kaveh_dashbandi | Unsorted

Telegram-канал kaveh_dashbandi - هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

1081

شێعرەکانم کۆرپەی ئەنفالن، زۆربەیان بە ساوایی نێژراون کاوەداشبەندی

Subscribe to a channel

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#چاکیشم


گوڵم پرسیوتە گەر چۆنی؟ بە بوونم دیارە چاکیشم
دڵم تەنگە و غەمم زۆر و پشووم هەر سوارە، چاکیشم

لە من بارە غەمی دووریت منەت ناکەم، منەتبارم
نەکا غەم ڕوو لە ئەبرۆت کا، لەگەڵ ئەم بارە چاکیشم

دەزانی گەر ئەوینی تۆ لە شاری بێ دڵان باس کەم
بە شێتوولکەم دەشوبهێنن، لە نێو ئەو شارە چاکیشم

خراپیم بۆ دەبێ دەرخەم؟ دژی عەشقم بە خۆم خۆش کەم
ئەگەر ژینم پڕی دەرد و غەم و ئازارە چاکیشم

هەتا یادت لە دڵ دابێ و بە پیرۆزی بەرم ناوت
نەبێ چارەم لەوەی زیاتر منی بێچارە چاکیشم

سەرم پڕپڕ لە سەوداتە و ئەگەر ڕازی بە سەرداریم
بە سەر داری جەفای داکەی لەسەر ئەو دارە چاکیشم

کە پەلکێش کەی دڵ و ڕوحم بەڵێن بێ دەر نەیە ئاخم
بپرسی چۆنی ئەمجارە؟ دەڵێم دوبارە: چاکیشم

لە نێو مان و نەمان دام و هەناسەم تاک و تووک دەر دێ
گوڵم ئاوایە حاڵی من ئەگەر هەستیارە چاکیشم

نە "کاوە"م تا سەری ماری جەفای عەشقت بقرتێنم
نە بێزارم دەکا بوونی لەگەڵ ئەو مارە چاکیشم


11ی گوڵانی 2723

✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#خەونی_یار


تا پەڕی پەڕتووکی دڵ دەکرێتەوە
خۆشەویستم تۆم وەبیر دێنێتەوە

هەر پەڕێک یادێک لە تۆی تێدا هەیە
یادی تۆ زۆرن بەڵام جێگا هەیە

باسی ڕابردووی هەموو جێ بۆتەوە
هەر بەیاد و بۆنی عەتر و خۆتەوە

هەر پەڕێکی تێر بە هەستم بۆن دەکەم
وانەزانی یادەکانت کۆن دەکەم

کۆنی چی؟ هەر تازەن و نوێ دەبنەوە
یادەکانت کەی لەبیرم دەچنەوە؟

نامهەوێ ساتێ لە من دوور کەونەوە
خۆشە گەر دەخزێیە نێو جێ و خەونەوە

دەست بە ئامێزم دەبی گەرچی خەوە
خۆشە خەونێکیش لەگەڵ تۆ پێکەوە

دەستەکانت دێنە نێو دوو دەستمەوە
نامەوێ بۆ چرکەیەک هەڵبستمەوە

زولفەکانت تاڵ بە تاڵ پەخشان دەبن
دێن و ئامبازی سەر و سەر شان دەبن

چاوەکانت دەمدوێنن دوو بە دوو
خۆشەویستی بێ سنووریان دێننە ڕوو

دەستەکانت دێنە دەوری گەردنم
لێوەکانت دێنەوە ماچ کردنم

سینە ئاواڵە و هەناسەت پڕ لە تین
جووتی جووتی جووتی جووتی جووت دەبین

تێک دەهاڵێن دەست و لاق و جەستەمان
تێکەڵی یەک بوون هەناسەی خەستەمان

هەست بەوەی ناکەم بە خەو هاتوویە لام
پێم دەبەخشی یەک خەوی پڕ چێژ و تام

دوور لە چاوی ناحەز و بەدکارەمان
خۆش دەبێ زیاتر خەوی ئەمجارەمان

دڵ لە دڵ میوانە تاکوو بەربەیان
باوەشێکی پڕ لە عەشق و ئەرخەیان

خۆشەویستی دەست بە دەست دێت و دەچێ
دڵ کوڵی عەشقی هەیە و بۆی هەڵدەچێ

خۆزگە ئەمشۆ ڕۆژ لە پشت کەل دەر نەیە
باسی ڕووناکی لەلامان هەر نەیە

من بم و یار و شەوی زاوایەتی
پێی بدەم هەرچی لە ژین داوایەتی


4ی بانەمەڕی 2723

✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#کەر_و_شار

ڕۆژێک کەرێک بە بارەوە
کەوتە کۆڵانی شارەوە

لە نێو ئاپۆڕەی جەماوەر
دڵی خۆش بوو جەنابی کەر

خەڵکی بە دەور و پشتەوە
قوربانیان بۆ دەکوشتەوە

کەرە و ڕووی کردۆتە شاری
دەڵێن خێرە کۆڵ و باری

چەپڵە و فیکە و هوڕڕا کێشان
دەنگی ساز و زوڕنا لێدان

کوڕ و کچ و پیر و جەوان
چاویان بڕییە کەر و کورتان

زرمە و ڕمبەی سمی کەریش
دڵخۆشی کرد دەور و بەریش

خەڵکان یەکدەنگ دەگوڕڕێنن
جەنابی کەر بەخێر دێنن

پرسیار پرسیار کەر بۆ هاتووی؟
لە کام تەویلە هەڵاتووی؟

خۆی ماقووڵ کرد جوابی داوە
برام بۆ سەرتان سووڕ ماوە؟

سەیر مەکەن لە ڕابردووم
لەو زەڕانەی پێشتر فەرمووم

ئێستا خۆم هاتوومە ناوتان
بۆ ماچی دەست و سڵاوتان

مەڕواننە ئاکاری کەریم
چاوکەن لە ئیشی هونەریم

بۆ سەیران و گەشت و گوزار
من ئەمڕۆکە هاتوومە شار

گیاوگۆڵی شاخی کەم دەخۆم
لەسەر ئاخوڕ من فێری جۆم

کەری ماڵیم خاوەندارم
وەک زۆر کەران ناکەن بارم

جار و بارە دەزەڕێنم
خەمی دڵیان دەڕەوێنم

دڵخۆش دەکەم دەور و بەرم
نازانم بۆ پێیان کەرم؟

چەند جار ویستم ببمە کوێخا
دەمویست خەڵک دەنگم پێ دا

نەبوو نەکرا ئەوەی ویستم
دەنگی کەمیان بۆ تێخستم

جووتەم هاویشت سمکۆڵم کرد
لەبەر خۆم بۆڵەبۆڵم کرد

ئێستاش بێدەنگ دێم و دەڕۆم
لای زۆر کەسان ماوە شکۆم

گەرچی ئێستا پیرە کەرم
پووتێ دەبێ گاشەی سەرم

بەڵام زەڕەم لێ نەبڕاوە
بۆیە ئاواش قەدرم ماوە


✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#دێم_و_دەڕۆم


باری شانم قورسە پێ گێڕوگەواڵ دێم و دەڕۆم
هێزی دوو ئەژنۆم نەما، جوانێ بەحاڵ دێم و دەڕۆم

