دانیشتنی دووەمی کۆرسی ئەدەبناسی، ۶ی خەرمانانی ۱٤۰۱ی هەتاوی، ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ
🔰تەوەر: فەلسەفەی ئەدەبیات
🗣دکتۆر ڕهھبهر مهحموودزادە
📦ئەنجومەنی_ئەدەبیی_شنۆ
⏰كات: ۴۸:۰۵ خولەک
🔋قەبارە: ۱۴.۵ مێگابایت
#کۆرسی_ئەدەبناسی
/channel/dr_rehber
/channel/EnjumeniEdebiShino
فەلسەفە و ژیانی ڕۆژانە بەشی ٢
د. ڕەهبەر مەحموودزاده
/channel/dr_rehber
/channel/EnjumeniEdebiShino
چەند تێبینی له سەر چیرۆکی تارا
حەیات عارف
سڵاو لەیلا خانمی ئازیز.
دەست خۆش. چێژم وەرگرت لە چیڕۆکە جوانەکەت بە قەولی فارس کوتەنی ئیحساسی هەمزاد پنداریم کرد و روحم پەڕو باڵی گرت بۆ کانیاو و مێرگ و چیمەنی کوێستانەکانی کوردستان.
چیڕۆکی تارا چەن خاڵێ سرنجڕاکیشی تێدا بوو کە بریتین لە :
۱. هەڵبژاردنی گۆشەنیگای تاکە کەسی بۆ ئەم چیڕۆکە زۆر بە جێیە.
۲. نێوی تاڕا تەواو دەگەڵ ناوەڕۆکی چیڕۆکەکە هەم خوانی هەیە بەتایبەت سەحنەی کۆتایی کە تاراکە لە سەر کێلەکە ئەدرەوشێتەوە.
۳. تام و ڕەنگ و بۆنی کوردەواری لەناو چیڕۆکەکە هەڵدەقوڵێ.
٤. شوێن پێی دەست و قه ڵەمی ژنانە چیڕۆکەکەی ڕازاندۆتەوە.
٥. توسیف و تەسویرەکان بۆ خوێنەر مەلمووسن.
و....
هەر وەها چەن تێبینی چکۆلەم هەیە.
۱. ئەگەر کەمێک لە توسیفەکانت کەم کەیەوە هیچ لەتمەیەک لە چیڕۆک نادا وەک: کەوشەکانم دەبەرکرد، دەڕکەی ماشێنێم کردەوە و ...
۲. هەر نووسراوەیەک بە تایبەت چیڕۆک دەبێ دەستپێک و کۆتاییەکەی زۆر سرنج ڕاکێش بێ تا خوێنەر تامەزرۆی خوێندنەوەی کا، جا ئەگەر روایەتەکەت لەئاخیرێ ڕا دەست پێ کردبا، ڕەنگە شروعەکەی خۆش تر با مەسەلن لە وێ ڕا دەستت پێ کردبا کە تەرمێک لە گۆرەکە دەردێنن و دوایه فلەش بەگت لێ دا با بۆ ئەوەڵی چیڕۆکت و لە کۆتایی دووبارە گەڕابایەوە سەر تەرمی سامڕەند.
ئەوانە بیر و ڕای منە . دیسان دەست خۆش ، دەست و قەڵەم و سۆرانیت هەر وا ڕەنگین بێ.
بە هیوای بەردەوامی وسەر بەرزیت.
بە سپاسەوە
@EnjumeniEdebiShino
باسێک له سەر چیرۆکی تارا له نووسینی خاتوو لەیلا نوورانی:
فەرهاد بابۆڵی
داڕشتەی چیرۆک و کورتە چیرۆک زۆر جار تەنیا له سەر یەک ڕووداو یا سێکانس پێک دێت و جاری واش هەیه بۆ پەروەردە بوونی ڕووداوی سەرەکی، چەندین بەشی لاوەکی بەڵام پێوهندی داریش سەر هەڵدێنن. بەڵام نابێ ئەوش له بیر بکەین هەر چەندەی سێکانس و ئاکسیۆن و ئێپیزۆد ساز کرێن پێویستە له باری کات و سەحنەسازییەوە له چوارچێوەی گەڵاڵەی چیرۆکدا سازمان بدرێن و پێناسەی ژانری کورتە چیرۆک نەبەزێنن. هەڵبەت ئەوە به مانای دیاری کردنی ڕێ و شوێنێکی ئیشک و دانەهاتوو نییه بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە پوختی و تۆکمەیی بەرهەمەکە پتر ڕەچاو بگیرێت و خوێنەریش به کاری خۆی بزانێت.
ئەوەی کە بڵێین هەر بەرهەمەی دەبێ له ڕوانگەیەک ڕا بخوێندرێتەوە کە ڕوانگەی زاڵی هونەری بوونەکەیەتی قسەیەکی دوورە پەرێز نییه و تا ڕادەیەک جێگای باوەڕیشه. چیرۆکی وایه زۆرتر له باری گۆشە نیگاوە کاری بۆ کراوە، چیرۆک هەیه لایەنی پەروەردە کردنی کەسایەتی زۆرتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، ئی واش هەن زمان و گەڵاڵە و ڕاوێژ زۆرتری کار بۆ کراوە.
بە باوەڕی من لایەنی زاڵی چیرۆکی تارا له باری جوانیناسێوە تێک چڕژانی ڕووداوە جیاوازەکانن. جیاواز نەک له باری ناوەڕۆکی سەر به گەڵاڵەی سەرەکی، بەڵکوو جیاواز له باری کاتی ڕوودانیان. ئەو ڕووداوانە به چەند کاتی ئێستا و ڕابردوو (ڕابردووی دوور و نزیک) هاوتەریب دێنە گۆڕ و له سایەی پەروەردەیەکی گونجاو گشتێکی یەکانگیر و تۆکمە ساز دەکەن. هەڵبەت لایەنی بەرچاوی تری ئەو چیرۆکە زمانەکەیەتی کە دواتر بۆی دەگەڕێمەوە.
ئەو بەشانەی به گشتی وەک پاژێک و سێکانسێک پێشان دراون بریتین له:
۱. دەستپێکی چیرۆک کە تێیدا کەسایەتی ڕاوی واتا کوێستان خەریکە خۆ ساز دەکات و وەک نۆبووکێک خۆی دەڕازێنێتەوە. ئەو جۆره دەسپێکە له نەکاوانە تایبەتمەندی دەستپێکی زۆربەی کورتە چیرۆکانە. کارکردی ئەو بەشه ئەوەیه کە پرسیارێک بۆ خوێنەر ساز دەکات و دنەی دەدات ڕێچکەی ڕیوایەت بگرێتە بەر و بەدوای دۆزینەوەی سەرە داوەکاندا بڕوات. لەو بەشەدا ژن بوونی ڕاوی وای کردووە زمانێکی ژنانەی بەهێز خۆی دەربخات. ژنانە بوونی زمان خۆی له خۆیدا قان نییه و ناشمهەوێ ڕوانگەیەکی ڕەگەزی بۆ ئەو لایەنە هەڵبژێرم. بەڵام ئەو زمانە ژنانەیە کار لێکەری و شوێن دانەری داوەتە جۆری دەسپێک و دەڵێی ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێ هەستێکی ناسک بە دەم خۆ ڕازاندنەوە به جل و بەرگ و گوارە و کەوا و ئەتڵەس و پشتێند و ... تووشی گرێیەک و برینێک بووە؛ هەر له سەرەتاوە خۆ سازکردن بۆ ڕۆیشتن و دیتنەوە دەبێتە پەیامێک بۆ خوێنەر.
۲. سێکانسی دواتر ، دەسپێکی گەڕان بە دوای ونبوویەک دایه. هەڵبەت هێشتاش نازانین ماکەی سەرەکی ئەو گەڕان و پشکنینە چییه؟ کەسایەتی ڕاوی و خاڵە شەریف له کەشێکی بێدەنگدا له بەرەبەیانێکی زوو به تەزوویەکی سارد به ماشێنی جیب دەر هەڵدەبن. ئەو فەزایە بە بێدەنگ بوون و سارد بوونەکەی دیسانیش توانیوێتی خوێنەر ڕابگرێ و هەر وا چاوەڕوانی بهێڵێتەوە. ساردی و بێدەنگی هەر دووکیان ئەو وێنەیه پڕ ڕەنگ دەکەن کە گەڕانەکە گەڕانێکی گرینگە و دیاره پێشتریش کاری بۆ کراوە و دەستکەوتی نەبوووە؛ بۆیەش ئەو دڕدۆنگییه بۆ خوێنەر ساز دەکات کە ڕەنگە دیسانیش ساردی دۆزینەوە و بێدەنگی به ئاکام نەگەیشتن پاتە بێتەوە.
۳. له ئێپیزودی دواتردا هێڵی ڕیوایەت دەشکێت و به چوونە ژوور له جیهانی زەینی کەسایەتی گێڕەڕەوە یانی کوێستان، بۆ کاتی ئاشنا بوونی دەگەڵ خۆشەویستەکەی واتا سامڕەند له کاتی هەڵدێرانی کوێستان له چیای پڕ کەوی هەڵدەداشترێین. ئەو هەڵداشتنەش بۆ دەستەبەر کردنی زانیاری خوێنەرە له هەمبەر ڕووداوی کاتی ئێستا دا.
