تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٥
وەکاز هەروا بەردەوام بوو لە قسەکردن ، منیش زۆرم پرسیار هەبوو بەڵام نوتقم بەسرابوو ، نە زۆرتر مانەوەم لێرە بەرژەوەندی تێدابوو نە هێزی لەسەر پێ وەستانم هەبوو .
خۆزگە ئەوەی گوێم لێ بووە خەون بێت ، کەسێک ڕامتڵەکێنی و لەوخەوە خەبەرم کاتەوە ، وەکاز کە وای دیتم گوتی بەقوربانی ئەوچاوە گەشانەت بم دەسەر ئەوکوڵمە سوورانەت گەڕێم خانمە مەند و لەسەرەخۆکەم .
دەزانم قبووڵ کردنی ئەو ڕاستییە کارێکی ئەستەمە ، ئێستا هیچ مەڵێ و هیچ بڕیارێکیش مەدە ، تۆ پێویستت بەکاتە و منیش پەلەم نیە و ئەگەر پێویست بێت پاشماوەی تەمەنم چاوەڕێی وەڵامت دەبم .
نەمدەزانی چی بکەم و چۆن بڕۆمەوە و چی بڵێم ، تەنیا ئەوەندەم گوت : جا کێ دەڵێ ئێستاش بەتەمای تۆڵە سەندنەوە نی ؟
وەکاز گوتی قەتم سوێند بە خۆڵی سەرسینگی خانمێ نەخواردووە بەڵام بۆ یەکەم جار سوێندم بەخۆڵی سەرسینگی خوشکەتاقانەکەم من تازە نیازی تۆڵە سەندنەوەم نیە و ئەو دادگاییە دەدەمە دەست خودا .
ئیدی هەرچۆنیەک بوو ورەم دابەخۆم و هەستام بڕۆم ، وەکاز گوتی ئەسرین لە دووکانی سەمەدی چاوەڕێت دەکا ، گوتی دەچێت زەنگیانە دەکڕی هەتا وێت دەبەم بەو حاڵەوە بەپێیان ناگەیە وێ .
بە بیستنی ناوی ئەسرین پشوویەکم هاتەوەبەر ، بەڕاستی لە هەموو کات و زەمەنێک زیادتر پێویستم بەئەسرین بوو چونکە مێشکم کاری نەدەکرد و عەقڵم بەهیچ نەدەشکا .
لە ڕێگا هەتا گەیشتینە نزیک دووکانی سەمەدی وەکاز هەر خۆی بەقوربان و بەڵاگێڕم دەکرد و دڵخۆشی دەدامەوە و بەڵێنی داهاتوویەکی پڕشەنگداری پێ دەدام ، بەڵام داهاتووی چی و کامە بەختەوەری لەوکات و ساتەدا کە مردنی خۆم بەئاوات دەخواست .
ڕەشبینێکی لەڕادەبەدەر بەسەرم دا زاڵ ببوو بەو بەسەرهاتەی وەکاز بۆی گێڕامەوە ، لە قووڵایی دڵمەوە حەزم دەکرد قسەکانی وەکاز ڕاست نەبن . نەمدەویست ئەوقەڵا بەرزە و ئەوپشتیوانە قایمەی کە جێی فەخر و شانازی خۆم و بنەماڵەکەم بوو مۆرکی ناپیاوەتی لەناوچاوانی بدرێت .
بەڵام پێشم خۆش نەبوو قسەکانی وەکاز ببێتە هۆی دابڕانمان ، گێل و حۆل خۆم بەدەست ئامۆژگاری و ڕێنوێنیەکانی ئەسرین و قەزاوقەدەر ئەسپارد .
کاتێک ئەسرین دیتمی بەسەرسووڕمانەوە گوتی سەیران چی قەوماوە وەکاز چی لێ کردی ؟ بۆ وا ڕەنگی مردووانت لەسەر نیشتووە ؟
گوتم هیچی لێ نەکردووم بەڵام خۆزگە لە جیاتی ئەو قسانەی بۆی باس کردم سەری بڕیبام زیندەبەچاڵی کردبام ، گوتی جارێ با بچینە لای مامەی ساردە و بەلەزەتە پەرداخێک شەربەتی مێوژ بخۆوە با کەسبەو ڕەنگ و ڕووە زەردەوە نەتبینێ .
دوای شەربەت خواردنەوە چووینەوە بۆ ماڵی ئەسرین و لە ڕێگا هەموو قسەکانم بۆ گێڕاوە ، گوتی پەلە مەکە و لەخۆتەوە نەدژایەتی و نەلایەنگری لە هیچیان مەکە .
گوتم ئەدی چۆن ڕاست و درۆیی ئەو قسانەم بۆ دەرگەوێ ؟ گوتی بەسیاسەت و لەسەرەخۆیی پرسیار لە هەمووان بکە بڵێ حەز دەکەم بزانم چی هۆکارێکی هەبوو وەکاز و خانم بێکەسووکار هەڵوەدای تاران بوون .
دڵنیام ئەگەر بابەحاجیش دان بەڕاستیدا نەهێنێ بابت یان دایکت ڕاستیەکەت پێ دەڵێن ، سەبرت هەبێ ئەوەی لەسەر سەبرانە لەسەر خێرانە .
ئەسرین زۆر لەمن تێگەیشتووتر بوو ، بەبڕوای من ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی پەروەردەی بنەماڵەیی ، دایکی ئەسرین وەک دەستەخوشکان بوو لەگەڵ کچەکەی ، وێڕای ئەوەی زەبروزەنگی دایکایەتی هەبوو زۆریش کراوە بوو .
بەڵام لەماڵی ئێمە دایکم لایەنگری کوڕەکان بوو و دەیگوت نابێ هێندە مەیدان بدرێت بەکچ ، ئەو شەرم و ترسی لەدایکم هەمبوو لە باب و باپیرم نەبوو .
تەنیا بابەحاجی زۆری خۆش دەویستم و بەردەوام ئامۆژگاری دەکردم و ڕێی چاکی ژیانی پێشان دەدام ، دەشیگوت ئەوەی کچی نەبێ وەجاغی کوێرە ، بەخودای بە لەدایک بوونی سەیران ئەوماڵە ڕووناک بۆوە ، ئای بابەحاجی خۆزگە دەست و لاقێکم نەبێ بەڵام تۆ ئەوپیاوە نەبی کە وەکاز باسی دەکرد .
با ئەوقەڵایەی پشتم پێ بەستووە لێم نەڕووخێت
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٣
بەئەسرینم گوت : نەک بەقسەکانی دایکت دڵگران نەبووم بەڵکوو هەتا سەر ئێسقان حەقی پێ دەدەم ، من عاشقی کێ بووم ، کامیل کێیە ، کوڕی کێیە ، خەڵکی کوێیە ، کێ دەڵێ ئەوقسانەی هەتا ئێستا کردوویەتی ڕاست بوون ؟
خۆشەویستی هەر کۆمەڵێک قسەی باقووبریقەدار نیە ، خۆشەویستی پێویستی بەسەلماندنە .
کەسێک کەسێکی خۆش بوێت ئازاری نادا ، بەسێ چوار مانگ لێی بێ هەواڵ نابێ .
لە بەر داوای تۆ قسەی لەگەڵ دەکەم بەڵام بۆ ئاشت بوونەوە و بەردەوامی پەیوەندیی نێوانمان نا ، تەنیا بۆ وەی قسەی دڵی خۆمی پێ بڵێم و نەیەتەوە بەر دەرگای ئێوە و چیدیکە گاڵتە بە هەست و کەسایەتیی من نەکات .
دوایە گوتم : بەڵام من جارێکی دیکە ناچمەوە ماڵەکەی نازانم چۆن و لەکوێ بیبینم ، ئەسرین گوتی کارێکی ئەستەم نیە لەسەر کوتەکاغەزێک بۆی بنووسە و دە حەوشەکەی باوێ .
هەر لەوێ کاغەزێکم نووسی و ڕۆژ و کاتەکەم دیاری کرد و لەسەر ڕێگای ماڵێ بەهەزار ترسوولەرزەوە چووم لەحەوشەی ماڵی کامیلم هاویشت ، ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئەسرین چووینە سەرقەبران ، دیار بوو کامیل بەر لەئێمە هاتبوو و تڕۆمبێلەکەی لەتەنیشت بوداغسوڵتان ڕاگرتبوو .
بەدیتنی ئێمە شاگەشکە بوو و هاتە خوار و بەڕوویەکی خۆشەوە سڵاوی لێ کردین بەڵام من زۆر بەساردی وەڵامم داوە ، چاکووچۆنی لەگەڵ ئەسرین کرد و گوتی ئەگەر ئیزن بدەی کەمێک کارم بەسەیرانە .
بەرلەوەی ئەسرین وەڵام بداتەوە گوتم هەر قسەیەکت هەیە لەبەر چاوی ئەسرین بیکە ، من هیچ شتێکی شاراوەم لەئەسرین نیە .
ئەسرین گوتی من دەڕۆمە سەرقەبران هەتا ئێوە قسەکانتان دەکەن ، بێ وەی بزانێ من پێمخۆشە لەگەڵ کامیل بەجێم بهێڵێ یان نا ڕێی داگرت و بەجێی هێشتم .
هەر کە ئەسرین کەمێک دوور کەوتەوە گوتم من هیچ قسەیەکم نیە لەگەڵ تۆی بکەم ، خۆشەویستی کایەی مناڵان نیە ، هەر کات شتێکت بەدڵ نەبوو سێ چوار مانگ مان بگری و لێم نەپرسی ، جا تکات لێ دەکەم بەوڕێیەی پێیدا هاتووی بگەڕێوە و حەیاشم مەبە مەچووە ماڵان بۆ قسە و باسان .
گوتی سەیران گیان زۆر قسە هەیە دەبێ بیزانی ، تکات لێ دەکەم تەنیا کاتژمێرێکم وەخت بدەیە هەموو شتت بۆ باس دەکەم .
دڵنیا بە بەبیستنی ڕاستیی ژیانی من هەموو شت دەگۆڕێ بەڵام بەر لەبیستنی ئەوقسانە کە لەسەردڵم قورساییان کردووە پێمخۆشە بزانی خۆشم دەوێی و قەت وازت لێ ناهێنم .
تۆ تازە بوویە بەشێکی گرینگ لەژیانم و هەموو هەست و گیانمت داگیر کردووە ، من بێ تۆ ناژیم تۆ وەک هەوا گرینگی بۆ هەناسەدانم .