دارە دارەی عەشقی تۆم لێ جوانە ئەی شاجوانەکەم
پیرم و کەوتوومە ڕێ چەشنی مناڵ دێم و دەڕۆم

تاقە ماچێکم کوت و نەتدا و دەست ڕەد کردمەوە
یاڕەبی بمرم کە وا دەستی بەتاڵ دێم و دەڕۆم

چۆن بدرکێنم قسەی دڵ؟ نامهەوێ کەس تێ بگا
شێت ببووم و ئێستەکەش هەر چەشنی لاڵ دێم و دەڕۆم

یادەکانت هەر بە بێدەنگی شەوێ بانگم دەکەن
تا سەری کوچەی حەزت من داڵ بە داڵ دێم و دەرۆم

نامە هەرچی دێتە لات سووک دەیدڕێنی، بێژە بۆ؟
تۆ کە نازانی بە دڵ بۆ یەک هەواڵ دێم و دەڕۆم

تەیری دڵ هاتۆتە لات باڵی کرا، هەی ئافەرین
دڵ کە فەرمووی: خۆشە جێم بۆچیمە باڵ؟ دێم و دەڕۆم

تۆ کە فەرمووتە: مەحاڵە دەست کەوێ ئەم بەژنە بۆت
چاوەکەم من کوردم و جێگەی مەحاڵ دێم و دەڕۆم

فاڵی عەشقم گرتەوە و چاوانی تۆم لێ دەرکەوت
با خورافات بێ بەڵام ئەمجار بە فاڵ دێم و دەڕۆم

سەد کەڕەت دەستی ڕەدت بێت و لە سینگی من درێ
شەرتە لێت دوور ناکەوم، کەی من بە پاڵ دێم و دەڕۆم؟

ئەنگی شێتیم لێ دەدەی وەی خۆش بە حاڵی "کاوە"کەت
شێت کە هیچ تۆ زیاتریشم خەیتە پاڵ دێم و دەڕۆم



19ی خاکەلێوەی 2723

✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#لوتفی_یار

ئەو تەمەی خستوویەتە سەر ژینی من قەت ناڕەوێ
لوتفی یارم کەم نەبێ وادیارە ئەو ئاوای دەوێ

ئەو سکاڵای لەو هەموو هاوار و ناڵینەی منە
کوا دەزانێ دڵ ئەگەر شێت بوو مەحاڵە بسرەوێ

من نەبێ هیچ عاشقێک قەدری ئەوین ڕاناگرێ
کێ هەیە بەم شێوەیە بێت و وەشوێنی دڵ کەوێ؟

خۆ ئەگەر گیانی دەویست دەمدا بە نازێکی نیگای
شەرت و عەهدمان بەستبوو چی ئەو بڵێ من نەمهەوێ

سەیرە ئەو لۆمەم دەکا گەر پێی دەڵێم خۆشم دەوێی
هێندە بێ ڕوحمە بە خەونیش نایەتە ژوانم شەوێ

نامەکانم سین دەکا و تاکی وەڵام ناداتەوە
تێگەیشتووم نایهەوێ ئاوا لەگەڵ من ڕێکەوێ

کاری عەشق هەر وایە بێ دەرد و پەژارە و سۆ نییە
"کاوە" قەت دوودڵ نەبی بەم حاڵەوەش خۆشت بوێ

8ی خاکەلێوەی 2723

✍ #کاوەداشبەندی

/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

لە پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی2723ی کوردیدا، لە ئاوایی داشبەند ڕێوڕەسمی(نەورۆزانەی منداڵانی نیشتمان) بەڕێوەچوو کە لەو ڕێوڕەسمەدا زیاتر لە هەزار پەڕتووکی کوردی پێشکەشی منداڵانی نیشتمانی ئازیزمان کرا و لە ڕۆژی 29ی ڕەشەممە لە خزمەت منداڵانی ئاواییەکانی، ئاڵیکەند، هەباساوا،عەمبار،گردی‌قەبران، میراوا، دابووین.

/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

(بەناوی خوداوەندی گەورە و دلۆڤان)

ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جێژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بەهاتەوە

نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی 2723ی کوردی لە گشت کوردستان پیرۆز بێ.

هاونیشتمانیانی ئازیز و ڕێزدار وێڕای پیرۆزبایی نەورۆزی 2723ی کوردی، لە خودای میری مەزن داواکارم ساڵی نوێتان، ساڵێک بێ پڕ لە خێر و بەرەکەت و ساڵی گەیشتن بە ئاواتە جوان و پیرۆزەکانتان بێ.
سپاس بۆ خودای گەورە تەمەن مەودای بوو و ئەمساڵیش توانیمان لە ژێر ناوی (نەورۆزانەی منداڵانی نیشتمان) زیاتر لە 1700 جڵد کتێبی شێعر و چیرۆک و ڕۆژژمێری کوردی بۆ منداڵە چاوگەشەکانی نیشتمان دابین و پێشکەش بکەین. بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم سپاسی تەواوی ئەو ئازیز و خۆشەویستانە بکەم کە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە چ لە بواری ماڵی و چ بە فکر و کردەوە یارمەتیان کردین بکەم و دەستی تاک بە تاکیان ماچ دەکەم و هیوادارم خزمەتێکی بچووکمان بە زمان و فەرهەنگی کوردی کردبێت و بتوانین لە ساڵانی داهاتووش‌دا باشتر لە ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو لە خزمەت منداڵانی خۆشەویستی نیشتمان دابین.

