێسکی حەسرەت لە چاوی هاوسەرەکەمدا شەپۆل دەدا. چاییەکە لە لای لاقی دادەنێم. خۆم بە شەرمەزار دەزانم کە نە‌متوانیوە هیچ یارمەتییەکی بدەم بۆ دۆزینە‌وە‌ی ئیلهامە هونە‌رییە‌کە‌ی. تەنانەت نەمتوانیوە پاپۆڕێکی جەنگیی بێ بایەخی بۆ پەیدا بکەم. بۆیە داوای لێبوردنی لێدەکەم.
لەم کاتەدا لە ناکاو هاوسەرەکەم پەڕەمووچەکەی هەڵدەگرێ و بە هەیەجان و دڵخۆشییەوە لە ڕەنگە‌کانی هەڵدەکێشێ. لەم ڕەنگە‌وە بۆ ئەو ڕەنگ. خێرا خێرا چاو لە دەریا و بوومی شێوەکارییەکەی دەکات. دڵم لە خۆشیانا کەوتە کوتەکوت. گوتم ڕەنگە شتێکی پێ ئیلهام کرابێ. پەڕەمووچەکەی لە‌ملاوە بۆ ئە‌ولا دەکێشا و ڕەنگەکانی لە بوومەکە هەڵدەساوی. چاو لە دەریاکە دەکات و دیسان چاوی لەسەر بوومەکە دەگیرسێتەوە. منیش سەر هەڵدەبڕم و لە دەریاکە دەڕوانم. ژنێک لە لێواری دەریاکە ڕاوەستاوە و هاوار دەکات و دە‌گری و ڕوومەتی خۆی دەڕنی.
منداڵێک لە نێوان شەپۆلەکاندا هەڵدەچی و دادەچی. ژنە بۆ لای ئێمە دەستی ڕادەتەکێنێ و داوای یارمەتی دەکا.
هاوسەرەکەم بە وردی و خێراخێرا چاوی لە سەر دەریا و منداڵەکە و بوومەکە دەگوێزێتەوە و پەڕمووچەکەی لە بۆیە هەڵدەکێشێ و بە بوومەکەیدا دەساوێ. هاوار و گریانی ژنە بێ‌ئیختیار لە جێی خۆم ڕایپەڕاندم. ئەژنۆکانم تە‌زی بوون و ژانیان دەکرد. ژنە زیاتر دەنگی هەڵدێنێ و زیاتر دەستی بۆ لای ئێمە ڕادەتەکێنێ. بە پڕتاو هەڵدێم تاکوو بچم بۆ یارمەتیی، کە چی دەستی هاوسەرەکەم توند شانم دەگرێ و ناهێڵێ بڕۆم. هەنیشکێکی تێدەکوتم و خۆم لە دەستی ڕادەپسکێنم و بە‌رەولای دەریاکە ڕادەکەم. لە دوای خۆمەوە گوێم لە دەنگی هاوسەرەکەمە هاوار دەکات و دە‌قیژێنێ.
بە قە‌ڵافە‌تێکی ڕاست و بە‌هێزە‌وە هە‌ر دوو دە‌ستم لێک بڵاودە‌کەم و پێ دەنێمە نێو دەریاکەوە، خۆم دەگەیەنمە منداڵەکە و لە چنگ شە‌پۆلەکانی دەردێنمەوە، لە باوەشی دەگرم و دێمەوە دە‌رێ.
قیژە و هاواری هاوسەرەکەم هەر وا لە دوورە‌وە دێتە گوێم و بە تووڕەیی سەر و دەستی ڕادەوەشێنێ:
ـ«ئەم پیاوە ئیلهامە هونەرییەکەی کوشتم. ئەم پیاوە دەستی لە کاری سروشت وەرداوە. ئەم بۆرە پیاوە نەزانە دوژمنی منە. دوژمنی هونەرە. ئە‌و ئیلهامە هونە‌رییەکەی کوشتم...»

تەواو


🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
@amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸سە‌رتە‌تە‌ی بن مافە‌تە🔹