۴. دیسان فەزای نێو ماشێن و دیسانیش بێدەنگی؛ یانی به سووکە ئاوڕێک له پێشینەی ڕووداوەکانی کات بە سەر چووی بەشی پێشتر هێشتاش زۆر شت ماوە بدرکێندرێن و ڕاوەستان هەر وا درێژەی هەیه. هەڵبەت ئەو بێدەنگییه شتێکی دیکەش بۆ خوێنەر دەردەخات: بێ وازی خاڵە شەریف بۆ گەیشتن بە ئاکام و سوور بوونی کوێستان له گەیشتن به ون بۆکەی. ئەوشمان له دم و لووتی خاڵە شەریف و خۆ ڕازاندنەوەکەی کوێستان پێشتر دیوە.
۵. دیسانیش گەڕانەوە بۆ کاتی ڕابردوو؛ کاتێ کوێستان وەبیری دێتەوە چەندەی حەول داوە کە سامڕەند له چوونە چیا و کوێستانەکان پاشگەز کاتەوە. لەو بەشەدا زمانی هێما بە هێز دەبێت و ئیدی ئەوە هێمایه دەگەڵ خوێنەر دەدوێ و وشەکان بارستایی هێماییان بە سەردا زاڵ دەبێت. ئەو هێمایانە بۆ سامڕەند ڕەنگی دیتنەوە و دۆزینەوەیان هەیە و بۆ کوێستان ڕواڵەتی لێک دابڕان و جیا بوونەوە.👇👇
@EnjumeniEdebiShino
فایلی مەجازی حەوتوویانەی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ
۱۸ی بەفرانبار ـــ ۲۵ی بەفرانبار
#بەشی_چیرۆک
▪️ئەو چیرۆک نووسە بەڕێزانەی دەیانهەوێ بۆ دانیشتنی ئەو جارەی چیرۆک به شێوەی فایلی حەوتوویانە ئاوڕ له بەرهەمەکەیان بدرێتەوە. تکایە له ماوەی ئەو حەوتوویهدا چیرۆکەکەیان دابنێن.
چیرۆکی ناردراو:
🔹 تارا ـ خاتوو لەیلا نوورانی
داوا له دۆستان و ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەن و ژووری تێلێگڕامی ئەنجومەن دەکەین له ماوەی ئەو حەوتوویەدا ڕا و بۆچوون و لێدوان و خوێندنەوەکانی خۆیان له سەر بەرهەمە ناردراوەکان دەرببڕن و فایلەکە دەوڵەمەند کەن.
سپاس و ڕێز بۆ هەموو لایەکتان
@EnjumeniEdebiShino
ئێواره وەختێ سێوەر دای له چەم
تۆ دەر بێ له ماڵ من دەرتێم له خەم
تابڵۆی هونەرمەند هادی زیائەددینی
@EnjumeniEdebiShino
موحسین جەڵدیانی:
ئەو کاتەی خەریکی خوێندنەوەی شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدیللای نەهری لە سەر بزاڤی رزگاری خوازانەی گەلی کورد بووم، مەسەلەی خانەقا و تەیقەت و عیرفان بە لای منەوە گرینگ بوو و هەوڵم دا زیاتر لێی تێبگەم، پرسیارێک کە ئەو کاتی لە ناو زەینمدا بیچمی گرتبوو ئەوە بوو کە چۆن شێخ عوبەیدیللا توانیبووی ئەو هەموو خەڵکە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و لەو ئاستە بەربڵاوەدا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای کوردەوای هەبێ؟
لەو باوەڕە دام لە دوای لە ناو بردنی ئیمارەتە کوردییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەوری خانەقاکان لە کوردستان لە سەدەکانی نۆزدە و بیست زیاتر بووە، پێشتر لەو پێوەندییەدا لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ باسم کردووە و نامهەوێ لێرەدا جارێکی دیکە بیهێنمەوە بەر باس.
مژاری ئەو جارەی بەشی کوردناسی باسی بەسەرهاتی ژیان و هزروبیری شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردییە. پرسێکی کە پێم وایە جێی خۆیەتی لێرە باسی لێوە بکرێ ئەوەیە، ئێستا کە باس لەو زاتە واتا شێخی سۆهرەوەردی دەکرێ، کورد بووە و بە زمانی کوردی شیعری هۆنیوەتەوە، گەلۆ بنەما فکرییەکانی ئەو زاتە لە دوای مەرگی چ کاریگەرییەکان لەسەر کۆمەڵگای کوردەواری هەبووە؟ چ کەسانێک لە کوردستان بە درێژایی ئەو زەمەنە دوور و درێژە بە شوێن ڕێگای ئەوەوە بوون؟
لە کاتی توێژینەوەکانم لەسەر دەوری خانەقاکان لەمەڕ کۆمەڵگای کوردەواری لە سەدەکانی ڕابردوو- چ بەشێوەی کتێبخانەیی و چ بەشێوەی مەیدانی- لەگەڵ کۆمەڵە خەڵێك لە زێدەکەم و شارەکانی دەورووبەر ناسیاریم پەیدا کرد کە لە دەوری جۆرێکی دیکە لە تەریقەت کۆ ببوونەوە، ئەوان لە ناو بازنەی تەریقەتەکانی باوی کوردەواری واتا نەقشبەندی و قادری کۆ نەببوونەوە. ئەو کۆمەڵە کەسە بە کەڵبەش ناسرابوون.
لە کاتی قسەکردنم لەگەڵ بەرەی دووەمی کەڵبەشەکان، ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە شوێنکەوتەی ڕێگای کەسانێکی وەک بایەزیدی بۆستامی و مەنسووری حەلاج و هتد...ن. تەنانەت لە خۆیانم بیست دەیانگوت: 'بۆ ئەوەی زیاتر ئاگاداری ڕاستییەتی عیرفان بن، سەفەریان بۆ شوێنەکانی دیکە کردووە و لەگەڵ بیرۆکەی فیکری ، شهوودی و عیرفانی مەولەوی ڕوومیدا ناسیارییان پەیدا کردووە.'
ئەوەی کە، لەڵبەشەکانی ناوچەکانی ئێمە تا چ ئاستێک چوونەتە ناو قووڵایی باسە عیرفانییەکانی بایەزیدی بۆستامی و هتد، پرسیارێکە کە دەکرێ زیاتر لێی وردبینەوە.
کەڵبەشەکانی ناوچەکانی ئێمە سەرەتا ناسیاری لەگەڵ کاک سادقی زەندی پەیدا دەکەن و ئەو وەک شێخی تەریقەتی خۆیان ناس دەکەن. کۆمەڵە پرسیارێکی دیکە کە دەتوانین بیان ورووژێنین ئەوانەن؛ کاک سادق لە کوێوە ئەو تەریقەتەی بۆ ناوچەکانی ئێمە هێناوە؟ کاک سادقی زەندی خۆی لە چ ئاستێكدا زانیاری لەسەر ئەو تەریقەتە هەبووە، کە کەسانی وەک بایەزیدی بۆستامی و شێخی ئیشراق باسی لێوە دەکەن؟ و ...
ئێستا کە باس لەوە دەکرێ کەڵبەشەکان بە شوێن کەڕامەت و کەشف و شهوودی کەسانی وەک بایەزیدی بۆستامی و هتد یەوە بوون. ئەرێ گەلۆ ئەگەر شێخی ئیشراق وەک کوردێك چووەتە ناو قوڵایی هزر و بیر و تەریقەتی بایەزیدی بۆستامی و هتد ، ئاخۆ شێخی ئیشراق لە ڕاگوێستنی ئەو قەوارەیە لە شهوود و عیرفان، بۆ کوردستان خۆی دەوری هەبووە یان نا، ئەگەر بوویە لە چ ئاستێکدا بووە؟
عەلی تەها:
سڵاو کاک قادر گیان، سپاس بۆ خوێندنەوە و وردبوونەوەکەتان
بەڵێ قسەی جەنابتانه مەلیک زاهیر سۆهرەوەردیی خۆشویستووە و حازریش نەبووە دە بەندیخانەشی بکات. هەروەها سەبارەت به چۆنیەتی کوشتنی سۆهرەوەردی هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییه که به ئەمری کێ و چۆن بووە و تەنانەت چیرۆکی سەیر و سەمەرەشی لەسەر سازکراون وەکوو سووتاندن دە پێستی گوێدرێژێ دا و ...
هەندێک لێکۆڵەڕی کوردی ئێستاش به دووری دەزانن به ئەمری سوڵتانیش بووبێت بەڵام زۆربەی لێکۆڵەرە فارسەکان به کاری وی دەزانن.
سەبارەت به دیرۆکی ئایینی میترایی و زەردەشتیش دەکرێ مامۆستایانی گرووە وڵام و ڕوون کردنەوە بدەن، بەڵام بێشک هەر دوویان زۆر له سەردەمی شێخی ئیشراق کۆنترن و دەکرێ شوێنیان دانابێته سەر بیر و چۆنیەتی بیر کردنەوەی.
به بۆچوونی خۆم شێخ زیادتر دە ژێر باندۆڕی باوەڕە ئایینی و عێرفانییەکانی میترایی دا بووە هەتا زەردەشتی، چونکی به بۆچوونی هەندێک لێکۆڵەری نوێ ئایینی زەردەشتی دە هیچ دەورانێک دا ئایینی هەموو خەڵکی کورد نەبووە، بەڵکوو ئایینی حکومی دەوڵەتەکانی ماد، ئاخامەنی و دواتریش ساسانی بووە(هەڵبەت بە ئاڵوگۆڕە زۆرەملییەکانیەوە)، دەنا ئایینی خەڵکی کورد میترایی بووە بە دوو لقی دیالێکتییەوە(که دواتر دە هەناویان دا ئایینی یاری و ئێزدی سەریان هەڵداوە). پێم وایه سۆهرەوەردیش ڕاستەوخۆ نێوی ئایینی زەردەشتی ناهێنێت(هەڵبەت ئەمن هەموو بەرهەمەکانیم نەخوێندووتەوە) و ئەوە لێکۆڵەرەکانن ئایینی کەونارای کوردی که سۆهرەوەردی ئاماژەی پێدەکات، به زەردەشتی له قەڵەم دەدەن.