گوتم فەرموو قسەکانت بکە ، گوتی لێرە نابێ سوار بە دەچینە جێیەکی دیکە ، گوتم من لەگەڵ ئەسرین هاتوومەتە دەر لەگەڵ ویش دەچمەوە ماڵێ ، لێرە بەتەنیا بەجێی ناهێڵم .
بۆخۆی چوو بۆلای ئەسرین نازانم چی پێ گوت و بەپەلە هاتەوە لای من و گوتی هەر خولێک پێکەوە لێ دەدەین و زوو دەتهێنمەوە ، دەرگای پێشەوەی بۆ کردمەوە بەڵام من چووم لەدواوە دانیشتم .
کە دانیشتە ناو تڕۆمبێلەکە گوتی توڕەبوونیشت لێ جوانە ، مۆڕەیەکم لێ کرد و سەری خۆم داخست .
کاتێ سەرم هەڵێنا دیتم بەرەو ماڵەکەی خۆی لێدەخوڕێ ، گوتم بەتەمای بمبەی بۆ کوێ تۆ گوتت خولێک لێدەدەی و قسەکانت دەکەی و زوو دەمبەیەوە بۆلای ئەسرین .
گوتی قسەکانم بۆوەی نابن لە ناو شەقام و بازاڕ پێتی بڵێم ، قسەم لەگەڵ ئەسرین کرد چاوەڕێت نابێ دەڕواتەوە !
ڕقم لەئەسرینیش هەستابوو ، نازانم ئەو هاوڕێی من بوو یان پشتیوانیی لە کامیل دەکرد .
دەستم برد دەرگاکە بکەمەوە بەڵام کامیل دەرگاکانی قفڵ کردبوو ، هاوارم کرد گوتم ڕایگرە من جارێکی دیکە پێم ناخەمە ناو ماڵی تۆ ، گوتی تەنیا ئەو جارەی دوایە قەولی پیاوانت پێ دەدەم زۆریت لێ نەکەم .
ناچار و بەنابەدڵی بێدەنگ بووم ئاخر چیم پێدەکرا ، بمکردبا بەهاتووهاوار و کەسێک گوێی لێ بوایە حەیای خۆم دەچوو ، نەیاندەگوت لەگەڵ کوڕێکی بێگانە لەناو ئەو تڕۆمبێلەدا چی دەکەی ؟
کاتێک گەیشتینە ماڵەکەی لە حەوشەکە ڕاوەستام و گوتم نایەمە ژوور هەرقسەیەکی هەتە لێرە پێم بڵێ ، کامیل گوتی تکات لێ دەکەم سەیران واز لەو کردەوە منداڵانەت بێنە ، خۆ ناتخۆم گوێ بۆ قسەکانم ڕابگرە و دوایە بڕۆ ، ئەوکات ئەگەر پێشم پێ گرتی پیاو نیم .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
🔴 پاپوشی از دل افسانههای کهن و قصههای تاریخی
در لینک زیر بخوانید:
👇
📎 http://haje.ir/Newsdetails.aspx?itemid=22104
@HajeNews
📸 عکس تاریخی
✍تصویر اسارت "بایز آقا"، رئیس ایل "منگور"[مەنگۆڕ] ، از طوایف مشهور کورد
🖊از مجموعه تصاویر تازه منتشر شده دوره قاجار
@DengiKurdistan
لە ستایشی ژیاندا
ئەزموونی شاعیر و نووسەر
ڕەفیق سابیر
بەشی ۱٨
مۆسیقا ؛ پدرام شەهلایی
تۆمار و خوێندنەوە ؛ موشتاق فەیزیابی
دیزاینەر و پێشکەشکار تەکنیکی ؛ دیاکۆ گەرمیانی
س؛ڕێگاپادکەست
#لە_ستایشی_ژیاندا
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٠
خوا خێری دادەناسکێ بنووسێ سەری قسانی کردەوە ئەگینا قەت لەڕووم هەڵنەدەهات پێی بڵێم چی شاکارێکم کردووە ، ئیدی بەبێ کەم و زۆر چیم کردبوو و چۆنم ماڵە مامم دیتبۆوە و بەتەمای چی بووم هەمووم بۆ گێڕایەوە .
زۆر زۆر توڕە بوو قەت وا بەتوڕەییم نەدیتبوو ، دوای هاتووهاوارێکی زۆر کە
دیتی من هیچ ناڵێم و سەرم داخستووە ئەمجا بە هێمنی گوتی : کارێکی لەڕادەبەدەر منداڵانەت کردووە ئێستاش کارە و هاتووە ، وەکاز گیان دڵنیام خانمیش مابا ئیزنی ئەو کارە بێ جێیەی پێ نەدەدای .
لەکوێی ئەو دونیا پانووبەرینە دیتراوە کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە حوکم بدرێ ؟ پێم ناڵێی بەکامە تاوان گاڵتەت بە هەستی ئەو کچە بەستەزمانە کردووە ؟
ئەمجا بەتۆڵە کردنەوە نە خانم زیندوو دەبێتەوە و نە تۆش ئاسوودە دەبی و نە ئەو تەمەنەی ڕۆیی دەگەڕێتەوە ، پێشم خۆشە بزانی ئەو چێژەی لە لێبووردن دایە هەرگیز لە تۆڵەدا نیە .
ئێستاش من دونیام دیتووە و سارد و گەرمی ژیانم چێشتووە و دەزانم خەمباری و بێ خەو و خواردنیی تۆ ژان و بڕکی ئەوینە ، تۆ دڵت داوە بەسەیران و خۆشەویستیش تاوان نیە .
بێ ئەوەی دان بە قسەکانی دابێنم یان حاشایان لێبکەم گوتم ئەدی چار چیە ؟ بەپێکەنینەوە گوتی جارێ هیچ ڕێیەکت پێشان نادەم بۆ وەی تۆڵەی دڵی شکاوی سەیرانت لێ بکەمەوە .
گوتم ئەی تۆ خۆت نەتگوت چێژێک لە لێبووردندا هەیە لە تۆڵە دا نیە ، تکات لێ دەکەم دادە ناسکێ وەبزانە پیاوم کوشتووە و پەنام بۆ تۆ هێناوە لەو گێژاوە ڕزگارم بکە .
بەڵێنت پێ دەدەم ئیدی هەتا ماوم هیچ کارێک بەبێ پرس و ڕای تۆ نەکەم ، گوتی جارێ بڕۆ دەستێک بەو سەر و ڕدێنەت دابێنە و با نانێک بخۆین دوایە بە تەکبیر و ڕای هەمووان ڕێگایەک دەدۆزینەوە ، کار نیە خودا چاکی نەکا .
بەقسەکانی دادەناسکێ نووری هیوا کەوتە دڵم ، دادەناسکێ مەلایەکەتێک بوو لە بەرگی مرۆڤدا و خودا بۆ بەختەوەری من خستبوویە ناو ژیانم .
دوای نان خواردن دادم گوتی : وەکاز گیان ئەگەر بەڕاستی دڵت بەسەیرانەوەیە و گەڵاڵەی ژیانێکی هاوبەشیت بۆی داڕشتووە ، پێویستە هەموو ڕاستییەکی ژیانی خۆتی پێ بڵێی .
بناغەی هەر ژیانێک بەدرۆ دامەزرێت کۆتاییەکەی جیایی و لێکدابڕانە ، کاتێک ڕاستیت پێ گوت مافی هەڵبژاردن بدە بەخۆی چونکە ئەو بڕیارە بڕیارێکی ئاسان نیە و پێویستی بەکاتە و لەوەیە ئەویش لێی بکۆڵێتەوە ، لەوەیە باب و باپیری ئیزنی پێ نەدەن ژیانێکی هاوبەش لەگەڵ تۆ پێک بێنێ ، لەوەیە هەزاران تەگەرە بکەوێتە سەر رێگای پێک گەیشتنتان بەڵام لەکۆتاییدا هەر ڕاستوێژی دەیباتەوە .
گوتم ئەگەر پێت باش بێ من سبەینێ دەچمە سابڵاغ هەرچۆنێکی بێ ڕاستییەکانی پێ دەڵێم ، دڵنیام سەیران منی خۆش دەوێ و بەیەکەوە هەر تەگەرەیەکی بێتە سەر ڕێگامان بنبڕی دەکەین .
دادەناسکێ گوتی هەر ئاوی لێ مەخۆوە هەتا درەنگتر نەبووە و مەیلی لەسەرت لانەچووە ، وەکاز گیان وەک پێشینیانی خوالێخۆشبوو گوتوویانە :
کەسێ ڕاست نەبێ قەول و بڕیاری
بیخاتە پشت گوێ شەرت و قەراری
گەورەش بێ لە ناو کۆمەڵ بچووکە
وەک پووڵی قەڵب سووک و چرووکە .
بۆ بەیانی بەدڵێکی پڕ لەهیواوە وەڕێ کەوتم و هەنگاوم بۆ ڕۆیشتنی ئەمجارەم خۆشتر بوو لە جاری یەکەم کە بەمەبەستی تۆڵە ڕێم داگرتبوو .
گەیشتمە سابڵاغ ، ماڵێکی وردووێران تۆز و خۆڵاوی ، گوڵەکان ویشک ببوون ، تۆزی خەم و پەژارەی لەو ماڵە نیشتبوو ، دیار بوو لەدوای ڕۆیشتنەوەم بۆ تاران سەیران پێی نەناوەتە ئەوماڵەوە .
بەدڵ خەمبار بووم بەڵام چۆکم دانەدا کارێکی هەڵەم کردبوو و دەبوو قەرەبووی بکەمەوە و دڵی سەیران وەچەنگ بێنمەوە ، وەک کابانی چاک خۆم لە ماڵێ هەڵکرد و وەک گوڵ خاوێنم کردەوە .
چووم بۆ بازاڕ و گوڵم کڕی و لە جێی گوڵەکانی سەیران کڕیبووی دامناوە ، دوایە چوومە گەرماوی لالەزار و دوای حەمام کردن چوومە سەرتاشخانەی کاک هاشم و سەر و ڕدێنم چاک کرد .
دەستێک ڕانکووچۆغەی کڕی شینکیم لەگەڵ خۆم هێنابوو بردمە لای کاک سمایل بۆی لەئوتوو دام ، دەتگوت بۆ داوەتێ خۆم دەڕازێنمەوە ، دوایەش ماندوو و مردوو چوومە چێشتخانە و نانم خوارد و شەوێ کە چوومە سەرجێ بۆ خەوتن بەخۆمم گوت : بنوو بێ خەم و خەیاڵ
خوا یەکە و دەرگای هەزار
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
گۆرانی وەرە قوربان،
بە دەنگی چوار کەڵە هونەرمەندی کورد.