✍نووسەر: هومایوون خوسرەوی دێهکوردی

📝وەرگێڕانی: ئەمین گەردیگلانی


🔻بەشی یەکەم

دەریا شەپۆل دەدا، هاوسەرەکەم لە پاڵ تاقە دارێکی سەر زینووی ڕۆخەکە ڕاوەستاوە و چاوی لە شەپۆلەکانی زەریا بڕیوە. بوومی وێنەکێشانی لەسەر سێپەکێکی بەرز بەرەو ڕووی خۆی داناوە و پە‌ڕەمووچەی بە دەستەوە گرتووە. زەفتێک لە سەر مێزی بن دارەکە داندراوە و سۆناتای ژومارە نۆی بێتهۆڤن لەگە‌ڵ هاژە‌ی شە‌پۆلە‌کان ئاوێتە دە‌بێ؛ سۆناتای کرۆڤیتیزێر. پیاو بە بیستنی ئەو هەوایە ڕۆمانەکەکەی تۆلستۆی وەبیر دێتەوە. کەمان و پیانۆ شان بە شانی یەک دە‌ڕۆن و هێندێ جاریش لێک دوور دە‌کە‌ونە‌وە. بڕێ جار دە‌نگی یە‌کیان دێت و بیسەر بۆ دادوە‌ری بانگهێشتن دە‌کات و هێندێ جاریش دە‌نگێکی‌تر دە‌ناڵێنێ. دیمە‌نە‌کە تە‌واو هونە‌رییە و من چە‌ند هە‌نگاو لەولاترەوە لە سە‌ر عە‌رزی، لەسە‌ر چۆک بە‌رەوڕووی دانیشتووم و چاوی لێدە‌کە‌م.
ساڵانێک لە‌مە‌وبە‌ر کە ناخم لیپاولیپ بوو لە عە‌شق و هە‌‌زاران لاپە‌ڕە ڕۆمانی سیاسی و هونە‌ری، وە‌ک لاوێکی خە‌باتگێڕ لە هاوڕێ و هاودە‌مێکی هاوبیروڕا دە‌گە‌ڕام تاکوو ژیانی هاوبە‌شی لەگە‌ڵ پێک بێنم. دە‌مویست لە‌گە‌ڵ کچێکی هونە‌رمە‌ندی شۆڕشگێڕ هاوسە‌رگیری بکە‌م.
بە‌هاری ئە‌و ساڵە هە‌وایە‌کی خۆش و سازگاری هە‌بوو، شە‌وێک کە ناخم لێوڕێژ بوو لە هە‌ست و نە‌شە، دیتم ئە‌و کراسێکی هاورێشمینی تە‌نگ و لووسی لە‌بە‌ردا بوو و باسی بێ‌بە‌شی و چارەڕە‌شی گە‌لانی ستە‌م لێکراوی دە‌کرد. هە‌ست و سۆزی لاوی لە دە‌روونمدا کە‌ڵە‌کە ببوو و وزە‌ی ئە‌و خواردنە چە‌ور و شیرینانە‌ی چە‌ند ڕۆژ لە‌مە‌بە‌ر خواردبووم ئاراوقارای لێ‌هە‌ڵگرتبووم.
کچە بە‌نازە‌وە چاوە‌کانی خومار دە‌کرد و باسی چە‌وسانە‌وە‌ی چینی کرێکار و زە‌حمە‌تکێشە‌کانی دە‌کرد. لە ژێر تریفە‌ی مانگە شە‌ودا، سواری گە‌میە ببووین و بە سە‌ر دە‌ریای مە‌ند و بێ‌شە‌پۆلدا بە ئارامی سە‌وڵمان لێدە‌دا. لە نزیک یە‌کتر دانیشتبووین. هە‌ناسە گە‌رمە‌کە‌ی لە دە‌موچاوم دە‌درا. دە‌تگوت ڕوومە‌تم ڕە‌نگ دەکا... لە ناکاو هە‌ستم کرد خە‌باتگێڕترین و هونە‌رمە‌ندترین کچی دنیا بە‌رە‌وڕووم دانیشتووە و بە گیان و بە دڵ ئاشقی بووم و کاتێک دایکی وە‌بیری هێنایە‌وە کە مانگی محەڕڕم و سەفەر نزیک بۆتە‌وە، زۆر بە پە‌لە زە‌ماوە‌ندە‌کە‌مان ساز کرد.
یە‌کە‌م مانگە‌کانی ژیانی هاوبە‌شیمان هە‌موو توانای خۆم بۆ ئە‌وە خستە کار تاکوو تێی بگە‌م و بزانم چی لە ناخ و مێشکیدایە و زۆری نەخایاند کە ئە‌وی وزە و هێزی هە‌مبوو لە کارم کرد و هیچم بە هیچ نە‌کرد.
ئێستا ئیتر بە‌هار تێپە‌ڕیبوو و بە‌جێی باس کردنی خە‌ڵکانی هە‌ژار و چە‌وساوە، بە ڕۆژدا لە‌م دووکانە‌وە بۆ ئە‌و دووکان بۆ کڕینی کە‌لوپە‌لی ماڵ و مۆبیلیاتی قیستی دەسووڕاینە‌وە. بە‌ڵام من بیرم لە شکە‌ست نە‌دە‌کردە‌وە و بڕیارم دا ئە‌و هە‌ر بە‌و جۆرە ببینم کە لە خە‌یاڵمدا بوو. ئە‌وم نارد بۆ فێرگە‌ی وێنە‌گە‌ری تاکوو لە‌لای مامۆستایانی شارە‌زای هونە‌ری وێنە‌گە‌ری، ببێتە وێنە‌گە‌ر. شوکر بۆ خودا هە‌وڵ و زە‌حمە‌تە‌کانم بە زایە نە‌چوون و بوو بە وێنە‌گە‌ر. ئێستا لە ڕۆخی دەریا، لە سە‌ر زینووی لێوارە‌کە و لە ژێر تاقە دارێکی پڕ لک و گە‌ڵا خە‌ریکی وێنەگە‌رییە.
کە‌مان و پیانۆ، کۆتایی بە سۆناتا دێنن. لە سە‌ر چۆک دانیشتووم و لە ژنە وێنە‌گە‌رە‌کە‌م دە‌ڕوانم و هە‌ست دە‌کە‌م بە ئاوات و کاوی دڵم گە‌یشتووم.

🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

غەریب پشدەری
و
ئەمین گەردیگلانی

هەولێر ماڵی نووسەران
2012 /12 /22
فیستیڤاڵی هەڵبەستی لاوان


🍀🍀🍀🍀🍀🍀🍀🍀
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

هەنارە دڵ، گەیشتووە بە تینی خۆری ئەشقی تۆ
گوڵم چ خۆشە بێی دڵم لە داری سینە لێوەکەی!