دیسانیش دەڵێمەوە بۆچوونی نائاکادێمیکی خۆمە و دەکرێت وا نەبێت، و چاوەڕێی ڕای دۆستانی دیکەشم
گوتم ئەی باشە ئەو "قریە"یە چییە وا خودای مەزن فەرموویه "اخرجنا من هذه القریه الظالم اهلها" ـ خودایە نەجاتیمان دە لەو شارەی خەڵکەکەی زۆردارن؟ گوتی مەبەست لەو شارە جیهانی گزییە کە شوێنی دەستڕۆیشتوویی وشەی گچکەیە و وشەی گچکەش شارێکە کە خاوەنی نهێنیی خۆیەتی، چونکه خودای تەعالا فەرموویە: "تلک القری نقصه علیک منها قائم و حصید" ـ ئەو شارانەی باسیانت بۆ دەگێڕینەوە هەندێکیان ئاوەدانن و هەندێکیشیان بەربادن، ئەوەی ئاوەدانە وشەیە و ئەوەش کە بەربادە قالبی وشەیە کە دەفەوتێ و هەرچی کاتی نییە، شوێنیشی نییە و هەرچی لەم دووە بەدەرە وشەی یەزدانی مەزنه به گچکه و گەورەیانەوە.
کاتێک لە خانەقای بابمدا ڕۆژ بە تەواوی هەڵات دەرگای دەرەوەیان بەست و دەرگای ناو شاریان خستە سەر پشت و خەڵکی بازاڕی پێوەر بوون و جەماعەتی پیرەکان لە من نەدیو بوون. من لە تاسەی دواندنیاندا مامەوە و ئاخم هەڵدەکێشا و چەندی شین و ڕۆڕۆم کرد چ سوودی نەبوو.
🟡 "ئاوازی باڵی جیبریل"
شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردی
وەرگێڕ: د. ڕەهبەر مەحموودزادە
بەشی سێیەم
پرسیارم لە چۆنیەتی پێوەندیی نێوان وەبەرهاتنی ڕۆح و "روحالقدس" کرد. وڵامی دامەوە هەرچی لە هەرچوار چواریەکی جیهانی خواروودا ڕوودەدا لە باڵی جیبریلەوە وەدی دێ. باسی چۆنیەتی ئەو نەزمەم لە شێخ پرسی. گوتی بزانە یەزدانی پاک خاوەنی چەند وشەیەکی مەزنە کە ئەم وشانە بەشێکن له تیرێژەکانی جەلالی سیمای کەریمی خودا و هەندێکیان لە سەرووی هەندێکیانن. تیشکی یەکەم وشەی هەرە بەرزە کە هیچ وشەیەک لەوی مەزنتر نییە. پێوەندیی ئەم وشەیە لەگەڵ وشەکانی دیکە لەباری شەبەقدان و دەرکەوتنەوە وەک پێوەندیی نێوان خۆر و ئەستێرەکانی دیکەیە. مەبەستی پێغەمبەر لەوەی فەرموویە "لو کان وجه الشمس ظاهرا لکانت تعبد من دون الله" ـ ئەگەر سیمای خۆر ئاشکرا بایە بێگومان لەجیاتی خودا دەیانپەرستی، هەر ئەم وشەیەیە و لە تیرێژی ئەم وشەیە وشەیەکی دیکە وەدی دێت و لە تیرێژی ئەمیشەوە یەکێکی تر هەتا وشەی تەواوکۆ (مەبەستی وشەی دەیە) وەدی دێ و ئەم وشانە وشەی تەسەلن.
دوامینی ئەم وشانە جیبریلە سڵاوی خوای لێ بێ و ڕۆحی بەرەی بنیادەم لەم وشەی دوامینە؛ وەک چۆن پێغەمبەر د.خ لە فەرموودەیەکی دوورودرێژدا فەرموویە: "یبعث الله ملکا و فینفخ فیه الروح" ـ خودا فریشتەیەک قیت دەکاتەوە و ڕۆحی تێدەتووڕێنێ. لە کەلامی یەزدانیشدا وا هاتووە: "خلق الانسان من طین ثم جعل نسلە من سلالە من ماء مهین ثم سویه و نفخ فیه من روحه" ـ سەرەتا مرۆڤی لە گڵ ئافراند و بەرەی مرۆڤی بە ئاوێکی بێقەدر دانا، ئینجا ڕاستەوپاستەی کرد و لە ڕۆحی خۆی تێ تووڕاند، لەمەڕ مریەمیشەوە فەرموویە: "فارسلنا الیها روحنا" ـ ڕۆحی خۆمان بۆ لای وی بەڕێ کرد. [ئەوەی بەڕێ کراوە] وشەی جیبریل بووە. به عیسای گوت "روحالله" و بەم حاڵەشەوە به "وشە"ش ناوی هێناوە و بە "ڕۆح"یش؛ وەک چۆن فەرموویە: "انما المسیح عیسی بن مریم رسول الله و کلمته القیها الی مریم و روح منه"ـ بەڕاستی مەسیحی کوڕی مریەم ناردراوی خودایە، وشەی خۆیەتی و هاویتوویە بۆ مریەم و ڕۆحی خۆیەتی. هەم به وشەی ناو هێناوە و هەم به ڕۆح. مرۆڤ هەموویان لە یەک جۆرن. کەوابوو هەرکەسێکی خاوەنی ڕۆحە خاوەنی وشەیە و بگره رۆح و وشە هەردووکیان هەر ناوی ڕاستییەکن و [جیاوازییان لەوەدایە کە کامەیان لەم ڕاستییە] زیاتریان بەر دەکەوێ.
ئو لە وشەی مەزن کە دوامینی مەزنەکانە ئەو هێندە وشەی گچکە دەڕسکێن کە لە ئەژمار و لە گوتن نایێن؛ وەک چۆن لە کتێبی یەزدانیدا ئاماژەی پێکراوە: "ما نفدت کلمات الله" و ئینجا گوتی:"لنفد البحر قبل ان تنفد کلمات ربی" ـ ئاوی بەحرێ تەواو دەبوو بەر لەوەی وشەکانی پەروەردگاری تۆ تەواو بن. ئەوانە هەموو لە تێرێژی وشەی مەزن کە دوامینی جەماعەتی مەزنانە ئافرێنراون؛ وەک چۆن لە تەوڕاتدا هاتووە: "خلقت الارواح المشتاقین من نوری" ـ ڕۆحی خەڵکی تامەزرۆم له نووری خۆم خولقاند. و ئەمە نووری "روحالقدس"ه و ئەوەی لە سولێمانی تەمیمیشیان گێڕاوەتەوە کە یەکێک پێی گوت ئەی جادووباز! گوتی جادووباز نیم بەڵکوو وشەیەک لە وشەکانی ئەڵڵام، هەر ئەم مانایە دەگرێتەوە.
ئو خودای تەعالا خاوەنی وشەی نێونجیشە. وشەی مەزن ئەوانەن وا لە کتێبی خودادا لەبارەیانەوە گوتراوە: "فالسابقات سبقا فالمدبرات امرا" ـ ئەوانەی وا پێشاوبڕە لێدەدەنەوە و ئەوانەش وا مشووری کاران دەخۆن. "فالسابقات سبقا" وشەی دە مەزنن، "فالمدبرات امرا" فریشتەکانی بزوێنەری فەلەکەکانن و وشەی دە نێونجین. "و انا نحن الصافون" ـ ئێمە ئەوانەین وا ڕیزمان بەستووە، ئاماژه بۆ وشەی دە مەزن دەکەن و "و انا لنحن المسبحون" ـ ئێمە بەڕاستی ئەوانەین وا تەسبێح بێژین، ئاماژە بۆ وشەی دە نێونجین. هەر بۆیە لە هەر شوێنێکدا "الصافون" پێش بخرێ، وەک لە "و الصافات صفا فالزاجرات زجرا" ـ سوێند بەوانەی وا ڕیزیان بەستووە و سوێند بەوانەش وا پێش دەگرن لە خراپە، ئەوە خاوەنی مانایەکی یەکجار قووڵە کە باسەکەی لێرەدا ناگونجێ و "کلمە/وشە" لە قورئاندا نهێنییەکی دیکەی هەیە وەک دەفەرمووێ "اذابتلی ابراهیم ربە بکلمات" ـ پەروەردگاری ئیبڕاهیم ئەوی بە هەندێک وشە بەتاقی کردەوە، لەشوێنی تر ئەوەم لێکداوەتەوە.
پرسیارم کرد شێخ ئەم مەشکەیە چییە؟ گوتی بزانە توێی یەکەم کە لە توێی گشت چینەکان گەورەترە ها هۆو پێرە دایڕشتووە وا لە سەرووی هەموومانەوه دانیشتووە، توێی دووەم پیری دووەم دایڕشتووە و هەر وا پێدا وەرە خوارێ هەتا دەگەیە من. ئەم نۆ هاوڕێیانە ئەم نۆ چینانەیان داهێناوە، ئەو دوو چینەی خوارەوەش کە چۆڕە ئاوەکە و وردکەخیزەکەی تێدایە، کر و کرگاری منە، جا چونکه شان و باهۆی وان لە ئی من بەهێزترە ئەوەی سنعاتی دەستی وانە کونکون و دڕدڕ نابێ، بەڵام ئەوەی کرگاری دەستی منە زەدەی تێدەکەوێ.
