کۆمەڵێک سێروو و شاوە لە کاتی وێنجەدروون
( ڕەنگە بۆ تاقمێک نۆستالژی بێت )
وەرزێڕی ئازا و وریا ، کەیوان ڕەمەزان
پێنجشەممۆ ۷ ـی پووشپەڕی ۲٧٢٤
ناوچەی شاروێران ـ مەهاباد
چاوی شەیدات تیری داوم لە سینە
قەڵەم و دەستیش هەروا لە کەمینە
پەڕوباڵم شکاوە چەشنی بولبول
دەخوێنێ ئەمما هەر ماتوحەزینە
لەچاوانم سرووشکی سوور دەچۆڕێ
لەنێومندا شەپۆڕی ترس و شینـە
بڵێی ئاخۆ حاسڵ ببێ مورادم
لەنێو سەردا نەمێنێ بوغز و کینە
دەڵێم ڕۆژێ ئەتۆ بانگکەمە جێژوان
دڵی ئاشق و سەوداسەرم ببینـە
بەڵێنم داوە هەر ڕوژێ ئەمن دێم
بەرەو ئاسۆت گڕی ئەشقم بە تینە
🔶هەڵگورد سوڵتانی
کابان | KABAN
بەرە و پیرچوونی (( حەسرەتێک و وڵامێک )) و (( سابڵاغی جاران )) .
خوشکی زێده عه زیزم پەروانە خانم سڵاو رۆژ باش .
گه ڵێک جاران دەکەومه یادی یاران
ده کەومە کۆری شایی و بەزمی جاران
گەڵیک جاران خەیاڵ دەمباتە جێژوان
چ شیرینه ژیان و مان دەگەل وان
بیرکردنەوە له رابردوو هەستی مرۆڤ ناسک و لەتیف دەکا ، به چەشنێک سواری ئەسپی خۆشبەزی خەیاڵ دەبێ و نەک به پڕتاو بەڵکوو بە قەدەم هێدی هێدی شریتی عومری رابردووی به سەر دەکاتەوە دەگەڵ شادێکان دەستەملان دەبێ و ناخۆشێکانیش دڵتەنگی دەکا و بە ناچاری ئەژنۆی خەم لە باوەش دەگرێ.
حەسرەتێک و وڵامێک و سابڵاغی جارانم چەند جار به گوی دڵ گوێ داوەتێ ، نەسرێکی رەوان و ساکار و هەتا بڵێی دڵنشینه به چەشنێک که کوردێکی نەخوێندەواری ساویلکەش لێی حاڵی دەبێ و چێژی ڵێ وەردەگرێ . گا به کوڵ دەگەڵی دەگری و گا قاقا پێدەکەنێ لەشت ساغ و قه ڵەمت هه ڕوا دەروەست و ره نگین بێ ، هەڵبەت به بروای من سابڵاغی جاران له باری ئەدەبێوە به هێزترە ، ئێمه مانان زیاتر هه ست بەو دیمنانەوە دەکەین چوونکه تەمەنێکمان ڕابواردووەو دەگەڵیان ژیاوین نۆستاڵۆژێک خەم خواردنه بۆ رابردوومان . ئەوەی ڕاستی بێ نووسینی ئەوجۆرە بابەتانە ئارەزوی چەندین ساڵەی منەو و ڵێم بۆته خوڵیایەک ئاخر ئەوەندەی بەندە لە گەڵ مێژووی نەتەوەکەمان ئاشنام چ ئەوانەی بیانی نووسیویانە و چ ئەوانەی مێژوونووسانی خۆشمان نووسیویانه بێجگه له یەکێان زۆر بەیان له ڕوانگەی سیاسێوە نووسراوه کەمتر ئاوریان وە لایەنەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی داوەتەوە ئارەزوومە مێژووی کورد به ڕوانگه ((ویل دورانت کە تاریخ تمدن و مرتضی راوندی که تاریخ اجتماعی ایران ))نیان نووسیوە بنووسڕێ ، هەڕ چەند زۆر باش دەزانم هەڕ ئێستا دەفەرموون : بەغدا بۆ پیاوی هەژار دووره حەقیشتە ، چونکه ئێستا ڵەم بوارەدا نە کەوتووینە دارەدارەش ، به ڵام کاتێک ئاوڕێک ڵه ڕابردوو دەدەمەوە نالی مان هەیه که به شێعره بەناوبانگەکەی به ناو شاری سولێمانیدا دەخوڵێتەوەو به یادی رابردووی ده فه رموێ :
قوربانی تۆزی رێگەتم ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا به هەموو شاری شارەزوور .
یان گه شتی مامۆستا هەژارم دێتەوە یاد که له سەرەتای بەرەو موکریان دا ده فه رموێ:
شەوەتاریکەکەش و ماته زەوی
که وته خۆ کێوی که وی دار و دەوی
به موکریان دا دەگەڕێ و بەم جۆره تاسەی دڵی خۆی دەشکێنێ
یان ڵه سەردەمێکی تازەتردا بامیەی شیڵەداری کاک قادری لوتفیانی و داشامەجیدی کاک ئەحەدی ئەنجیری و دەچمەوە سابڵاغی خاتوو شیڵان حەسەنپوور به هانامانەوە دێن و به سابڵاغ دا دەخوڵێنەوە و لەم بەستێنەدا مەڵە دەکەن . یان کاتێک شریتی شارەکەم سنەی کاک محێدین حەق شنای گوێ دەدەمێ که زۆڕ به ڵێهاتوویی و دڵ نشینانه مێژووی شاری سنە دەخوێنێتەوە ئۆخژنم دێتەبەر و تۆوی گوڵی ئاوات ڵه دڵمدا چەقەرە دەکا ، ڵه خۆشیان گەز گەز باڵا دەکەم و گەلێک هیوادار ده بم که هێدی هێدی خەریکین بەو دەستە چیلانەوە کەرەسەی نووسینی مێژووی کۆمەڵایەتی ساز دەکەین . مێژوویەک که نه تەنیا بەردەنگی هاوتەمەنی ئێمه دەپێکی بەڵکوو بۆ بەرەی داهاتووش چێژی خۆی دەبێ و هەڵ و مەرجی پێشکەوتنی کۆمەڵیش دەرەخسێنێ .
خوشکه ئازیزەکەم ئاواتەخوازم نەک به لاره لار و گۆچان به دەست بەڵکوو وەک تاڤی لاویت قیت و قۆز بەو هەست و بیری کوردانه و زانستیانەت لە بنج و بناوان و کەلێن و قوژبنی رابردوومان بکۆڵێوه و بزانی ڵه مێژووی به سەرهاتی ڕابردوومان چمان بۆ لواوه و ناو ئاخنی کەشکۆڵەکەت ڕازاوەتر بکەی . هیوادارم ته من درێژ وسڵامەت و دڵ شاد بژی زۆڕ باشیش دەزانم بەو چەند ڕستەیە ناتوانم بەڕەو پیرت بێم و دەسخۆشانەت ڵێ بکەم ، به ڵام دیاری شوانه و ڵێم قەبووڵ بفەرموون ، چون به داخەوە قەڵەمم کوڵه و لە سەڕ فەزای مەجازیش لەوە زیاتر درێژدادری ناکرێ . هیوا دارم له دەرفەتێکی ڕەخساوتردا زیاتر چێژ ڵه مرخ و کەسایەتی جەنابتان وەرگرم . دڵنیاشم هه ڕ ئەوجۆرەی میللەت ڵه ناو دڵی دڵ سۆزان و کوردپەروەرانی نەتەوەکەمان جێگیر بوون ، هەڕواش ئەو هەڵکەوتوووانە ئەگەر بە ڕواڵەتیش لە بەر چاو نەمێنن بۆ هەتا هەتایە به رەنگ وبۆن و لیباس و بیچمی کوردانەوە لە ناو دڵی نەتەوەی خۆیانا ئەژین .
ڵه کۆتاییدا پڕ به دڵ سپاسی کاک مەنافی ئێران پەنا وکاک مستەفا مەحموودی و کاک ڕەسووڵ شەریفی دەکەم که بۆ ساز کردنی ئەم فایل و کلیپه پڕبایخە ئەرکیان کێشاوه . عه رزی کاک مەنافیش دەکەم لە خوێندنەوەی سابڵاغی جاران دا دوو هەڵەی بچووکی تێدایه .
1ـ کاتێک دەگاتە گۆرانی مریەم سابڵاغی مریەمی به چەشنی فارسان (مەریەم) دەخوێنێتەوە .
2_شێعری مامۆستا هێمن کە دەخوێنێتەوە لە جیات چاوی جوانم نەدی (( تێر )) بە چاوانم دەفەڕموێ :
چاوی جوانم نەدی (( پڕ )) بە چاوانم .
سەڕکەوتنتان ئاواتەخوازم .
ئەسعەد بەرزەنجی
27/خاکەلێوەی/2722
کابان | KABAN
سابڵاغی جاران
نوسین : پەروانە ئەحمەدێن
خویندنەوەی: مەناف ئێران پەنا
دەنگ هەڵگر: رەسوڵ شەریفی
میکس : مستەفا مەحمودی
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٥٣
ڕاستە ورەمان دەدا بەیەک بەڵام لەقووڵایی دڵەوە دەمانزانی پێک گەیشتنی ئێمە زۆر ئەستەمە ، تەنیا تین و تەوەژمی خۆشەویستی نێوانمان بوو گوڵی بەخیز دەکرد .