س؛ jyanikurdstan
کابان | KABAN
🌹🌷این کلیپ زیبا و دیدنی از یک جشن عروسی از ایل بزرگ و با افتخار بختیاریست که در آن برادر عروس به رسم سنت گذشتگان خود (بختیاری ها و لرها و ترکها) شال مخصوص را به کمر خواهرش میبندد ، تا شاه داماد را در شادیها و سختیها همراهی نماید! این یک رسم بسیار زیباست در بین این اقوام هست!
پێم خۆشە بیر و بڕوای هاوڕێیان بزانم لەبابەت دابی ئێمە بۆ پشتێند بەستن لە لایان برای زاوا ، دەبێ نیشانەی چ بێ .
سینا
کابان | KABAN
🍀 دڵنامەکانم 🍀
مەسنەوییەکی مانادار
لە شاعیری ناودار مامۆستا عەبدوڵڵا گولابی(هونەر موکوریانی)
دیکلەمە ؛ عومەر ڕەسووڵی
کابان | KABAN
🔺چخوف کوردستان
✍ فرهاد عزتیزادە
🔻با نوشتەهای منصور یاقوتی، پیش از انقلاب پنجاە و هفت، از طریق معلمین گیلانغرب آشنا شده بودیم. آن سالها، قصەهای صمد بهرنگی را در دفترهایمان می نوشتیم و بە همدیگر برای خواندن می دادیم. در ذهن ما جا گرفتە بود کە صمد را ساواک در رود ارس غرق کردە است و قصە ماهی سیاە کوچولو، برای ما شرح زندگانی خود وی بود. پس از آن علی اشرف درویشیان بود و کتاب از این ولایت و آبشوران و قصە هتاو و نیازعلی ندارد...
بعد منصور، معلم عزیز و خوش قلم، با کتاب چراغ و رشید نوجوان، الگوی ما شد. شاگردان او، دست بە قلم شدە و کتابی از یکی از شاگردانش بە نام نادر صفرە بە بازار آمد. این کتاب، بە من کە دانش اموز ابتدایی بودم، انگیزەیی داد تا دست بە قلم ببرم و خودم را ماهی سیاە کوچولویی بدانم کە از جویبار بە سوی دریا روان شدە است.
دیدگاهی کە نویسندگان بالا در ذهن ما، بوجود آوردند، دیدگاهی ظلم ستیزانە در سطحی ابتدایی بود. فقر و غنا، در نظر ما، پوشش نو و پوشش کهنە بود. داشتن ماشین، استفادە از ابزارهای مدرن و ... را بورژوایی می دانستیم و آنچە در ذهن ما بود، تقسیم فقر بە عدالت بود و رفاە را چیزی زائد می دانستیم و خوردن خوراک خوب را کار (بچەخورشتی )ها می دانستیم. انقلاب کە پیروز شد، دەها مارک بە ما چسپاندند کە خود نمی دانستیم چە هستند و اینگونە بود کە خانەهای (صمدیها ) در گیلانغرب سنگباران شد و ناچار بە مهاجرت شدیم. مهاجرت اولیە ما بە شهر کرمانشاە بود و سالهای سختی آغاز شد. معلمین نمونە و چهرەهای شاخص جنبش معلمین، از ادارات راندە شدند و تصفیە و تسویە روندی عادی شد.
چنین شد روزگار مردی کە دل بە جنبش رشید بستە بود و در آرزوی پرورش مردان فردا بود. وی اخراج شد و چندین سال بە زندان افتاد. بعد از زندان، انواع شغلها را تجربە کرد و ماکسیم گورکی کرمانشاە شد و هیچگاە و در هیچ زمانی، از این مرد کە قلمش سر از خدمت محرومان نپیچید، یک عذرخواهی بە عمل نیامد و جایگاهش را بە او بازنگرداندند.
اکنون، اما پیر و بیمار، چون سامورایی خستە، همچنان نیم نگاهی بە قلمش دارد و سینەاش، انبان قصەهای( کیونان) است.
Dengikurdistan
کابان | KABAN
مێژوونووس
بیابانێکی قاقڕه
دەشتێکە کاکی بە کاکی
ناوچەیەکە عەڕەب نشین
قەت بەڕووی نە دیبوو خاکی
بەڵام دیتیان دار بەڕوویەک
سەری لە ئاسمانێ داوە
سەریان سوڕما وشتر سوار
ئێرە کەی بەڕووی هێناوە؟
یەکێکی ژیر کەوتە تەگبیر
بن ئەو دارەی بدەنەوە
گڵ ناس هەیە ئاشنامن
دەبێ بە تاقی کەنەوە
هاتن بن داریان هەڵدڕی
هەموو سرنجیان هەڵبڕی
لەسەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ
بەڕوو ڕەگی داکوتاوە
مێژووی {مان } و دار و وڵات
لە گیرفانی منداڵێکی
مێژونووسی کورد نووسراوە
م_ێ_هۆگر
س؛ شنەی ئەوین
کابان | KABAN
پیاوێکی پیر چوو بۆ دادگا تا سکاڵایەک بنووسێت. دادوەر لێی پرسی: سکاڵا لە کێ دەکەیت؟
پیرەپیاو وتی: لە کوڕەکەم.
دادوەر و یاوەرەکانی سەریان سوڕما، وتیان: سکاڵاکەت چییە؟
پیرەپیاو وتی: داوا لە کوڕەکەم دەکەم، بەپێی توانای خۆی، مانگانە بڕە پارەیەکم بۆ ببڕێتەوە.
دادوەر وتی: بێ چەندوچوون ئەمە مافی خۆتە لەسەر کوڕەکەت.
پیرەپیاو وتی: وێڕای ئەوەی من دەوڵەمەندم و هیچ ، پێویستم بە پارە نییە، بەڵام دەمەوێ مانگانە خەرجییەک لە کوڕەکەم وەربگرم!
دادوەر لەم هەڵوێستەی پیرەپیاو سەری سوڕما و بەزەیی پێداهاتەوە. ناوونیشانی کوڕەی وەرگرت و بڕیاریدا بیهێنن بۆ دادگا. کوڕ و باوکی بەرامبەر یەک دانا و پرسیاری لە کوڕە کرد: ئەمە باوکتە؟ کوڕەکە وتی: بەڵێ سەروەرم.
دادوەر وتی: ئایا دەزانیت باوکت سکاڵای تۆمار کردووە و دەیەوێت مانگانە خەرجییەکی کەمی بۆ ببڕیتەوە بەپێی توانای خۆت؟
کوڕە واقوڕماو وتی: چۆن داوای مانگانەم لێ دەکات کە ئەو زۆر دەوڵەمەندە و پێویستی بە پارەی هیچ کەسێک نییە؟!
دادوەر وتی: ئەمە داواکاری باوکتە و ئازادە لە بڕیاردانی!
پیرەپیاو وتی: بەڕێزان، سەرۆکایەتی دادگا، گەر بڕیاری یەک دیناری خەرجی مانگانەشم بۆ بدەن من دڵخۆش دەبم، بە مەرجێک کوڕەکەم خۆی بە دەستی خۆی و بێ گیرۆبوون* ئەو پارەیەم بۆ بهێنێت.
دادوەر وتی: بە دڵنیاییەوە ئەوەت بۆ دەکەین.. باوکە نزای بۆ دادوەر کرد و دادوەر بڕیاری دەرکرد:
دادگا بڕیاریدا لەسەر فڵانی کوڕی فڵان، کە مانگانە بڕی یەک دینار بێ پچڕانەوە و ڕاستەوخۆ و بە دەستی خۆی بدات بە باوکی تا لە ژیاندا بمێنێ.
پێش ئەوەی باوکە کوڕەکەی و هۆڵی دادگا بە جێ بهێڵێت، دادوەر لەپێش چاوی کوڕە پرسیاری لە باوکە کرد: بمبوورە! دەمەوێ بپرسم بۆ وات کرد؟ سکاڵات لە کوڕەکەت کرد و بڕە پارەیەکی زۆر کەمت داوا کرد، لە کاتێکدا تۆ دەوڵەمەندی و پێویستت بە پارە نییە؟!
باوکە بە گریانەوە وتی:
سەروەرم! من پێم خۆشە کوڕەکەم ببینم، بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کاری زۆر ئاگای لە من نییە و قەت نایبینم، لەگەڵ ئەوەی زۆر دڵم ها پێوە، تەنانەت بە تەلەفۆنیش قسەم لەگەڵ ناکات، بۆیە ئەم سکاڵایەم کرد، تا هیچ نەبێ دەرفەتێک هەبێت و مانگی جارێک بیبینم بەسمە.
دادوەر بە خوڕ گریا و ئەوانەی هۆڵی دادگاش هەموو نیگەران بوون و گریان. دادوەر وتی: بەخوای ئەگەر هۆیە ڕاستەقینەکەت پێ دەوتم، لێم دەدا و زیندانیشم دەکرد. باوکە بە بزەوە وتی: ئاخر بەڕێز دادوەر ئەم بڕیارەش هەر ئازاری دڵی دەدام! خۆزگە مناڵەکان درکیان بە شکۆ و شانازییان لە دڵی باوکانیاندا دەکرد، پێش ئەوەی لە دەستیان بچن!!
*گیرۆبوون: تاخیربوون
لە عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە
کەرەم کاکەوەیس
📝کەرەم کاکەوەیس ، کەرکووک
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٤
ناچار لەگەڵی چوومە ژوورێ ، ماڵەکەی دەتگوت کابانی چاک کاری تێداکردووە ، پاک و خاوین و هەڵوەژێردراو بوو ، گوڵەکانیش وشک نەببوون !
بەکار و هەڵسووکەوتی ئەو کوڕەی جار لەجار زیادتر تووشی سەرسووڕمان دەبووم و زۆرتر لێی دەکەوتمە شک ، باشە ئەگەر لێرە نەبووە چەند مانگە ئەو ماڵە کێ بۆی خاوێن کردووەتەوە و کێ ئەو گوڵانەی ئاو داوە ؟
دوایە بەخۆم گوت بەتۆ چی خۆ نەهاتووی ببی بەشەریک و برابەش لەگەڵی ، کامیل گوتی دانیشە هەتا کەترییەکە وەسەر دەنێم ، گێڕانەوەی قسەکانم زۆر دەخایەنێ و بێ چا زارم ویشک دەبێ .