🔹ئەمین گەردیگلانی🔹

🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱🌱
@amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

نەمر مامۆستا خالید حیسامی(هێدی)
و
ئەمین گەردیگلانی

هەولێر، کۆڕی ڕێزگرتن لە مامۆستا هێدی
ڕێکەوتی 2008/11/3


🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸مردوو پەرەستی🔸


بۆ: ڕۆحی بەرزی مامۆستا هەژار


🔹ئەمین گەردیگلانی🔹

داری سەرسەوزی هومێدی کورد وەری بەرگ و چرۆی
باخی ڕەنگینی ئەدەب نەیما بەرامە ‌و ڕەنگ و بۆی

بوو بە ‌شیوەنگا ڕکەی سینەم لە تاوی کۆچی گوڵ
بولبولی دڵ بۆیە دایم دێ سەدای گریان و ڕۆی

خەم لە کوورەی تەنگی سنگمدا هەڵیکرد ئاورێک
تاوەکوو ڕۆژی قیامەت ناکوژێتۆ ژیلەمۆی

خاکی دڵڕەش ناوەخت بۆ چێشتە زاری کردەوە
خۆرەتاوی ڕوونی هیوای کوردەواری کەوتە تۆی

دەنگی شین و ڕۆ تەواوی نیشتمانی گرتەبەر
خەم دڵی کوردی بە جارێ کردە خانەخوێ و مەکۆی

یەک دەڕێژێ ئەشک، ئەڵێ: مۆمی ئەدەب کووژایەوە
یەک دەناڵێنێ دەڵێ: قومری ئەوین لەم باخە ڕۆی

یەک دەڵێ: ئەی ڕۆ هەڵۆی تیژباڵی ئاسمانی ئەدەب
دەستی بێ ڕەحمی ئەجەل هات و وەراندی باڵ و پۆی

دوێکە ڕێگەم کەوتە خامۆشگا لە سەر گڵکۆی هەژار
هەڵدەقرچا جەرگی مۆمێک و بە ئەشکی گەرمی خۆی،
ئەم وتەی نووسیبوو فرمێسکی لە بانی گۆڕەکەی:
"تا ژییا جەللادی بوون و ئێستە ڕەشپۆشن لە بۆی؟

پڕ بە کوردستان دڵی پڕ ژانی هاواری دەکرد
گوێی نەدا هیچ کەس بە قرچە و سووتنی ناخی بەسۆی

دیلی مەینەت بوو هەموو عومری لە تاوی میللەتی
سەبری کرد تا هەڵکزا وەک من بە ئەشکی گەرمی خۆی

بەسیەتی مردوو پەرستی عارە تاکەی وا دەبن؟
ڕێزی بۆ دانێن لە ژینا، خەم مەخۆن ئەو کاتە ‌ڕۆی

دار هەتا گەش بوو بە ‌ئەسرین ئاوی دەن با سیس نەبێ
ئەشکی ناوێ تازە وەختێ هەڵوەری پەلک و چرۆی"

زستانی1369هەتاوی

🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

گۆڤاری ژمارە ۹ی ئێلێکتڕۆنی:

#لە_داوێنی_ئاربەباوە

"ئەنجومەنی ئەدەبیی بانە"

ڕەشەمەی ۱۳۹۹ی هەتاوی

@Le_daweni_Arbebawe


سەرنووسەر: #ک_د_ئازاد

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

💠دووبەیتی💠

کە شەوبا بۆنی گوڵ دێنێت و دەیبا
دەدا عەتری هەناسەی تۆ دنەی با
کە عەرز و ئاسمان پڕ کا لە بۆنی
گوڵ و ڕێحانەکەی بسکت شنەی با

🔹ئەمین گەردیگلانی🔹

🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸🔸
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸چیرۆک


💠ترس💠

🔸نووسەر: ئەحمەد مەحموود

🔹وەرگێڕانی: ئەمین گەردیگلانی

🔻بەشی یەکەم

لەگەڵ دەنگی یەكەم تەقەی تفەنگ خالید دڵی داخورپا. یەحیا لە بن لێوییەوە بۆڵاندی و جنێوێكی دا، پێی بەسەر پێداڵی گازەكەدا نا و پیكابەكە باڵی گرت.
لێزمەی بارانی بەخوڕی كوێستان، ئاسمانی بە زەوییەوە دەدووری. باران، پیكابەكە و ئەسفاڵت و قەراغی جادەكە و كۆڕی دار بەڕووی گوێ جادەكەی بە توندی دەكوتا كە بە چڕوپڕی سەریان بە یەكدا كردبوو.
دوای دووهەمین تەقە، خالید بە لێوەلەرەوە گوتی:
ـ«یەحیا ڕایگرە... ناتوانین دەرباز بین.»
یەحیا ناوچاوانی تێك‌نا و برۆی هەڵتەكاند:
ـ«تۆ گەوجی.»
ـ«ئاخر...»
ـ«نازانی بەندیخانە یانی چی؟»
ـ«لە مردن خۆ چاكترە.»
ـ«نا، وا نییە.»
خالید تۆزێ خۆی ئەمبارەوبار كرد و بە دەنگێكی لەرزۆكەوە گوتی:
ـ«ماشێنی ئەوان دۆجە.»
ـ«دەی چش! با دۆج بێ.»
ـ«هەشت سیلێندرە، لە پێی دەرناچین.»
ـ«بێدەنگ بە.»
ئاوی باران وەسەر ئەسفاڵتەكە كشابوو. با هاژەی دەهات و ئاوی سەر ئەسفاڵتەكەی وە سەما خستبوو. دڵۆپی درشتی باران، لەسەر شووشەی پێشەوەی پیكابەكە بە لەرەلەر هەڵدەكشا. یەحیا بە سەر فەرمانەكەوە كۆم ببۆوە و پێی لەسەر پێداڵی گازەكە توند كردبوو و ماڵەگاز دەڕۆیشت. خالید لقێ شەمچەی هەڵكرد كە جگەرەیەك داگیرسێنێ. دەستی دەلەرزی. شەمچەكە كوژایەوە. دیسان لقێكی دیكەی لێدا. با دەهاتە ژوورێ. سەری بردە خوارێ. جگەرەكەی داگیرساند.
دووكەڵەكەی قووت دا و بە باقە دەریدایەوە. پیكابەكە هەتا سەرووی شووشەی دواوەی پڕ بوو لە پەڕە جگەرە و جگەرەی بیانی و جەوهەر. خالید لەسەر دۆشەكی ئۆتۆمۆبێلەكە خزی و خۆی كێشا خوارێ و چاوی قووچاند. خشە و جیڕەی تەگەرەكان دەهاتە گوێی.
لەگەڵ تەقەی سێهەم گوللە خالید داچڵەكی و خۆی هەڵكێشایەوە. دۆجی هەشت سیلەندر لە ئاوێنەكەوە دیار بوو. دەتگوت باڵی گرتووە و بە دوایاندا دێ. قەپۆزی پانی دۆجەكە لە قەپۆزی قرشەماسییەك دەچوو كە بە ڕقەوە هێرش دەكاتە سەر نێچیرەكەی.
خالید چاوێكی لە لاجانگی یەحیا كرد. چاوی چكۆلە كردبۆوە و لێوی توند بەسەر یەكا نابوو.
ـ«یەحیا...»
ـ«ها.»
ـ«ئەگەر لە تەگەرەكانی دەن چبكەین؟»
ـ«هەر كیلۆمەترەی تلێك دەدەین. بە تەقڵە دەڕۆین.»
ـ«سەدوچل تەقڵە.»
ـ«پێكەوە دەمرین.»
ـ«بەڵام.»
یەحیا بە خوێن‌ساردی و لەسەرەخۆیی گوتی:
ـ«دەڵێم بێدەنگ بە.»
خالید لەبەرخۆیەوە منجاندی. دەتگوت لەگەڵ خۆی قسە دەكا. دەنگی دەلەرزی:
ـ«لە بەندیخانە پیاو لانی كەم هیوایەكی...»
یەحیا گوڕاندی:
ـ«ئەو هیوایە بە كاری سەگ دێ.»
لەگەڵ تەقەی چوارەمین گوللە خالید نەڕاندی:
ـ«ڕایگرە یەحیا... ئەوانە... دەتوانن لە تەگەرەكانی دەن...»
یەحیا توند ددانی بە سەر یەكدا نا و گوڕاندی:
ـ«دەڵێم دەمت لێك نێ.»
ـ«ئاخەر چۆن دەتوانم...»
ـ«ڕۆژی هەوەڵ دەبوو ئەوەت لەبەر چاو بگرتایە.»
ـ«هێشتا درەنگ نەبووە.»
ـ«با، بووە. زۆریش درەنگ بووە.»
چەن ساتێك بێدەنگی و جیڕە و خشەی تەگەرەكان و وێنەی دۆجەكە كە جار لەگەڵ جار لە ئاوێنەكەدا گەورەتر دەبۆوە.
یەحیا گوتی:
ـ«جگەرەیەك داگیرسێنە و بمدەیە.»
یەحیا جگەرەكەی نا بە سووچی لێوییەوە. چاوی تیژی لە ئەسفاڵتەكە بڕیبوو كە پیكابەكە هەڵیدەلووشی.
خالید ئاراوقارای لێ‌هەڵگیرابوو، دیسان وەزمان هات:
ـ«گەیشتنە سەرمان.»
ـ«ئەگەر بیانتوانیبایە دەگەیشتن... لە تەگەرەكانیشیان دابوو... ئەوانە خۆ بەزەییان بە ئێمەدا نایە... تەنیا بیر لە دەسكەوتی خۆیان دەكەنەوە.»
خالید دەستی هەڵتەكاند:
ـ«نا یەحیا ... نا! وا نییە...»
عارەقە بە نێوچاوانی خالیددا دەهاتە خوارێ. دووكەڵی جگەرەكەی قووت دا. وەكۆخە كەوت. یەحیا بە لاچاوێك تەماشای خالیدی كرد و گوتی:
ـ«خۆ تۆ ئەوەندە خۆش‌باوەڕ نەبووی.»

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🍂خاسەکەو🍂


🔹ئەمین گەردیگلانی🔹


خاسەکەوێکی بە گەرووی ئاڵەوە
خۆت لە قەفەس نا بە خەت و خاڵەوە

ماڵەوە جێ‌بێڵە شەقام چاوەڕێن
شادی وەخە ڕۆحی کوڕ و کاڵەوە

گۆمی جەماوەر، وەرە با بشڵەقێ
بەو ڕەشەبای بەژن و قەد و شاڵەوە

با بشەکێنێ شنە ئاڵای کەزیت
مەقنەعەکەت گڕ دە بە دەسماڵەوە

تووڕ دە لەچک، پەرچەمی تۆ خۆی گڕی،
پاقژی نەورۆزە بە دەم یاڵەوە

تامەزرۆی نەرمە شنەی ڕەوتی تۆن
لاو و بەساڵاچوو بە منداڵەوە

شێخ و مەلا و سۆفی بەرەوپیری تۆ
دێن بە عەبا و مێزەر و بەرماڵەوە

ڕوون کەرەوەی چاو و دڵن قۆڵ و پووز
مەیخەرە ژێر ئەو سڕ و سیپاڵەوە.