ڕۆژ و حەوتوو و مانگ دوابەدوای یەکدا تێ دەپەڕین و خەم و دووری و ئازاری پێک نەگەیشتنی ئێمەش پێوانە نەدەکران ، هەردووکمان خەمبار و بێ دەسەڵات خۆمان دابووە دەست قەدەر و چارەنووس .
تەنیا هێڵی پەیوەندییمان تەلەفۆنی بەدزی بوو ، بەداخەوە براکانیشم لەسەر دڵی بابەحاجی بوون و پێیان خۆش نەبوو من و وەکاز بۆ یەک بین .
بابیشم لەو ناوەدا نەیدەزانی لای من بگرێت یان لای بابی ، ئەو کات گەورەی ماڵێ قسەی دەڕۆیی .
تەنیا پشت و پەنام و جێی ڕاز و نیازم دایکم بوو و زۆری وەکاز کەوتبووە بەردڵی و دەیگوت خەمێ مەخۆ قەڵەمی خودا بەکەس ڕەش نابێتەوە .
جارێکی کاک قادر و دادەناسکێ هاتن بۆ خوازبێنی و جارێکی دیکەش دایک و بابی ئەسرین هاتن ، بەڵام قسەی بابەحاجی یەک بوو و نەدەگۆڕا .
کاک قادر چووبوو شکوای هاویشتبووە بەر کەیخودا و گەورەپیاوەکانی ئاواییەکەی خۆی ، ئەوانیش هاتن بۆ لای بابەحاجی بەڵام بێ سوود بوو .
پاشی چوار مانگان وەکاز هاتەوە بۆ سابڵاغ لە سەر ئیزنی دایکم لەبەیانیەوە چوومە ماڵەکەی هەتا لای ئێوارێ ، چەندی شێوووەردمان داوە بە ئاکام نەدەگەیشتین .
لەکۆتاییدا وەکاز گوتی جارێکی دیکەش دێمەوە لای مامەحاجی ئەمجارەی دەستی ماچ دەکەم ، لەبەری دەپاڕێمەوە ، نیوەی سەروەت و سامانەکەمی بەقەڵەم و کاغەز بەناو دەکەم ، جا ئەگەر ڕازی بوو ئەوە باشە دەنا دوو ڕێگامان لەپێشە .
یان هەڵتدەگرم و دەتبەم لەتاران مارەت دەکەم یان دەبێ لەنێوان من و باپیرت یەکمان هەڵبژێری ، چونکە من چیدیکە بەرگەی ئەو شەڕەخۆتڕێنەی ناگرم .
سەیران قبووڵ بکە و لێم تێبگە من زۆرم بەدبەختی و بێکەسی و نەهامەتی دیتووە پێویستم بەحەسانەوەیە ، بەتەنیا و بێکەس ئەو بارە زۆر قورسە بۆ شانە لەرزۆکەکانی من .
ئەوە ئەو ڕۆژە بوو لێی دەترسام کە ڕۆژێک وەکاز مافی هەڵبژاردن بدات بەمن ، ئاخر نەوەی حاجی ساڵەی وا بەناز پەروەردە و پۆشتەوپەرداغ و تێروتەسەل بۆ ڕەدوو کەوتن دەبێ !
خۆ خەڵک هەر ڕواڵەتی ژیانی یەکتر دەبینن نازانن لەناخەوە ژیانی ئێمە مۆرکەی لێداوە ، بەو کردەوە دژی ئینسانییەی باپیرم ، هەموو کەس دەستی بۆ باپیرم بەسینگەوە دەگرت و دووقەد لەبەری دادەهاتنەوە .
وەکازیش مافی خۆی بوو خۆ نەدەکرا پاشماوەی تەمەنی چاوەڕوانی من بێت ، ئەویش پێویستی بەژن و ماڵ و ئاسوودەیی هەیە و تەمەنیشی بەرەوسەر هەڵکشاوە .
بەوەکازم گوت من هەردووکتان هەڵدەبژێرم ، وەکاز گوتی لەمەبەستت تێناگەم ، گوتم قەت ناهێڵم سەری بابەحاجیم لەناو کۆمەڵگادا شۆڕ بێ ،ڕەدووکەوتن لە من ناوەشێتەوە .
وەکاز گوتی دەی ئەوە بەئاشکرا دیارە باپیرت هەڵبژارد ، گوتم نا بەڵێن دەدەم لەتۆ بترازێ هیچ پیاوێک نەکەمە باخەوانی باخی سێوانم .
بەژین هی تۆم و بەمردن هی گڵ ، ئەگەر دایانم بەتۆ ئەوە باشە دەنا وەک دادەخانمێ دەبمە بووکی ژێر گڵ و مێرد لە من حەرام بێ .
وەکاز هیچ هیوایەکی لەقسەکانمدا بەدی نەدەکرد و دەیزانی من کچێک نیم ڕەدوو بکەوم ، هەرچۆنێکی بێ هەوڵی دا لەگەڵ بابەحاجی پێک بێت .
هات دەستی ماچ کرد گوتی بەنۆکەری خۆتم قبووڵ بکە ، گوتی هەرچی بووبێت لەنێوان و تۆ و خوشکم من مناڵ بوومە و تاوانی منی تێدانیە ، گوتی نیوەی سامانەکەم بەناوی خۆت و کوڕەکانت دەکەم ، گوتی سەیران بەختەوەر دەکەم ، گوتی چیدیکە بێکەسم مەکە جێی بابم بۆ بگرەوە پێویستم بەباوەشی گەرمی تۆیە ،...
بەڵام قسەی بابەحاجی وەک کلکی حوشتر بوو نەدرێژ دەبوو و نە کورت ، گوتی دایکم مرێ و بابم مرێ مەگین بەسەر کەلاکی مندا سەیران تێپەڕێ و بەبووکیت بۆ بێ دەنا هەتا من مابم بە لەبزی من دانایە بڵێم مێرد بەتۆ بکات .
بەشین و گریان و دڵ بەخەم دیسان دەستبەتاڵ وەکازم بەڕێ کردەوە بۆ تاران و ئەمجارە دەبوو خۆ بۆ دابڕانێکی هەتاهەتایی ئامادە بکەم .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
.
یادێک لە ئوستادی بێوەکی دەنگ و ئاواز.
5ی پووشپەڕ هاوکاتە لەگەڵ دواکۆچی ئوستادی مەقام و گۆرانیی کوردی، مرۆڤێکی لەدڵ نزیکی خۆشەویست حەسەن زیرەکی زۆر ژیر و زیرەک، ئینسانێکی زۆر بەئەمەک و هەست ناسک و ئەوینداری جوانییەکانی وڵاتەکەی، کەسێکی وشەزان کە هەرچەند خوێندەوار نەبوو بەڵام سەدان وشەی ڕەسەن و ناوازەی لەتۆی شێعری ئاوازەکانیدا پاراست،
پڕ بەدڵ خۆشمویست و خۆشم دەوێت،
بۆ ڕەنجەکانی کە لەدەست دەوران و ئێرەیی ناکەسان کێشای پەشێوم.
یادی لە دڵمایە هەروا کە لە دڵی هەموو کوردێکی دڵپاکی خاوەن هەست و لایەنگری مۆسیقای کوردیدا جێی گرتووە.
خودا ڕۆحی شاد بکات هەروا کە زۆر جار دڵی ئێمەی بە دەنگی بلاوێن و بێوەک و وێنەی خۆی شاد کرد.
محەمەد ناهید
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٥١
سەیران : دوای دیتنی دادەناسکێ و مێرد و منداڵەکەی هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو ، دەتگوت ساڵەهایساڵە ناسیومن هیچ نامۆییم لێ نەدەکردن .
دادەناسکێ نەک هەر لەلای وەکاز گەورە و خۆشەویستە بەڵکوو لای منیش زۆر خۆشەویستە و بەڵێن بێ ئەگەر لەگەڵ وەکاز بۆ یەک بین وەک خوشکێکی بچووک لە ئەمرووگوێی دەرنەچم .
دوای هاتنەوەم لە لای وەکاز و بنەماڵەکەی وەک مریشکی هێلکەکەر دەرووژوورم دەکرد حەجمینم نەمابوو نەمدەزانی چۆن ئەو قسەیە لەلای دایکم بدرکێنم ، ئاخیری دایکم گوتی سەیران دەزانم قسەیەکت پێیە و بیڵێ هەم خۆت ڕزگار بکە و هەم منیش .
گوتم جا تۆ چووزانی قسەم پێیە ؟ گوتی هەر دایکێک مناڵی خۆی نەناسێ دایک نیە ! کچم دایک نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سەعاتان دە زگ و پشتی خۆیدا هەڵگێڕوەڕگێڕی کردبی چۆن نازانێ کچەکەی چی لەناو دڵ دا ؟
گوتم ڕاست دەکەی دایە گیان بەڵام ئەوەی من لە ناو دڵمدایە دەترسێم ببێتە هۆی ناکۆکی و ناخۆشیی نێوانمان ، گوتی نا کچم دایک و ئەولاد وەک نینۆک و گۆشتن قەت لێک نابن ، جا ئێستا ئەو هەمووە شێر و ڕێویەم بۆ مەهێنەوە پێم بڵێ بزانم چت لە دڵدایە .