✍براتان #کاوەداشبەندی

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#مامۆستا_محەممەدی_ماملێ

👇👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

ئەو کەسەی خاوەن دڵە قەت بێ خەم و بێ دەرد نییە
مەیشکێنن تۆ خودا گۆشتە کەسم خۆ بەرد نییە

لەت لەتی دڵمم دەیان جار دیت لەبەر پێی ئاشنا
هەرچی کردوویە مرۆڤە، ڕۆژگار نامەرد نییە


✍ #کاوەداشبەندی

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" دەست بە داوێن "


ئەگەر ڕۆژێک ئەوینی تۆ لە نێو شێعرێک بگونجێنم
بەڵێنیت پێ دەدەم ناخی دڵی کێویش بلەرزێنم

بە خامەی دڵ دەنووسم بۆت هەزاران شێعری سەروادار
ڕەبی بشکێن دەس و پەنجەم ئەگەر بێت و کەمی بێنم

بڵێم چی شێت و پێتی تۆم کەسێ دەردم دەوا ناکا
بە چەند شێعری ئەوین کۆرپەی دڵی ساوام دەلاوێنم

خەیاڵم دێ بەرەو ماڵی دڵت چرکە بە چرکەی ژین
لە نێو گشت کات و ساتم دای، بە بێ ئەو یادە نامێنم

ئەوەندە چاوەڕوانت بووم لە جێژوانی مەجازیمان
نەهاتی، دڵنیات کردم منی شێت هێندە ناهێنم

ئەوین وای کرد گەدایی کەم لە دەرگاکەت دڵی جوانت
گوڵم بڕوانە بڕوانە منم وا دەست بە داوێنم

نەکەی ئازیز نەکەی ئامان بە نا نا دوور لە خۆتم کەی
نەکا لێڵ بێ بە بێ مەیلیت ئەوینی پاک و خاوێنم

کە تۆ ڕازی بە وێرانەی دڵی "کاوە"ت ببی شەرت بێ
دڵم ناوێ بە دەستی خۆم لە سینەم بۆتی دەردێنم

17ی پووشپەڕی 2721

✍ #کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" نامەی ئەوین "


نازەنین ئەو نامەیەم جیاوازە بۆت
تا بە کەی دوورم دەکەی ئاوا لە خۆت؟

ئەشکی چاوە و خوێنێ دڵ، خامەم نییە
نازەنین لەو شێوەیە نامەم نییە

نامە نا ، هاوار و داد و ناڵەیە
شەرحی حاڵی ئەو ژیانە تاڵەیە

جار و بار تەنیا کە بووی بیخوێنەوە
هەر نەبێ ئاوام وەبیر خۆت بێنەوە

یاد بکە یادێک لە ڕابردوو و لە من
یادی ئەەو ڕۆژانە هەرچەند بێ، کەمن

یادی ئەو داماوە بێ فێڵ و درۆ
یەک دڵی پڕ خۆشەویستی دا بە تۆ

دەمهەوێ ئیزنم بدەی ساتی بژیم
ژینی چی بێ تۆ لە ژینیش بێ بەرێم

هێندە ئاوێتەی ئەوینت بووم کەچی
دێی لەبەر چاوم چ خێرا لادەچی

بۆ دەڕۆی بۆ مانەوت چیت لێم دەوێ؟
چی دەڵێی ڕازیم ئەمن هەر نامەوێ

هەرچی کردم تا لە عەشقم تێبگەی
داخەکەم تۆ سازی خۆت هەر لێدەدەی

مەمکوژە و ئیزنی ژیانم وێ دەوە
کوشتەتم ئەمجارە مانم وێ دەوە

با بژیم بۆ تۆ نەکا بمرم لە بۆت
بۆ چمە ئەو کاتە مردم شین و ڕۆت؟

تا نەمردووم و بەرەو فەوتان نەچووم
لێم گەڕێ لێوم لە لێوت هەڵبسووم

ئەو ئەوینەی خۆت لە من مەستێنەوە
هەر نەبێ ئەوجارەشم هەستێنەوە

با لە سەر پێ ڕابوێستم ڕووبەڕووت
بۆ دەبێ دێوانە بم ئاوا لە دووت؟

خۆشە ئەمجارە بکەی یادێ لە من
گەر بپرسی نازەنین دادێ لە من

شاد دەبم بەم ڕوحە پڕ ئازارەوە
بەم دەروونە پڕ لە تین و نارەوە

دەردەدارێکم لە جێدا کەوتووم
خەم تەواوی خۆزگەکانی کوشتووم

کۆنە زامم یەک بە یەک نوێ دەبنەوە
ئەو خەمانەم کوا لە کوێ جێ دەبنەوە؟

یەک هەناسەم پێ بدە و زیندووم کەوە
گیانەکەم مردووم وەرە گیانم دەوە

بێکەسیم دیوە بە حاڵی خۆمەوە
ئاشنا دەدوێن بە تانە و لۆمەوە

خۆم لە خۆم نامۆ و لە خۆشمدا ونم
نازەنین نامۆ و غەریبی شار منم

بێکەسی وەک من نییە لەم بارەوە
باوەشت ئەمنە لەوێ بمشارەوە

هەر وەکوو پێرێ دەلەرزن دەست و پێم
ناگەڕێ بێ تۆ زمانم چی بڵێم؟

کز لە گۆشەی بێکەسی هەر ناڵەمە
یادی تۆ هاوڕێی هەزاران ساڵەمە

ئەو دەمەی یادت دەکەم سەرخۆش دەبم
دێمە نێو ئامێزتەوە بێ هۆش دەبم

بۆم نییە و بۆم ناکرێ قەت تۆ لە بیر
نازەنین پێبەندی بەندم وەک ئەسیر

سست و بێ هێزم دەکا دەرد و خەمت
بۆ منە بەس بۆ منە مەیلی کەمت

دەی وەرە ئەمجارە ئاشتت بێتەوە
باسی کۆنت یەک بە یەک بیر چێتەوە

لێوی ویشکم گەر بە ماچێ تەڕ بکەی
باشترە تاکوو لەگەڵما شەڕ بکەی

بێرەوە دانیشە لام گوێ بگرە لێم
لێم بپرسە شێتە چۆنت خۆش دەوێم؟

پێت دەڵێم خۆشم دەوێی زیاتر لە خۆم
کوشتەم و کوژراوی چاوی جوانی تۆم

با لەشی پیرم دەمێ جوان بێتەوە
دەست لە سینەت تاوێ میوان بێتەوە

بێمەوە بۆ سەردەمی لاوی گوڵم
بێتەوە شادی بەرەو ماڵی دڵم

هەست دەکەم بوونم بە بوونت بەستەیە
بوونی تۆ شێعر و مەقام و ڕەستەیە

دەی وەرە ئاوێتە بەو ژینەوە
خۆشە ژین ئەو کاتە گەر یەک بینەوە

تێکەڵاوی گیان و ڕوح و دڵ ببی
هەر بمێنی نازەنیم یاڕەبی

تۆ نەبی دنیا لە من وێرانەیە
خزم و خێش پاکی لە من بێگانەیە

باوەشم کردۆتەوە تا دێیەوە
نا نەکەی جوانێ لە من بکشێیەوە

هاتنت جێژن و سروودی شادییە
سەربەخۆ بوونە گوڵم ئازادییە

بیخەوە سەر لێوەکانم پێکەنین
با نەمێنێ ئێش و ئازاری برین

دەست بنێ سەر دڵ دەبا لێداتەوە
با ئەویش مۆتەی مەرگ نەیباتەوە

بۆنی عەترت تێکەڵی هەستم کەوە
هەر وەکوو لاوی گوڵم مەستم کەوە

مەست بە بۆنی زولفی خاو و گردنت
خۆشە خۆش بڕوات هەبێ بۆن کردنت

خۆشەویستی تۆ لە لام وەک خاک و ئاو
بۆ فیداییت حازرن جەرگ و هەناو

وەک هەوا هۆکاری ژین و مانی تۆ
وەک وڵاتم دڵڕفێن و جوانی تۆ

سەربەخۆیی دوو وڵاتم گەر هەبێ
چی دەبێ باکم نییە با هەر ببی

با بپێوین کۆنە ڕێی شازی ئەوین
لێ بدەین بۆ مانەوە سازی ئەوین

تۆ من و من تۆم هەتاکوو بوون هەبێ
با حەسوود و چاوچنۆک لێی ڕوون ببێ

تا بمێنین ئێمە بۆ یەکتر دەژین
ڕوو بە لوتکەی خۆشەویستی هەڵدەچین

هەستی دڵ ئەمجار بەهاری بێتەوە
وەرزی غونچە و لالەزاری بێتەوە

چی وشەی ناسک لە نێو مێشکم هەیە
چی شیاوی خۆشەویستی ئێمەیە

دەیچڕم بۆ شێعری هەرمانی ئەوین
سوور دەکەم لەم وەرزە خەرمانی ئەوین

دێر بە دێر سەروا و ڕەدیف و ناوەرۆک
ناهومێدی ڕۆژ بە ڕۆژ دابێننە چۆک

تەڕ دەکەم شێعرم بە شەهدی لێوی تۆ
هەر چی سەروایە دەبێتە نێوی تۆ

دەرنەچێ هیچ کەس لە زۆنگی هەستی من
کەس نەبێ بۆ چرکەیەک دەروەستی من

گوڵ ببارێنن بە دێر و ڕەستەوە
ناوی تۆ گوڵ بێ لە نێو هەڵبەستەوە

باوەشم بۆ هاتنەوەت کردۆتەوە
زامی دووریتم تەواو بیر چۆتەوە

خۆت بخە نێو باوەشی سارد و سڕم
با بە تینی خۆشەویستیت گڕ گرم

16ی پووشپەڕی 1400


✍ #کاوەداشبەندی 👇👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" عەتری یادت "


تا خەیاڵی چاوی سێحراویت بمێنێ لامەوە
سەد وشەی پڕ خۆشەویستی دێتە نووکی خامەوە

تۆ نەبووی، کۆڵانی یادت بۆنی عەتری تۆی دەدا
وێڵ لە بێ تۆیی بە تەنیا و دڵ بە خەم دەخولامەوە

شەو درەنگانەوە منی عاشق لە هێڵ دوور ناکەوم
تا بپرسی تۆ هەواڵێکم بە چەندین نامەوە

هەر بەیادی ئەو دەمەی جێژوان بە ماچ ڕەنگین دەبوو
ماچی سەر هێڵی مەجازیش دڵگرن بەو تامەوە

باڵی شەو دەکشێ بەسەر سەدها خەیاڵی بوونی تۆ
بووکی ڕازاوەی حەزت دەخزێتە نێو جێگامەوە

تۆ نەمای ڕۆیشتی لە سەر ئەو عەهدە گەر واژۆ کرا
یەک دڵم دابوو کەچی سەدها لەتت پێ دامەوە

تا خەمی دووریت هەبێ خامەم لە گەڕیان ناکەوێ
هەر چی سەروای کۆن و نوێیە خۆشە بەو ئیلهامەوە

دەستی لەرزۆک و قەڵم گرتن هەتا باوی هەبێ
"کاوە" دەڕژێنێ ئەوینی تۆ لە نووکی خامەوە


8 ی پووشپەڕی 2721


✍ #کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

بە بۆنەی ۷ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشت.

هۆنراوە و دیکلەمە : #کاوە_داشبەندی

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

☘️بە ناوی خالقی هۆنە و جوانی☘️

🔸ئەنجومەنی ئاسۆی ژیار ساحێب، هاوینە شەوی شێعر و زایەڵەی هۆنە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕدا بەڕێوەی ئەبات.

کۆڕێکی شاعیرانە، لە ژێر ناوی شنەی کانی گۆمەیان و شەوی شاعیران لە شاری ساحێب.

🔸داواکارین لە شاعیران و هەست ڕنگینان تا پانزدەی ئەم مانگە بەرهەمە بە پێزەکاناتان بنێرن بۆ ئەم ئەدمینانە.


🔹هەر شاعیر دوو بەرهەم.

🔸بەڕێوەچوون بە پێی ڕێنمایەکانی ڕێنونی ستادی کڕۆنا و دەستوورەکانی لە شەوانی سەیرانگای کانی گۆمەیان لە شەودا بەڕێوە دەچێت.

بەرهەم و وێنەی نووسەر بۆ ئەم ئەدمینانە بەڕێ بکەن.

@abed547
@mahdifr48


@chrikeyevin

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

✅ وتووێژی تایبەتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لەگەڵ خاتوو "چنوور شەفیعی" سەبارەت بە بەرهەم و نووسراوەکانی خوالێخۆشبوو "مامۆستا باقی شەفیعی"

🎙 پێشکەشکار: بەڕێز "کاوە داشبەندی"
🔸 ڕێکەوتی وتووێژ: ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۱ی کوردی
❇️ #وتووێژ #چنوور_شەفیعی #کاوە_داشبەندی #دەنگ

🆔 @fzkbeyan

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

‌ شێعری : #خەونی_یار

هۆنراوە و خوێندنەوە: #کاوەداشبەندی

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#تیری_جەفا


دڵ کەوتە داوی چاوەکەت تیری جەفای بۆ لێ دەدەی؟
تیرێ بە حەق بێ حازرم، ئەی ناڕەوای بۆ لێ دەدەی؟

تۆ گیان و گیانانی منی گیان و دڵت بۆ هەڵدڕیم؟
لەو گیانە بێ نرخەم ئەرێ تیغی وەهای بۆ لێ دەدەی؟

کوشتوومی ئەو نازی نیگات، نازێ نەکەی لە منت کەوێ
لاشەم لەسەر عەرزی کەوێ بانگ و سەڵای بۆ لێ دەدەی

جوانێ بە هەرچی ئایەت و سووڕەی ئەوینە عاشقم
وەک من کە تۆش دڵبەستە بی حەمد و سەنای بۆ لێ دەدەی

ئاخر لە من دێوانەتر پێتوایە قەت دەستت کەوێ؟
عەشقە وەها شێتم دەکا، ئەنگی هەوای بۆ لێ دەدەی؟

ویستی دڵە بەم شێوەیە هاتوویە نێو دێڕی غەزەل
خوا بتگرێ بۆ کردەوەت، ناوی ڕیای بۆ لێ دەدەی؟

دیوتە حەیای شێعرم تکا هاتۆتە دەرکەت بۆ تکا
دەستی نیازە لامەزەب تۆ دەستی (نا)ی بۆ لێ دەدەی؟

دادی دڵ و فرمێسکی چاو کەوتوونە نێو دەفتەرمەوە
دادت نەپرسیم، جێبەجێ حوکمی سزای بۆ لێ دەدەی؟

تا "کاوە" بێ و تۆ بی و شێعر هەر ڕۆژ بە غەمباری دەڵێم
دڵ کەوتە داوی چاوەکەت تیری جەفای بۆ لێ دەدەی؟

3ی بانەمەڕی 2723

✍ #کاوەداشبەندی

/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#ناز


ناز نەهاتی؟ دەوەرە دڵ گڕی بەردایە لە من
بە سەری پیری ئەویش دیارە لە حاشایە لە من

وەرە گیانی کەسوکارت کەمێ ئاهۆنی کەوە
نە لە خۆت و نە لە ئەو، دانێ ئەتۆش مایە لە من

بە گوناهم کە دەنووسی بە نیگات عاشق بووم
کەسێ بێ باوەڕی بۆ؟ ئەو هەموو بیللایە لە من

گۆشە چاوێک لە شەوی تار و کپی من هەڵکەی
ڕوونە شەوگاری ڕەشم، خۆر چەلێ هەڵنایە لە من

تۆ دڵ و من هەموو ژینم دەدەم و بێ باقیش
کەسی من بەس تۆ دڵێ و سەروەت و سەرمایە لە من

غەزەبی تۆ لە منی شێت و ئەویندار تاکەی؟
بە خودات زوڵمە گوڵم ئەو هەموو دوعایە لە من

گەردنم کەج کە ئەوینی تۆ گوناهـ بێتە ژومار
پەتی سێدارە لە تۆ و سەر کە بەکار نایە لە من

لە غەزەل پەیکەرەیەک چۆنە دروست کەم بۆ تۆ؟
گوڵە تۆ بەردی نما و زەحمەتی وەستایە لە من

دەرکی دڵ بۆ تۆ نەبێ "کاوە" لە کێی واڵا کا؟
هەر ئەتۆی داخەری ئەو ڕێسمە و دەرگایە لە من


23ی خاکەلێوەی 2723


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#نیوەشەوی_تەنیایی

شەوە و دیسان هەموو دنیا کش و مات
خەیاڵت هێدی هێدی دێت و دەمبات

بە نێو کۆڵانەکانی تەنگی شارا
بە ئەسپایی بە نێو بێدەنگیی شارا

دەڕۆم و یادەکانت دێن بە سەرما
نییە هەستم بە تووش و سۆزی سەرما

وەها سوارم لەسەر ئەسپی خەیاڵات
خەیاڵم بۆتە تاسەی بەژن و باڵات

دنەی هەستم دەدا فرمێسکی چاوم
دەڵێ بۆ ئەو ئەوینەی تۆ ڕژاوم

بە ئەسپایی و بە نەرمی دێنە کۆشم
لە ئەسری چاو دەگەوزێن بیر و هۆشم

هەناسەم سوار و قڕخەی دێ گەرووشم
لە دڵدا جوانەمەرگ بوون ئارەزووشم

لەگەڵ ئەستێرەکان دەدوێم لەسەرخۆ
بەنەرمی دێمە باسی عەشقەکەی تۆ

لە دەردی بێکەسی و تەنیایی دەدوێم
لە ئازار و خەمی ڕسوایی هەڵدێم

بە کڵپەی ناخی پڕ ئاخم دەسووتێن
لەبەر تین و گڕی ئەم ئاگرە هەڵدێن

کە بینی هەڵپڕوزاون هەساران
گەلێ بێ نوورترن ئەمشەو لە جاران

بە لاوازی وەدەر کەوت مانگی ڕوو زەرد
ئەویش هەستی دەکرد ژان و خەم و دەرد

لە دەوری کۆوە بوون ئەستێرە پاکی
بە وێنەی شێخ و سۆفی دەوری چاکی

لە دەردی من خەبەریان دا بە گشتی
دەسووڕان گرتبوویان دەور و پشتی

هەسارە و مانگ و شەو لێم تێگەیشتن
لە ناکامی و لە دەردی پێ گەیشتن

هەموو مات و کز و بێدەنگ و سستن
لە ڕاستی ئەو خەمەم بێ هەست و خوستن

پەڵە هەورێکی ڕەش هات گرتی بەریان
ڕەشیی کێشا بە ئەسپایی بە سەریان

لەبەر چاوان نەمان مانگ و هەسارە
بەجێماوم لە نێو ئەم بەختە تارە

هەور دەنگی بەسەر شەودا هەڵێنا
وتم بێدەنگی باشە! ئەو دەڵێ نا

وەرە بدوێ لە هەرچی دەتهەژێنێ
لەوەی گەر دێ و لە شەودا دەتگرێنێ

هەموو ئاخی دەروونت هەڵبڕێژە
ئەوەی ئاخی گەلێ کۆن و لەمێژە

لە بێدەنگی شەو و ئازارەکانی
لە غەمباری هەموو ئێوارەکانی

کوتم ئەی هەوری ڕەش با قەت نەبیستی
لە دەرد و ژان و ئێشی خۆشەویستی

ئەوەی خۆشم دەویست و بۆی دەسووتام
ئەوەی قەول و بەڵێنی عەشقی پێ دام

لە ژێر پێی نا دڵ و عەهد و بەڵێنی
هەمووی کردە فیدای پەیمان شکێنی

شکاندی دڵ ڕژاندی خوێنی دیدەم
بەهایەک بۆم نەماوە تاکوو بیدەم

دڵم پێ دا و ئەویش پێی خستە بانی
ئەوەی خوێنی دڵم بوو ئەو ڕژانی

وەها شەق بوو لە تاوان ئێسکی سینەم
لەتوپت بوو بە ئێشی ئەم برینەم

کە ئەشکی چاو و خوێنم تێکەڵاون
سنووری خوێن و ئاوم تێک شکاون

دەخووسێ کۆش و ژێر هەنگاوەکانم
دەڵێی میراوی سەر بەنداوەکانم

جقەی پێم و شەقەی ئەژنۆی شکاوم
هەناسەی ساردی سینەی شەق کراوم

هەموو دەدوێن لە ناکامی ئەوێنێک
لە بێ ڕەحمی و لە غەدری نازەنینێک

لە پڕ بینیم هەور گوڕڕەی بەرز بوو
کە وامزانی لەلای من سەر عەرز بوو

گوڕاندی پڕ بە شەوگارێ هەرای کرد
دەزانی خۆشەویستی تۆ خەتای کرد؟

لەپڕ وەک من لە بانگ و شین و ڕۆی دا
بە دوو دەستان لە سینگ و چاوی خۆی دا

ڕژاندی ئاوی چاوی چەشنی کانی
ئەویش وەک من لە پێی نامێهرەبانی

لە ناڵەی من هەور وا هاتە زاڵە
کە بەشدار بێ ئەویش لەم ئاهـ و ناڵە

کەسێ دەردی ئەوینداری نەدیبێ
دەڵێ ئاخر دەبێ ئەم دەردە چی بێ؟

کوڵ و گریان و شیوەن چۆن دەبینێ؟
ئەوەی نەیبێ لە دڵدا هیچ برینێ

برینی دڵ نییە دەرمان و چاری
دەوا کەنگێ دەبێ بۆ دەردی کاری؟

غەمی هیجرانی یاری بێ وەفایە
کە ئێش و ژان و دەردی تا هەتایە

کەسێ وەک من ئەوینداری نەکردبێ
نیگارێ تووشی غەمباری نەکردبێ

برینداری موژەی تیژی نەبووبێ
بەرەو جێژوانی چۆڵی یار نەچووبێ

نەگریابێ لە ناخی نیوەشەودا
نەچووبێ چاوی بۆ ساتێ بە خەودا

لە ئەحواڵی دڵی دێوانە ناگا
لە ڕادەی ئەم برین و ژانە ناگا

منێ وا شێت و شەیدا و کۆڵەوارم
بە دەردی عەشقەوە ئاوا دوچارم

دەڕۆم ڕێی بەرەو مردن دەپێوم
ڕێگای سەختی لەبیر کردن دەپێوم

نەماوە ئارەزوو بۆی تێ بکۆشم
بە دەستی خۆم جلی مەرگم دەپۆشم

دەبێ کفنم لە خوێنی خۆم شەڵاڵ بێ
شەهید بوونم لە پێناو دڵ حەڵاڵ بێ

هەر ئەو "کاوە"ی زوحاکی سەربڕیوە
لە پێناو خۆشەویستیدا بەزیوە


16ی خاکەلێوەی 2723

✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#چۆپی_بەهار


خاکەلێوە هات و من دیسان بە هیوای ژیانەوەم
وەک بەڕووی زاماری کوێستان دەم لە سەر بووژانەوەم

دوێنێ دیم سروەی شەماڵ موژدەی بەهاری نوێی دەدا
بۆیە پڕ هێزتر دەبێ ئەمساڵ منیش هەستانەوەم

چاوی تاسەم تێر نەبوو لەم خاکە پاکەی زێدەکەم
ڕۆژ و شەو وەک عاشقێک وێڵ بەو کەژ و کوێستانەوەم

جێگە پێی ئەو عاشقەی گیانی فیدا کرد بۆ ئەوین
بۆتە هێمای پڕ لە هیوای ڕۆژی سەرهەڵدانەوەم

ڕوونە ئاسۆی خەونەکانی خۆم و خاک و نیشتمان
دڵ پڕی هیوا بەرەو ئاسۆم بەبێ بادانەوەم

خاکەکەم! ئەی جەننەتی بێ وێنە، کوردستانەکەم
سەربڵیندیت بۆتە ئاوێتەی نزا و پاڕانەوەم

شیرەخۆرەی مەمکی کانیتم ئەتۆش دایکی منی و
باوەشت پیرۆزترین جێیە بە کاتی سانەوەم

تا هەناسەی ئاخری ژینم لەسەر ئەو عەهدە هەم
بۆ گەل و بۆ نیشتمان بێ هەڵمەتی نەپسانەوەم

شۆڕشی دەست و قەڵەم ئەمڕۆ لە دنیا بۆتە باو
حەک فیدای نووکت قەڵەم کەوتوویە گەڕ بۆ مانەوەم

غەم بڕۆ چیتر لە نێو ئەم خاکە جێت نابێتەوە
بۆ گەڕی شایی لە کوردستان خەریک ڕازانەوەم

ڕۆژی هات تەیران لە گەرمێن بێنەوە بۆ لانی خۆ
دڵ بە حەسەرەت چاوەڕێ و هەر چاو بە لای ئاسمانەوەم

دەسری سەرچۆپی دەسی "کاوە"ی دەوێ نەوبووکی سوور
با حەسوودان کوێر بکا دەسری سەما سووڕدانەوەم


2ی خاکەلێوەی 2723

✍ #کاوەداشبەندی


/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#نەورۆزەکەم

من بڵێسەی سەر کڵی نێو ئاگری نەورۆزەکەم
دەچمە ئاسمان و دەڵێم: خۆڕاگری نەورۆزەکەم

ڕۆژی پیرۆزم لە نێو دابونەریتی گەل هەن و
دڵنیام لای کورد ئەتۆ زۆر زیاتری نەورۆزەکەم

گڕدە جەستەی ئەو خەمانەی بوونە خۆرەی ڕوحی گەل
بێ گەلم تۆ زۆر لە من تەنیاتری نەورۆزەکەم

چاوی شێعرم چەشنی هەوری دەم بەهارانت پڕن
وەک منی بێکەس ئەرێ تۆش ناگری؟ نەورۆزەکەم

هەڵکە سۆزی ئەو شەماڵەی ڕادەماڵێ تۆزی غەم
پیرە زستان کەوتە ڕۆژی ئاخری، نەورۆزەکەم

تۆ هەوێنی ژیانەوەی هەر بۆیە کردوومە منیش
بۆ هەموو مافی ڕەوات پێداگری نەورۆزەکەم

با بسووتێنین خەفەت تۆ بە گڕ و من بە شێعر
با غەمی کورد بار بکا بەو ئاگری نەورۆزەکەم

ڕووڕەشی ماوە بە زستان و مەرگ گرتی یەخەی
دڵنیا بووم تۆ بە زستان نامری نەورۆزەکەم

بۆ سروودی گەل دەبێ "کاوە"ت لە دایک بێ دەنا
ڕۆژی سەربەستیت ئەرێ کوا شاعێری نەورۆزەکەم


28ی ڕەشەممەی 2722

✍ #کاوەداشبەندی

/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

#کەسم

گشت شەوێ دەرد و غەمی تۆ لە دڵم بارە کەسم
ڕۆژ کە هەڵدێ بە غەمت دێمەوە ئێوارە کەسم

چ بڕۆم و چ بمێنم نییە هیوا بە ژیان
بێ تۆ هەرچی کە هەیە ماتەمە لەم شارە کەسم

کوچە هەڵناگرێ چیتر خەفەتی من، ئەدی چۆن
بە تەمای دیتنی تۆ بێمەوە دووبارە کەسم؟

کەوتم و چۆک لە زەویم، تۆزێ ڕێگات هەڵدەمژم
بۆنی ئەو خاکە دەوای سەد دڵی زامارە کەسم

دەمهەوێ هەستمەوە و لێرە بەسەرشێتی بڕۆم
من لەبەر چاوی خەڵک بوومەتە پەتیارە کەسم

هێند بە نەرمی دەدوام و غەمی تۆم هەڵدەوەژارد
تێگەیشتم کە دڵم چەندە وەفادارە کەسم

غەمی تۆش چاکە وەفای بۆم هەیە دوور ناکەوێ لێم
ئەو نەبێ شێعری منیش کێ دەڵێ شاکارە کەسم؟

شاعێری ژیری دەوێ بێتە ڕکەی عەشقمەوە
هەستی "کاوە" لە دڕی چەشنی سەگی هارە کەسم

24ی ڕەشەممەی 2722

✍ #کاوەداشبەندی

/channel/kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" بێ مەیلی "


گەر بێ مەیلیت دەبینم مێشک و دڵم وەژان دێن
بێ ئیختیار لە تاوت هەر دووک وەک یەک دەتاسێن

تێکەڵ بە هەستی من بوون یادگارییە جوانەکانت
هەر بۆیە هەستی لاویم لەم عومرەدا دەبزوێن

کێشەی دیدە و دڵی من لێم بوونە باوی ژینم
ئاخر بڵێی لە بەر چی ئەو جووتە وا بە شەڕ بێن؟

دەریای خەمت کەناری خۆزگە دەبوو، کە نەیبوو
لەم دەریا بێ کەنارەت سەد شارەزا دەخنکێن

تاقەت نەما بنووسم دووریت وەهام دەپێکێ
ئەسرینی چاوەکانم لێم بوونە جۆگەلەی خوێن

دەفتەر کە ڕەنگی سووری عەشقی گرتۆ بە خۆوە
خامەم نییە بە گیانت خوێنی چاوم دەپڕژێن

تێکەڵ دەکەم ڕەدیف سەروا، وەزن دەشێوێ
سۆمای نەما لە چاو و دەستی پێنووس دەلەرزێن

کەوتوونە تیرڕەسی تۆ ئاوات و خۆزگەکانم
هەر ڕۆژ بە بێ وەفاییت سەدها حەزم دەکوژرێن

لەم شارە گەر زڕاوە ناوی ئەوین بە پاکی
بۆ ناوی خۆشەویستی سەدها "کاوە" دەخنکێن



✍ #کاوەداشبەندی 👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" داوی زولفت "



دووریت ئەوەی دەیکا بە من دوژمن قەتی پێ ناکرێ
بەسیە هەتا کەنگێ ئەزیز خواش ئەو جەفات هەڵناگرێ


کەوتوومە داوی بسکی تۆ ڕێگام نییە دەرباز ببم
ئەو بەندە بۆم ئازادییە ئەو داوە با هەر بادرێ

پێ داگرە لەو سەر دڵەم تا هێز لە جەستەتدا هەیە
نفرین و سەنگساری دەکەم گەر نەیهەوێ خۆ ڕاگرێ

گوڵ دێتە نێو گوڵزارەوە کاتێ شێعر وەسفت دەکا
خۆشە بە شێعری من ئەگەر یەک پەیکەرەت بۆ چا کرێ

تا تێبگەن خاوەن دڵان لەو شارە تا جوانێک هەبێ
خەڵکی هەموو ئەنفال کرێن ناوی ئەوین هەر نامرێ

پیرم بەرەو لاوی دەڕۆم ئەو کاتە گەر چاوی گەشت
جارێ لە سووچی دەرکەوە چاوێک لە چاوم داگرێ

دوێکە لە کافیشاپەکەی جاری یەکەم تۆم کەوتە دڵ
دانیشتبووم، دیتم ئەوەی داوام دەکرد بۆم ناخورێ

گاڕسۆن بە نەرمی پێی کوتم چاری خەمت خواردن نییە
دەبڕۆ وەشوێن یارت کەوە بەڵکوو قەبووڵ کا خاترێ

ها گوڵ منەتبارت منم دەرگای دڵم کردۆتەوە
ئەو ماڵە میوانی دەوێ، ئەو دەرکە نابێ داخرێ

باکم نییە گەر لێ بدا تانە لە شێعرم چاوچنۆک
شێعری ئەوینی "کاوە"یە ڕەخنەی حەسوود هەڵناگرێ


18ی پووشپەڕی 2721


✍ #کاوەداشبەندی 👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

🔻ناوی بەرهەم: نەبوونت

✍ هۆنراوە: #کاوە_داشبەندی 🔻


🎤 دەنگ : هونەرمەند کاک کامیار فاتحی

@Kawe_Dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" هاوڕێی مەرگ "


من خەونێکی زڕاوی شەوگاری بێ هەتاوم
من کۆرپەیەک هەتیو و ڕووت و پێخەو دڕاوم

لێفەی خەفەت بەسەرما دەکێشێ زوڵمەتی شەو
دەمکاتە دیلی شەوگار دوایین خەونی زڕاوم

جەستەم تەزیوی شەختەی زستانی بێ بەهارە
قەندیلی سەر دەبینێ دەڕژێ ئەسرین لە چاوم

ڕێبواری ڕێی ئەوین و ڕێگای سەفەر لە پێشم
هەر چەندە تەم دەبینم ئاسۆی زەوت کراوم

خۆزگەی فڕین لە مێشک و دەمارمدا دەجووڵی
بەختم لەگەڵ نەیارە و تەیرێکی باڵ شکاوم

بیستوومە ژین لە زاری خەڵکی بەڵام موخابن
مەرگم دیوە بە چاوان ساتێک بێ وی نەژیاوم

جستەی پڕی برین و لاوازم ڕادەکێشم
تاکوو بزانن ئاواش کۆڵم نەداوە، ماوم

ئەو شاعێرەم هەزاران شێعری ساوام دەخنکێن
بۆ شێعری جوانەمەرگم پڕ خوێن دەبێ هەناوم


12ی پووشپەڕی 2721

#کاوەداشبەندی 👇👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

"‍ بە بۆنەی ٨ پووشپەڕ یادێک لە شەهیدانی ژینگە پارێزی پاوە "

ئەی فەلەک چەرخی چەپت چی لێم دەوێ؟
چیت دەوێ با بتدەمێ من نامەوێ

ڕۆژ کە هەڵدێ شیوەنی نوێم حازرە
ڕۆژێ سەرما و ڕۆژێ تینی ئاگرە

ڕۆژێ کێو و شاخ و هەرد و دار و بەرد
پێم دەدەن سەدها برین و زام و دەرد

یا ڕنووی کوێستانەکانت بێ وەفان
یا چیا سەربەرزەکانت بێ بەقان

یا دەبێ سڕ بێ لەشم چەشنی سەهۆڵ
یا دەبێ بمرم لە کێو و شاخ و دۆڵ

یا دەبێ وەک وشکە دارێک گڕ گرم
گەر بە هیوای مردنی پێت نامرم

ڕێگە سەوزن ڕۆڵەکانی دڵ بە سۆم
ڕێی شەریفم بۆ شەریفە و هەر دەڕۆم

شیوەنی ئەمجارە پاوەی گرتەوە
ڕۆڵەکانی چەشنی شێری بردەوە

وەک بەلال برژا بەلالی کورد زمان
گیان فیدا بوو بۆ وڵات و نیشتمان

چەند بە ژانە شیوەنی ئەمجاری کورد
بوو بە قەقنەس جەستەکەی موختاری کورد

ڕوحی یاسینم بەرەو بەرزی فڕی
نێو دڵی هەوری تەواوی هەڵدڕی

چوون بەرەو ئاسمان هەتا هاوار بکەن
بێن لەوێڕا ئەو گەلەم ڕزگار بکەن

چوون بەرەو هاوڕێ شەریفی باجوەر
تا بڵێن ڕێبواری ڕێگەت ماوە هەر

با دڵی دایکی وەتەن غەمگین نەبێ
خاکی من بەو شێوەیە ڕەنگین دەبێ

ڕۆژێ پاوە و ڕۆژی ئیلام و سنە
ڕەنگی شادی و پێکەنینیان لێ ونە

ڕۆژ نییە ئەم خاکە نوقمی غەم نەبێ
بێ پەژارە و شیوەن و ماتەم نەبێ

ڕۆڵەکانی خاکی پاکم دڵ بە سۆن
سەر لە پێناو بەرژەوەندی خاکی خۆن

نامرن هەرگیز شەهیدانی چیا
ڕۆڵەکانی دوور لە دووڕەنگی و ڕیا

هەر دەمێنێ ناوی سەوزیان بێ وچان
تاکوو هەرمان ڕۆڵەکانی نیشتمان


✍ کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" بە بۆنەی ۷ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشت "


هەناسەی شێعری من تێکەڵ سەدان دەرد و خەم و ژانە
وشەی شێعرم لە کۆڕیادی عەزیز و دۆست و یارانە

گڕی سینەم دەسووتێنێ پەڕی پەڕتووکی خوێناویم
لەگەڵ مندا وشەی شێعر و دەیان دەفتەر لە سووتانە

لە قوڕگی بێکەسیمدا بۆتە خۆزگەم داد و هاوارێک
لە ماڵی ئەو دڵەی تەنیام سەدای بانگ و لە خۆدانە

بەرۆکی کامە یاسا و دین دەبێ بگرێ سکاڵاکەم؟
دەمێک ساڵە کە مۆتەی مەرگ بە بێ تاوان لە سەرمانە

کە بۆسۆ دێ لە ناخی دڵ، دڵم کڵدانی مێژوومە
هەڵەبجەی سووری خوێنینە و وەکوو سەردەشت لە خنکانە

کە مەرگی کۆرپە کوردێکی بە بێ تاوان دەبینم من
بە دەنگی پڕ لە غەم دەیڵێم چیهام نەفرەت لە ویژدانە

بەڕووی داوێنی گیاڕەنگم لە سەر بنجی گەلم دەڕوێم
نەزان پێی ڕیشەبڕ نابم وەها باڵام لە هەڵدانە

سەدان ئەنفال و کیمیایی کرام و هاتمەوە سەر پێ
بە دنیام ڕاگەیاندۆ من کە کورد لەو خاکە هەرمانە


✍ #کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

" بۆ ڕوحی زیرەکی نەمر "


کاتێ ڕوحم تێکەڵاوی سۆزی دەنگی تۆ دەبێ
باغی شێعرم پڕ لە بۆنی نێرگس و شەوبۆ دەبێ

ئەو دەمەی سروەی سەبا دێنێ چریکەی دەنگی تۆ
بەڵگەنامەی خۆشەویستی دێر بە دێر واژۆ دەبێ

هەستە زیرەک با بچینە سەیری سیمای شارەکەت
هەر کەسێ سەیری دەکا دڵ پڕ لە ژان و سۆ دەبێ

مۆسیقاش قەدری نەما و ڕۆی فۆلکلۆری کورد پەکوو
زۆر بە دەگمەن گوێت لە حەیران و گەلۆ و لالۆ دەبێ

تێکەڵاوی سازی ناسازی بیانین پیرو لاو
موسیقا و سازی ڕەسەن هەر دێت و بۆم نامۆ دەبێ

داخەکەم ئێستاش وەکوو دەورانی تۆ سووکە هونەر
پیاوی زانا گەر ژەمێک نانی هەبێ بێ دۆ دەبێ


کۆشک و ساباتی هونەر داری لەسەر بەردی نەما
سەیری حاڵی موسیقای کورد بۆ گرین و ڕۆ دەبێ

هەستە زیرەک مامە قالەش بێنەوە بۆ شەوگەڕێک
هەست و سۆزی پڕ لە عەشقی ئێوە بۆ ئەوڕۆ دەبێ


۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۱

✍ #کاوە_داشبەندی


@kaveh_dashbandi

Читать полностью…

هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی

✅ وتووێژی تایبەتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لەگەڵ خاتوو "چنوور شەفیعی" سەبارەت بە بەرهەم و نووسراوەکانی خوالێخۆشبوو "مامۆستا باقی شەفیعی"

🎙 پێشکەشکار: بەڕێز "کاوە داشبەندی"
🔸 ڕێکەوتی وتووێژ: ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۱ی کوردی
❇️ #وتووێژ #چنوور_شەفیعی #کاوە_داشبەندی

🆔 @fzkbeyan

Читать полностью…
Subscribe to a channel