پرسیارم کرد ئەی شێخ ئەم شێخانە چی تۆن؟ گوتی بزانە ئەو شێخەی وا بەرماڵی لە سەرەوەی گشتمان ڕاخستووە، شێخ و مامۆستا و ڕاهێنەری پیری دووەمە کە لە تەنیشتی خۆی دانیشتووە و ناوی پیری دووەمی لە دەفتەری خۆیدا نووسیوە، پیری دووەم ناوی پیری سێهەمی لە دەفتەری خۆیدا نووسیوە و پیری سێهەم پیری چوارەم و هەر بەم شێوەیە هەتا دەگاتە من. ناوی من، ئەو پیرەی نۆهەم لە دەفتەری خۆیدا نووسیویە و ئەو ڕایهێناوم و خیرقەی پێداوم.
پرسیارم کرد ئەی باشە ئێوە ماڵ و منداڵ و مڵک و مەزراتان هەیە؟ گوتی ئێمە هاوسەرمان نەبووە بەڵام هەرکامەمان فرزەندێک و ئاشێکمان هەیە و منداڵەکەمان لەسەر ئاشەکە داناوە هەتا هەڵیسووڕێنێ. ئێمە کاتێک ئەو ئاشانەمان ڕۆناوه هەرگیز تەماشامان نەکردوون بەڵام هەر یەک لە ئێمە کە منداڵمان بەسەر ئاشەکەوەیە، ئەو منداڵە خەریکی ئاوەدان کردنەوەیە و بە چاوێک بۆ ئاشەکە دەڕوانێ و بە چاوێکیش بۆ بابی خۆی دەڕوانێ. بەڵام ئاشی من چوارقاتە و منداڵی من هێند زۆر و زەوەندن باشترین ژمێریارەکانیش بۆیان دە ئەژمار نایێن. هەر جارەی منداڵی دیکەم دەبن دەیاننێرمە سەر ئاشەکە. هەر یەکەیان بۆ پێڕاگەیشتنی ئاشەکە ماوەیەکی دیاریکراوییان هەیە، کاتێک ماوەیان تەواو دەبێ دەگەڕێنەوە بۆ لای من و ئیدی لە من دوور ناکەونەوە و دوای ئەوان پاشەبەرەکان دەچنە سەر ئاشی و نەریتەکە هەر بەم تەرزەیە.
ئینجا چونکه ئاشی من زۆر تەنگەبەرە و ئەم لاو لەولای ئاشەکە ڕژد و هەڵدێری چغوری لێ هەڵکەوتووە ئەو ڕۆڵانەم وا کاتی چاوەدێرییان تەواو دەبێ و دێنەوە لای خۆم تازە مەیلی گەڕانەوەیان نابێ. بەڵام ئەو پیرانەی دیکە لە تاقە منداڵێک زیاتریان نییە هەتا بەرعۆدەی کاروباری ئاشەکەی بن و هەر ئەو یەکە هەتاهەتایە لەسەر ئاشەکە دەمێنێتەوە، بەڵام منداڵی هەر یەک لەوانە لە منداڵەکانی من بەشانوباهۆترن و منداڵانی من لە هەڵسووڕاندنی ئاشەکەمدا یارمەتی لە منداڵانی ئەوان نۆ پیرانە وەردەگرن و لە ئاشی وان باربوویان بۆ دێ.
فایلی تایبەت به دانیشتنی مەجازیی بەشی کوردناسی
بابەتی فایل: ژیان و ئەندێشەی شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردی👇
@EnjumeniEdebiShino
دۆستانی بەڕێز ماوەیەک بەر له ئێستا شێعرێکم دانا و دۆستانیش لوتفیان کرد باسێکیان له سەر ورووژاند. ئێستاش به فایلی دەنگی بەڕێز کاک موردای ئەعزەمی زەحمەتی کێشاوە و چەند لێدوانێکی ساز کردووە. بۆ ڕێز لێنان و ئەمەگ ناسی بەرامبەر زەحمەتەکانی کاک موردای خۆشەویست له سەر ئیزنی ئازیزان شێعرەکە و فایلەکان دادەنێم. زۆر سپاس
👇👇👇👇👇👇
دانیشتنی یەکەمی کۆرسی ئەدەبناسی، ۲۵ی گەلاوێژی ۱٤۰۱ی هەتاوی، ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ
🔰تەوەر: فەلسەفەی ئەدەبیات
🗣دکتۆر ڕهھبهر مهحموودزادە
📦ئەنجومەنی_ئەدەبیی_شنۆ
⏰كات: ۴۸:۰۵ خولەک
🔋قەبارە: ۱۴.۵ مێگابایت
#کۆرسی_ئەدەبناسی
/channel/dr_rehber
/channel/EnjumeniEdebiShino
ڕابردووی بەردەوام
#چیرۆک
#ئاسۆ_جەودەت
چاوی مرۆڤ بەرانبەر ڕەنگی سەوز هەستیارترە دە بەراورد دەگەڵ شین و سوور دا ..
*سپی بۆ وایت باڵانسە
دە ئەم بەشانەی کە سەوزن نۆیزێکی کەمتر هەیە و وردەکاری زۆرتر دەتوانی ببینی..
ئاشق و ماڵ وێران بووم ..
قەڵەمە سوورەکە بەرەو ئاسۆ هەڵگەڕا و شین بۆوە
کە ڕووی دە سەوزایی کرد سەوز بۆوە و ..
سەر لەسەر ڕانی
تاکوو بەیانی
شەو داهات و مانگ لە چوار لاوە لە دوورە دیمەنێکی مەیلەو سوور دا تارمایی کەوتبوو سەر و هەرچەندی حەوڵی دەدا دەربازی نەدەبوو لەو گەمارۆیە ..
بووم بە میوانی نازەنینێ
دەگەڵ دەنگی ناڵ و لینگی قەڵەمەکان، جانوو و جانوماینەکان هەستانە سەر پێ و ڕاوە ڕاوە کردن .. شەقەی ئاسمان شەوە ڵێڵەکەی دوولەت کرد و ڕووناک ڕووناک ..
شەوی یەڵدایە یا ..
بێ وەفا بوو نەمزانی ..
خەریک بوو شەو لێ دەبۆوە و مژەکەی هەڵمژی ـ
قەڵەمە سەوزەکە کەوتەکار و هەموو داوێنەکەی دەخۆی وەردا ـ خۆی دە سپی هەڵێنا و چوو سەر پاشوان و ئەوەندەی هێزی گرتبوو خۆی حەوا دا ئەوەندە کە هەتا چاو هەتەر دەکا و ئاقڵ نایبڕێ ـ
کەڵەگەتێ نابینم سەر لەسەر ڕانی ..
هەر نەهاتەوە و تاریکاییەکە سوور و زەرد و زەرد و زەرد و هەڵگەڕا ـ کاڵ بۆوە ـ
هەناوم بۆی نەماوە ـ سەر لەسەر ڕانی تاکوو بەیانی بووم بەمیوانی ..
ئەوە هاتم خاڵە
یاڵا مام حامید ..
تەمەشای ملی .. دەگەڵ شانی تێکەڵ بووتەوە دەڵێی ئەو کوشتیگیرانەی ڕوسیەیە 😂
ئەوە ئی مفتەخۆریە بەسەری توو ..
Does she married ?
Yes ..
بڕۆ مەجنوون بەلەیلای خۆت مەنازە ..
قەڵەمه شینەکە کەوتە کار و لایەکی سپیایەکەی شین و ڕەش کرد
Yes ??
Yes he has ..
یێس هی هەز ؟!!!
Yes she ..
ئاهاااا
Yes she is ..
لە ئیزی گەڕێ گەڕ
Yes she do ..
ئاااای ئای
Yes she does ..
Yes she does ..
ئەوجار بۆم بکە ڕابردووی بەردەوام
یاڵا مام حامید
هەتی هەروا لێرەیە ..😅
دەست خۆش خەلە ..
She was married ...
قەڵەمە سوورەکە بزەی جۆکێریی هاتە سەر لێو
قەڵەمە شینەکە چاوەڕوانە
قەڵەمە زەردەکە هەروا دەخەو دایە
سەوزەکەش دەڵێی مریشکی سەربڕاوە خۆی هەڵداوێ ..
هیچ گیانی خۆی نەهێشت ..
چوومه سەر نەگڵ نەبەردەکی
گاسم کردە نەژن نەمێردەکی
کوتم ئەو نەکەڵ نەگایەم
بۆ لەو نەگەنم نەجۆیەی دەرکە ..
.. ای دشمن ار تو سنگ خارەای من آهنم ..
ئەرێ بۆ نایگۆڕیییی
هەتا دەگری و ناگرییی ..
نەکەی کۆرە وەبەر خۆن دەکەوی 😂
قەڵەمه سوورەکە دە کار دایە ..
چرا سەوزە نارۆی ؟
بەرێوەڵا بۆ ناڕۆم ئەدی چ دەکەم ـ چم پێ دەکرێ ؟
نەڕۆم چ بکەم ؟ پێت وایە هەتا سبەی لێرە دەبم ؟
نا .. نا ..