بەوردی و بە جوانی هەر هەموو شتێکم بۆ باس کرد و گوتم وەکازم خۆشدەوێ و لەو بترازێ هەر چی پیاوە لەمن حەرام بێ ، ئێستاش بەتەمایە بۆخۆی بێت و قسە لەگەڵ بابەحاجی بکات .
دایکم گوتی جا ئەگەر بۆخۆی دێتە لای بابەحاجی ئەو پرسەگورگانەیە بۆ بەمن دەکەی ؟ گوتم نا دایە گیان من حەدی وەم نیە پرسەگورگانە بەتۆ بکەم .
ئەگەر کەسێک مافی پرس پێ کردنی هەبێ بەر لە هەموو کەس تۆی ، یەکەم زێدی من ناوزگی تۆ بووە ، تۆ شەو و شەونخوونیت لەگەڵ کێشاوم ، تۆ ژانووژوورت کێشاوە بەمنەوە و ...
بۆیە بە تۆم گوت بۆ وەی پشتم بەرنەدەی و وەک چیایەکی بەرز پشتم پێت قایم بێ ، دایکم کە گوێی لەقسەکانم بوو گوتی ڕۆڵە گیان دایک چی بۆ لە هەموو شتێک گرینگترە لەو دونیایەدا لە بەختەوەری مناڵەکانی وەتر .
من بێ وەی کوڕەی ببینم و بیناسم لەدڵەوە بەو پەیوەندییەتان دڵخۆشم ، بەتایبەت کاتێک دەزانم باپیری تۆ چەندەی ناحەقی دەرحەق ئەو کوڕە و خوشکەکەی کردووە .
هیوادارم پەیوەندی نێوانتان ببێتە هۆی ئاشت بوونەوە و تەبایی و داهاتوویەکی خۆش چاوەڕوانتان بێت ، بەڵام بۆخۆت باش دەزانی بابە حاجیت یەک دەندە و عینادە ، هەر بۆیە دەبێ پێشتر قسە لەگەڵ بابت بکەم .
دایکم قسەی لەگەڵ بابم کردبوو ، لەقسان بابیشم بەو پەیوەندییە ڕازی بوو و پێی خۆش بوو ئاوێک بەو ئاگرە دابکرێت و وەکاز وەک ئەندامێکی بنەماڵەکەمان بێتە ئەژمار ، بەڵام بابەحاجی گەورەی ماڵێ بوو و کەس مافی بڕیاردانی نەبوو و ئەوەش دوودڵێکی زۆری لە لای هەموواندا بەدی هێنابوو .
وەکاز و دادەناسکێ زۆر بەپەلە بوون و بابیشم نەیدەوێرا باسی ئەو شتە لەلای بابەحاجی بکات و ئاگری کۆن بەبا بکات ،
ئێوارەیەک بێ ئاگاداری و پرسی کەس لە دەرگای ماڵمان درا ، کاتێک براکەم چوو دەرگای کردەوە وەکاز بەتەنیا هاتبوو بۆ لای بابەحاجی .
بابەحاجی بەدیتنی وەکاز گەشاوە و گوتی کوڕە غەریب وا دیارە جارێ هەر لێرە ماوی !!!
هەموومان بەسەرسووڕمانەوە چاومان تێیان بڕی ، ئایا بابەحاجی و وەکاز یەکتر دەناسن ؟ بەڵام دوایە زانیمان بەڕێبواری یەکتریان دیتووە و بابەحاجی ڕێی بەنزینخانەی پێ نیشان داوە و دوایەش خولێکی ناو بازاڕیان پێکەوە لێداوە .
بێدەنگێکی ناخۆش باڵی بەسەر ماڵمان داگرتبوو ، کەس زاتی نەدەکرد سرتەش بکات ، دوای ماوەیەکی زۆر وەکاز گوتی مام حاجی ئەوڕۆژەی باسی دوو برازات کرد گوتت لەمێژ ساڵە پەڕیوەی تاران بوون .
زۆریشت دوعا کرد خودا لە گوناح و تاوانەکانت خۆش بێ ، لەو ڕۆژەوە من فکر لە قسەکانت دەکەمەوە و پێم خۆشە بزانم چی تاوان و گوناحێکت لەگەڵ برازاکانت کردووە و بۆ ئەوەندە لە ڕۆژی لێ پرسینەوە لە بارەگای خوا دەترسێی ؟
بابەحاجی حەوت ڕەنگی هێناوبرد ، تەواوی جەستەی دەلەرزی ، پشووی سوار بوو و دەستی کرد بەکۆخینێکی بەتەوژم ،
دایکم دەسبەجێ شەربەتێکی ئەسکەنجەبینی بۆ هێنا ، دوای خواردنەوەی شەربەتەکە بابەحاجی هێندێک هێور بۆوە و بەغەزەبەوە چاوی لە چاوی وەکاز بڕی و گوتی جا ئەوە کێشەی بنەماڵەییە چی پەیوەندی بەڕەشووڕووتێکی بێگانەی دمڕووتی وەک تۆ داوە ؟
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
🔻چرا بعضیا با کوچکترین مسائل ناراحت میشن؟
شاید مسائلی که به نظر شما کوچیک هستن واسه اونا بزرگ و با ارزش باشند.
ممکنه مدت زیادی تحت آزار روانی قرار گرفته باشند و در موقعیت های اجتماعی بسیار حساس تر از دیگران باشند.
مدت بسیار زیادی احساساتشون رو سرکوب کردن و دیگه ظرفیتی برای نگه داشتنشون ندارند به همین خاطر سریع واکنش نشون میدن.
مدت زیادی همه چیز در زندگیشون درست پیش نرفته و امید زیادی دارن که دیگه همه چیز خوب پیش بره ، به همین خاطر با کوچکترین مشکلی به هم میریزن و گذشته براشون یادآوری میشه…
💡به سادگی آدما رو قضاوت نکنیم.
کابان | KABAN
👍👌قضاوت بر اساس دادههای درست ، همراه با انصاف و بیطرفی
کۆپی کردن و ڕاگوێستنی بابەتەکانی ئەم کاناڵە تەنیا بە هێنانی ناوی کابان وەک سەرچاوە ڕێگەپێدراوە❗️❕🙏
Читать полностью…🎥بینهر بن//
🔴 ڕێوڕەسمی ٩٩هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا محەممەد ماملێ لە مەهاباد
🔹بەشی دووهم و کۆتایی
١۴٠۳٫۰۴٫۰۳
🆔 @HajeMedia
🆔 @HajeNews
🆔 @HajeArts
تاقانەی خانمێ
بەشی ٤٩
وەکاز : لەدووری سەیران هەر ڕۆژێکم بەساڵێک تێدەپەڕی ، بەڵام دەبوو دان بەجەرگم داگرم هەتا دوای تاقیکارییەکەی .
لەوماوەیەی هاتبوومەوە تاران شەو و ڕۆژ ڕاوەستانم نەبوو ، بەڕۆژ خەریکی کار و ئاڵووێر بووم لەدووکان و ناوبازاڕ ، بەشەویش خەریکی ڕەنگ کردنی ژووری خەوەکەم .
دەمەویست سەیران بێتە ناو ماڵێک کە هیچ کەمووکەسرێکی تێدا نەبێ ، بەبێ ئەوەی هەست پێ بکات مەبەستم چیە لەنێوان قساندا لێم پرسیبوو پێی خۆشە ژووری خەوتنەکەی چۆن بێت .
بەوشێوەیە حیسابم هاتبووە دەستی و بڕیارم دابوو بەپێی ویستی وی ماڵەکە بڕازێنمەوە ، دادەناسکێ لێرەشدا دلۆڤانی گەیاندە تروپک و یاریدەدەرێکی باش بوو لە هەڵبژاردنی شەتوومەکی پێویست بۆ ژووری خەوتنمان .
هەموو شتێک بەپێی بەرنامە و پلانی داڕێشتراوم دەچووە پێش ، تەنیا شتێک کە لەناخمەوە ئازاری دەدام دەردی بێکەسی بوو .
بیرم دەکردەوە منی بێ دایک و باب و بێ کەسووکار کێم هەیە داوەتم بۆ خۆش بکات ، کێ بووکێ زێڕوەشان بکات ، کێ برازاوا بێ و پشتێندی بووکێ ببەستێ ؟
بەڕاستی بێکەسی بڕستی لێ بڕیبووم ، دادەناسکێ دەیگوت گرینگ ئەوەیە ئێوە بۆ یەک بن بەڵام ئینسان هەر جارێک ژن دێنێ و مێرد دەکا ، ئەوەش ئاواتی هەموو گەنجێکە داوەتێکی بێ وێنە و پڕ لەبیرەوەریی خۆشی هەبێت .
لە داهاتوودا لەڕووی هەڵبێ بۆ مناڵەکانی باس بکات چۆن دایکیان گوازراوەتەوە ، ئەمجا ئەگەر بۆ من گرینگ نەبێ کێ دەڵێ بۆ سەیران گرینگ نیە لەناو ئەو هەمووە چاووچاولێکەرییەی خۆی خزاندووەتە ناو داب و نەریتی کوردەوارییەوە بەبێکەسی بگوێزێتەوە .