گوتم من نەهاتووم بۆ چاخواردنەوە و کاتی وەشم نیە دەبێ زوو بچمەوە ماڵێ ، گوتی خەمت نەبێ هاوڕێی چاکت هەیە ، قسەم لەگەڵ ئەسرین کرد بیانووییەک دەبینیەتەوە بۆ بنەماڵەکەت دێنیەتەوە بۆوەی لێت نەکەونە شک !
گوتم من نازانم لە کەیەوە تۆ و ئەسرین بوونەتە دۆست و هاوڕێی گیانی گیانی و بەدزی من بڕیار لەسەر ژیانی من دەدەن ، گوتی ڕاستم پێ بڵێ بڕوات بەو نیە یان بەمن ، یان هێندەت خۆش دەوێم دڵپیسیم لێ دەکەی .
لە شەرمان سەرم داخست و هیچم نەگوت کەچی دیار بوو ئەو زۆری ئیشتیا لە قسانە و چاکی قسە بۆ دەهات و قسەکانی جیاوازییەکی تەواویان هەبوو لەگەڵ پێشوو ، بەپێکەنینەوە گوتی ماڵی قەڵب هەر سەر بەخاوەنیەتی ، لەتۆ وەتر کێ منی دەوێ ؟
گوتم واز لەوقسانە بێنە تکات لێدەکەم فەرموو ئەگەر قسەیەکی دیکەت هەیە دەنا دەڕۆم ، چادانێک چا و دوو ئیسکانی هێنا و دانیشت گوتی چای بەدەستی تۆم پێخۆشە چایەکم بۆ تێکە و جا بەدڵ گوێ بۆ قسەکانم ڕاگرە .
من ناوم کامیل نیە ناوم وەکازە ! ئەوناوەم پێشتر گوێ لێ ببوو بەڵام لەکوێ و لەکێ نەدەهاتەوە بیرم .
گوتم دەی هەر ئەوە کە ناوی خۆت بەهەڵە پێ گوتووم خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ گاڵتە کردن بەمن و هەست و ئیحساسم .
گوتی دیسان تکات لێدەکەم هەتا کۆتایی گوێم لێڕاگرە دوایی بیروبۆچوونی خۆت بڵێ ، گوتی : من خوشکێکم هەبوو ناوی خانم بوو دوای کۆچی هەتاهەتایی زانیم خانم دایکم نیە و خوشکمە .
من و بابی تۆ حەق ئامۆزای یەکین و باپیری تۆ حاجی ساڵە کە دەکاتە مامی من ئەوپەند و پۆیەی بەسەر من و خوشکم هێنا ، لە پێناو پارە و بەرژەوەندیی خۆی و کوڕەکانی ئێمەی لە ماڵ و زێدی خۆمان دابڕی و ئاوارە و دەربەدەری کردین .
خوشکی من ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ پەروەردە و گەورە کردنی من و پێی لە هەموو ویست و حەزیی خۆی نا و سەری ڕەشی سپی کرد و هەر بە کچی هەموو ئاواتەکانی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ .
بەوردی باسی ژیانی خۆی و خوشکەکەی کرد ، منیش وەک بارانی بەهار فرمێسکم بەچاوی دا دەهاتنە خوار ، وێڕای وەی زۆرم زگ بە کامیلیی پێشوو و وەکازی ئەمڕۆ دەسووتا قسەکانی بۆمن جێی بڕوا نەبوون .
ئاخر حاجی ساڵە ئەو پیاوەی لەهەموو خێر و شەڕێکدا پرس و ڕای پێ دەکرێ ، ئەو کەسەی سەری بچێ نوێژ و ڕۆژووی ناچێ ، ئەو زاتە پاکەی من دەمناسی کوا ئەوەندە بێ ویژدان و لەخوانەترس بووە ؟
ئەوەی من زانیبووم برازاکانی باپیرم پشتیان لەباپیرم کردبوو و ماڵ و پارەیەکی زۆریان لەگەڵ خۆیان بردبوو و چووبوونە ژێر داڵدەی کابرایەکی بێگانە ، حەیای باپیرمیان بردبوو و بەزەبری شکایەت و دادگا دوای بێنەوبەرەیەکی زۆر چووبوونە تاران و حاشایان لە بنەماڵەی ئێمە کردبوو .
باپیرم و بەڕەحمەت بێ نەنکم بەو سەروسیمایەوە و بەو تەمەنەوە بڵێی درۆیان کردبێ ؟
دوای وەی وەکاز باسی بەسەرهاتەکەی خۆی و خوشکەکەی گێڕایەوە گوتی : ڕۆژی یەکەم کە هاتمەوە بۆ تۆڵە هاتبوومەوە بەڵام کاتێک تۆ هاتیە ناو ژیانم بە تێگەیشتوویی و خانمی و سەنگین و گرانیت منت بەتەواوی گیرۆدەی خۆت کرد ، ئێستاش من پیاوم و لەبەڵێنی خۆم پاشگەز نیم و بەڵێن دەدەم لەبەر چاوە جوانەکانی تۆ واز لەهەموو تۆڵەیەک بێنم .
سەیرانەکەم تۆ ژیانی دووبارەت بەمن بەخشییەوە و بەتۆوە سەدان هیوا لە دڵمدا جێیان خۆش کردووە ، ئارامی دڵەکەم تۆ یەکەم کچی کە پێی دەڵێم خۆشم دەوێی و دەتپەرەستم .
وەرە ببە بەخانمی ناوژیان و ماڵم و جێی دایک و باب و خوشک و هەموو کەسم بۆ پڕ بکەوە ، منیش بەڵێنت پێ دەدەم بتکەم بەبەختەوەرترین ژنی سەر گۆی زەوی ، قەولی پیاوان بێ ژیانێکت بۆ دابین بکەم هەموو ژنی دونیا بەئاواتی ژیانێکی ئەوتوێ بن .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
هاوڕێی چاک غەم و پەژارەت بۆ لە بەین نابا؛
بەڵام یارمەتیت دەدا کە بەهێز و قورس لەسەر پێ ڕاوەستی.
درووست وەک چەتری باش کە بارانی ناوەستێنێ بەڵام یارمەتیت دەدا کە لە ژێر باران بتوانی لاق هەڵێنێوە و ڕێگا بڕۆی .
ویکتۆر _هۆگۆ
سپاس بۆ سینا
کابان | KABAN
🎙بیسەری وتاری عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە بن
🔴 باندۆڕی زمانی ئیسپهرانتۆیی لهسهر زمانی کوردی
١۴٠٣٫٠٣٫١۹
🆔 @HajeArts
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٢
سەیران : وردە وردە دانم بە لێکدابڕاندا هێنا و گوتم خۆش یان ناخۆش دەبێ خووی پێ بگرم ، مەرج نیە هەموو خۆشەویستێک پێک بگەن و ژیانێکی خەیاڵیان هەبێ .
بەو قەناعەتە گەیشتبووم کە خۆشەویستی بوونی نیە و خەون و خەیاڵێکی شاعیرانەیە ، هەتا دایکی ئەسرین تەلەفۆنی کرد و بەدایکمی گوت ئەسرین نەخۆشە ئەگەر ئیزنت لەسەر بێ سەیران هەتا ئێوارێ بێتە لای .
دایکم گوتی ئیزنی ئێمەش بەتۆیە ، بەچاوان هەر ئێستا دەینێرم بەڵام ئێوارێ بەرلە تاریکانێ بینێرەوە .
کاتێک کە چووم ئەسرین ساغ و سەلامەت بوو بەڵام دایکی ئاگری لەنێوچاوانی دەباری ! ڕوویەکی وای نەدامێ ، لە ڕوخساری ئەسرینیشدا ترس و دڵەڕاوکێ هێللانەی کردبوو .
زانیم کارەساتێک قەوماوە بەڵام فکری مردنی خۆم کردبا فکری وەم نەدەکرد کامیل هاتبێتە ئێرە و قسەی لەگەڵ دایکی ئەسرین کردبێت .
دایکی گوتی : ڕۆڵە من گیام بەکێوانەوە نەخواردووە و ئەوسەرەشم لەبەر هەتاو سپی نەکردووە ، دەزانم ئەو کوڕە پێشتر تۆی دیتووە دەنا لەخۆڕا کابرای نەدیوونەناس سەر بەرناداتەوە بێتە لای من .
ئەو جا لە کوردەواری دا ژن هێنان و خوازبێنی داب و ڕوسمی خۆی هەیە ، کوڕ بۆخۆی بە تەنیا چۆن دێتە خوازبێنی ؟
بۆ ئەو کوڕە دایکێک ، بابێک ، خوشکێک کەسێکی نیە بە پیاوانە بێنە سەر بەڕەی ؟ خۆ کارگەگولە نێ لە شاخی هەڵتۆقیبێ ، دوای وەش خۆ تۆ بێکەسووکار نی بۆ دێت خوازبێنی تۆ لەمن دەکا بۆ خۆت ئەلحەملای دایک و باب و برات هەیە .
شا شەرم لەحاجی ساڵەی باپیرت دەکا ئەوە کەسری شانە کوڕێکی غەریبی سەڵت و ڕەبەن بۆخۆی بچێت لەدەرکی خەڵکی بدات و باسی هێنانی تۆ بکات .
کچی چاک بە سەری باب و برا و باپیرت نەوی مەکە بۆ کوڕێکی غەریب ، کەس نازانێ خەڵکی کوێیە و چکارەیە و کوڕی کێیە .
من بۆیە هیچم لێ نەپرسی کارەکەییم زۆر پێ بێجێ بوو هەربۆیە ویستم لەپێشدا لەگەڵ تۆ قسان بکەم ، خودا دەزانێ چەندم پێخۆشە ئەسرینی کچم بەختەوەر بێ ئەوەندەش حەز بە بەختەوەری تۆ دەکەم .
تۆ کچێکی چاک و جوان و سەنگین و گرانی هەتا ئێستا کەس نەیگوتووە پێت بەخواری داناوە ، حەیفە قسەوباسێکی خرابت وەدوا کەوێ جا ئاگات لە خۆت بێ .
لەسەر من گوتن بوو ئیدی بۆخۆشت دەزانی ، با منیش ڕووزەردی دایک و بابت نەبم پێمخۆش نیە جارێکی دیکە ئەو کوڕە بێتەوە بەر دەرگای ئێمە .