نا نا و قۆڕ ـ .بۆ وادەکەی دەڵێی پێریۆدی
دەڕۆی ناڕۆی ملت شکێ ..
نەڕۆم چ بکەم ـ کوێم هەیە ؟ کێ چاوەڕێمە ؟
ئێێێ بەخوای سەیرە ..
چم کوتووە ؟
وەنیە دەڵێی بڕۆ ..
برا مەڕۆ
ئەتوو نە بە تێ.. پێخۆشە نەبە ..
مەڕۆ مەڕۆ ئەسمەر مەڕۆ مەڕۆ بمدوێنە
جەرگ و دڵم بۆ توو ئازیز گشت پڕ لەخوێنە ..
ئەرێ بۆ نایگۆڕی
قەڵەمه شینەکە و سەوزەکە قۆڵ دە قۆڵی یێک دا ملییان قیت کردەوە و قوونیان بزاوت بەرەو سپیایەکە وەڕێ کەون بەجووت ..
زەردەکە یێک جێ ڕاچەنی و پێی له لاقی ئەوان نا و یێک دو سەرمی دان و بە دەم و لووت بەسەر تابڵۆکە دا کەوت و خۆی و هەموویانی زەرد زەرد هەڵگەڕاند،
بوومەکە کونێکی گەورەی تێدایە ..
ئاســۆ جەودەت
١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٠
٭ پێشکێش بە ڕوحی مامۆستا محەممەدی ماملێ..
@EnjumeniEdebiShino
٦. هەر له کاتی ڕابردوودا ماوەتینەوە و له گۆشەنیگای خەونی کوێستان و بە ئاگا بوونەوەی و نەمانی سامڕەند له ماڵ دەچینە نێو پاژێکی دیکەی ڕیوایەتی چیرۆکی تارا. کوێستان پاش وەخەبەر هاتنی دەبینێ کە گەردنباغێکەی پساوە و یەک له شیلانەکانی نەماوە. ئەوەش یانی شتێک دەقەومێ. ئەگەر کەسەیاتی گێڕەڕەوە له وێڕا دڵە کوتەی قەومانی شتێکی هەیه ئەو لێرەش خوێنەر ئەو هەستەی بۆ ساز دەبێت و دیتنی ئەو وێنەیە ئەویش وە دڵە ڕاوکە دەخات. لێرەدا زمانی چیرۆک زمانێکی وێنەییە و له جیاتی کوتن و دەربڕینی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی پێشاندەری و شانۆیی بوونی زمان پڕ ڕەنگتر دەبێت.
۷. بە دەم ڕۆیشتنی ماشێن و گەڕانەوەی ڕاوی بۆ دواتر ڕووداوی سەرەکەی چیرۆک دە نێو ڕۆیشتن و گەڕانەوەدا بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێت. با لێرەدا باسی ئەو فەزا سازییه بکەین کە بۆ بەشی سەرەکی چیرۆک کراوە. بەشی زۆربەی گەڕانەوەکان بۆ دوایه کاتێک وەبیر دێنەوە کە کەسایەتی گێڕەڕەوە کە کەسی سەرەکی چیرۆکیشە بۆ گەیشتن به ئامانج و ون بووەکەی دە ماشێنێکی سارد و بێدەنگدا دانیشتووە. ئەو گەڕانە هەم بۆ ڕاوی و هەم بۆ خوێنەر گەڕان و پشکنینە له هەر دوو هێڵە ڕیواییەکە دا؛ واتا هەم له کاتی ڕابردوو و هەم له کاتی ئێستادا کە ئەوە خەریکە بەرەو پێش دڕوات. ماشین یانی ڕۆیشتن و گەڕان ؛بیرەوەریش یانی ڕۆیشتن و گەڕان بەڵام یەکیان ڕوو به ڕابردوو و ئەوی تریان روو به داهاتوویه. ئەو تێک ئاڵقانە لەو بەشەدا زۆر شارەزایانە خۆلقاوە و بیچمی گرتووە.
۸. دوا وێستگەی ڕیوایەت و چیرۆک دیتنی سەیدی گۆر هەڵکەن و دانەوەی گۆڕەکانە. ئەو بەشه بەشی کۆتاییه و یەکێک له بەشه هەره گرینگەکانی کورتە چیرۆکە و دەکرێ له ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە نێوی کۆتایی چنینی لێدابنێین. هەڵبەت ئەو کۆتاییه کۆتاییەکی ئاوەڵا و کراوە نییه؛ ئیدی خوێنەر به ئاکامی گەڕانەکە دەگات کاتێک کوێستان تەرمی سامڕەندی مێردی و شیلانە ون بووکەی پێکەوە دەبینێتەوە. لێرەدا چیرۆک دەوستێت و کات ڕادەوەستێت. بەڵام شیلان دەبێتە هێمای وەفاداری و خۆشەویستی و لێک دانەبڕانی دوو دڵدار. ئەوان ئیدی به جەستە لێک دابڕاون بەڵام دڵ و حەز و خۆشەویستیان له لای یەک دەمێنێتەوە. بۆیەش دەنکە شیلانەکە تا دوا ساتەکانی ژیانی سامڕەند دە بەرۆکی دا هەر ماوەتەوە.
لایەنێکی دیکەی جێگای باس لەو چیرۆکەدا زمانی چیرۆکەکەیه. زمانێکی دەوڵەمەند له باری ڕێزمان و وشە و زۆر جاریش دەوڵەمەند له باری گێڕانەوە و تندراو بە ماکەکانی وێنە و هێما. یانی هەم زمانی هونەری و هەم زمانی کەرەستەیی زۆر باش کاریان بۆ کراوە و به جوانی پەروەردە کراون.
له کۆتاییدا به پێویستی دەزانم له لایەن بەشی چیرۆکی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ سپاس و پێزانین دەر ببڕم بۆ بەڕێز خاتوو لەیلا نوورانی و هیوادارم له داهاتووشدا بتوانین له خزمەت چیرۆکەکانی جەنابیاندا بین.
@EnjumeniEdebiShino
کۆتایی فایلی بەشی کوردناسی، تایبەت به ژیان و ئەندێشەی شێخ شەهابەددین سۆهرەوەردی
@EnjumeniEdebiShino
مراد ئەعزەمی:
ئاماژەیەک بۆ حیکمەت و زمانی شێخی ئیشراق
باسی شێخ شەهابەددین یەحیا سۆرەوەردی، دوو لقی جوودای لێ دەبیتەوە، حیکمەت و زمان. حیکمەتی شێخ، یەکەکە لە سووچەکانی سێ کۆچەی (حیکمەتی مەششا، کەلام، ئیشراق) . تێکەڵاوێکە لە دوو سووچی مەششاو کەلام و، بیرۆکانی سوقڕات و ئەفلاتوون و، حیکمەتی زەردەشت و، بووداو، مەکتەبە عیرفانییەکانی هیند و، عیرفان و سۆفی گەری ئیسلامی و، چەمکەکانی حیکمەتی کۆنی ئێران و، لە هەمووان بەرچاوترو تۆختر، هێماو بڕواو چەمک و ئەندێشەو ئۆستوورەکانی ئایینی مێهر، یان میترایی. کڕو تەونی لە خوازەی نووری میترا ساز بووەو، نەقش و نیگارەکانی دی هەمووی لەسەر ئەو کڕو تەونە چنراون و، ناویشی نراوە عیلمولئەنوار. ئاوازی پەڕی جیبریل و عەقڵی سوورو هەرای سیمەل، کە پڕن لە خوازەو نیشانەو تەمسیل، کاکڵی هەموویان هەر لەسەر نوور رۆنراوە. تەنانەت بژیوی سیمەلیشی ئاورە، کە نوور بپژێنیتەوە بۆ هەموو عالەم و ئادەم. نوور، نازناوو یەکەم جیلوەی خوای میهر، میترایە لە ئایینی میترایی دا. کە چوارهەزارساڵ بەر لەمە، یەکەم ئایینی خەڵکانی سەر گۆی زەوی بووە، لە هیندو، وڵاتی مانناو ئورارتوورو مادەوە، تا دەگاتە باکووری ئافریقاو ئەرووپاو یوونان و رۆمایەتی. تا هاتنی مەسیح، ئەو برەوە هەر مابوو. لەدوای سەدەی چواری زایین، کە کۆنستانتینی ئیمپراتۆری رۆم، مەشرەبی فکرو هزری خۆی لە میتراوە گواستەوە بۆ خوای مەسیح، پتریش لە بەر ماڵی خۆی کردن بەرامبەر وزە زەبەلاحەکانی مادو پارس، کە میترا لەوێوە تەشەنەی کردبوو بۆ چوارقوڕنەی وڵاتان، نەک لەبەر بڕواپێ کردنی بە سییانەی باوک و کوڕو روحەلقودوس. بەوحاڵەش، گەلێ هێماو زاراوەو نەریت و ئوستوورەی میترایی، لە ژێر تەنکەساباتی بڕواکانی مەسیح، بە ناو مەسیحایەتی، وەک دینی هەموو وڵاتانی سەربە ئێمپراتۆری رۆمی راگەیاند. روح و زەین و کاکڵ میترا بوو و کاژ مەسیح. جا شێخ، ئیشراقی خۆی لەسەر ئەو هەردە بە پیتە رۆنا. شێخی سی و چەند ساڵە، لێوانلێوی فڕکەفڕکی پەڕوباڵی جیبریل و هەرای سیمەل و، پڕاوپڕی تیشکی میتراو، مەستاومەستی عەقڵی سوور، رێی دەکەویتە دیوەخانی مەلیک زاهیر، حاکمی حەڵەب و کوڕی سەلاحەددینی فاتحی ئاورسەلیمی بە رەچەڵەک هاوزمان و برادینی. بەڵام سەرداران وحاکمان و کۆلکەمەلاو ساویلکەسۆفیانی کۆنەمێشک، سەرەدەری لە ئیشراقی شێخی شەیدا دەر ناکەن و، بە تۆمەتی دژەشەریعەت، حوکمی کوفری بۆ مۆر دەکەن و، شەهاب لە زیندانی کوڕی سەلاحەددینی کورددا، شەهید دەبیت.