🍃🍃🍃🍃🍃🍃🍃
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

#معرفی_روستاهای_سقز

🔹کاری جدید و متفاوت از: پایگاه خبری تحلیلی دەنگی دێهات

🎙معرفی روستای #گەردیگلان
🔸زبان: کوردی

🟣 #دەنگی_دێهات
🆔 @DangiDehaat

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

تاکوو ژن زیزە لە ژینی شادی
هەڵی نەمژیوە شنەی ئازادی
ئەم دڵەم هەر دەبێ لانەی دەرد بێ
بیر و شێعرم دژی ڕەنگی زەرد بێ
ئەودەمە دێتە دی تاسە و کاوم
ژن بە ئازادی ببینێ چاوم

💠ئەمین گەردیگلانی💠

🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸پرسەی مانگەشەو🔸

بۆ: کۆچی ناوادەی هاوڕێم
عەزیز مستەفازادە

🔹ئەمین گەردیگلانی🔹


لە دڵما خەم دەبارێ، خەم دەبارێ
لە چاوم وەختە ڕووناکی بتارێ

خەمی گورچووبڕی هاوڕێمە، سەختە
لە گوڵزاری دڵی دام زوقم و شەختە

لە پرسەی مانگەشەودام و دەسووتێم
لەگەڵ یاد و خەیاڵی سەوزی دەدوێم

دەڵێم هاوڕێ ، خەمت سووتاندی ڕۆحم
خەزانی کۆچەکەت ژاکاندی ڕۆحم

دەڵێم هاوڕێ، دەزانی چەند عەزیزی؟
ئەدی بۆچی بەجێت‌هێشتین بە زیزی؟

ئەتۆ هاوڕێ و عەزیزی گیانەکەم بووی
گوڵی سەرتۆپی گەردیگلانەکەم بووی

بزەی سەر لێوەکەت خۆری دڵم بوو
سەبووریی ناخی پڕ داخ و کوڵم بوو

بەهارم بێ بزەی لێوت خەزانە
عەزیزم، شادی بێ تۆ لێم نەبانە

کەسەربارانە ئەم نەورۆزە بێ تۆ
دڵم بێ هاودەم و دڵسۆزە بێ تۆ

ڕەفیقێکی عەزیز و باوەفای تۆ
کە مردیشم بە هیوام بێمە لای تۆ

خەمیش جەرگی بە ژانە و دەگری بۆ من
لە لای خۆت جێیەکیش ڕادەگری بۆ من؟

چ زوو بوو کۆچی ناوەختت، چ زوو بوو
کزەی داخت لە دڵما وەک چزوو بوو

لە دڵمانای، لە چاوان گەرچی ون بووی
عەزیزی خەڵک و خاک و زێدی من بووی

وەها تێکەڵ هەناسە و خوێنی ئێمەی
هەوێنی عەشق و خەم‌ تاوێنی ئێمەی

ئەتۆ ئاونگی سەر پەلکی گوڵانی
دڵی پاکت زوڵاڵ‌تر بوو لە کانی

لە تۆ فێر بوون شنە و بارانە پاکی
کە پاک و ڕوون بن و بێ فیز و خاکی

لە مەرگیشا هەتاوی ژینی هەڵدێ
کەسێ ئاوا دڵی خەڵکی لەگەڵ بێ

لەگەڵ خۆت برد هەزار ئاوات و بریا
تەنانەت ئاسمانیش بۆت دەگریا

بڕۆ هەرچی کەماڵە و چاکە، پێتن
کە دایک و باب و کاکت چاوەڕێتن

بڕۆ هاوڕێت دڵی خەڵک و خودایە
لەوێ دایکت دەکا بۆت لایەلایە

دەکەن ساڕێژی جەستەی پڕ لە ژانت
بە سۆرانی دەبەستن زامەکانت

بڕۆ دوو دایکی دڵسۆز چاوەڕێتن
بەهەشتی باوەشی وان ماڵ و جێتن

یەکێکیان دایکی خۆتە و چاوەڕوانە
ئەوی‌تر خاکە، دایکی نیشتمانە

🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

مەهاباد
زستانی 1390

🍁🍁🍁🍁🍁🍁🍁🍁
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

هاوڕێیان و ژینگەپارێزان و خەڵکی بەڕێز و خۆشەویستی بۆکان!
وێڕای سڵاو ئاگادارتان دەکەین کە ڕۆژی هەینی 15ی ڕەشەممە کە وەک ڕۆژی نەمام چەقاندن دیاری کراوە، بڕیارمان داوە بچینە چیای بەردەزەرد و بە چەقاندنی نەمام یان یارمەتیدانی ژینگەپارێزان، خۆشەویستیی خۆمان بۆ ژینگە و نیشتمانە جوانەکەمان دەربڕین. هیوادارین بەو پەڕی دڵسۆزییەوە لەو هەڵمەتە گشتییەدا بەشدار بن و ڕۆحی ژینگەپارێزی نەمر #کاک‌سەیدڕەحیم‌‌بدەوی شاد بکەن. خۆشەویستی و وەفاداریتان بۆ ژینگە نیشانەی گەورەیی و کەسایەتیی بەرزی ئێوەیە. پڕ بە دڵ چاوەڕوانی هەنگاوی سەوزتانین.
......................................

کات و شوێنی کۆبوونەوە: ڕۆژی هەینی سەعات 9ی بەیانی سەرەتای جادە کۆستە.