لەشەرمان سەرم هەڵنەدەهات نەمدەزانی چی بڵێم ، لەلایەک شاد بووم بە بیستنی هەواڵی هاتنەوەی کامیل بۆ سابڵاغ و دڵم پێی دەگوتم کامیل بێ وەفا نابێ ، دیارە بەتەمای منە بۆیە هاتووەتە لای دایکی ئەسرین بۆ وەی قسەیەکی خێرمان بۆ بکات ، لە لایەکی دیکە توڕە بووم لەوەی هیچ حیسابی بۆ کەسایەتی من نەکردووە و بێ ئاگاداریی من هاتووەتە ئەوماڵە .
دایکی ئەسرین پاش وەی قسەکانی خۆی کرد و داخی دڵی خۆی هەڵڕشت ، من و ئەسرینی بەتەنیا بەجێ هێشت و چووە بەر دەرگا لەگەڵ ژنەکانی دراوسێیان خەریکی قسە و خۆش و بێشی خۆیان بوون .
چاوم پڕ بوو لەئاو زمانم قفڵ درابوو ، چاوەڕێ بووم ئەسرین قسان بکات ، هەر واشبوو ئەسرین دەستی بەقسان کرد و گوتی : سەیران گیان قسەی دایکمت لەدڵ گران نەیەت ئەو بە دابی قەدیم لە دونیا دەڕوانێ .
وەدەزانێ ئێستاش ئەودەمە کوڕ و کچ یەکتریان نەدەدیت هەتا شەوی زاوا و بووکێنی ، من دڵنیام کامیل تۆی خۆش دەوێ بۆیە وا بەتێڕادیوی هاتووەتە لای دایکم .
ئەگەر نیازی خرابی هەبا ڕێی دیکە زۆر بوو ، تکات لێدەکەم هەلێکی بدەیە با قسەی دڵی خۆییت بۆ بکات .
تۆ بۆخۆت دەزانی من و تۆ هاوڕێی ڕۆژە سەختەکانی ژیانین ، لەگەڵ هەموو ئازارێکت ئازارم کێشاوە و لەگەڵ هەموو فرمێسکێکت فرمێسکم هەڵڕشتووە و بە هەموو شادی و سەرکەوتنێکت گەزگەز باڵا بوومە و بەختەوەری تۆ ئارەزوو و ئاواتی منە .
تکات لێدەکەم هەلێکی دیکە بدە بەو ئەوین و خۆشەویستیە پاکەتان ، دڵنیام پەشیمان نابیەوە ، خۆ هیچ نەبێ دەزانی مەبەستی لەو دابڕانە چی بووە و بۆ ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ لات .
بەڕاستی سەرم لێ شێوابوو نەمدەزانی بە قسەی دڵم بکەم ، بەقسەی دایکی ئەسرین بکەم یان بەقسەی هاوڕێ بەوەفا و دڵسۆزەکەم ، زۆریشم دڵ لە کامیل هێشابوو ڕازی نەبووم بەهیچ شێوەیەک پێ لەغرووری خۆم بنێم و خۆم بچمەوە سڵاوی دوای ئەو هەمووە فرمێسکانەی بەبێ هۆ پێی هەڵڕشتم
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤١
دوو ڕۆژان پاش گەیشتنم بۆ سابڵاغ خەریکی ئەو کارانە بووم ، ڕۆژی سێهەم بەیانی زوو ڕانکووچۆغەم دەبەر کرد و چوومە سەر کۆڵانەکەیان و چاوەڕێ بووم سەیران لە ماڵ بێتە دەر بەڵام نەهاتە دەر .
چوار ڕۆژان لە دەروبەری ماڵیان خولم لێداوە بێ سوود بوو ، سەیران ببوو بە مانگی پشت هەوران و دیتنی چەتوون بوو ، دەچوومە سەر ڕێگای قووتابیەکان کاتی هاتنەوە لە قوتابخانە بەڵام نەسەیرانم دەدیت نە ئەسرینی هاوڕێی .
ترس و دڵەڕاوکێ بەسەرمدا زاڵ ببوو و فکر و خەیاڵی خراب دەهاتە ناو مێشکم ، تۆ بڵێی مێردی نەکردبێ یان بەڵایەکی بەسەر خۆی نەهێنابێ .
خودایە بێکەسی چەند دەردێکی گرانە وەرە لەزێد و شاری خۆت بێگانە بی و کەس نەناسی پەنای بۆ ببەی ، گوتم دەچم بەبیانوویەک لە دەرگای ماڵیان دەدەم ، یان دەچم لەدراوسیەکانیان هەواڵێکی دەپرسم ، نا واباشە بچم قوتابخانەکەی !
وەک شێتانم لێ هاتبوو هەرچی فکرم لێ دەکردەوە نەدەکرا هەواڵی لەخەڵک بپرسم ئاخە نەیاندەگوت تۆ کێی و بۆچی وێڵی بەدوای هەواڵی کچی خەڵکدا ؟
ئاخیری لەسەر وەی ساغ بوومەوە پەنا بۆ ماڵە ئەسرینی هاوڕێی ببەم و وەک پیاوان چۆک دادەم و پرێسکەی دڵم لەلای دایک و باوکی ئەسرین بکەمەوە .
ئەگەرچی لەو بڕیارەش دوودڵ بووم و نەمدەزانی هەڵوێستی وان چۆن دەبێ ، بەڵام خۆ کافرەستانی نیە منی بێکەس و بێ پشتیوان ڕوو لە ماڵیان بکەم بێگومان ڕێگایەکم پێشان دەدەن .
شەوێ دوای نان خواردن چووم لە دەرگای ماڵی ئەسرینم دا ، کوڕێکی مێرمنداڵ دەرگای کردەوە ، دوای سڵاو و چاکووچۆنی پرسیم بابت لەماڵە ؟
کوڕە بەشەرمەوە گوتی بەداخەوە بابم ئەمشەو لەماڵ نیە، گوتم ببوورە نەمزانی بابت لەماڵ نیە کەی بابت هاتەوە دێمە خزمەتی .
کوڕە کە دوایە زانیم ناوی ئاسۆیە گوتی بابم لەماڵ نیە بەڵام خۆ ماڵەکەی لەگەڵ خۆی نەبردووە دایکم و خوشکەکەم لە ماڵێن فەرموو وەرە ژوورێ .
بەرلەوەی بچینە ژوور بەدەنگێکی کەمێک بەرزەوە گوتم ماڵێ میوانتان ناوێ ، دایکی ئاسۆ گوتی میوان ئازیزی خودایە و قەدری لەسەر چاوانە .
سڵاوم کرد دایکی بەوتەمەنەوە یەکپێ لەبەرم هەستا و گوتی فەرموو کوڕم !
من لەتاران لەو داب و نەریتە جوانەی کوردەواری بێبەش ببووم ، بەڕاستی سەرسام بووم لەو هەمووە ڕێز و حورمەتەی لە میوانێکی نەناس و بێگانە دەگیرا لە ناو کورداندا .
بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەگەرمووگوڕی خەڵکی سابڵاغ بکەم ، لەوەتی هاتووچۆی سابڵاغ دەکەم زۆرم لەو هەڵسوکەوتە پیاوانەیە دیتووە کە بە لای منی دوورکەوتەڵەی لەماڵ و زێد ، جوان هاوکاتیش زۆر سەرسوڕهێنەر بوون .
ئەسرین بەدیتنی من ڕەنگی تێکچوو بەڵام من وامکرد دایک و براکەی هەست پێ نەکەن پێشتر ئەسرینم دیتووە ، دوای بەخێراتنێکی زۆر چایەکیان لەپێش دانام .
چاوەڕێ بووم دایکی ئاسۆ لێم بپرسێ بۆچی ڕووم لەماڵیان کردووە و چی کارێکم هەیە ، بەڵام کەس قسەی نەدەکرد ، ناچار بۆخۆم دستم کرد بەقسە کردن .
گوتم دایەگیان بۆچی ناپرسی من کێم و بۆچی هاتوومەتە خزمەتت ؟ بەبزەیەکی شیرین لەسەر لێویەوە گوتی جا کەس بەمیوان دەڵێ بۆ هاتوویە ماڵم کوڕم ؟
گوتم ماڵتان ئاوەدان بێ و سەد ماڵی لێ بێتەوە ، قسەی ڕاست من لێرە غەریبم و بێکەسووکارم ، دایکی ئاسۆ گوتی کەسووکاری هەموومان خودایە .
گوتم شەرمەزارم ئەو قسەیە لەڕووی ئێوەدا دەکەم بەڵام وەک زانیومە ئێوە لەگەڵ ماڵی حاجی ساڵە هاتووچۆتان هەیە ، بەتەمام ئەگەر کچەکەیان مێردم پێ بکات بنێرمە خوازبێنی .
گوتی جا لەوەی باشتر ! من بۆ کاری خێرێ سەرم دەڕێدایە ، بەڵام دەبێ پێشتر کچە ببینی و قسەی لەگەڵ بکەی .
گوتی یەک دوو ڕۆژم لەسەر ڕاوەستێ با قسە لەگەڵ سەیران بکەم دوایە وەڵامت دەدەمەوە بەبوون و بەنەبوون .
ئۆخەژنم بە گیانیداهات شکور نەمێردی کردووە و نەهیچ بەڵایەکی بەسەرەخۆی هێناوە ، جارێ هەر ئەوەندە بۆ من بەس بوو کە بزانم سڵامەتە ئەگینا ئامادە پاشماوەی تەمەنم چاوەڕێی وەڵامی سەیران بم .
ئیدی نەمویست زیادتر کاتیان بگرم ، گوتم باشە من دوای سێ ڕۆژی دیکە دێمەوە خزمەتتان ، گوتی بۆ کوێ دەچی لێرە غەریبی تۆش یەکێکی وەک ئاسۆی کوڕم ، گوتم ماڵتان ئاوەدان بێ لێرە خانووم گرتووە .
لە کاتی ماڵئاواییدا داهاتمەوە و دەستی دایکی ئاسۆم ماچ کرد و زۆرم سپاس کرد
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
اکنون دیگر این نام اوست کە بە مدالها اررزش میبخشد، همە کالجهای جهانی سراسیمە میخواهند نام این نابغەی کوردستانی بر روی یکی از مدالهایشان نقش ببندد.