بەڵام، لقی دووهەمی شێخی ئیشراق، زمان و داهێنانی ئەدەبی. ئەوەش دوو لقی لێ دەبیتەوە، پەخشان و شێعر. زمان و سیاقی شێخ لە دەقی نووسراوەکانی دا، باسی وردو پسپۆرانەی دەوێ تێرو تەسەل. لێرە هەر ئاماژەیەک دەکرێ بۆ چەند خاڵی بەرچاوی زمانی شێخ. پەخشانی شێخی ئیشراق، لە ئاقاری مێژووی ئەدەبی فارسی دا، دەکەویتە دە خانەی دەقە بە نرخەکانی ئەدەبی کلاسیکی سەربە سەدەی شەشی کۆچی. نەسری شێخ، لە نووسراوەکانی، بە تایبەت لە (رسالە فی حقیقەالعشق) دا، سەرانسەر بە سەجع و جیناس و خوازەو مەجازو تەمسیل و سیمبۆل گۆش دراوە. با چەن دێڕیک بخوێنینەوە لەو رەساڵەیە. فەسڵی یازدە، بەندی بیست و پێنچ:
"... عەشق وەرگیراوە لە عەشەقەو، ئەوژی گیایەکەو لە باغ دەڕوێت، هەر لە بنی داران. بنج لە ناخی زەوی توند دەکاو، جا سەر وەدەر دەخاو، وەباڵای دار هەڵدەزنێ و، سەرتابە پای داگیر دەکا. وای رێک دەکوشیت تا تەڕایی لێ دەبڕیت و، بژیوی لە ئاوو هەناسە هەڵدەمژیت و وشک و برینگی دێڵیت. لە دونیای مرۆڤانیش، کە چڕەوبووی مەوجوودن، درەختێکە مونتەسەبولقامە ناو، حەببەتوولقەلبی پێوە رسکاوە، حەببەتوولقەلبیش لە هەردی مەلەکووت روواوەو، هەرچی لەودایە زیندەو ماوە..."
جا لە فەسڵی دوازدە، ئاخر فەسڵ، لە حەقیقەتی عەشق یان موونیسولعوششاق دا دەڵێ:
"... عەشق بەندەیەکە خانەزا. سوڵتانی ئەزەل و ئەبەد، دارۆغێنی کەونەینی پێ ئەسپاردووە. ئەم دارۆغەش ئانێ روو لە لایێ و، هەر ساتێ بەرەو ئاقارێ دەڕوانێ. دابی وایە، روو لە هەر ئاوەدانییەک بکا، خەڵکانی بە قوربانی بەرو پیلی بێن. تا بەرانی نەوسیان خوێنی نەڕژێ، لاق دە ئاوەدانی نانێ. جا لەش ئاوەدانییەکەو، ئەعزای ئەندامی، گەڕەکان و، دەمارانی، جۆگەلەی کۆڵانان و، هەستەکانی، پیشەگەرانن، خەریکی شۆڵان..."
سۆرەوەردی، شاعیرێکی شیرین کەلامیش بووە، کەچی بەوە کەمتر ناسراوە. لەبەر ئەوەی، شایەد، شێعری وەک زمانی حەللاج، حەقیقەتی لە قاو داوە. ئەگەر بڵاو ببانەوە بە قەرا نەسری، بێ خەبەرانی عیرفان و ئیشراق، زووتریان بەندو بێ دەنگ دەکرد، بە تۆمەتی کوفرو ئیلحادو ترازان لە وشکەقاپی شەریعەت. هەر سەرەتای حەقیقەتولعەشقیشی ئاوا بە پەری شێعر دەست پێ دەکات:
" ئەگەر ئەو ئەشقە نەبا یان خەمی ئەم ئەشقە نەبا
کێ هەبوو بیڵێ و بیبیسێ هەموو نوکتەیە وا؟
یان سەری زوڵفی کێ لای دابا کە هەر نەبوا با؟
تاکوو روخسارەیی دڵداری لەبۆ ئاشقێ دەرخا؟"
قادر ڕەسوولفات:
کاک عەلی دەستت خۆش بێت، وەک هەمیشە ماندوو بوون و حەول و خوێندنەوەیەکی زۆر بە بابەتەکەتەوە دیارە....
لە کوشتنی شێخ باسی کوڕی سەلاحەدینی ئەییووبیت کرد،
دەبێ بڵێم کوڕی سەلاحەدین سوداسەر و موریدی شێخ بوو، کووشتنی شێخ بەپێچەوانەی ڕای ئەوبوو تەنانەت دوای کووشتنی شێخ تووشی خەمۆکی دەبێ. دێارە ئەو دەستورە لە بابی واتەسەلاحەدین دێت بۆ کوڕەکەی و ئەو هیچ چارەی نابێ.
هەروەها لەسەر میتراییسم هێندە ڕای جیاواز هەن و پێیان وایە ئەومێژوویەی بۆ ئەو ئایینە تەرخان کراوە هێندە ناگەرێتەوە دواتر، چوونکەلە هیچ نووسراوەیەک ،تەنانەت کتێبە پیرۆزەکانیش دا ناوی نەهاتووە
پرسیاری من ئەوەیە
ئایا هیچ سەرچاوەیەک ...هەڵبەت دیارە لە مێژووی ئێران دا باس کراوە ...بەڵام ئایا سەرچاوە پێچەوانەکانی مێژووی باو باسێکیان لە مێژووی ئەو ئایینە کردووە؟
🟡 "ئاوازی باڵی جیبریل"
شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردی
وەرگێڕ: د. ڕەهبەر مەحموودزاده
بەشی کۆتایی
گوتم باسی باڵی جیبریلم بۆ بکە. گوتی بزانە جیبریل خاوەنی دوو باڵە، یەکیان باڵی ڕاستە کە نووری ڕووتە. ئەو باڵە گشتی بریتییە لە بەستراوەیی ئەو به خودا. یەکیشیان باڵی چەپە کە نیشانەی تاریکایی پێوەیە وەک چۆن پەڵەیەک دەکەوێتە سەر مانگ. وەک پێی تاووس دەچێ و ئەمە نیشانەی بوونی ئەوە کە دیوێکی دەکەوێتە سەر هەرێمی نەبوون. کاتێک دەڕوانییە پێوەندیی جیبریل لەگەڵ بوونی خودا، بوونی ئەو دەبێتە خاوەنی تایبەتمەندیی پێویست بوون. کاتێکیش دەڕوانییە شیاوەتی زاتی خۆی، دەبینی شیاوی نەبوونە و ئەمە پێداویستیی شایانی بوونی خۆیەتی. ئەم دوو مانایانە لە حوکمی دوو باڵدان.
پێوەندیی لەگەڵ خوا لە حوکمی باڵی ڕاستدایە و شیاو بوونی خۆی لە نەفسی خۆیدا، لە حوکمی باڵی چەپدایە. وەک چۆن خودای مەزن فەرموویە: "جاعل الملائکە رسلا اولی اجنحه مثنی و ثلاث و رباع" ـ خودا ئەو فریشتانەی بە نێردراوی خۆی داناوە کە خاوەنی دوو باڵ یان سییان یان چوار باڵن. ژمارەی دوو بۆیە لە پێشێ هاتووە چونکه نزیکترین ژمارەیە لە یەک، دووە، دوای ئەو ژمارەی سێیە و دوایێش چوار. ئەوەی دوو باڵی هەیە لەوەی سێ باڵ یان چوار باڵی هەیە شەریفترە و ئەمە لە زانستی ڕاستییەکاندا و لە زانستی کەشفیدا باسی زۆر لەسەرە و هەموو کەس فامی ناکات.
کاتێک لە ڕۆحی قودسی تیرێژێک ڕۆدەهێڵدرێتە خوارێ، ئەم تیرێژە پێدادەچێ و پێی دەڵێن وشەی گچکه. ئەوە نییە خودای تەعالا دەفەرمووێ: "و جعل کلمە الذین کفروا السفلی و کلمە الله هی العلیا" ـ خودا وشەی بێبڕوایانی نزم کردووەتەوە و وشەی "الله" لە سەرووی هەمووانە. [واتە] بێبڕوایانیش خاوەنی وشەی خۆیانن. جیاوازییەکە هەر لەمەدایە کە وشەی وان خەوشی لەگەڵه، ئەگینا ئەوانیش خاوەن ڕۆحن.
لە باڵی چەپی کە هێندێکی تاریکایی لەگەڵە، سێبەرێک داکەوت، جیهانی درۆ و گزی لەویڕایە. وەک چۆن پێغەمبەر "د.خ" گوتوویە: " ان الله تعالی خلق الخلق فی ظلمه ثم رش علیهم من نورە" ـ خودای تەعالا بوونەوەرانی لە تاریکاییەکدا خولقاند، دوایێ لە تیشکی خۆی هێندێکی پێدا پڕژاندن. " خلق الخلق فی ظلمه " ئاماژە به ڕەشایی باڵی چەپ دەکا و "ثم رش علیهم من نورە " ئاماژه به تیڕیژی باڵی ڕاستە و لە کەلامی مەزنیشدا فەرموویە: "جعل الظلمات و النور" ـ تاریکایی و نووری داناوە. ئەو تاریکاییەی وا دانانەکەی بە "جعل" زانیوە، دەکرێ جیهانی گزی بێ و ئەم نوورەش وا لەدوای تاریکایی دێ، تیڕێژی باڵی ڕاستە، چونکه هەر تیڕێژێک بکەوێتە ناو جیهانی گزی لە تیشکی ئەوە. وەک چۆن گوتراوە: "ثم رش علیهم من نورە"، "الیه یصعد الکلم الطیب" و ئەم وشەیەش لەو تیڕێژەیە و "مثلا کلمە طیبه" یش وشەیەکی شەریفی پڕشگندارە واته وشەی گچکه. ئەگەر ئەو وشە گچکەیە خاوەنی ئەوپەڕی گەورەیی نەبووایە چۆن دەیتوانی بۆ لای یەزدانی مەزن هەڵکشێ؟ و نیشانەی ئەوەی "وشە" و "ڕۆح" خاوەنی مانایەکن ئەوەیە وا لێرە گوتی"الیه یصعد الکلم الطیب" و لە شوێنێکی تریش گوتی: "تعرج الملائکه و الروح الیه"، و هەر دوو "الیه" ڕوویان لە یەزدانی مەزنە. "نفس مطمئنه"ش هەر خاوەنی ئەم مانایەیە، وەک چۆن دەڵێ "ارجعی الی ربک راضیە مرضیه". کەوابوو جیهانی گزی، خەوش و تاریکایی باڵی جیبریلە، مەبەستم باڵی چەپیەتی و ڕۆحە ڕووناکەکانیش لە باڵی ڕاستینە. ئەو ڕاستییانەی وا دەیانخاتە ناو مێشکەکان و هەرا لێکردنی پیرۆزیش گشتی لە باڵی ڕاستێتی وەک دەفەرمێ: "کتب فی قلوبهم الایمان و ایدهم بروح منه" ـ بڕوای لە دڵی ئەواندا نووسی و بە رۆحی خۆی یاریدەی دان و "نادیناه ان یا ابراهیم" ـ هەرامان لێکرد: ئەی ئیبڕاهیم. قار و هاوار و قەزاش لە باڵی چەپی ئەون، سڵاوی خوای لێ بێ.
پرسیارم کرد ئاخر شێخ پێم ناڵێی ئەو باڵانەی جیبریل شێوەیان چۆنە؟ گوتی ئەی خافڵاو ئەوە نهێنییە و ئەگەر ماناکەی بەشێوەیەکی ڕواڵەتی لێک بدەیەوە قسەی سەیروسەمەرەی لێ دەردەچێ.
گوتم باشە هیچ وشەیەک دەکەوێتە ئاقاری شەو یان ڕۆژ؟ گوتی ئەی خافڵاو بۆ نازانی شوێنی هەڵچوونی وشەکان بۆ لای یەزدانی مەزنە؟ وەک فەرموویەتی "الیه یصعد الکلم الطیب" و لە لای یەزدانی پاکیش، نە شەوە و نە ڕۆژ؟ "لە لای پەروەردگارتان نە ئێوارەیە و نە بەیانە؟" و کات لە لای پەرورەدگارا بێمانایە.
🟡 "ئاوازی باڵی جیبریل"
شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردی
وەرگێڕ: د. ڕەهبەر مەحموودزادە
بەشی دووەم
گوتم بۆ زاوزێ تۆ چۆن تێهەڵدەچییەوە ؟ گوتی بزانە گۆڕانکاری بەسەر حاڵی مندا نایێ و من جگه لە کەنیزێکی حەبەشی چ هاوسەری دیکەم نییە. من هەرگیز تەماشای وی ناکەم و چ جووڵە لەلای منەوە ڕوو نادا. جێ و مەکانی وی لەناو ئاشەکاندایە و نیگای بەستراوەتەوە بە ئاشەکان و چۆنیەتی سووڕانیان، هەر کە بەرداشەکان دەسووڕێنەوە ئەم بزاڤه لە چاوانی ویدا خویا دەبێ و گلێنەی چاوانی ویش دەسووڕێنەوە. لە میانەی سووڕانەوەی گلێنەی چاوانی هەرکە چاوی کەنیزی ڕەش بە من دەکەوێ، منداڵێک لە من لە منداڵدانی ویدا دەڕسکێ، بێئەوەی بزاڤێک و گۆڕانێک لەمندا هەبێ. گوتم بەرانبەر ڕاوەستانی وی لەگەڵ تۆدا چۆناوچۆنە؟ وڵامی دامەوە مەبەست لەو وشانە لێهاتوویی و وەخۆگرتنێکه و لەوە زیاتر نییە.
گوتم ئەدی باشە تۆ باسی ئەوە دەکەی گۆڕانکاری بەسەر حاڵی تۆ دا نایێ، ئەی چۆن دابەزیویەتە ناو ئەم خانەقایە؟ گوتی ئەی دڵودەروون پاک، خۆر دایمە لە فەلەکی خۆیدایە، بەڵام ئەگەر کابرایەکی کۆرە هەست بە بینینی نەکا و پێی نەحەسێ، ئەو پێنەحەسینە لە مانەوە یان نەمانەوەی خۆر لە شوێنی خۆیدا چ باندۆری چ نینە. دوایێش ئەگەر کابرای کۆرە چاوی بە دنیایێ هەڵبێتەوە و بینا بێتەوە حەدی ئەوەی نییە خۆر دە پرسیاران بگرێ و بڵێ بۆچێ پێشدا نەگووراوی و نەسووڕاوی؟ چونکه خۆر بەردوەام هەر لە جووڵەدا بووە و گۆڕانکاری لە حاڵی کوێرەکەدا بووە نەک لە حاڵی خۆرەتاودا. ئێمەش دایمە لەو بەرهەیوانە ڕۆنیشتووین و ئەگەر تۆ نامانبینی پێت وا نەبێ لێرە نەبووینە و دواتر هاتووین، گۆڕان و ڕاگوێزران لە حاڵی تۆدایە نەک لە حاڵی ئێمەدا.
گوتم گەلۆ ئێوە زیکری یەزدانی مەزن دەکەن؟ گوتی نا، نوقم بوون لە شهوود ڕێگای زیکرمان پێ نادا و ئەگەر زیکرێکیش لەگۆڕێدابێ بەهۆی زمان و ئەندامانی دیکەوە نابێ و بزاڤێکی لێ وەدی نایێ.
گوتم فێری زانستی جلکدروونم بکە. بزەیەکی کەوتە سەر لێوان و گوتی بەتەما مەبە. جلکدروونی ئێمە وا نییە نییەتی بۆ بکەین و بە کەرەستەی خۆیەوە بیکەین. بەڵام لە زانستی جلکدروون ئەو هێندەت فێر دەکەم ئەگەر کەوا و پاڵدێمی بەری خۆت پێویستی به دروونەوە هەبوو بتوانی چاکی کەیەوە و ئەو هێندەی فێر کردم.
گوتم کەلامی خودام فێر کە. گوتی واش سانا نییە. هەتا تۆ لەم شارەدا بمێنییەوە زۆری ناتوانی لێ فێر بی، بەڵام ئەوەی مەیسەر بێ فێرت دەکەم. خێرا لەوحەکەی لێ ئەستاندم و حونجەیەکی سەیروسەمەری وای فێر کردم بەو حونجەیەوە هەر سووڕەتێکی بمویستایە دەهاتە بەرم. گوتی هەر کەسێکی ئەو حونجەیە نەزانێ، سووڕەتەکانی کەلامی خودا و ەکی شیاوە فام ناکا و هەر کەسێکی بە نهێنییەکانی ئەو حونجەیە بزانێ گرانی و سەنگینییەک لە هەڵسوکەوتیدا خویا دەبێ. دوای ئەوە زانستی ئەبجەد فێر بووم و پاش ئەوەندە خوێندنە ئەو هێندەی لە توانامدا بوو و پێم کرا کەلامی باری تەعالام لەسەر لەوحەکە نووسییەوە. بەمە شتی ئەوەندە سەیر و سەمەرە لە کەلامی یەزدانی مەزن بۆ من ئاشکرا بوو کە لە گوتن نایێن و هەر جارێكیش پرسێکم هەبایه دەمبردە لای شێخ و ئەو بۆی ڕایی دەکردم. جارێکیان باسی تووڕاندنی ڕۆح دەکرا، شێخ ئاماژەی بەوە کرد ئەمە لەلایەن "روحالقدس"ەوە دەکرێ.
🟡 "ئاوازی باڵی جیبریل"
شێخ شەهابەددینی سۆهرەوەردی
وەرگێڕ: د. ڕەهبەر مەحموودزادە
بەشی یەکەم
لەم ڕۆژانەدا کەسێک لەوانەی وا چاوێشەی دەمارگرژی بەری چاوی گرتوون، عەیبی لە جێگەوپێگەی شێخانی تەریقەت دەگرت و لەڕووی نەزانییەوە قسەی هیچەکە و پووچەکەی لەمەڕ شێخانی ڕابردوو دەگوت و بۆ داکۆکی کردن لە قسەکانیشی گاڵتەی به قسە و بۆچوونی شێخانی ئێستا دەکرد. پێداگرییەکەی گەیشتە شوێنێک کە نەقڵێکی لە خواجە ئەبوو عەلی فارمەدی گێڕاوە کە لێیان پرسیبوو ئەوە چۆنە هەندێک لە شینپۆشان (مەبەستی سۆفییەکانه) هەندێک دەنگ به ئاوازی باڵی جیبریل دەزانن؟ وڵامی دابۆوە: بزانه زۆربەی ئەو شتانەی هەستی تۆ پێیان دەحەسێ گشتیان لە ئاوازی باڵی جیبریلەوە وەدی هاتوون. ئەبووعەلی به کابرای پرسیارکەری گوتبوو تەنانەت یەکێک لە ئاوازەکانی باڵی جیبریل تۆی. کابرای بانگەشەکەری بێبڕوا، دەمارگرژی بێکەڵکی دەکرد و دەیگوت ئەو قسانە جگە لە وڕێنەی بێمانا هیچی دیکە نین.
کاتێک دیتم بێئەدەبی ئەو کابرایە ئاوی لە ئاوەڕۆیێ دەرکردووە، منیش خۆم قۆچاغ کرد هەتا لە بەرانبەریدا ڕابوەستم. ئیدی لەبەرچاو گرتنی زیاترم وەلانا و چۆکی زانست و زیرەکیم دادا و ڕێگام لە جنێودان و بە نەفام زانینی خەڵک گرت. پێم گوت ئەوە من لەسەر بنەمای بڕیارێکی دروست و بۆچوونێکی ئەنگێوە دەستم کرد به لێکدانەوەی ئاوازی باڵی جیبریل و تۆش ئەگەر پیاوی و هونەری پیاوانت هەیە قسەی من تێبگە. ناوی ئەم بەشەم نا "ئاوازی باڵی جیبریل"
دەسپێکی قسە
وختایەک ئەگەر ئەمن لە ژووری ژنان هاتمە دەر و لە هەندێک قەید و بەند و جلکی منداڵانه نەجاتیم هات، شەوێکیان کە تاریکایی، قووڵایی فەلەکی کەوهڕەنگی داگرتبوو و تاریکاییەک ـ کە وەک خوشکی عەدەمی برایەتی ـ لە کەنارەکانی جیهانی خواروو پەرژ و بڵاو ببووەوە، من لەو کاتەدا لە هوروژمی خەو قوتارم بوو. ئەوەندە دڵپڕ و وەڕەز بووم مۆمێکم پێکرد و ویستم بچمە لای پیاوانی ماڵمان. هەتا کازیوەی بەیانی لەوێ سووڕامەوە. دوایێ مەیلی ئەوە لە دڵمدا خۆیا بوو کە خۆم بە خانەقاکەی باوکمدا کەم. خانەقا دوو دەرگای بوو. دەرگایەک لەناو شار و دەرگایەکیش لە بێروون و بێستان هەڵکەوتبوو. چووم ئەو دەرگایەی وا لەناو شارا هەڵکەوتبوو توند بەستم و لێبڕام دەرگای دەشت بخەمە سەر پشت. دوای ئەوەی دەرگام کردەوە دیتم دە پیری بەسەروسیما لە بەرهەیوانێک دانیشتوون. شان و شکۆ و هەیبەت و هەیئەت و جوانی و دەلالیی ئەوان تووشی سەرسوڕمانێکی سەیری کردم و دەتگوت زمانم بەجارێکی شکا.
ترسێکی لەڕادەبەدەر دایگرتم. دەچوومە پێش و دەگەڕامەوە هەتا غیرەتێکم وەبەرخۆم نا و گوتم چش چ دەقەومێ با بقەومێ بڕیارم دا بچمە خزمەتیان و خۆم بەختەوەر کەم. هێواش هێواش لێیان چوومه پێش و هاتم سڵاو لەو پیرە بکەم وا لە قەراغ بەرهەیوانەکە دانیشتبوو، خوداهەڵناگرێ هێندە ڕووخۆش بوو پێش من سڵاوی کرد و به دلۆڤانییەوە بزەی هێنایه سەر لێو بەچەشنێک کە ددانەکانی وەدیار کەوتن و ئەگەرچی جوانیی ڕەفتار و پاکی ڕەوشتەکەیم بەچاو دیبوو بەڵام هەر وەک پێشوو سامی ویم لەدڵدا بوو. گوتم ئەرێ ئەگەر بێئەدەبی نەبێ ئێوەی مەزن لە کوێوە هاتوون؟ ئەو پیرەی وا لە قەراغ بەرهەیوانێ دانیشتبوو وڵامی دامەوە و گوتی ئێمە جەماعەتێکی سەڵتین و لە ناشوێنەوە هاتووین. من قسەی ویم فام نەکرد و گوتم ئەو شارەی دەیڵێی سەر بە کام ئیقلیمە؟ گوتی سەر بەو ئیقلیمەیە وا ناتوانی قامکی ئاماژەی بۆ ڕادێری، لەوەڕا زانیم پیرەکە خاوەن زانستە، گوتم لە کەرەمی خۆڕا پێم بفەرموو زۆربەی کاتی ئێوە لەچیدا ڕادەبرێ؟ گوتی بزانە کاری ئێمە تێگڕا جلکدروونە، ئێمە پارێزگارانی کەلامی خودای مەزنین و گەڕۆکیشین. پرسیارم کرد ئەی ئەم پیرانەی وا لە سەرەوەی تۆ دانیشتوون بۆ وا بێدەنگن و بۆچی لەبزیان ناگەڕێ؟ وڵامی دامەوە کەسانی وەک ئێوە بۆیان نییە لەگەڵ ئەوان بدوێن، من زمانی ئەوانم و ئەوان کەسانی وەک تۆ نادوێنن.
چاوم گێڕا دیتم مەشکەیەکی یازدە توێ لەو ناوەدا کەوتووە و چۆڕەئاوێکی لەناودایە و ئاوەکەش هەندێک وردکەخیزی تێدایە و بەملاوئەولای وردکەخیزەکەدا هەندێک گیانلەبەر دێن و دەچن. نۆ چینی سەرەوە لە یازدە چینەکانی ئەم مەشکە توێتوێیە، قۆپچەی ڕووناکییان لێدرابوون، ئەم قۆپچە ڕووناکانە لە چینی دووەمدا بێئەژمار بوون و قۆپچەکان وەک ئەو کڵاوە مەغریبییانە بوون وا سۆفی لەسەریان دەنێن. چینی یەکەم چ قۆپچەی پێوە نەبوو و دەتگوت مەشکەکە لێرەدا زۆر خڕترە و شوێنی چوونە ژووری بۆ نەکراوە و هیچ کون و کەلەبەرێک لە ڕووبەرەکەیدا نییە و توێیەکە هێندە ناسک بوو ئەوەی دەکەوتە ناو قووڵاییەکەی نەدەشاردرایەوە. نۆ چینەکەی سەرەوە کونیان تێ نەدەکەوت بەڵام دوو چینەکەی خوارەوە بەسانایی دڕیان پێ دەدرا.
بۆ دایکم کە تامی هەموو وەرزەکان له قیداسەتیدا شکۆ دەگرن
فەرهاد بابۆڵی
باڵ دەگرم دایه
له هەرێمی ئاوێنەیەک
به ڕیتمی خۆر
بەستەڵەکی ئەو هەتاوە
با دامرکێ له ژوانگەی دێڕەکانی باراندا
برین به برین
لەشی هەناسەم تیمار کە
با بحەجمێم لەو هەوارەی
ئاڵای دڵنیایی تێیدا شەکاوەتەوە
دایه
با باڵ بگرێ
حیلەی ئەو ئەسپەی
ژوانی شۆڕهبی تەقڵەکوت دەکوتا
ڕووبارێک پڕ به یاسای باوە بەڕێوەیه
ئانگژای پریشکەکانی،
کوڵمەی گەڵا دەلەرێنێ
دووپاتم کەوە
لە جەنگەی ئەو کۆڵانانەی
بزەیەک بۆ ڕوانینی سەرەتا
دەستەکانت با بژمێرن
خەونی ئاوەدانییەک بە ڕاوێژی باران
له ناو شەریعەتی گیادا
دایە
گۆڕان سەرکێشی وەرزه
تۆ تەنیا وشەی ئەو دێڕە به
من له خەفەتی ماچێکی وەریودا
پایزم لێ دەبووە ئاڵبۆم
هەڵم دەوە ، ئەو وێنەیە
پڕ بە ڕازێک بۆتە ئازار
باڵ دەگرم دایه
له کارەساتی ئاوێنەدا
ئەوجاریش بە ڕیتمی خۆر
بۆچوون و ڕوانگەکانی ڕێزدار و شاعیر فەرەیدوون ئەرشەدی سەبارەت بە دەق و شێعری نەمر جەلالی مەلەکشا. سپاس و پێزانین بۆ شاعیری خۆشەویست قادر رەسوولفات کە ئەرکی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی پرسیارەکانی لێژنەی شێعر و ڕەخنەی بە کاک فەرەیدوونی ئەرشەدی وەئەستۆ گرت.
داوا دەکەین ئەگەر دۆستانی ئەنجومەن بۆچوون و تێبینییەکیان لەمەڕ بابەتی ئەوبەشەی شێعر و ڕەخنە هەیە گۆڕەپانی باسەکانمانی زیاتر پێ دەوڵەمەند بکەن.