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸سەر تەتەی بن مافەتە🔸


🔻بەشی دووهەم


پە‌ڕە‌موە‌چە‌کە‌ لە بۆیە هە‌ڵدە‌کێشێ و بە وردی چاو لە شە‌پۆلە‌کان دە‌کا. لە سە‌ر چۆک بە‌رە‌وڕووی دانیشتووم و چاوم لە دە‌می بڕیوە. هە‌موو جووڵانێکی لێوی و سووڕاندنی سە‌ری ژومارە‌ی لێدانی دڵم دە‌باتە سە‌رێ. هاوسە‌رە‌کە‌م تە‌نیا لە دە‌ریا دە‌ڕوانێ و لێوە‌کانی نابزێوێ. ئە‌و لێوانە‌ی ئە‌گە‌ر بجووڵێن، لە‌ڕێوە دە‌ستوور دە‌دە‌ن. چاوێک کە هە‌ر کات لە سە‌ر من دە‌گیرسێتە‌وە، حوکمێکم لێ دە‌کات: «چایی... چایی» خۆزگە هە‌ر بیگوتبایە چایی. یان چاییە‌کە دە‌بێ گە‌رم و کوڵاتوو بێ، بەڵام دەزانم وە‌ک چە‌ند خولە‌ک لەمە‌وبە‌ر دە‌نگی بە‌رز دە‌کاتە‌وە: «ئایس‌تی... ئایس‌تی...» یانی پە‌رداخێکی گەورەی پڕ لە چایی کە سە‌هۆڵ لە ناویدا هە‌ڵچێ و داچێ. پێم دە‌ڵێ کە داستایۆڤسکیش ئایس‌تیی خواردۆتە‌وە.
هاوسە‌رەکە‌م لایەنگری ڕێبازی ڕە‌سە‌نایە‌تیی ڕە‌نجە. دە‌ڵێ داستایۆڤسکیش لایە‌نگری ئە‌و ڕێبازە بووە. دە‌ڵێ ڕەنج هونە‌رمەند دە‌خوڵقێنێ. هە‌ر وە‌ک داستایۆڤسکیی خوڵقاند، بێتهۆڤێنی خوڵقاند. هە‌ر وە‌ها ڤانکۆک. گوایە مامۆستای وێنە‌گە‌رییە‌کەشی سە‌ر بە‌و ڕێبازە‌یە. هە‌ر کاتێک چاوم پێی کە‌وتووە ئاوا ئە‌م ناوانە‌ی بە‌دوای یەکا ڕیز کردووە.
هە‌ڵبە‌ت منیش زۆرم ڕە‌نج و ئازار چێشتووە. شه‌و و ڕوژ ئە‌وم بردووە بۆ فێرگە‌ی وێنە‌گە‌ری و هێناومە‌تە‌وە و بە کاروباری ماڵێ ڕاگە‌یشتووم تاکوو ئە‌و بتوانێ کاروبارە هونە‌رییە‌کانی پە‌رە پێ‌بدا.
چاوی لە شەپۆلە‌کان بڕیوە. بە قووڵی دە‌ڕوانێ و چاوی ناترووکێنێ.

لە خۆم دە‌پرسم، بڵێی بە دوای چیدا بگە‌ڕێ؟ لە ناکاو بانگم دە‌کا:
ـ« نارە‌نج، جگە‌رە‌یە‌کم بۆ داگیرسێنە.»
منیش دە‌ستە‌‌ونە‌زە‌ر ڕادە‌پە‌ڕم و دە‌ڵێم:
ـ« بە چاوان!»
چاوی لە شەپۆلە‌کان بڕیوە. بە قووڵی دە‌ڕوانێ و چاوی ناترووکێنێ.
پاشان چاوێک لە جگە‌رە کووژاوە‌کەی پێشوو دە‌کە‌م کە لەسە‌ر زەوی کە‌وتووە. جگە‌رە‌یەکی دیکە‌ی بۆ دادە‌گیرسێنم و دە‌ینێمە بە‌ینی لێوە‌کانی، تاریفی تابڵۆکە‌ی دە‌کە‌م:
ـ« زۆر جوان و بێ‌وێنە‌یە، تورە‌نجە خۆشە‌ویستە‌کە‌م!»
هاوسە‌رە‌کە‌م حە‌ز دە‌کا یە‌کتر بە‌ناوی نارنج و تور‌نج بانگ بکە‌ین.
دە‌ڵێ زۆرم حە‌ز لە ڕە‌نجی نێو ئە‌و دوو وشە‌یە هە‌یە و جۆرێک حاڵم دە‌گۆڕێ کە لە ڕە‌سە‌نایە‌تیی شتە‌کان تێدە‌گە‌م.
ئە‌و لە خواردنە‌کانیشدا حە‌زی لە برنجە و لە ڕە‌نگیشدا زۆری ڕە‌نگی نارنجی پێ جوانە.
هە‌ر وا لەسە‌ر چۆک دانیشتووم و چاوی لێدەکەم. هاوسەرەکەم دەڵێ بە دوای سووژیتێکدا دە‌گە‌ڕێ تاکوو ببێتە سەرچاوەی ئیلهامێکی هونە‌ری بۆی. بەڵام مخابن! تەنانەت ماسییەکی مردووش بە سەر ڕووبە‌ری دەریاکەوە دیار نییە. بۆ بەدبەختی منیش ناتوانم ڕووداوێکی بۆ بخوڵقێنم تاکوو بۆی ببێتە ئیلهامی هونە‌ری.
🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

(شێعرێکی منداڵان)