افتخارآفرینیهای پروفسور ابراهیم کریمی همچنان ادامە دارد، گرفتن یک مدالیای دیگر در رشتە فیزیک توسط این نابغه کوردستانی💐
وتارێکی شایەنی بیستنی پرۆفیسۆری گەورەرەی کوردستان پڕۆفیسور برایم کەریمی لە کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا لە کاتی وەرگرتنی مەدالیای یادەوەری ڕەزەرفۆرد
سخنرانی شنیدنی پروفسور نابغە کوردستانی، پروفسور ابراهیم کریمی در انجمن سلطنتی کانادا پس از دریافت مدال یادبود رادرفورد.
🌺پیرۆزە پرۆفیسۆرە بلیمەت و خەمخۆرەکەی کورد، لاوەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ و ماندووبونەکانت لە سەردەمی ڕاپەڕینی شکۆداری ژینا هیچ کات لە یاد ناکەن .
س؛نیشتمانی جوان
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٣٩
داخی دووری و دابڕان وەک خۆرە کەوتبووە ناخم و ڕۆژ لەڕۆژ زیادتر لە ژیان ناهومێدی دەکردم ، زیادتر لە ساڵێک لە خۆشترین ساڵەکانی تەمەنم لە پێناوی خۆشەویستیەکی بێ ئاکام بەفیڕۆ چوو .
لە دەرسێک کەوتم و شەڕ و ناخۆشی کەوتە ناو بنەماڵەکەم بەبۆنەی بەدخوڵقی و بێ خەو و خواردنی منەوە ، لەبیر کردنی کامیل وەک وەی وابوو کە بەبێ بەشێکی گەورە لەوجوودم بژیم .
ئەودابڕانە کۆڵەوار و دەستەوستانی کردبووم ، خۆزگە بمزانیبا ئەو هۆیەی نەزانینی باشتر بوو لەزانینی چیە ، بەڵکوو باشتر لەو دوورییە لێڕاهاتبام .
چەندەم پێ خۆش بوو بچمە ماڵەکەی کامیل و چاوێک بخشێنم بەسەر بیرەوەرییەکانی لەوماڵەدا بەیەکەوە هەمانبوو ، بەڵام دەترسام نەڕۆیشتبێتەوە بۆ تاران و غروور و هەستم ئەوەندەی دیکە بریندار بکرێ .
باشە خۆ من هیچ تاوانێکم نەکردبوو ، جەستەی خۆمە و حەزم نەکرد بێ قەید و شەرت بیخەمە ژێر دەستی کوڕێک کە هیچ پەیوەندێکی شەرعی و یاسایی و کۆمەڵایەتی لەگەڵم نیە .
با تاوانم کردبوو ، کامیل ڕاستی دەکرد خۆم دەستڕەپێشخەر بووم ، بەڵام خوا ئاگادارە من هیچ بەرنامەیەکم بۆ خۆ لەئامێز هاویشتنی دانەڕشتبوو ، هەڵسوکەوتێکی لەناکاو و بێ مەبەست بوو و بێ ویستی خۆم و بیر لێ کردنەوە بوو .
ئەو شێوووەرد دانەوە و بیر لێ کردنەوە ماڵوێرانکەر و تاقەتپڕوکێنە ژیانی لێ کردبووم بەدۆزەخ ، لەهەموو ئەوانە ناخۆشتر ئەوە بوو کەس بەدەردی نەدەزانیم و لەتەنیایی خۆمدا شیوەنم بۆ دابڕانمان دەگێڕا .
کەس نەبوو دەستم بگرێ و لەو تاریکییە کە باڵی بەسەر ژیانمدا کێشابوو ببێت بە چرا و ڕووناکی بدات بە داهاتووم .
سێ مانگ بەسەر دابڕانمان تێ پەڕی و من هەر وا خەمبار و بێ هیوا و بێ هەواڵ وەک کیسەڵ سەرم لەقاپێلکی خۆم ناوە و بەئاواتی مەرگێکی سووک و ئاسانم .
وەکاز :
حەوتوویەک دوای شەڕەکەمان کە بەبێ هۆ بوو بەدڵێکی شکاو و ناهومێدی گەڕامەوە بۆ تاران ، بەڵێنم بەخۆم دا ئەو کچە بێ تاوانە نەکەمە قوربانی ڕق و کینەیەک کە لەناو دڵ و وجوودمدا کەڵەکەی کردبوو .
لەبیر کردنی باشترین و بەجێترین خزمەت بوو دەرحەق سەیرانم دەکرد ، بڕوا ناکەم ڕووحی خانمێ بەتۆڵە کردنەوە لە کچێکی بێ تاوان ئاسوودە بێت .
تووشی پەشێوێکی لەڕادەبەدەر ببووم ، خواردن و خەوم زووخاو بوو ، دوای بیرکردنەوەیەکی بەردەوام بەو ئاکامە گەیشتم کوشتن هەر کوشتنە جا چی کوشتنی جەستە بێ چی کوشتنی هەستی ئینسانێک .
ویژدانم لە عەزاب دابوو ، پێکەنینی ، دەنگی ، توڕەیی ، لەسەرەخۆیی ، چاوەکانی و ... هەموو هەڵسو کەوتی سەیران لەبەر چاوم وەک شانۆیەکی جوان و دڵنشین دەهاتن و دەچوون .
دڵم وەک جاران بە ماڵ و ژیان و ئازیزانم تەنانەت بە نازدارەکەی خاڵیش خۆش نەبوو ، تەنیایی و قوژبننشینی ببوو بە ڕەوتی ژیانم .
دڵم بیانووی سەیرانی پێ دەگرتم ، مافی خۆی بوو نەهێڵێ زەوق لە جەستەی پاکی وەرگرم ، هەر کەسە ئازادە بڕیار لەسەر جەستەی خۆی بدات ، بەڵام خۆ ئەوە دەستدرێژی نەبوو و بەبێ مەبەستێکی تایبەت بوو .
باشە باوەش و ماچ بۆ دەبێ تاوان بێ ، بۆ خۆشەویستی لە لای ئێمە بڤەیە و بەدزییە بەڵام توڕەیی و ڕق بەئاشکرا و ئاساییە ؟
خۆم بە پیاوێکی درۆزن و فێڵباز دەهاتە بەرچاو ، چونکە تەنیا درۆم لەگەڵ سەیران نەکردبوو ، من درۆم لە گەڵ خۆم و هەستی خۆشم کردووە ، بە چی چاووڕوویەک چاوەڕوان بم سەیران بڕوا بە من بکات و متمانەی پێم هەبێ ، کاتێک بۆ خۆم لەگەڵ خۆم درۆم کردووە ؟
من دان بەوە دادێنم هەتا سەر ئێسقان گیرۆدەی داوی ئەوینی نەوەی مامم بووم بەڵام بە ئینکەبەرایەتی و لاساری خۆم حاشام لێ دەکرد .
لەخۆم و لەژیانی خۆم بێزار بووم نەمدەزانی چی بکەم و ڕوو لەکوێ بکەم ، دادەناسکێ هەستی بەبێ تاقەتی و بەدخوڵقی من کردبوو .
سێبەریش لێم دەڕەویەوە و وەک جاران بەبەروباوەشم هەڵنەدەگەڕا ، کاک قادر جارجار لێی دەپرسیم بۆ وا بێ وازی ، ئەگەر کێشەیەکت هەیە و بەمن چارەسەر دەکرێ پێم بڵێ بەڵام من کارێکی وامنەکردبوو لەڕووم هەڵبێ لەلای کەس باسی بکەم .
هەتا ڕۆژێک دادەناسکێ بەگریانەوە گلەیی لێ کردم ، گوتی تۆ ئێمە بەبێگانە دەزانی و سفرەی دڵی خۆت لەلامان ناکەیەوە ، من خۆ کوێر نیم و دەبینم تۆ وەک مۆم لەبەر چاوم دەتوێیەوە .
قەول و بەڵێنی خوشک و برایەتی نێوانمان کاتی نەبوو ، ئێمە قەرار بوو لە هەموو هەوراز و نشێوێکی ژیاندا پشت و پەنای یەک بین
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
باشترین پەیوەندی ئەوەنییە کە کەسانی بێ عەیب و ئیراد ببینینەوە ؛
بەڵکوو دەبێ فێر بین عەیب و ئیراد وەلانێن و چاکەکان لەبەر چاو بگرین.
کاتێک لە تەنیایی داین بەدوای ئاوال دەکەوین
کاتی ئاواڵمان دیتەوە بەدوای عەیبوئیرادەکانی دەکەوین
کاتێکیش لە دەستمان دا؛ لە تەنیایی بەدوای بیرەوەرێکانی دەکەوین.
ژان پول سارتر
تاقانەی خانمێ
بەشی ٣٨
دڵ و مێشکم پێکەوە ڕکەبەرایەتیان دەکرد ، شەو و ڕۆژم وەک یەک تاریک و لێڵ بوون ، یەکەم جار بوو خۆشەویستی کەسێک لە ناخمدا چرۆی دەکرد .
هەڵقەندن و بنەبڕ کردنی ئەو چرۆیە کارێکی ئەستەم و دژوار بوو ، ئاخر بەخوێنی دڵ ئاودێر کرابوو و ڕەگی داکوتابوو .
چاوەڕێ بووم بەهەر شێوەیەک بێ هەواڵێکی کامیل ببیسم ، ڕۆژ دەهاتن و دەڕۆیشتن ، چاوم خێل بوو هێندەی چاوەڕوان بم .
دوای هەشت ، نۆ ڕۆژان ئەسرین تەلەفۆنی کرد و ئیزنی بۆ وەرگرتم بچمە ماڵیان ، دایکم گوتی ئێوە وەک دووانەی لێکدانەبڕاون حەقە بتاندەم بەپیاوێک ، دوایەش بە دونیایەک پرتەوبۆڵە ئیزنی دام .
ڕەنگ زەرد و لێوبەبار و دڵ بەخەم دیسان پەنام بۆ ئەسرین برد ، نازانم ئەگەر دەردی دڵ کردن لەگەڵ ئەسرین نەبا چلۆن بەرگەی هەڵگرتنی ئەوبارە قورسەم دەگرت .
بابی ئەسرین کە دووکانی ڕەنگڕێزی هەبوو لەمەیدانی ئاسنگەران ڕۆیشتە سەرکارەکەی و دایکیشی گوتی منیش دەچمە بازاڕی هێندێک گیاوگۆڵ دەکڕم بۆ دۆکڵیو ، من و ئەسرین بەتەنیا ماینەوە ، هەلێکی چاک بوو بۆ ڕازونیاز .