دادەناسکێ دەیگوت لەخۆوە ئەوەت بۆخۆت کردووە بە کێشەیەکی گەورە ، ئەگەر سەیرانت بدەنێ خۆ بێگانە نین کەسی سەیران کەسی تۆشن .
ڕاستە من سەیرانم لەگلێنەی هەردوو چاوم زۆرتر خۆشدەوێ
بەڵام لەوە دڵنیام قەت ناتوانم کەسی وی بەکەسی خۆم بزانم دوای ئەو هەمووە ئەتکەی بەئێمەیان کردبوو .
ئەوەشم قبووڵە کە دەڵێن ئەو چێژەی لە لێبووردندا هەیە لەتۆڵەدا نیە ، بەڵام هێندێک تاوان هەن بۆ لێبووردن نابن ، ئەوەی بەمن و بەخوشکە هەناسەساردەکەم کرابوو یەکێک بوون لەو تاوانانە بەهیچ قەرەبوو نەدەکرانەوە .
هیوادارم لەداهاتوودا ئەو کێشەیە نەبێتە هۆی ساردیی نێوانی من و سەیران و کێشەی گەورەتری لێ نەکەوێتەوە .
سەیران هەواڵی پێدام کە لە تاقیکارییەکەی سەرکەوتووە ، زۆرم پێ خۆش بوو بەڵام هەتا لەناردنە خوازبێنیەکە نزیکتر دەبوومەوە ترس و دڵەڕاوکێم زیادتر دەبوو .
دەمگوت کێ دەڵێ سەیرانم دەدەنێ ؟ ئەدی ئەگەر ڕازی نەبوون لەگەڵ سەیران ببین بەئی یەک قوڕی کوێ وەسەر بکەم ، من بێ سەیران شەوم لێ ڕۆژ نابێتەوە ، ئای چۆن خۆشەویستی نەوەی دوژمنەکەم لەدڵمدا ئاگری تۆڵەی کوژاندەوە و بەئاگری ئەوینی وەک پشکۆ دەمسووتێنێ !
ئەوهەستە چەندە جوان و پیرۆزە بەچەکەرە کردنی لە ناو دڵدا دڕک و داڵیش دەبنە گوڵزار ، سەیرە من پێشتر ئەو هەمووە جوانییەم لەو کچەدا نەدیتبوو ! وابزانم دووکەڵی ئاگری تۆڵە نەک هەر دڵی ڕەش و قورماوی کردبووم تەنانەت حوکمی چاویشم لە کەمی دابوو .
دادەناسکێ پێی خۆش بوو بەپێی داب و نەریتی کوردەواری پێشدا بۆخۆی بچێتە لای دایکی سەیران بۆوەی بزانێ تامی زاریان چۆنە ، بەڵام من دادەناسکێم ئەوەندە بەلاوە گەورە بوو ئامادە بووم واز لەو خۆشەویستیە بێنم بۆ وەی بێ ڕێزی بەو نەکرێت .
دەترسام ئەگەر ئەو بچێت مامم دەری بکات ئەو کات قەت خۆم نەدەبەخشی ، لەلایەکی دیکەش بەدڵ پێم خۆش بوو بۆخۆم لەگەڵ مامم ڕووبەڕوو بم و قسە و هەڵوێستی ببینم و ببیسم .
دادەناسکێ و کاک قادر بوون بەهاوڕێی سەفەری ئەمجارەم بەڵام بەمەرجێک هەتا خۆم ئیزنیان پێ نەدەم خۆیان بەماڵی مامم نیشان نەدەن ، دامنابوو دوای وەی قسەمان کرد و ڕازی بوون سەیران مێردم پێ بکات جا ئەوان وەک برا و خوشکی زاوا قسە لەمارەیی و شیربایی و زێڕ و جلکی بووکێ بکەن .
بەدڵێکی خۆش و پڕ لەهیواوە گەیشتینە سابڵاغ و چووینە خانووەکەی بەکرێم گرتبوو و دوای خەو و خواردن و حەسانەوەیەکی دوو ڕۆژی ، کاک قادر چاوساغمان بوو و هەموو سندووس و شاروێرانی پێ کردین .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
🔴نمایشگاه تخصصی هنرهای چوبی
➖۴ الی ۶ تیر، خانه ١٣٣٠ مهاباد، ٩ صبح الی ١٠ شب
١۴٠٣٫٠۴٫٠٢
🆔 @HajeNews
🌹 دڵنووسێک بۆ ٧ی پووشپەڕ
✍️ فەرەیدوون حەکیمزاده
شاری سەردەشت وەک یەکەمین شاری شیمیایی لێدراوی دونیا، سی و حەوت ساڵە لەگەڵ مەرگ و کۆخە و نەخۆشی بەرامبەرە. ئەو کارە قێزەونە تا هەنووکەش لەسەر هەست و نەستی دانیشتوانی ئەو شارە شوێنی نەرێنی داناوە.
٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی ڕۆژێکی نەگریس و ناخۆش لە ڕۆژمێری خەڵکی سەردەشتدا بوو. کاتژمێر ٤و٢٥ خولێک، فڕۆکەکانی ڕژیمی بەحس شاری سەردەشت و گووندی ڕەشەهەرمێ وەبەر ڕهێڵەی بۆمبی شیمیایی گازی خەردەل و موستارد دەدەن.
ئەو کارەساتە سەدان شەهید و زامداری لێکەوتەوە و زۆر بنەماڵە خەساریان بە خۆوە دیت.
ئەو ڕۆژە ناخۆشانە بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە ڕۆژانێکی زۆر ناخۆش بوو کە ئەگەر گەلی کورد خاوەن خان و خوانێک بان، ئەوڕۆ شاهیدی شارێکی دەرخوردی خەڵکی سەردەشت دەبووین.
▶️نووسەران بە نووسراوە و شاعیران بە شێعر و هونەرمەندان بە سرود و وتن لەو کارەساتە دواون، ئەو نووسراوەی دەیبیسن دڵنووسی فەرەیدوون حەکیمزادەیە. فەرموون با گوێ بیسی بین.
س ؛ ڕۆژنامە
کابان | KABAN
سڵاوو ڕێز
کاکی بەڕێز
هەربژی بۆ پێنوس و ڕێنوس وهەستی گەرمو بێخەوشی کوردانەو سابڵاغیانەو ڕەسەنت،
ئازیز داخەکەم ، ڕۆژگاری خۆش و پاک وخاوێن وکوردانەو مەردانەی سابڵاغ و سابڵاغیان
نەماوە ، لەڕۆژگاری پێشودا بەرلەوەی بەهۆی پروپاگەندو تەبلیغاتی بانک و وام ،کۆکردنەوەی ماڵ وسامان وڕاکێشانی خانوبەرەی گەورەو دونهۆم وسێ نهۆم،بەر لەداهاتنی
دیەو بیمە (بەمانای فێڵ وتەڵەکەو دۆشینی گەل)( نەک بیمەی بەڕاستی)، ئەوکات کە نەداری وهەژاری شورەیی وعەیب وسەر شۆڕی نەبوو، ئەو دەورەیەی هەموو خانۆکان حەوشەوحەساری گەورەیان هەبوو،دەرکە بەڕووی هەموکەس دا ئاواڵەبوو، میوان خۆشەویست ومیوانداری سوک وسادەو هاسان بوو، دەرودراوسێ،کاتی شێوخواردن بە مەنجەڵە شۆرباوەوە ،بەکەوڵەنانەوە بێ هەواڵ پێدان ،دەستیان دەبەر سەردەرانەی دەرکەی تەختەی ماڵان دەناو بەوردو درشتەوە ،بەقاقاو پێکەنین ،مەنجەڵە شۆرباوەکەیان لەسەر کورسێکە دادەناو هەتا شەو شەق دەبو لەبەر فتیلە وچرای نمرە 7،یافانۆس وگڕسۆز دادەنیشتن وبێ پاشملەوێژی(غەیبەت) وتووێژیان دەکردو منداڵی ماندو لە کایەی ڕۆژانە هەرکام بەلایک دا دەکەوتن ودەنوستن ،وبەباوەش وبەکۆڵێ دەیان بردنەوە، ئەو ڕۆژانەی سابڵاغیان ،دەقرچەقرچی گەرمای نیوەڕۆیەدا بۆ نوێژی نیوەڕۆیەو نیوەڕۆژە(نەهار)خواردن ،مەڕمەڕشایان بەسەر تەلیسە برنج ولپەونیسک ونۆک وماش وبڕوێش وقەندوچا دا دەداو دەچونەوە، دڵنیا بوون کەس وێیان ناکەوێ وێشیان نەدەکەوتن، یا پاش نوێژی ئێوارێ
دوکانەکان دادەخران وبەرەو باغی مکایل وگڕاوان وپردی سوروقۆپی مەولەوی،سێ کانیان و هەوارگە بەدیمەن وسەرسەوزە فێنکەکانی دەوروبەر ،بەتایبەت کانی شێخان وخەزایی وقوڵقوڵاغ وپردی سوور و.....دەڕۆیشتن، ئەوکات کە دەنگخۆشەکانی ئەوڕۆژە هەربۆدڵخۆشی خۆیان وهاواڵان کۆڕو کۆبونەوەکانیان
بەدەنگی خۆشی مەردانە و بەهەواوگۆرانی موکریانی وبەندو
باوی کۆنی مێژوویی
گەرم دەکردو دەڕازاندەوە، یا ئەوکات کە نەزمیەو عەدلیە لەناو شار کەمڕەنگ وبێڕەنگ بون ،وەپیروبەساڵاچوەکانی گەڕەکەکان کوێخاو خاوەن بیروڕابوون و لەناو خەڵک دا ڕێزی تایبەتیان هەبوو، بێ هێزوچەک ،هەربەزبان ئاوری شەڕو ناکۆکی نێوان خەڵکی گەڕەک وناوشاریان دەکوژاندەوە،یا دایامین دایکی هەمو منداڵی گەڕەک بوو، یاخاڵە دەروێش هەمیشە گیرفانی پڕ مێوژو لەب لەبی بوو ،وە هەمو منداڵانی بەچاوی نەوەکانی دەنواڕی ومست مست بەشی هەموانی دەدا،یا خەڵکی کۆڵان لەپێشدا سواغی سەربانی ماڵە هەتیوەکانیان وەپێش ماڵە خۆیان دەخست ،ڕابرد،
بەداخەوە ئەوڕۆ باس هەرباسی پوڵ وپارەوبەرتیل دان وبەرتیل خواردن وپێشێل کردنی ڕەوا(حەق،ماف)وپەرەپێدانی کارەساتە،کارەساتەو کارەسات،
ئەگەر ئەوخوشکە بەڕێزە خامەڕەنگینە بەئەزمونە سابڵاغیە بەڕێزەمان کەباسی سابڵاغی جارانی کردوە ،وەئەوە دیاردەی دڵپاکی ودڵسۆزی بەڕێزیانە،وبنەماڵەکەیان هەر لەکۆنەوە بۆ گەشەوپەرەی شارەکەمان زۆر تێ کۆشاون،وەکو ناوەکەی خۆیان ،بەسەرشاردا بگەڕێ ودەورێ لێدا دەبینێ ،ئەی هاوار سابڵاغ بۆئاوای بەسەر هاتووە، ،
بالەبیرمان نەچێ مەهاباد هەتا
سابڵاغ بوو :شارێکی چوکی شادوئاوەدان وڕنگین سەنگین وپڕ لەکەسانی دڵسۆزو مەردو ڕەندو ئازاو بەجەرگ ودڵسۆزو دڵاواڵە وڕێزدارو بەبڕوا بوو،
وێژەو ئەدەب وشیعر وشاعرانی ئەوکات ڕێگای دروستی کوردایەتی ومەرداتی وچاکی وپاکی یان دەنواند، هۆنەر هونەرەکەی لەخزمەتی گەل ونەتەوەدابوو،
چایخانەکان جێ کۆبونەوەی خێرخوازان ومزگەوتوتەکیە
جێی خواناسی وبڕیاری مرۆانە بون،
بەڵام پاش ئەوەی ڕژیمی پاشایەتی ،لە ڕواڵەتدا بۆ ئاوەدانی ولەبنەوەدا بۆ تێکدانی ڕایەڵ وپۆی گەڕەکەکانی سابڵاغ ولێک بڵاوکردنی دانیشتوانی کۆڵانەکان و هاوپێوەندی دانیشتوانی بەلێدانی شەقام وخەیابان لێک پچکڕاندو لەهەموولاوە خەڵکی لاوەکی تێخزاند،ئەوبیروڕاوهاوپێوەندی ویەکەتی ودڵسۆزیە نەما، بەتایبەت بەدانی وام و رەهن ی
خانو ،وە قەرزدارکردنی خەڵک وقیستی بانکی، کەس هۆشی نەماو هەر دەفکروبیری وام وەرگرتن وخانووبەرە سازی و کڕین وفرۆش کەوتن، خۆ بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرو مواد مخدر و.....ڕێگای بۆ دورخستنەوەی خەڵک لێکتر و،
پەرەپێدانی نالەباری خۆش کرد، سابڵاغ بووە لێڕەوارودارستان وجەنگەڵ،بووە ئەوەی ئێستا دەبیندرێ، کەس ئاگای لەکەس نیە، شەیتانی،شۆفاری، سود خواردن، درۆ ،مافی خەڵک پێشێل کردن،کڵاوبازی،ئاکاری ناشایست،،،ناحەزی ونالەباری خۆیان لەدەس داوە،هەر وەسەر یەک نانەو بەس،
شا ژنە بەجەرگ وکوردی پۆشە کان،بونە ئەفسانە، شارپڕە لەپۆشاکی بێگانە،کوڕوکاڵ دەبیری لایی کێشان(پێبڕکەی ماشێن)دان،
پیرەکان لەفکری نان،ساماندارەکان ئارەزوی ڕیزەئاپاڕتمان، گەنجەکان تێ دەکۆشن بڕۆنە هەندەران،
....بڵێم چی ؟ چم دی؟ چم نەدی؟!
ببورن کاتم بەفیڕۆدان .
لەگەڵ ڕێز ؛ حەسەن شەریفی
سابڵاغ (مەهاباد)١٤٠٣/٠٤/٢
کابان | KABAN
ڕا و بۆچوونی ڕێزداران کاک ئەسعەد بەرزەنجی و کاک حەسەن شەریفی لە ڕاست ئەو دوو بابەتە
👇👇
حهسرهتێك و وهڵامێك
نووسین: پهروانه ئهحمهدین
دهنگ: مهناف ئێران پهنا
س؛ ڕادۆبەش
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٥٢
بابەحاجی زۆر توڕە بوو بەڵام وەکاز بەلەسەرەخۆیی و بوێرانە چاوی لە چاوەکانی بابەحاجی بڕیبوو و چاوەڕێی وەڵام بوو .
وەکاز گوتی مام حاجی ڕاستە من لە کوردستان نەژیاوم بەڵام دەزانم لەکوردەواریدا ڕێزی میوان لەسەرووی هەموو شتێکە و دەڵێن ماڵی بێ میوان بەقوڕ گیرێ یان میوان ئازیزی خودایە ، واوێدەچێ وێڕای ئەو تاوانانەی بەرانبەر خوێن و گۆشتی خۆت واتە برازاکانت کردووتە لە دابووکلتوری کوردەواریشدا زۆر وەدوا کەوتووی .
بابەحاجی یەک بەو ماڵە نەڕاندی گوتی تۆ کێی هاتووی لەناو ماڵ و لای بنەماڵەی خۆم بەو شێوەیە زماندرێژی دەکەی ؟ وەکاز گوتی ئەدی بۆ دەڵێن خوێن نابێ بەئاو ، خوێنت بۆ برازاکەت وەجووڵە نەکەوت ، من وەکازم وەکاز برازای لە پشتێت چۆن نامناسی ؟
بابەحاجی گوتی من برازام نیە برازام هەبا لەبەر ئەنوای خۆمدا پەروەردە دەبوون ، لەو کاتەوە خوشکەبەڕەڵاکەت ماڵی تێکنا و پەنای بۆ بێگانەیەک برد و بە زۆرەملی ماڵ و سامانی براکەمی داگیر کرد من حاشام لە بوونتان کردووە .
وەکاز گوتی مام حاجی لەخودا بێتەوە ئیزن نادەم کەس بێ ڕێزی بەخوشکی من بکات ئێستاش یەکەم و کۆتا جار بێ ناوی خوشکی من بەبێ ڕێزی دێنی ، خۆشکێک کە هەتا مرد ناوی ئێوەی بەخراب نەهێنا ، خوشکێک کە دوای مردنی زانیم خوشکمە و ڕۆڵی دایکێکی دڵسۆزی لەژیانمدا گێڕا ، خوشکێک کە پێچووکەی سپی هۆندەوە و بەکچێنی سەری ناوە زۆر لەوەی پیرۆزترە تۆ بێ ڕێزی پێ بکەی .
ئێستاش بەهاوار هاوار و هەڕەشە و گوڕەشە و خۆ گیف کردن ئەوەی ڕۆیی ناگەڕێتەوە ، هەر ئەوەندە کە شەو و ڕۆژ لە ترسی دادگایی خودا ئاراوقارات لێ هەڵگیراوە بۆخۆی گەورەترین ئازارە ، بۆ شەڕ و ناکۆکی و خوای نەکەرانێ دۆستایەتی ڕووم لە ماڵت نەکردووە .
بۆ وەش نەهاتووم تازە ببی بە خوێنهەسێن و پشت و پەنام و جێگری بابم و دەستی بابانەت بەسەر سەرم دابێنی ، من هاتووم داوای کچەکەتان دەکەم و چی چاوەڕوانی و داوایەکتان لەکابرایەکی بێگانە هەیە و چی شەرتوومەرجێکم بۆ دادەنێن بێ منەت بن .
بابەحاجی گوتی من کچم نیە بۆ بەمێرد دان حەوت کچیشم هەبا نەمدەدا بەتۆ ، چۆن خوشکی تۆ پێی شەرم بوو مێرد بەکوڕی من بکات منیش بەخزمایەتی ئێوەم شەرمە .
نەمدەویست هێرش بکەمە سەر کوڕێکی نەخۆشی بێ دەسەڵات کە بەستەزمانە کە لە سووچێکی ژوورەکە لەدونیای خۆیدا بوو و چاک و خرابی بۆ لێک نەدەبۆوە ، بەڵام بەخۆم نەوەستام گوتم ڕەبی حاجی بە کەشیدەکەت بخینکێی چۆن ویژدانت ئیزنی پێ دەدای ئەو خوشکە جوان و چاک و تێگەیشتووەی من لەو کوڕەت مارە بکەی ؟
گوتی جا چی بوو کەس کەسی چاک بێ هەر لەڕێی خودا دا کاری وا دەکا ، بەتەشەرەوە گوتم وەباڵ بەئەستۆم ڕاست دەکەی هەر بەو شێوەیەی کەتۆش لەڕێی خودا دا نەتهێشت دوو مناڵی بێ دایک و باب هەڵوەدا بن !
زۆر هات و هاوار کرا باسی چاک و خراب کرا ، مام حاجی سوار بوو و وەکاز پیادە بەهیچ جۆرێک ملی نەدەدا و دوایین قسەی ئەوە بوو هەتا من مابم مەسڵەت لەگەڵ برازاکانم ناکەم و تەواو .
کچێکیش بڵێ مێرد بەو کوڕەی دەکەم وەک سەگ بەلەعنەتی دەکەم و بۆ هەتاهەتایە حاشای لێ دەکەم .
وەکاز بەدڵێکی بەخەمەوە بێ ماڵئاوایی هەستا ڕۆیی ، ئەو شەوە ماڵی ئێمە دەتگوت مەیدانی شەڕی براکوژییە و هەر یەکەو قسەیەکی دەکرد ، تەنیا کەسێک کە بێدەنگ بوو و ئاگای لە دونیا نەبوو مامە فەقیر و داماوەکەم بوو کە جارجار بەدەنگی بەرز پێدەکەنی و خۆی ڕادەژاند .
من بە لێقەوماوی و نامرادییەوە چوومە ژوورەکەی خۆم و هەتا بەیانی فرمێسکم بۆ خۆم و بۆ داهاتووە نادیار و پڕ لە کێشەکەم هەڵڕشت ، دەمزانی کەس ناتوانێ کاریگەری هەبێ لەسەر بڕیاری بابەحاجی و قسە هەر قسەی خویەتی .
حەوتوویەک دوایە وەکاز و بنەماڵەکەی گەڕانەوە بۆ تاران بەڵام بەر لە ڕۆیشتنەوەیان من و وەکاز دووبارە عەهد و بەڵێنی خۆمان نوێ کردەوە ، و گوتمان بۆ گەیشتن بەیەک هەنگاومان زۆر تیژتر و بەگوڕتر لە پێشوو دەکەین و بەستەڵەکی سەر رێگای بەختەوەرییمان بەیەکەوە دەتوێنینەوە .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
🎥ببینید//
🔹همزمان با برپایی نمایشگاه تخصصی هنرهای چوبی؛
🔴از کتاب هنرمند مهابادی رونمایی شد
١۴٠۳٫۰۴٫۰۵
🆔 @HajeMedia
🆔 @HajeNews
بیری ئازادی
لە ڕێگا، یەکێک لە سەربازەکان بە پێکەنینەوە وتی: بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە کە دەچین، دەرفەتێکی باشیان بۆت ڕەخساندووە.
لە قسەکەی تێ نەگەیشتم! کام دەرفەت؟ جا کارەسات لەوەش تاڵتر دەبێت؟ لە وڵاتی غەریب حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بە سەرتا بسەپێنن!؟
ئەو زیندانە تەنیا تایبەت بەوانە بوو کە سزایان، زیندانی هەتاهەتایی بوو. بۆیە کەس باسی ئازادی نەدەکرد. جۆرێک لە ژیان بوو کە هەر ساتێک مەرگێکی تێدا تاقی دەکرایەوە.
پاش چەند ڕۆژ تازە زانیم مەبەست لە دەرفەت چییە. لەو شارەدا نەریتێک هەبوو کە شێوەی یاسای بە خۆیەوە گرتبوو. هەرچەند مانگ جارێک، بەپێی پشکخستنی بەرپرسانی زیندان، یەکێکیان هەڵدەبژارد. دیانبردە سەربانی بەندیخانە. خەڵکی شاریش کە پێشتر ئاگادار کرابوون، بە گەورە و بچووک، ژن و پیاو، ڕووناکبیر و ڕەمەکی... هەموو دەهاتن. ئەو کەسە نیوکاتژمێر مەودای هەبوو کە وتارێک پێشکەش بەو خەڵکە بکات. جا ئەگەر خەڵک وتارەکەیان وەبەر دڵ کەوتبا، دەیانکرد بە چەپڵەڕێزان. واتە لە لایەن کۆمەڵگاوە بەخشراویت و ئازادی. دەنا ئەو تەنیا دەرفەتەش بۆ هەتاهەتایە دەبوو بە هیچ. تۆ کە جارێک لە لایەن دەستەڵاتەوە سزا دراوێت، ئەگەر جاری دووهەم لە لایەن خەڵکیشەوە تاوانبار بکریت، واتە دەردەکەت لێ دەبێت بە دوو.
ڕۆژانی هەوەڵ لەچەند کەسێک کە ساڵانی ڕابردوو، دەست لە گۆچان درێژتر لە سەربان گەڕابوونەوە، پرسیارم کرد، بەڵام تەنیا زەردەخەنەیەکی تاڵیان پێشکەشم کرد! ئاخۆ باسی چییان کردووە؟ چۆنیان باس کردووە؟ گریاون؟ پاڕاونەتەوە؟ هاواریان کردووە؟ ئەو خەڵکە بە چی ڕازی دەبن کە ئەو ئازادیەت پێ ببەخشن؟؟؟
دەیانگۆت لە ڕابردوودا چەند کەسێک توانیویانە ئازاد بن. بەڵام وەکوو ئەفسانە دەهاتە بەر گوێ. لانیکەم هەتا نۆ ساڵ، ئازادی وەکوو پڵاوی خانەقا هەر ناوەکەی بوو. کەس تامخوای نەکرد. ئەو نۆ ساڵە بە شەو و بە ڕوژ بیرم لێ دەکردەوە. ئاخۆ ئەوە ناوی دەرفەتە یان ئەشکەنجە؟ چاوەڕێ بوون، خۆی ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ تۆ یەکجار مافی قسەکردنت هەیە ئەویش کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ کابرا بە لاوی هاتۆتە زیندان، ئێستا پیر و کوێر، بە لێو قەبرەوە دەلەرزێ، تازە ئازادی بۆچییە؟ ئاخۆ ئەوە ئەشکەنجە نییە کە کابرا هاودەنگ و هاودەردی تۆیە و لەلات دانیشتووە بەڵام حەز بە ئازادی تۆ ناکات؟ ئەشکەنجە نییە کە هەرکەس وادەزانێت ڕازی ئازادی تەنیا لای خۆیە و باقی سەرلێشێواون و ئازادیەکەشی تەنیا بۆ خۆی دەوێت؟ ئاخۆ خەڵکی شار بۆ قسە و هاواری تۆ، وەکوو بەزمێک بۆ ڕابواردن ناڕوانن؟ ئازادی تۆ ئەسیری چەپڵەی ئەوانەوە؟ بۆ دەبێ کارت بکەوێتە لای کەسانێک کە باسی ئازادی و گوێزژماردن بەلایانەوە یەکێکە؟ سواڵی ئازادی مانای هەیە؟
ڕۆژێک وتیان دوو کاتژمێری دیکە حازر بە. تۆ هەڵبژاردەی ئەمجارەی. خەڵک چاوەڕوانن.
هیچ دڵەڕاوکەم نەبوو. حازر و ئامادە بووم. لە پاش نۆ ساڵ بیرکردنەوە لەخۆم، لە کۆمەڵگا، لە ئازادی، من وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەم دەزانی.
دوو سەرباز منیان بردە سەربان و تەنیا لەبەرانبەر بەو خەڵکە بەجێیان هێشتم. قنج و قیت ڕاوێستا بووم و سەیری ئەو خەڵکەم دەکرد. یەکێک هاواری کرد: دا دوو قسەی خۆشمان بۆ بگێڕەوە، با تۆزێ پێبکەنین. یەکێکی دیکە بە قاقاوە وتی برا بێتاوانەکەم، دەزانم دایکی پیرت چاوەڕێتە، ئەگەر هەتا ئێستا نەمردبێت! ئەوی دیکە وتی: جا ژن و منداڵت تاوانیان چییە؟ تۆ ئەوانیشت بەدبەخت کردووە. ژنێکی زەردئەسمەری، سینگ و بەرۆکی خۆی ئاوەڵا کردبوو. هاواری دەکرد: بۆ ئێرە بڕوانە....
بەڵام من بێدەنگ لە بێستنی ئەو هەموو قسانە کە هیچیان بۆم گرینگ نەبوو، تەنیا بۆ ئەو خەڵکەم دەڕوانی. زۆریان ڕست و کەمم بیست. ئاخرەکەی یەکێک وتی براگیان بۆ هیچ قسەیەکمان بۆ ناکەی؟ خۆ تۆ تازە هاتوویت... جەماوەر بێدەنگ بوون.زۆر لەسەرەخۆ ڕووم کردە خەڵکەکەو وتم: من لەسەر داخوازی خۆم لێرە نیم. بەرپرسانی زیندان بۆ خۆیان منیان هەڵبژاردووە. دەنا من قسەیەکم نییە کە ئێوە پێی کەیفخۆش بن.من لەم زیندانەدا ڕازی بەختەوەریم دەستخستووە. من لە ئێوە ئازادترم. ئێستاش کە منیان هێناوە، تەنیا تکام ئەوەیە، مەرد بن و ئەو بەختەوەریەم لێ تێک مەدەن. من لێرەدا بە ئاواتی خۆم گەیشتووم...
پاش چەند چرکە،لەو بێدەنگیەدا،دەنگی چەپڵەیەک و دوان و دە و سەدان چەپلە بەرزەوەبوو. من هەر دەمڕوانی...
کە هاتمە خوارەوە، وتیان: لە ئێستا بەولاوە تۆ ئازادی....
دینۆ بوتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)
خوێنەری خاوەنبیر؛
ئەو پیاوە بە هۆی بیڕکردنەوەی قووڵ، لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی تێ گەیشت.زانی کە ئازادی لە پێشدا لە دەروونەوە چەکەرە دێنێت. کاتێک کە تۆ زاڵ دەبی بە سەر دەروونی خۆتدا. نە گاڵتە و نە چەپڵەی خەڵک کار ناکاتە سەر ویست و ئیرادەت. بە پێچەوانەی ئەو چەند کەسەی پاڵ دیوار، کە ئازادییان بە قاقای بڵحانە و قسەی سووک دەزانی، یان ئەو ژنە کە ئازادی لە ڕووت بوونەوەدا دەدیت...
عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٤/٠٢
کابان | KABAN
تاقانەی خانمێ
بەشی ٥٠
دوای سەفەر و سەیران و گەڕانێکی پڕ لەشادی کە گەڕاینەوە بۆ سابڵاغ دادەناسکێ گوتی وەکاز گیان نە تۆ لە داب و ڕوسمی کوردەواری شارەزای و نە ئەو کچەش بەوتەمەنە ئەزموونی هەیە .
من وام پێ باشە بەرلەوەی بچی بۆ ماڵیان سەیران بێتە ئێرە من قسەی لەگەڵ بکەم و هێندێک ڕێ و شوێنی پێشان بدەم ، بە تیرێک لە دوو نیشانان دەدەین با بیشیبینم بزانم ئەو فەڕوخلوقایە کێیە وا برا جوانەکەی منی شێت و شەیدای خۆی کردووە .
لەسەر قسە و ویستی دادەناسکێ داوام لەسەیران کرد بێتە ماڵمان ، گوتی پێم عەیبە و لەڕووم هەڵنایە ، گوتم جا درەنگ یان زوو دەبێ کاک قادر و دادەناسکێ ببینی .
ئەمجا خۆ کارێکی دژەیاسایی ناکەین یەکترمان خۆش دەوێ و دەبین بە ژن و مێرد ، لەشەرمان کوڵمەکانی دیسان وەک سێوەلاسوورە سوور هەڵگەڕان ، چەندەم ئەو شەرم و حەیایە لەو کچەدا پێ جوان بوو و وەک مۆم منی دەتواندەوە و لەسەر ویستی پێگەیشتنی سوورتر دەبووم .
هەرچۆنێکی بوو سەیرانم ڕازی کرد بێتە لای دادەناسکێ ، پاش نیوڕۆ بەجلێکی کوردی جوانەوە هات بۆ ماڵمان ، یەکەم جار بوو بەجلی کوردییەوە دەمدیت ، بە دیتنی ئەو هەمووە جوانییە نوتقم بەسرابوو .
دادەناسکێش بەدیتنی سەرسام بوو ، کاک قادر بەگەرمووگوڕی بەخێراتنی کرد و گوتی ناسکێ گیان من سێبەر دەبەمە دووکان بۆوەی ڕێی قسەتان لێ نەگرێ ، بەبیانووی سێبەر ڕۆیشت و ئێمەی بەجێ هێشت .
زۆر جار بیرم لە کردەوە و هەڵسووکەوتی کاک قادرێکی نەخوێندەوار دەکردەوە ، دەمگوت ئەوە باوەشی چی دایکێکی تێگەیشتوو قوتابخانەی ئەو هەمووە پاکی و تێگەیشتنە بووە بۆی .
هەمیشە خۆم بەقەرزداری گەورەیی ئەو پیاوە مەزنە دەزانم و هەتا ماوم سەری ڕێز و حورمەتی بۆ دادەنوێنم ، زۆر شتی لێ فێر بووم لەو ماوەیەدا کەهاتووەتە ناو ژیانمەوە .
دەڵێم برای گەورەمە بەڵام جێی بابی بۆ من گرتووەتەوە ،بەڕاستی بوونی کاک قادر لەناو ژیانمدا بێ باوکی بۆ قەرەبوو کردوومەتەوە .
دوای ڕۆیشتنی کاک قادر دادەناسکێ گوتی سەیران گیان دیارە تۆ و وەکاز دڵتان پێکەوەیە و ساغ بوونەتەوە لە سەر وەی بناغەی ژیانتان بەدووقۆڵی دابنێن ، ڕاستە وەکاز کوڕی چاکە و دەستڕۆیوە و من کەفیلم ناهێڵێ لە هیچت کەم بێ .
بەڵام بەقوربان هەر وا بێ پرسووڕای دایک و باب کەس ناچێتە سەر بەڕەی کەس بۆ خوازبێنی ، وا باشە قسان لەگەڵ دایکت بکەی بۆ وەی بنەماڵەکەت پێ بزانن و دوایە تووشی گێرە و کێشە نەبن .
بە پێی دابی کوردەواری دەبوو پێشەکی یەک دوو ژن هاتبان و قسەیان لەگەڵ دایکت کردبا ، بەداخەوە ئێمە کەسمان نیە بینێرینە خزمەت دایکت ، بۆخۆشم پێم خۆش بوو بێم بەڵام وەکاز ڕازی نیە و دەیەوێ بۆخۆی یەکەم هەنگاو باوێت و لەگەڵ مامی قسان بکات .
سەیران گوتی چۆنتان پێ باشە من وادەکەم ، منیش پێم خۆش نیە تۆ بێی خودانەخواستە بێ ڕێزییەک بەتۆ بکرێ دەبێ خۆم دەرمانخوار بکەم .
دادەناسکێ گیان وەک خۆت ئاگاداری کێشەی ئێمە زۆر قووڵ و قورسە ، لەگەڵ وەکازیش زۆرمان باس کردووە پێویستی بە لەسەرەخۆیی و پێداگرییەکی زۆرە .
دوای هێندێک قسەوباسی دیکە و بیروڕا گۆڕینەوە سەیران گوتی کێشە نیە من قسە لەگەڵ دایکم دەکەم ، ئەگەریش پێویست بوو ژن بنێرن وەکاز دایکی ئەسرین دەناسێ بچن بۆ لای وی و هەموو شتێکی پێ بڵێن ، دڵنیام بەختەوەری منی وەک بەختەوەری کچەکەی خۆی بۆ گرینگە .
دوای ماڵئاوایی سەیران دادەناسکێ گوتی ئێستا دەزانم خانمێ ڕەنج بەخەسار نەبووە ، گۆڕی پڕ بێ لەنوور بۆ کوڕی پەروەردەی کرد ، هەر بژی برا جوان و تێگەیشتووەکەم بۆ خۆت و هەڵبژاردەت .
ئەگەر بێتوو چارەنووست لەگەڵ سەیران لێک گرێ درابێ ، لێشم دوور بکەونەوە خەمم نابێ دەزانم یەکێک هەیە لەمن و لەخانمێش زیادتری خۆش بوێی .
ڕەبی خودا قەڵەمی لێ بدات و ببن بەدایک و بابی کوڕ و کچان و سەیران ببێتە هۆی شادی و بەختەوەرییت و قەرەبووی ئەو هەمووە تاڵی و سوێرییەی ژیانت بۆ بکاتەوە ، وێڕای ئەوەی جوان و شیرین و لەبەردڵانە کچێکی ژیر و وشیارە ، زۆر زۆرم کەوتە بەردڵی جا بەتەمای خوای .
✍ ماری موکریانی
#تاقانەی_خانمێ
کابان | KABAN
🎥بینهر بن//
🔴 ڕێوڕەسمی ٩٩هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا محەممەد ماملێ لە مەهاباد
🔹بەشی یەکەم
١۴٠۳٫۰۴٫۰٢
🆔 @HajeMedia
🆔 @HajeNews
🆔 @HajeArts
ئایشێ
بەشی ٥ ـ کۆتایی
منداڵ لە خوێندن بوونەوە و هەر یەکەی پەرتەوازەی شارێک بوون و من ڕۆژ تا ئێوارێ چاوم لە دەرگای حەسارێ بڕیوە...
من قەت ناڵێم هەرچی لە توانامدا بوو کردم. بە شایەتی ئەوەی ڕۆژێک منی دیتبێت و ناسیبێت، من زۆر زیاتر لەوەی لە هێز و تاقەتمدا بوو بۆ ماڵ و منداڵی خۆمم کرد. بابیان لە ڕێزەی نەبوان بوو. بابەکەی خۆشم بە سەنیری خۆی ماڵەکەی لێ بەش نەکردین. پاش ئەویش، نە من، نە دادم، نەمانوێرا داوای بەشەماڵ بکەین. دەراوی زاری براکانمان دەزانی و بێتو داوامان بکردایە، هەتا ڕوحمان زیندووە هەر چەقۆیان لێ دەسووین.
شاییی دنیام بە منداڵان بوو، نەمزانی خوریی بەختم تا کەژی دەکەمەوە، خاوتر دەبێتەوە...
📝لەیلا قادری
س؛با قسەی خۆش ون نەبێ
کابان | KABAN
ئایشێ
بەشی ٤
هەرچۆنێک بوو بە سەگمەرگی، دوو سێ ساڵمان هێنا.کەس ئاوڕی لێ نەداینەوە و کەس دڕوویەکی لە قالبی هیچمان دەرنەهێنا. دەڵێن هەژاری وەک گولی وایە،ڕاست ڕاستە.
منیش هێندە بەدەعیە بووم، قەت لەکن کەس نەمدەدرکاند.
ماڵی بابم لەوەتی هاتبووینە شاری لێم لالووت بوون. پێیان وابوو بە فیتی من هاتووەتە شاری. منیش سوێندم خواردبوو قەت نەیاندوێنم، چون لەخۆڕا منیان بێبەری کردبوو؛ کەچی ڕۆژێک هیچ چارم نەبوو، دۆستێکم لێ ڕاسپاردن، ئەوانیش لەوپەڕی دەستودڵاوەڵاییدا،دوو بنە پێنج کیلۆیی دانەوێڵە و پیاڵەیەک ڕۆنی زەنگ و کووپەیەک پەنیریان بۆ ناردبووم. پەنیر چ پەنیر، دەتکوت قسڵە، هەر نەدەخورا. پێم سەیر بوو، هەتا کچی ئەو ماڵە بووم، قەت پەنیری وامان نەنابووەوە.
ئیدی لەو ڕۆژەوە کوتم خێر،تێکوشین بەتەمای جیرانی، ویشکە.
لە زگی دووهەمم بوومەوە؛ کچێکم بوو دەتکوت دەنکی هەنارە.
کوتم شەرت و قەرار بێ ڕۆڵە نەهێڵم ئاواڵکەم بن و کەمایەسی بکێشن.
هەستام، پاتۆڵم لێ هەڵکێشا، بە ماڵە دەوڵەمەندی ئەو شارەدا گەڕام؛ کەچی هەر هەمووی بە نانەزگی،بەرماو و شڕەکۆنی خۆیان کاریان پێ دەکردم.
هیچیان حازر نەبوون هەقدەستم بدەنێ.
ئاخری چارم ناچار بوو،بە پووڵێکی کەم لە ماڵێک گیرسامەوە. نانکەریم نەدەزانی، باقیماندە هەرچی هەبا دەمکرد. منداڵم ژیر دەکرد، قاپوکەوچک، شیووکوڵ،میوانداری و ... .
هێندەی خیزی ڕووباران بێحورمەتیم پێ دەکرا و دەشکامەوە. سەبارەت بە چاوی منداڵەکان وەسەر خۆم نەدێنا.
هەر دەهاتمەوە کابراش ئەلەمبازم دەبوو و سەعاتێک لامل و سینگ و بەرۆکی دەپشکنیم.
ئەگەرچی من و لاوە کایەمان خۆش نەبوو و هیچمان بۆ تاقە جارێک تامی دەستبازی و ماچێکمان نەچێژت؛ بەڵام هەردووکمان داوێنپاک و بە شەرت و وەفا بووین.
ڕۆژگار هات و چوو، من هەروا یان لەو ماڵ بۆ ئەو ماڵ ڕاکەڕاکم بوو، یان لە بژار و دەسکەنەی خەڵک بووم. قەت نەپەرژام دەستێک لیباسی جوان لەبەر بکەم، عەتر و گوڵاو لە خۆم بدەم و خۆم بڕازێنمەوە.
ئەو ئایشێ ناسک و نازدارەی دەبوو خۆی لەبەر جوان کەی، ئێستا هەر قەڵەشتی پاشنێی قامکێکی تێوە دەچێت.
هەتا ئاوڕم داوە پێنج منداڵی کرچوکاڵ دەوریان دابووم.نەمدەزانی بەرگری بکەم و لەنێو ژنانیش هەموو لە من بەعومرتر بوون. شەرمم لێ دەکردن و قەت لەڕووم هەڵنەدەهات قسەی بە جۆرێکیان لەکن بکەم.
نازانم خۆشەویستی بوو یان لە بێئەنواییی خۆم وا خووم پێ گرتبوو! سەرەڕای ئەو هەمووە فەزیحەتییەش هێشتا خوداخودام بوو لە ئامێزم بگرێت تا بحەسێمەوە.
تازە پاڵم وە سی دابوو، لاوە هەر دەهات و کز و لاوازتر دەبوو. هەر ئەوەندەی منداڵێکی لێ مابۆوە. وای لێ هات منداڵەکانی بۆ نەدەحاواوە. هەرچی دهاتمەوە دەمدی ئەوە منداڵ چنگی لە میز و پیساییی خۆی ناوە و ماڵ گووی لێ دەبارێت. نە سەماوەری پێ کردووە، نە کەوچکە چێشتێکی وەسەر ناوە.
خورپەیەک لە دڵم کەوتبوو، دەمکوت بێ و نەبێ ڕەفیق زەفەری پێ بردووە و فێری ئەو شتە ماڵوێرانکەره بووە.
زۆری نەکێشا،ئەوجار هەرچی دەیخوارد، جێبەجێ دەیهێناوە.
لاوە تووشی ئەو ئازارە پیسە ببوو، ئەوان دەمان دوکتۆر و دەرمان وەک ئێستا نەبوو. وەختایەکی بردمانە دوکتۆر، پەلی هاویشتبوو و هەموو هەناوی داگرتبوو. بۆیە هەر دەستیان بۆ نەبرد.
هێنامەوە، خزمەتێکی جوانم کرد. ساڵی تێ وەر نەسووڕاوە، چاوەکانی لێک نا و کەرکێک سەغیری بەسەردا بەجێ هێشتم و هێللانەی لێ تێک دام.
بە کۆچی لاوە، کۆڵەکەی ماڵەکەم ڕمی. خۆ هەموو دەیانزانی ئەوەی ئەو پێی کردم، سەرما بە هەتیو و با بە دەواری شڕی نەکردووە. ئەوەندەی دەستی داری دەگرت، لێی دەدام و ئەوەندەی زمانی دەسووڕا،جنێو و نێونیتکەی لێ هەڵدەدام.
هەمیشه لاچاوێکم وەک خمخمۆکەی شین وابوو. کارم بۆ ماڵی هەرکەس کردبایە، کابرای دەکردە کەڵەگای من.بەو حاڵەشەوە هەتا ئەو مابوو، خەڵک لە زۆر قسە دەسڵەمینەوە. هەتا نەمرد، نەمزانی چەندەم خۆشم دەوێت.
پاش وی، دوو ماڵ جوابیان کردم. ژنەکان کوتیان مێردی جوان و جحێڵمان هەیە و تۆش بێوەژن کەوتوویەوە و سبەی ڕۆژێ خەڵک چی چاکی هیچمان ناڵێن.
ماڵێک مابووەوە، حەوتووی سێ ڕۆژ کارم بۆ دەکردن. پێنجشەممە و جومعانەش لە حەمامی نێوشار، دەللاکیم دەکرد. وەکی دیکەش لە ماڵێ پێچم بادەدا، لفکە و گۆرەوی، زەنگاڵ و سەرکڵاوە و دەسکێشم دەچنی.
کچ و کوڕم لەبەر خوێندن نابوو و چاکیان دەخوێند.شوکرانەبژێر و بێئیدیعا بوون. هەر به پینەوپەڕۆ و کۆنەی خەڵک پێ گەیشتن.
هەر خوازبێنیکەر بوو خەڵکی لێ ڕادەسپاردم؛ بەڵام دڵی دڵداری و ئەوینداریم دەمێک بوو ناشتبوو.جەستەیەکی سارد و ماندوو، ساڵانێک بوو بەدوای خۆمدا ڕامدەکێشا.
من بە سەری شلکی تێدا چووبووم. یەک ڕۆژ لەو ژیانەدا نەژیابووم، تاقە ڕۆژێک.
منداڵ هاتبوونە حاسەڵاتێ. شاییی ئەو دنیایه لە دڵمدا دەگەڕا. خۆشیخۆشیم بوو، دەمگوت ئەوجار لاقە ماندووەکانمی لێ ڕادەکێشم و پشوویەک دەدەم، خۆ ئەوەندەم ماف بەسەر ئەو ژیانەوە هەیە!
درێژەی هەیە
📝لەیلا قادری
س؛با قسەی خۆش ون نەبێ
کابان | KABAN