🌈 #كۆلـكه‌زێڕینه🌈


🌈ئەمین گەردیگلانی🌈


كاتێ باران ده‌بارێ و
ده‌رك و بان ده‌شواته‌وه
داره‌كه‌ی نێو حه‌وشه‌مان
تێر تێر ئاو ده‌خواته‌وه
🌈🌈🌈🌈
له‌بن گه‌ڵا‌كانیدا
چۆله‌كه ده‌جریوێنێ
کاتێ خۆر لە بن هەورا
به‌حاڵ سه‌ری ده‌ردێنێ
🌈🌈🌈🌈
باران خۆش ده‌كاته‌وه
گه‌ڵا بریقه‌یان دێ
دێنه‌وه‌ده‌ر بۆ‌ كایه
هه‌موو منداڵانی دێ
🌈🌈🌈🌈
له‌م به‌ر تا ئه‌و به‌ری دێ
كۆلكه‌زێڕینه ده‌كشێ
ڕه‌نگی زه‌رد و سه‌وز و سوور
بنه‌وش و شین ده‌دره‌وشێ
🌈🌈🌈🌈
ته‌یری تیژ باڵ و كۆتر
ده‌فڕن به‌ده‌ور و به‌ریا
باڵیان ده‌ده‌ن له ڕه‌نگ و
هه‌ڵده‌سووڕێن به‌سه‌ریا
🌈🌈🌈🌈
خۆش بوو وه‌ك ئه‌و مه‌لانه
منیش باڵم هه‌بوایه
بچوایه‌م له‌و ڕه‌نگانه
پڕ كۆشێكم بێنایه

🌈🌈🌈🌈🌈🌈🌈
@amingardiglani
🌈🌈🌈🌈🌈🌈🌈

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🍀هیوا🍀

لە سەمای گەرمی بڵێسە و لە هەتاو بڕوانە
لە لەرەی شەونم و خەونی گەشی ئاو بڕوانە

شیعر و خوێندنەوە:

🍃ئەمین گەردیگلانی🍃

🍃🌱🍃🌱🍃🌱🍃🌱
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

💧برووسکەی فرمێسک💧

ڕۆحی شەق کردم بە چەخماخەی تەڕی فرمێسکەکەی
شێعری عەشقی پێوەبوو کوڵمەی پەڕی فرمێسکەکەی

🔸شێعر:
ئەمین گەردیگلانی

🔸خوێندنەوە:
خالید ئیمام زەنبیلی

🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹🔹
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸کۆشکی درۆچین🔸

شێعر و خوێندنەوە:
🔻ئەمین گەردیگلانی🔻

خمخۆرکە زەوی تا زووە با پێکەوە ڕۆچین
ئێمەی دژە ژین هێندە کەوا عاشقی کۆچین

🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

هەاڵی کۆچی دوایی دایە
#ئامینە مەولوویان
هاوسەری دڵسۆز و یار و پشتیوانی هونەرمەندی نەمر مامۆستا
#محەممەد ماملێ،
خەمبار و تازیەباری کردم، بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی ماملێ و هونەرمەندان و گەلی کورد دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی هەمووان دەزانم.

ئەمین گەردیگلانی

◾️◾️◾️◾️◾️◾️◾️◾️
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

💠سەفەر💠


بۆ یادی سەوزی مارف ئاغایی


🔹ئەمین گەردیگلانی🔹


تۆف و بەندە
بۆ کوێ دەڕۆی؟!
لە سەر ڕێتا هەر شەختەیە و
لە سەر پشکۆی ئەسرین خۆی هەڵدەقرچێنێ
دووپشکی ڕێ
چزووی تەزوو لە پشتی خۆی دەچەقێنێ!
خمخۆرکی بزۆزی زەمان،
ساتە کوڵمە نارنجی و لێو بە بزەکان هەڵدەلووشێ
«سروە» قژی سەوز و تەڕی خۆی دەڕنێ!
ڕەوە ڕەوە ئاسکی وشە چەواشە بوون
پۆل پۆل کۆتری سرکی شێعر
باڵیان لە خوێنی خۆیاندا دەشۆنەوە!

تۆف و بەندە
بۆ کوێ دەڕۆی؟!
برژۆڵی "با" کەڕەسیسەی لێ نیشتووە!
چاوی هەتاو سۆمایی تێدا نەماوە!
لە شەوەزەنگی بە سامی
ماڵئاوایی و کۆچ و ژانا
ـ لە دووریی پڕشنگی نیگات ـ
گەڵای شێعر،
هەموو سەریان لێ شێواوە!

بگەڕێوە!
پەنجەت بۆ کەزیەی «شۆڕەبی» بکەشانەو
«ببە چاوی گەڵا»ی سەرگەردانی شێعر!

بگەڕێوە!
«کوڵی گریانە خەستەکەت هەڵبڕێژە
گشت دڵپڕین،
ڕۆحمان پڕ کە لە زایەڵەی ئاوازی شین
گشت بیسەرین،
تابڵۆی زیندووی شێعرەکانت
بە گلێنە و دڵەکانمانا هەڵواسە
گشت خوێنەرین!»

1378/11/30

🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

💠ترس💠


🔻بەشی دووهەم


دەنگی خالید گڕ بووبوو:
ـ«ئاخەر ئەوانەش مرۆڤن.»
یەحیا بە تەوسەوە گوتی:
ـ«دەزانم، مرۆڤن... بەڵام مرۆڤێكن كە تا ئێستا زۆر كەسیان بە گوللە دابێژدابێژ كردووە... مرۆڤێكن كە...»
لەگەڵ تەقەی پێنجەمین گوللە، خالید بە بەری دەستی ئارەقەی تەوێڵی سڕی و شووشەی ئۆتۆمۆبیلەكەی داكێشا.
ـ«بۆ شووشەکەت داكێشا؟»
دەنگی خالید كە لە قوڕگییەوە دەهاتە دەرێ، وشك و تووڕە بوو.
ـ«گەرمامە.»
یەحیا بە چزەبزەیەكەوە گوتی:
ـ«بیڵێ دیقت پێ كردم... دە بیڵێ.»
ـ«نا یەحیا ئاراوقارام لێ‌هەڵنەگیراوە... بە هەڵە چووی... دەبێ ڕایگری.»
یەحیا گوڕاندی:
ـ«بێدەنگ بی باشترە.»
خالید گوتی:
ـ«كارەكەت هەڵەیە، هەڵە.»
دەنگیان هەڵێنابوو.
ـ«دەڵێم دەمت لێكنێ.»
ـ«ڕایگرە یەحیا.»
یەحیا گوڕاندی:
ـ«دەمت لێكنێ، با...»
دەستی خالید بە پڕتاو ڕۆیی بۆ لای كلیلی ماشێنەكە و هەر لەگەڵ شەشەمین تەقەدا لە ئۆتۆمۆبیلەكەوە فڕێی دا دەرێ.
ئۆتۆمۆبیلەكە دوو جار پرتەپرتی كرد و كوژاوە.
ـ«تف!»
خالید بە هێوری گوتی:
ـ«ئێستا ناچاری ڕایگری.»
ڕق و قین دەنگی یەحیای لەرزۆك كردبوو:
ـ«قەحبە دایك!... بۆ وات كرد؟»
ـ«یەحیا...»
ـ«... بە خەیاڵیشمدا نەدەهات كەسێكی وەك تۆ هیچوپووچ قاتڵی من بێ!»
ـ«نا یەحیا من قاتڵی تۆ نیم.»
لەپڕ یەحیا بە پشتە دەستی ، بە توندی لە دەم و فڵچی خالیدی ڕاكێشا. لێوی قرینجا و خوێن بە چەناگەیدا هاتە خوارێ.
ـ«چاو لە پێشی خۆت كە ‌دایك سەگ. لە چاوترووكانێكدا دەگەیشتینە شار و خۆمان لێ ون دەكردن.»
خالید بە سەر قۆڵی كراسەكەی خوێنی دەم و چەناگەی سڕی و گوتی:
ـ«بەڵام نەیاندەهێشت لە دەستیان دەرچین، ناچار بوایەن تەگەرەكانیان دەپێكا.»
پیكابەكە خاو بۆوە. یەحیا دیتی لە خۆڕا پێ بە پێداڵی گازەكەدا دەنێ. پێی لەسەر پێداڵی گازەكە هەڵگرت و نای بەسەر پێداڵی ستاپەكەدا و درگای پیكابەكەی كردەوە، دەستی لە كەمەی فەرمانەكە بەردا و خۆى فڕێدا نێو جۆگەی قەراغ جادەكەوە. پیكابەكە خەریك بوو لە جادەكە دەكەوتە خوارێ. خالید خێرا پەڕییە پشت فەرمان. دەنگی جیڕەی ستاپی دۆج دڵی خالیدی داخست. دۆجەكە بە پڕتاو بە پەنا پیكابەكەدا تێپەڕی و خالید پێی لەسەر پێداڵی ستاپی پیكابەكە داگرت. یەحیا لە جۆگەلەی قەراغ جادەكە دەرپەڕی و بەرەو كۆڕێ داربەڕووی چپڕ پێی پێوەنا. لەپڕ شریخەی گوللەیەك بە حەواوە ویزەی هات و شانی چەپەی سمی و لەگەڵ خوێن لە سینگییەوە دەرپەڕی.
یەحیا لەبن داربەڕوویەكدا بە چۆكدا هات. بە هێمنی كەوت بە لادا و خوێنەكەی لەگەڵ ئاوی بارانە تێكەڵ بوو.
خالید، ترساو و ڕەنگ‌بزركاو خۆی گەیاندە ژوورسەری یەحیا.
باران دەباری و دەباری. لەنگێزە و گۆپاڵەباران. با وەك هەزاران گورگی برسی دەیلووراند. گەلای تیژ و مشارئاسای دار بەڕووەكان تێك‌پەڕیبوون و خشەخشی لە پەستا و ترسێنەریان وڵاتی داگرتبوو. خالید چۆكی دادا و سەری یەحیای خستە سەر ڕانی خۆی. دڵۆپەی فرمێسكی خالید لەگەڵ باران ئاوێتە ببوو.
ـ«یەحیا... من تۆم كوشت... پێموابوو ئەو كارەم بە قازانجی تۆیە.»
یەحیا ڕەنگی تێكچوو، كەوتە لێوە لەرە بەڵام هیچی نەكوت.
ـ«دەزانم یەحیا... دەزانم، من پیاوی ئەو كارە نیم... كە لە بەندیخانە هاتمە دەرێ، بیریشی لێ‌ناكەمەوە. تازە ئەو كەسپە وەلا دەنێم. سوێندت بۆ دەخۆم یەحیا.
لێوی یەحیا لە لەرزین كەوت. چاوی بە سەرنجە بزركاوەكەیەوە لە سەر دەموچاوی خالید بە مۆلەق وێستا.

🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🔸ڕێگەی عەشق🔸

تۆ کە بێی ڕووناکی دێ تاریکی یەکجی ون دەبێ
هێند بە تاسەم دەست وهیچ خۆشمم لێ ون دەبێ

🔸ئەمین گەردیگلانی🔸


🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻🔻
🆔 @gerdiglani2020

Читать полностью…

ئەمین گەردیگلانی

🌱خاسەکەو🌱

شێعر: ئەمین گەردیگلانی

گۆرانیبێژ: محێدین ڕەزایی

دابەشکردنی مۆسیقا: زانا عەبدوڵڵاهی

مێلۆدی: محێدین ڕەزایی


🍃🍃🍃🍃🌱🌱🌱🍃
🆔 @amingardiglani

Читать полностью…
Subscribe to a channel