دیار بوو ئەسرین قسەیەکی پێ بوو بەڵام دوودڵ بوو لەدرکاندنی ، دوای هێندێک منگاندن و شێروڕێوی هێنانەوە گوتی : سەیران گیان تۆ کچێکی جوان و بەحەیا و خوێندەواری ، لەبنەماڵەیەکی گەورە و خۆشناوی هەزار کوڕ قوونت بۆ ڕەعەرزی دەخشێنن ئاوڕێکیان لێ بدەیەوە .
چاک بوو بەر لەوەی کار لەکار بترازێ ئەو کوڕەت ناسی دەنا بەشلکی سەری بەبیوەژنی دەهاتیەوە ماڵەبابت ، ڕاستە شکستی عەشقی زۆر بەئازارە بەڵام خێری تێدابوو بەرلەوەی کەس بەپەیوەندی نێوانتان بزانێ هەموو شت کۆتایی پێ هات !
گوتم ئەسرین ڕاستیم پێ بڵێ تۆ لەخۆتەوە ئەوقسانە ناکەی ، بیستنی ڕاستییەکی تاڵ و بەئازار بۆمن لە درۆیەکی شیرین باشترە .
ئەسرین گوتی چت لێوەشارم ، پێمخۆش نەبوو بەوقسانە دڵگرانت بکەم و ورەت دابەزێنم بەڵام ئێستا کە پێداگری دەکەی پێت دەڵێم ، دوو ڕۆژ دوای کێشەی نێوانتان لە ناوبازاڕ کامیل پێشی پێگرتم و گوتی دەبێ قسەت لەگەڵ بکەم .
گوتم کاک کامیل ئێرە تاران نیە کەس کەس نەناسێ ، ئێرە سابڵاغە و هەموو یەکتر دەناسن کەسێک لەگەڵ تۆم ببینێ جوان نیە .
گوتی تکا دەکەم وەک خوشکی چاک هێندێک کارم پێتە ئەگەر بتوانی بێیە ماڵەکەم ، گوتم کاکە گیان ببوورە من بەتەنیا نایەمە ماڵی تۆ .
گوتی دەی باشە هەر جێیەک تۆ پێت باشە دەچینە وێ ، گوتم سبەی بەبیانوویەک دێمە لای پردی سوور لەوێ لە شوێنێک لە ناو تڕومبێلەکەت قسە دەکەین .
بۆ بەیانی لە نزیک کەپرەکەی فاتە و مینەگەزۆ ڕایگرت و لە ژێر سێبەری دارێک دانیشتین و گوتی : منەتی زۆری تێدایە ئەو قسانەی من بە سەیران بگەیەنی ، پێی بڵێ کچێکی جوان و چاکە عەیب لە هەردوو چاوی مندا بێ لە سەیراندا نیە ئەو شایانی کەسێکی باشتر لە منە ، بەداخەوە من ناتوانم بەختەوەری بکەم جا واباشە من لەبیر بکات .
منیش گوتم ئەی لەڕۆژی یەکەمەوە بۆ هاتیە ناو ژیانی ئەو کچە و بەڵێنی بەختەوەریت پێدا بۆ گیرۆدەت کرد ؟ ئەوە ئەوپەڕی بێ ویژدانییە ، تاوانی ئەو کچە چی بوو ؟
چاوی پڕ بوو لە ئاو گوتی زۆر شت هەیە ئێوە نایزانن و هەر نەزانینیشی باشترە ، بەڵام من هەتا دوا هەناسەی ژیانم سەیرانم لە دڵ دەرناچێ .
زۆرم هەوڵ دا بزانم کێشەکە چیە بەڵام هیچی پێ نەگوتم ، تکات لێ دەکەم تۆش لەبیری بکە .
سەیران :
بەبیستنی ئەوهەواڵە نە ئەوەبوو عەرز قووتم دا و نە ئاسمان هەڵمکێشێ ، هێندێک کارەسات لە ژیاندا هەن زۆر لەمردن ناخۆشترن ، یەکێک لەوانە بێوەفاییە ،بێوەفایی برینێکی قووڵە کە قەت قەتماغە نابەستێ و ساڕێژ نابێت ، مردن خۆشترە لە شکانی دڵی دڵدارێک ، لە ناهومێد کردنی دڵێک کە هیوا و هومێدت پێ بەخشیوە .
هەتا ئێستا دەمگوت پێویستە بناغەی ژیان بە ڕاستی دابنرێ بەڵام ئەوە شتێکە مەحاڵە کاتێک بناغەی دونیا لەسەر درۆ و فرت و فێڵ دامەزراوە وەک سێوەکەی دایکەحەوا و باوکەئادەم .
هەستم پێ دەکرد چاوەکانی کامیل درۆ ناکەن ، بەڵام نەک هەر چاوەکانی وی هەستی خۆشم درۆ بوو و درۆی لەگەڵ کردم .
متمانەم پێی بوو و بڕوام بەبەڵێنەکانی بوو ، ئەوانیش هەموو درۆ بوون .
هۆ و بەڵگەی جیابوونەوەشی درۆیە ، ئاخر چی هۆیەک هەیە نەزانینی باشترە لە زانینی ؟
ڕاست نیە دەڵێن ئاسمان بێ کۆڵەکە ڕاوەستاوە ، ئەو کۆڵەکەی ئاسمانی ڕاگرتووە و ئەو هێزەی خول بەزەوی دەدا ناوی هیوایە ، کە لە ژیاندا هیوابڕ بووی یانی ئاسمانیش ڕووخا و زەویش لەسووڕان وەستا ، یانی ژیان مرد و تەواو .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
گادەر
محەمەد ماملێ
شێعر ؛ فولکلۆر ( ڕەنگە )
ئەی گادەر دێن بەهاران ڕێم نییە
ئای لەبەر گوێ بە گواران جێم نییە
ئەی گادەر دێن هاوینان ڕێم نییە
ئای لەبەر شاڵوار شینان جێم نییە
ئەی گادەر دێن پاییزان ڕێم نییە
ئای لەبەر گوێ بەزریزان جێم نییە
ئەی گادەر دێن جستانان ڕیم نییە
ئای لەبەر چاو جوانان جێم نییە
ئەی گادەر دێن لە شنۆیان ڕێم نییە
ئەی دەبڕن دارلیمۆیان جیم نییە
ئەی گادەر دێن هەموو وەختان ڕێم نییە
ئە لەبەر کۆلکێ درەختان جێم نییە
ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ.ـ
گادەر ؛ چۆمی گادەر لە کۆیستانەکانی شنۆ سەرچاوە دەگرێ و بەرەو نەغەدە دەڕوا و دوای تێپەڕاندنی دەشتی سندووس بە نێوان ئاوایییەکانی مەمێند و داشخانەدا دەچێتە نێو گۆلی ورمێ .
گرتە : کاناڵی فەرمی ماملێ
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٣٧
بەڵێ نەمدەزانی چی بکەم لە بەینی ئاو و ئاگردا حاسێ ببووم ، پەنام بۆ هەر لایەک ببردبا زەرەرم دەکرد .
ئیزنم دابا لەبەر و باوەشم بگرێ و سەر و لێو و کوڵمەم هەنارەمژ بکات دژایەتیی داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردەواری بوو ، ئیزنم نەدابا دابڕان لە خۆشەویستترین کەسی ژیانم بوو .
بەڵام هەست و ویستی خۆم بەلامەوە گرینگ نەبوو دابی کوردەواری زۆر گرینگتر و پیرۆزتر بوو لەلام لە دڵی خۆم ، هەر بۆیە لەپڕ پێڵاوەکانم بەدەستەوە گرت و بە پێی پەتی هەڵاتم بۆ حەوشەکە .
هێشتا لە دەرگای حەوشەکە ئاوا نەببووم کامیل گوتی سەیران بەڵێن دەدەم هەتا ئەو کاتەی بە شەرعی نەبین بە هی یەک دەستم وەدەستت نەکەوێتەوە ، بەگەورەیی خۆت لێم ببوورە .
نەگەڕامەوە و وەڵامم نەداوە ، بیرم لەوە دەکردەوە کامیل کوڕێکی تارانیە بە تەمەن دە ساڵ لە من گەورەترە و بێ شک بەرلە من لە گەڵ کچی دیکە بووە ، ئێستاش لە بێ ئەزموونی من کەڵک وەردەگرێ بۆ گەیشتن بەویستی خۆی ، لەوەیە بەنەزانی و بێ ئەزموونی من کۆتایی بەو پەیوەندییە بێت بەڵام هەرچی بێ بەسەربەرزی کۆتایی پێ دێت .
ڕاستە کامیلم زۆر خۆش دەوێ بەڵام بەهەر نرخێک نا ، نابێ سەری باب و برام بەتایبەت باپیرم نەوی بکەم ، دەبێ وەک هەمیشە جێی شانازی بم بۆ بنەماڵەکەم .
بەگریانەوە چوومەوە ماڵێ ، ئەو شەو و ڕۆژە پڕ لە تاسە و خەماوییە بەساڵێک تێپەڕبوو .
نە نانم خوارد و نە خەو بەچاومدا هات ، هەتا ئەستێرەکان لە ئاسمانی ڕەش ماڵئاواییان کرد و ڕۆژ بەهەموو هەیبەت و گەرمی خۆی سەری وەدەرنا و بەدڵفراوانی ڕووناکی کردە میوانی گۆی زەوی بۆ شکانی دڵی خۆم و چارەنووسی پڕ لە نامرادیم فرمێسکم هەڵوەراند .
بەیانی بابەحاجیم لەسەر بەرماڵی نوێژ بوو ، چووم سەرم لەسەر چۆکی دانا ، قامکە ڕەق و چرچاوێکانی کردە شانە و وردەوردە قژمی پێ شانە دەکرد ، ئاگام لێ نەبوو کەی خەوم لێکەوتووە .
کاتێک خەبەرم بۆوە بەرماڵەکەی بە سەر شان و پیلمدا دابوو و لە تەنیشتم دانیشتبوو و بە تەسبێحەکەی خەریکی ختم بوو ، بەخۆم گوت من گەرمیی دەستەکانی ئەو پیاوە بەدین و لەخواترسە بە هیچ خۆشەویستییەک لەسەر ئەم دونیا پان و بەرینە ناگۆڕمەوە .
بابەحاجی بۆ من و لە زەین و خەیاڵی مندا پەپوولەیەک بوو لە جەستەی ئادەمیزاد دا خوڵقابوو ، لەو پاک و بێ غەل و غەشتر لەم دونیایەدا نەبوو ، جا چۆن کارێکی وا دەکەم سەری نەوی بێ .
بابەحاجی بانگی دایکمی کرد و گوتی بووکێ نان و چای بۆ کچی من بێنە ، دایکم زۆری ڕێزی خەزووری لەلا بوو قسەی لە قسەیدا نەدەکرد ، بەناقایلی نردوویەک نان و پیاڵەیەک ماستی لەسەر سینیەک دانا و چادانێک چا و دوو ئیستیکانیشی هێنا و گوتی جا بابەحاجی خۆ ئیشاڵا ناڵێی چاچا بۆشی تێ بکەم ؟
بابەحاجیم گوتی نانا ئیدی سەیران چای بۆ منیش و بۆ خۆشی تێ دەکا ، دوای نان و چا خواردن تەلەفۆنێکم بۆ ماڵە ئەسرین کرد و ئیزنم لە دایکی وەرگرت بۆ وەی ئەسرین بێتە ماڵمان .
لەوەتی قوتابخانە داخراوە لە ماڵەوە حەبسین دەبێ تکا و ڕەجای دونیا بکەین هەتا ئیزنمان بدەن یان بچینە دووکان و بازاڕ یان لەگەڵ ئەسرین یەکتر ببینین .
ئەو ڕۆژە لە هەموو کات و ڕۆژێک زیادتر پێویستم بەدیتنی ئەسرین بوو ئاخر تەنیا ئەو جێی هاوار و بانگم بوو ، لەو بترازێ کەس بە دەردی پڕ لەئازاری منی نەدەزانی .
دەبوو بیبینم و زامی دڵمی لەلا هەڵڕێژم بەڵکوو ڕێگایەکم پێشان بدات ، دوای نیوەڕو ئەسرین هات بۆ ماڵمان .
دوای سڵاو و چاکووچۆنی لەگەڵ بابەحاجی و دایکم هێندێک میوەم برد چووینە ژوورەکەی خۆم ، بە پێکەنینەوە گوتی خەزاڵ گیان بناڵێنە بابزانم لەگەڵ لاس چۆن پێک هاتن .
سەرم بەهەنیسکەوە هەڵدەقەندرا ، کوڵی دڵم بەهیچ شێوەیەک بەتاڵ نەدەبوو ، هەر چۆنێکی بوو بۆم گێڕایەوە چی بووە و چیمان گوتووە .
دوایە وەی زۆری دڵخۆشی دامەوە گوتی کامیل نزیک ساڵێک دەستی وەدەستی تۆ نەکەوت ، خۆ جاری یەکەم نیە لە گەڵ یەک بەتەنیا دەبن ناڵێم تاوانی خۆت بووە بەڵام ئەویش پیاوە هەستی هەیە خۆشی دەوێی خۆت لە جێی وی دانێ .
گوتم نا هەموو شت تەواو بوو من نامەوێ جارێکی دیکە بیبینمەوە ، ئەسرین هەر گوێی بۆ قسەکانم ڕاگرتبوو هیچی نەدەگوت .
هەتا ڕۆژ ئاوابوون ئەسرین لەلام بوو ، بە ئامۆژگاری و دڵنەواییەکانی هێندێک باشتر بووم .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
گادەر
محەممەد ماملێ
WEBSITE | YOUTUBE | FACEBOOK | SPOTIFAY | SOUNCLOUD | TELEGRAM | VIMEO | WHATSAPP | mohammadmamleofficial?_t=8l23NLeXys4&_r=1">TikTok
تاقانەی خانمێ
بەشی ٣٦
بەر لە کۆتایی مانگ ڕۆژی هەینی بە بیانووی دەسماڵ کڕین لەگەڵ ئەسرین چووینە بازاڕ ، دوایی گوتم هەر بەسەر پێوە دەچین گوڵەکانی ماڵی کامیلیش ئاو دەدەین .
کاتێک گەیشتینێ دیتم تڕۆمبێلی کامیل لەبەر دەرگا ڕاگیراوە ! بە دیتنی تڕومبێلەکەی هەردوو لاقم نوشتایەوە ، زارم ویشک بوو ، دڵم وەک ڕمبی دەستی حەلاج دەیکوتا ، ئەسرین توند دەستی گرتم هێندێکی قسە لەگەڵم کرد .
نازانم چی دەگوت کەڕووکاس ببووم دەتگوت جاری یەکەمە و قەتم کامیل نەدیتووە ، لەلایەک شەرم، لەلایەکی دیکە ترس و غروور هەنگاوەکانی بۆ چوونە ژوور سارد کردبووم .
ئەسرین ڕایکێشام و هەتا سەری کۆڵانەکە بردمی و گوتی سەیران مافی خۆتە بزانی کامیل بۆ وا دەکات ، هەتا کەی وەک ڕاوی مشک و پشیلە لێک ڕا دەکەن ؟
ئەسرین زۆر عاقڵانەتر لە من بیری لە کێشەی نێوانمان دەکردەوە ، گوتی ژیان پڕە لە کێشە بەقسەکردن و وتووێژ زۆر کێشەچارەسەر دەکرێن .
لە خۆشەویستیدا غروور مانای نیە جار هەیە تۆ دەبێ دەست ڕەپێشخەی بۆ پتەو بوونی نێوانتان جاریش کامیل .
تکات لێ دەکەم قسەی لەگەڵ بکە ، ئەگەر ئەمجارە بڕواتەوە لەوەیە جارێکی دیکە نەیەتەوە .
وا مەکە پاشماوەی تەمەنت پەشیمان بی لەوەی هەلی قسەکردنتان بەیەکتر نەداوە ، ئەگەر کێشەکەشتان چارەسەر نەکرا خۆ دەزانی تۆ هەلێکت پێدا و بێ تاوانی .
دۆست و هاوڕێی باش لەدایک و خوشک باشترە ، بەڕاستی ئەسرین لە خوشکێک زیادتر بۆم دەسووتا و ڕێنوێنی دەکردم .
قسەی ئەسرین هانی دام و گەڕامەوە بۆ ماڵی کامیل ، کلیلم پێ بوو بەڵام لە دەرگام دا لەبەر ساردیی نێوانمان پێم جوان نەبوو بێ ئاگادار کردنەوە وەژوور کەوم .
هێندێکی پێ چوو هەتا کامیل دەرگای کردەوە ، لەپڕ بێ هیچ لێکدانەوەیەک خۆم دە ئامێزی هاویشت و لەپڕمەی گریانم دا .
کامیلیش هەر دوو دەستی دە ناوقەدم وەرهێنابوو و گەرمیی هەناسەی لەسەر سەرپۆشەوە لە پشتملی دەدام ، بە قووڵی بۆنی سەروپرچمی دەکرد .
ئەمە یەکەم پەیوەندی جەستەیی و نەخوازراو و بێ بەرنامە و لەناکاوی ئێمە بوو ، کە دەسبەجێ هەردووکمان لێک دوور کەوتینەوە .
پاش ماوەیەک بێ دەنگی و لێک تێڕامان و حەبەسان کامیل گوتی با بچینە ژوور ، لە ژوورێش وەک بڵێی کارێکی قەباحەت و نایاساییمان کردبێ هەردووکمان بێ دەنگ بووین .
دیار بوو کامیل بێ دەنگی هەڵبژاردبوو بەڵام من نەهاتبووم بۆ وەی بێ دەنگ بم دەبوو ئەو کێشەیە بەشێوەیەک یەکلا بکرێتەوە ، یان منی دەوێ و واز لەو ساردییە دێنێ یان بۆ هەمیشە واز لێک دێنین .
هەر بۆیە سەری قسانم کردەوە ، گوتم کامیل قەرار نەبوو ئاوا ئازارم بدەی تۆ بەڵێنی داهاتوویەکی گەش و پڕ لە بەختەوەریت بەمن دا لەسەرەتاوە .
گوتی ئێستاش لەسەر بەڵێنی خۆمم ، گوتم ئەدی بۆ وەڵامی تەلەفۆن نادەیەوە ، بۆ لەو چەند مانگەدا جارێک پەیوەندیت لەگەڵم نەگرتووە ؟
گوتی ژیان هەر بریتی نیە لە حەز و خۆشەویستی و دڵداری ، من بەرپرسایەتیی ژیانی سێ کەسی دیکەشم لەسەرە ، کار و کێشەی دیکەشم هەیە لە ژیاندا .
قسەکانی زۆر ڕەق و جەرگبڕ بوون هیچ بۆنی خۆشەویستییان لێ نەدەهات ، گوتم زۆر باشە کە وایە من نابم بەسەرباری ژیانت و لە ئێستاوە هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم و ماڵئاوا .
لەپڕ هەستا و لای دەرگای لێگرتم گوتی سەیران گیان مەبەستی من ئەوە نەبوو کە تۆم خۆش ناوێ ، من بێ تۆ ناژیم بەڵام جار هەیە ئینسان تووشی کێشەی وادەبێ خۆشی لەبیر دەکا .
هەڵسووکەوتی کامیل تووشی دوودڵی کردبووم ، وەک کەش و هەوای سەرەتای بەهار جار هەبوو گەرم بوو جار هەبوو سارد .
دوایە بە پێکەنینەوە گوتی باوەشی ئەمجارەمان بەبۆنەی ئاشت بوونەوەمانە ، بەر لەوەی وەڵام بدەمەوە لەباوەشی گرتم و ناوچاوانی ماچ کردم .
بەخۆم نەبوو فرمێسک بەچاومدا هاتە خوار ، کەفرمێسکەکانی دیتم هەنگاوێک لێم دوور کەوتەوە و گوتی : خۆت دەستت ڕەپێش خست بۆ پەیوەندی جەستەیی ، ئێمە نزیک ساڵێکە بەیەکەوەین قەت جارێک بە سانتیمەترێکیش لێت نزیک نەبوومەتەوە . بۆ من پیاو نیم یان لات وایە عەبای پێغەمبەرم بەسەر شاندا داوە ، منیش هەستم هەیە وەک هەموو پیاوێکی دیکە بەڵام ئەوەندە ناپیاو نیم گاڵتە بە هەست و نامووسی کەس بکەم .
ناوچاوانی دیسان تێک نا لە توڕەیی و زیز بوونی دووبارەی دەترسام ، بەڵام نزیک بوونەوەی نایاسایی ئەگەر تەنیا ئامێزیکیش بێ پێ کارێکی باش نەبوو .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN