ئهنجومهنهکانی «ئاسۆی ژیار» و «شنهی ئهوینی کانی گۆمهیان»ی ساحێب به هاوکاری فهرههنگ و ئیرشادی سهقز ئێواره شێعری «پاییز، سهمای وشه و گهڵا» بهڕێوه دهبات.
بۆیه داوا له شاعێرانی کورد دهکهین تا ڕێکهوتی ١٤٠٢/٠٧/٢٥ شێعرهکانیان له ڕێگهی ئایدی تێلێگرامیی mahdifr48@ بۆ لێژنهی ههڵبژاردنی ئهنجومهن بنێرن.
دواتر ڕۆژ، کاتژمێر و شوێنی بهڕێوهچوونی کۆڕهکه ڕادهگهیهنرێت و شاعێرانی بهشداربوو ئاگادار دهکرێنهوه.
مهرجی بهشداربوون:
١. شێعرهکان دهتوانێ به ههریهک له دیالێکتهکانی زمانی کوردی و ههر شێوه و ڕێبازێکی شێعریی بن.
٢. سهرهڕای ڕهچاو کردتی ڕێنووسی کوردی، به فۆنتی unkurd 14 تایپ کرابێ و به شێوهی pdf بێت.
٣. ههر شاعێرێک دهتوانێ تا سێ بهرههم بنێرێت. (لێژنهی ههڵبژاردن دهتوانێ یهک، دوو یا ههر سێ بهرههمهکه ههڵببژێرێ.)
٤. نووسینی ناو و ناوی بنهماڵهیی و ژومارهی نهتهوهیی و ژومارهی پهیوهندی و شوێنی نیشتهجێبوونی بهشداربوو پێویسته.
٥. لهبهرچاو نهگرتنی ههرکام لهو مهرجانه دهبێته هۆی بهشدارنهبوونی بهرههمی شاعێر له لێژنهی ههڵبژاردن.
@chrikeyevin
💠جەژنی لەدایکبوونی پەیام هێنەری ئاشتی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام له هەموو بڕواداران، موسوڵمانان و خەڵکی بەشەرفی کوردستان پیرۆز بێت ...
/channel/kaveh_dashbandi
ئەمڕۆ 20ی خەرمانان هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی مامۆستا هەمیشە زیندووی گەلەکەمان مامۆستا ناسری ئاغابرا(ژاکاو) یاد و ناوی هەرمان و ڕێگایان پڕ ڕێبوار.
#پێشکێش_بە_ڕوحی_پیرۆزی_مامۆستا_ناسری_ئاغابرا(ژاکاو)
نەما ڕەنگی بزە و شادی کە تۆ لەم شارە بارت کرد
هەڵۆ بووی ئاسمان جێت بوو، لەبەروەی تەرکی شارت کرد
دەبێ قەندیل لە دووی کۆچت بەرۆکی ئاسمان بگرێ
بە کۆچی پڕ لە ئازارت ئەتۆ بووی بێ تەوارت کرد
لە چاوەجوانەکەی کانی بەجێی ئاو خوێنی سوور دەڕژێ
بەجێی قاقا و بزە و شادی بەجارێ لێوبەبارت کرد
ئەوین بێکەسترین واتا لە کۆڕ و بەزمی یاران بوو
بەهەست و سۆزی بێوێنەت هەتایی ماندگارت کرد
بە حەسرەت بووی بەچاوانت ببینی جوانیی کوردستان
بەڵام جوانیت بەچاوی دڵ تەواو تێکەڵ وتارت کرد
سەفەر داخی لەنێو ماڵی دڵی دۆست و هەڤاڵت خست
چ غەدرێ بوو کە بەو کۆچەت لە خەڵکی کوردەوارت کرد؟
چ زوو هات پاییزی عومرت گوڵی "ژاکاو"ی کوردستان؟
لە ناخی پاییزی ژینا چەنێ تاسەی بەهارت کرد؟
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#وەتەن
وەتەن هێز و ورە و هەتوانی ژینم
وەتەن ڕووگەی شکۆداری ئەوینم
فیدای ناو و شکۆ هەرمانەکەت بم
بە تەنیایی بەڵاگەردانەکەت بم
فیدای کێو و کەژ و دۆڵ و نسارت
فیدای دێم و گەوە و بوورە و بەیارت
فیدای تەپک و تەپۆڵک و کەندەڵانت
فیدای لاپاڵی ڕژد و بەردەڵانت
فیدای لووتکە و بنار و تەختە بەردەت
فیدای پێدەشت و جاڕ و مێرگ و هەردت
فیدای کانی و شەتاوی پڕخرۆشت
فیدای سەیری بەهاری سەوز و خۆشت
فێدای چۆمی خوڕێن و پڕ لە ئاوت
فیدای خۆت و فیدای پیرۆزی ناوت
فیدای باغاتی پڕ پیت و چڕت بم
فیدای بەند و دەراو و ئاودڕت بم
فیدای دار و گوڵ و خۆڕسکی جوانت
فیدای ئامێزی خۆش و مێهرەبانت
فیدای شاخ و فیدای باخی ڕەزت بم
بە دڕکی چاوەکانی ناحەزت بم
فیدای کیژ و کوڕانی باوەفات بم
بەچەشنی وان منی ڕۆڵەت فیدات بم
فیدای خۆت و فیدای ناخی پڕت بم
فیدای ڕۆڵەی هەتیو و جل شڕت بم
فیدای باوکی کرێکار و هەژارت
فیدای دایکی دڵ و ناخ کۆڵەوارت
فیدای کۆڵی کوڕانی کۆڵبەرت بم
فیدای قورسی غەمی بێپێوەرت بم
فیدای جەرگی بە ئاگر هەڵچزاوت
فیدای ئەسیرینێ گەر دەڕژێ لە چاوت
فیدای چاوانی پڕ تاسە و نەمت بم
فیدای ناخی پڕی ئیش و خەمت بم
فیدای هاواری خنکاوی دەروونت
بەسەد ئازارەوە سەلماوە بوونت
لە عەشق و خۆشەویستی تۆ هەوێنی
بمێنی نیشتمانی من بمێنی
لە خۆم خۆشتر دەوێی پیرەوڵاتم
هەتا ڕۆژێ بمێنم گیانفیداتم
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
هاوڕێیانی ئازیز سڵاو و ڕۆژباش.
هەمووجۆرەکانی قوماش بۆ جلی کوردی و قەسری(تۆڕی، حەریر، زەڕی مسقاڵ، سەنگدار، گیاهی، کوودەری و ...) لە فرۆشگەی ئەمین بە گونجاترین نرخ دەست دەکەوێ.
بۆ ئاگاداری زیاتر دەتوانن سەردانی کاناڵی تلێگڕامی و پەیجی ئینستاگڕامەکەمان بکەن.
کاناڵی تلێگڕامی
👇👇👇👇👇👇
/channel/lawazemkhangiamin1
پەیجی ئیستاگڕام
👇👇👇👇👇
@lawazemkhangiamin
https://www.instagram.com/p/Cnyo6j4oJKl/?igshid=NjZiM2M3MzIxNA==
ژومارەی پەیوەندی
👇👇👇👇
09141806049
( مەبەست لە نووسینی ئەم شێعرە کەسێکی تایبەت نییە، تەنیا و تەنیا بە هۆی ناونووسی بەربژێرانی دوازدەهەمین خولی پاڕڵمانی ئێران تا کۆتایی هەڵبژاردنەکان دۆستانی ئەوەندە دڵسۆز و نیشتمانپەرەوەر دەبینم کە بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی ئەم شێعرەیان پێشکەش بکەم. )
هات بەڵام ئەم هاتنەی پێموایە هەندێک ڕووی دەوێ
بۆ وەسەرکەوتن، لە خەڵکی شارەکەم تێچووی دەوێ
شاری من وێرانەیە و خەڵکان بەبێ ڕوح ماونەوە
هات ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی لەشی مردووی دەوێ
لاوی شارم وەک گوڵێک سیس بوون و یەک یەک هەڵوەرین
باغەوان کەنگێ گوڵی ژاکاو و بابردووی دەوێ؟
چەشنی ناڵەشکێنە دڵ بۆ شارەکەم ڕۆڕۆیەتی
شینی بۆکانم بەدڵ چەند دایکی کۆست کەوتووی دەوێ
زۆر دەبینم نوشتە بۆ شارم دەپێچن دوور بە دوور
کاکی من ئەم حاڵە کەی سێحر و درۆ و جادووی دەوێ؟
قۆڵی هیممەت بۆ وڵات و خزمەتت پیرۆزە لێت
خزمەتی ئەم خاک و ئاوە چەند کوڕی ماندووی دەوێ
ڕووبەڕووی ئەم خەڵکە لێدوان ڕەنگە زۆر ئاسایی بێ
باسی خەمخۆری گەلت ئاوڕێک لە ڕابردووی دەوێ
بیر و بڕوات بەرژەوەندی خۆت و گیرفانتن گەلۆ
باوەڕی ئەمجارەشت مێشک و دڵی نوستووی دەوێ
تا قەڵەم باوی هەبێ دەدوێم لە مافی ئەم گەلەم
گەرچی لێدوانی وەها بۆ "کاوە" زۆر تێچووی دەوێ
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#نیشتمانی_زامدار
مەریوانم لە خەم دایە و دەسووتێ دەشت و کۆساری
دەناڵێ دایکی نیشتمان کە خەم کەوتە زرێباری
کوڕانی چەشنی شێر هەستان بەهاواری چیا ڕۆیشتن
چیا سەربەرز و دڵخۆشن کە شێر هاتوون بە هاواری
چ سڕڕێکە لە نێو خاک و وڵات و نیشتمانی من؟
کە خوێن واژۆ دەکا بەڵگەی خەباتگێڕی و وەفاداری
کوڕانی نیشتمان هاتوون شەڕەف واتا دەکەن ئەمڕۆ
هەتا دایکی وەتەن ساتێک نەبینێ غەم بە ڕوخساری
دژی ئەم خاکە ڕووڕەش بێ کە چاوی کوێری هەڵنایە
تەماشا کا لە کوردستان کەژ و کێوی شکۆداری
کەچی ئاگر شەریفی لێم ستاند و بوو بە پێشەنگمان
سەدان هاوڕێی شەریف هاتوونە نێو ڕیزی بەرەنگاری
مەکۆی عەشقە وڵات و خاکی کوردستانی ڕەنگینم
لە ڕۆڵەی نیشتمان جوانە ئەگەر بیکەن ئەوینداری
بە دۆکی سەر جلوبەرگ و بە زامی کوڵمەکەی دیارن
ورە و هێزی شەریف ماون لە گیان و ڕووحی (سالار)ی
چ سەربەرزم کە "کاوە"ی نیشتمان و زێدی شێرانم
کوڕ و کیژی وڵاتی من دەژین هەرمان بە سەرداری
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
هۆنراوە #کاوەداشبەندی
خوێندنەوە و چێکردنی کلیپ: خاتوو #سارییە_زاهێدی
/channel/kaveh_dashbandi
شێعری : #دەڵێم_بتکەم_بە_شێعرێکی_هەتایی
✍ هۆنراوە و خوێندنەوە : #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#دڵتەنگم_بۆت
هەموو شەوێ بەر لە نوستن
نامەکانت دەخوێنمەوە
کاتی خەویش خۆشەویستم
تۆ وەبیر خۆم دەهێنمەوە
دەڵێم نەکا هەڵنەستمەوە
بەبێ یادت شەوێک بمرم
بۆیە هەتا بانگی بەیان
وێنەت لە نێو باوەش دەگرم
ئەو وێنەیەی کە ناردبووت
لەسەر دڵم جێگا دەکەم
بە چاوی تەڕ لێی دەڕوانم و
بەختەوەریت داوا دەکەم
زۆر جار پەنجە زبرەکانم
دەکەم بە شانەی کاکۆڵت
سەری پڕ تاسەم دادەنێم
لەسەر سینگی نەرم و نۆڵت
بۆنی عەتر و قژی خاوت
لە وێنەشدا هەست پێ دەکەم
بۆن و ماچ و لێو مژتنت
بە شەرمەوە دەست پێ دەکەم
وێنەکەشت بە چەشنی خۆت
سڕ و بەبێ هەست و دەنگە
سەیرە هیچتان لێم تێناگەن
ئەمشەو چەندە دڵم تەنگە
قەینا ئازیز دڵتەنگیشم
بەشێکە لە خۆشەویستی
دڵنیام تۆ قەت تێناگەی
تا چ ڕادە خۆشم ویستی
دەترسم ڕۆژێ بزانی و
ئەو ڕۆژە من مردبێتم
ئەوکاتیش گەردنت ئازا بێ
لەوەی بۆ تۆ کردبێتم
چون نامهەوێ لەو دنیایکەش
بۆ تاوانێک یێخەت بگرم
لەوێش ئەگەر تۆ بتهەوێ
لە پێناوی عەشقت دەمرم
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
شێعری #من_سەردەشتم کە بە بۆنەی 7ی پووشپەڕ بۆ ساڵیادی کیمیابارانی سەردەشت نووسراوە قەرار بوو لە کۆڕیادی 7ی پووشپەڕ بەم شێعرە بەشداری بکەم، بەڵام زۆر بە شانازی دەزانم کە لەلایان فیلتێرەکانی لێژنەی هەڵبژاردن ئیزنی بەشداری پێ نەدرا، سپاس بۆ بەڕێزانی لێژنەی هەڵسانگاندن و بەداخەوەم بۆ شێوەی هەڵسەنگاندیان.
من سەردەشتی خەم و خوێنم
من شاری زامداری کوردم
من ئەو شارەم لە باوەشما
گیانیان سپارد ڕۆڵەی وردم
من ئەو کۆرپەم مەمکی دایکم
لە زار دابوو خنکاندیانم
من ئەو دایکەم جەرگم سووتا و
نەیارەکان گریاندیانم
من ئەو بووکەم تارای سوورم
بە خوێنی خۆم ڕازاندەوە
لە نێو ئامێزی زاواکەم
جەستەی سڕم تلاندەوە
من ئەو لاوەم بە سۆرانی و
ڕانکوچۆغە و جامانەوە
بەرەبەیان گیانیان کێشام
بە سەد فێڵ و پیلانەوە
من ئەو باوکەم تەرمی کۆرپەم
لە باوەش دا و دەیلاوێنم
من ئەو کوردە بێ تاوانەم
لە سەد لاوە دەڕژێ خوێنم
من زاگڕۆسی گیری تەم و
گردەلوول و شەوەزەنگم
من هاواری نەبیسراوەم
دەیانهەوێ کپ بێ دەنگم
من ئەو شارەم مێژوونووسیش
لە ئاستمدا کوێر و کەڕ بوو
قەڵەمەکەی بۆ سەولەیەک
خزمەتکاری خودای شەڕ بوو
من شارێکم بە کیمیایی و
چەکی دوژمن خاپوور کرام
هاوارم کرد بۆ چوار دەورم
هاوارێک بووم نەبیسترام
من ئەو بەڕوو خۆڕسکانەی
زاگڕۆسی خۆڕاگرم
دوژمنەکان نەیانزانی
دەمبڕنەوە، بەس نامرم
لەسەر گۆڕی شەهیدەکان
جارێکتر شین دەبمەوە
بە خوێن ڕیشەم پاراو دەبێ و
باڵا دەکەم هەڵ دەچمەوە
پەلەکانم دەبنە دەڕکێک
ڕۆ دەچنە چاوی دوژمنم
تا تئبگەن قەت ناهێڵم
دڵخۆش ببن بە مردنم
سەدان جاریش خوێنم بڕژێ و
لاشەم بخرێتە سەر زەوی
هەڵدەستمەوە هاوار دەکەم
سەر بۆ دوژمن ناکەم نەوی
بە کیمیایی و چەکوچۆڵتان
لە مردنم ناترسێنن
دڵنیا بن بۆ نەمانم
ڕووڕەش دەبن کەمی دێنن
سەدجاریتر بۆ کوشتنم
بێن و بگرن دەور و پشتم
ڕووبەڕووتان هاوار دەکەم
پێو نامرم من سەردەشتم
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
شێعری : #چاوەڕێ
هۆنراوە : #کاوەداشبەندی
بە دەنگ و دیزاینی زۆر بەڕێز : #سولەیمان_ئیبڕاهیمی
#تۆ_ڕوحی_کاوەی
عالەم لە عەشقم تێگەیی و تۆ خۆت لە من شاردۆتەوە
وێنەت دڕاندووم بێ وەفا نامەت هەموو ناردۆتەوە
شێعرم قسەی دڵمن بەڵام یەک دانەشیت چاو پێ نەکەوت
ئەی خۆشەویست خۆت پێم بڵێ چیت باسی من خوێندۆتەوە؟
لەو ساتەوە بۆ عەشقی تۆ ڕێگەی گەداییم گرتە بەر
چرکە بە چرکەی ئەو دڵەم خوێنی دڵی خواردۆتەوە
ناگەم بە باڵاکەت بەڵام چاو کە لە ژێر هەنگاوەکەت
من بۆ تەمەننای عەشقی تۆ دەستم بەرز کردۆتەوە
گیانم بفەرمووی، نامەوێ، دڵ گەر دەفەرمووی داومە پێت
گیان و دڵم هەر هیچ نەبوون ژینت لە من بردۆتەوە
من عاشقێکم چاوی تۆ بەندی نیگای نازم دەکەن
قەت دڵگران نابم لە تۆ، شادم بە بەند و کۆتەوە
کۆڵانەکەی پێیدا دەڕۆی ڕۆژێ شەهادەم بۆ دەدا
بێ کۆت و زنجیر و تەناف دڵمت لەوێ بەستۆتەوە
ڕۆژێ کە بۆنی عەترەکەت تاپۆ دەکا مێشک و دڵم
ئەو ڕۆژە مەستی مەست دەبم بێ مەی، بە چێژی بۆتەوە
تۆ ڕوحی "کاوە"ی شاعێری و هێما سەدان شێعر و غەزەل
وا هەست نەکەی بۆ چرکەیەک من تۆم لەبیر بردۆتەوە
31ی جۆزەردانی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#ئەوینی_خۆر
شەو ئەگەر باڵی بەسەر ماڵی خەمینم دادەدا
بەڕبەڕۆچکەی خەونەکانم بۆنی سەد هیوا دەدا
گەرچی شەوگارم درێژ و مات و بێ ئەنوایە دڵ
خۆرەتاوی بەربەیانم سێبەری شەو ڕادەدا
ڕەنگی ئاسۆ ڕوون دەبینم و چاوی لێ نادزمەوە
عاشقێکم تا گەیشتن هەر دەڕۆم بەم جادەدا
من ئەوینی خۆر و ڕووناکیم لە دڵدا و دڵنیام
هەرچی شەوگاری ڕەشە سوجدەی لەبەر پێ دادەدا
شەرتە چیتر دانەمێنم دەست لەسەر ئەژنۆی خەفەت
دڵنیام سروەی بەیانیم تۆزی مەینەت لا دەدا
غەم ئەگەر خۆی خاوەنی ماڵی دڵم زانی دەبێ
داشقە تووری کۆوە کا شادی لە پشت دەرگا دەدا
غەم نەخۆی "کاوە" کە شەو هەرمان ببێ و نەبڕێتەوە
پێشی ڕۆژ قەت ناگرێ بێ هۆیە گەر خۆی بادەدا
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#خۆشم_دەوێی
گەرچی گشت ڕۆژێ دڵت بێزارە لێم خۆشم دەوێی
چی بڵێم؟ دەی تۆش ئەگەر خۆشت نەوێم، خۆشم دەوێی
دەنگی سیحراویت دڵ و مێشکی بە یەخسیر گرتووم
تا ئەبەد گەر بێ زڕەی زنجیری پێم، خۆشم دەوێی
من بە تاڵی زولفی کاڵت دەست و پێ بەند مامەوە
گەر لە زیندانی ئەوینت بشڕزێم، خۆشم دەوێی
گیانە، من عاشقترین گیانم دەوێ دانێم لە ڕێت
بتهەوێ دیسانەکەش لادەی لە ڕێم، خۆشم دەوێی
ڕەببەنا! لەو جوانییەی تێر بوونی نابێ چاوی دڵ
دەمگرێ خواکەی ئەگەر زووزوو نەڵێم: خۆشم دەوێی
حەسەرەتی دانانی دوو لێوم لەسەر لێوت دەخۆم
خۆزگەکەی ڕۆژ و خەوی خۆشی شەوێم، خۆشم دەوێی
بەو نیگای نازت وەرە و جارێکیتر مەستم کەوە
هەر چەنێ گەر بۆت کرا نیزیک بە لێم، خۆشم دەوێی
تۆ کە فەرمووتە: دەبێ بۆ ماچی من حەسرەت بخۆی
دڵ بە حەسرەت ڕۆژ و شەو بۆت چاوەڕێم، خۆشم دەوێی
گەر بە چێژی تامی ماچی تۆ گونەهبارم دەکەن
بێ غەمم، بۆ عەشقی تۆ قۆڵبەست کرێم، خۆشم دەوێی
مەستم و هەر تۆ مەزەی ئەو کاتە سەرخۆشانەمی
حەک بە مەستی بێم لە نێو جێگەت خزێم، خۆشم دەوێی
دیوتە "کاوە" چەند کەمی دێنێ لە نێو دێڕی غەزەڵ؟
ناکرێ وەسفت، ڕەبی من داوەشێم، خۆشم دەوێی
30ی بانەمەڕی 2723
✍ هۆنراوە و خوێندنەوە : #کاوەداشبەندی
@kaveh_dashbandi
#نامەی_ئەوین
هۆنراوە: #کاوەداشبەندی
بەدەنگی : #مامۆستا_حسێن_وەفا
سەنتوور: سەید جەعفەری نەجات
ساز :کاوە سوڵتانی
/channel/kaveh_dashbandi
#پاییز
گوڵ سیس و غونچە ژینی خۆشی نەدیوە پاییز
دیتم کە گوڵ بە تووشی سەرما وەریوە پاییز
هاتی ئەمما چ هاتن؟ ڕووزەردی کێو و کەژ بووی
هەر دڕکە دەور و پشتی گوڵیان تەنیوە پاییز
تۆ بووکی ڕەنگەکان بووی، هێمای ئەوین لە شێعرم
ئێستاکە بووکی شێعرم تارای دڕیوە پاییز
تۆ سەیری کە گەڵاکان چۆن گیان دەدەن بەبێ ناز
ئاواش گەڵا کە دەمرێ هەر هەڵپەڕیوە پاییز
دار و گوڵ و ڕەز و باغ بەرگی خەفەت دەپۆشن
لەو باغە ساڵهایە بولبول فڕیوە پاییز
زەردم وەکوو هەتاوی ئێوارەکانی هەینی
دەستی قەدەر بەجارێ دڵمی کوشیوە پاییز
خۆزگەم هەیە هەتا دێت بۆنێک لە خاکەلێوە
هاشەی شەتاو ببیستم لەو دۆڵ و شیوە پاییز
تۆش هەر دەبێ وەپێچی بارگەوبنەت لە باغات
گوڵ بۆ سەما تەیارن، مەل بۆ جریوە پاییز
دڵخۆش بە جێژنی کورد و نەورۆزی سووری "کاوە"م
ئەو ڕۆژە هەر دەبینم خەونم نەدیوە پاییز
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#وەرە
تۆ دڵت ماڵی ئەوینی من بوو
ئەرێ بۆ ئێستێ لەبیرت کردووم؟
هەر نەماوم لە خەیاڵت جوانێ
هەر دەڵێی لای تۆ نەماوم مردووم
دەبڵێ گیانە لە چی دڵمەندی؟
شەرمێ ناوێ کەسەکەم پێم بڵێ پێ
ئەو کەسەی دەیهەوێ تۆم لێ دوور کا
دەبڵێ گیانی کەست کێ بووە کێ؟؟؟
دووزمان زۆرە لەنێو ئەمشارە
دژی عەشقن بەخودا عاشق نین
کەسەکەم بۆ تۆ لە هەر بارێ بڵێی
بەخودا دانەیەکی لایق نین
وەرە بۆت گیان لەسەر دەست دانێم
دڵنیام نیوەیی ونبووی من تۆی
گوڵێ بۆ مانی من و کامڵ بوون
بەسەرت خۆتی کە هۆکار و هۆی
وەرە دەستت لە ملم هاڵێنە و
پەرچەمت بیکەوە ئاڵای عەشقم
چەشنی لاولاو گوڵم هەڵبچۆ هەڵ
هەڵبچۆ گیانە بە باڵای عەشقم
بمدەیە تینێ لە گەرمایی لەشت
با لەنێو باوەشی تۆ گڕ بگرم
تۆ بژی بۆ من و عەشقی پاکم
چ نییە گیانە کە من بۆت بمرم
وەرە ئەی ڕوح و ڕەوان و دڵی من،
خانەخوێی ئەو دڵە وێرانەیە تۆی
مردنم خۆشترە تا دووری لە تۆ
قەت نەڵێی ڕۆژێ دەبێ لێرە بڕۆی
نیشتمان تۆی و منیش ڕۆڵەیی کورد
هەر دەگەین ڕۆژێ بە ئازادیمان
کە لە پێناوی ئەوینتا بمرم
وەک شەهید پرسی نییە شادیمان
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#دووریت
کێ دەکێشێ چەشنی من باری غەمت؟ وەڵڵا نییە
شار سەروژێر کەی کەسم چەشنی منت شەیدا نییە
دڵ دەبوو بێ تۆ لە سینەم بێتەدەر ئەمنی نەوێ
دیل لە زیندانیش کە ئازادی بوێ ڕێگا نییە
گیانە خۆ من عاشقم، چاوت لە چاوم مەدزەوە
شەو بەسەر چوو دیدەکەم خۆ کاتی ڕۆژاوا نییە
مانگ کە دەیکوت زۆر لە یارت جوانترم، دوێنێ شەوێ ــ
ــ خۆی لە نێو ئەسرینی چاوم دیت و زانی وا نییە
خوا غەزەب بگرێ لە من دڵتم بە پاکی ڕانەگرت
من کە شێتم دڵنیام کێشە لەلای تۆ ڕا نییە
تۆ نەبی وێرانەیە شار و شەقام و کووچەکان
چۆن بە دنیا خۆشە دڵ؟ گەر تۆ نەبی دنیا نییە
من لە بۆکانی مەکۆی چاوجوانەکاندا بێکەسم
دڵبەرا گەر تۆ نەبی بۆکان کەسی تێدا نییە
چۆن دەبێ هەڵکا لەگەڵ دەرد و غەمی هیجرانی تۆ؟
دیدەکەم دووریت ئەوەند بۆ "کاوە"کەت سانا نییە
6ی خەرمانانی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#نا_مەڕۆ
نا مەڕۆ دیسان برینی کۆنی دڵ مەکولێنەوە
دەستی پڕ مێهر و وەفای خۆت قەت لە من مەکشێنەوە
تۆ بڕۆی هەروەک هەتیوی سەر شەقامان بێ پەنام
دڵ بە دووی هەنگاوەکانت شار بە شار مەخولێنەوە
خۆشەویستیت چۆتە نێو خوێنی دەمارم، دڵبەرم
ئەو ئەوینەی بۆتە هۆی مانم لە من مەستێنەوە
نا مەڕۆ بێ تۆ غەمی دنیا لە من میوان دەبێ
گوڵبزەی شادی بە بوونی خۆت بەرەو من بێنەوە
دڵ گڕووی چاوانی تۆ دەگرێ کەچی تۆ لێم ونی
باوەشت بێشکەی حەزی دڵمە لەوێ ڕایژێنەوە
ئەشکی چاوم هێندە بۆ خاکی وڵاتم ڕشتووە
تۆش بەدووریت خوێن لە چاوانم بە خوڕ مەڕژێنەوە
تۆ نەبی شێعری ئەوین شین و شەپۆڕ و ماتەمن
هەر وەکوو شێعرێ بەچاوی ئەو دڵەت بمخوێنەوە
دەردەدارێکە لەسەر جێی بێکەسی "کاوە"ی حەزین
دەردەداری عەشقی خۆت بۆخۆت لەجێ هەستێنەوە
25ی گەلاوێژی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#کۆنە_هاوار
خۆزگە دوو باڵم دەبوو تا لەم هەوارەی هەڵفڕم
خوا دەزانێ چەند لە ژینی ئێرەکانەم دڵپڕم
ژین بە مردن تۆ بڵێی سەودام لەگەڵ کا، کاکەریم؟
گەر بە پارە و سەروەت و سامان ئیزن دا، دەیکڕم
هێندە غەم کۆبۆتەوە لەو کۆنە وێرانەی دڵم
زۆر نەماوە دەست دەمە تیغێکی سینەم هەڵدڕم
ڕێژنەبارانی دوو چاوی من لە هەوریش پێش کەوت
سەیرە ئاواش چەشنی بوورەی پڕ لە دڕک و قاقڕم
سەفحەکەی دڵ تۆزی غەم گرتوویە هێند ژەنگاوییە
هێز نەماوە تا بە دەستانم چەلێکی بیستڕم
ئەوکمی گرت کۆنە هاواری گەلە چەوساوەکەم
شەرمەزار ماوم کە ناتوانم تەواوی دەربڕم
دڵ پڕی زام و لەشم گێڕ و گەواڵ و لار و خوار
هەر دەڵێی بەرگی هەتیوی کوردەواریم هێند شڕم
گڕ لە ناخم بەردەدا بێ هوودە دەستی خۆفرۆش
سەیرە تێناگا نەزان گەر ساڵهایە خۆم گڕم
دەستی سپڵە و ناحەزانم هێندە بەردیان خستە ڕێم
باشە خۆ کێویش لە ڕێم دانێن بەوەڵڵا دەیبڕم
من کە گیانێکی قەرزدارم دەبێ ڕۆژێک بڕۆم
با لە ژینی پڕ لە ماتەم بێمە حاشا و تێی......
پیرە دایەی نیشتمان هەرگیز نەزۆک نابێ گەلۆ
پاشی مەرگی "کاوە" قەت لات وانەبێ گەر بێ کوڕم
17ی گەلاوێژی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
وێنەی ئەم کوڕە ئازا و بوێرە کە یەکێکە لە دەیان لەو مێرمنداڵانەی کە بۆ کوژانەوەی ئاگر چەکی سەوزیان دەست داوەتێ، منیش ئەم شێعرە بە ناوی #قارەمانی_وڵاتەکەم پێشکەش بەم کوڕە قارەمانە و سەرجەم هاوڕێیانی دەکەم. بەداخەوە ناوەکەیم دەست نەکەوت.
#قارەمانی_وڵاتەکەم
لە ڕوخسارت دەبارێ هەستی شێری
کوڕێ کوردی و لە خۆت جوانە بوێری
بە تۆوە سەرفەرازن خاک و ئاڵات
جلێکە قارەمانی، پڕ بە باڵات
لە چاوانت ورە و هیوا دەبارێ
غەمی دەوران بە هێزی تۆ دەتارێ
لە تین ترست نییە ڕۆڵەی گڕی تۆ
لە بیر و باوەڕ و ویژان پڕی تۆ
چیا نزمن لە ئاست هەنگاوەکانت
هەتاو کڕنۆش دەبا بۆ چاوەکانت
دەلەرزێ زاگرۆس هەر دەم لەژێر پێت
دلێری و قارەمانی بوونە هاوڕێت
کوڕی ڕێگەی گەوە و هەڵدێر و چڕ تۆی
لە خاکی نیشتمانم شێرەکوڕ تۆی
لە ئازایی کوڕان تۆ بوویە هێما
ترس تۆی دی لە شەرمانت بەجێما
دڵی جوانت ئەوین خستوویە لێدان
ئەوەی پاکی و ئەوین مابێ لەوێ دان
فیدای هەنگاوەکانت، کەم نەهێنی
سەرم بەرزە کە تۆم ئاگر کوژێنی
مەریوان و زرێبار سەفەرازن
بە ڕۆڵەی قارەمانی خۆ دەنازن
نە تینوێتی نە برسێتیت نەزانی
نیشانت دا کە کوردی و قارەمانی
لە کوێ گڕ دێتە مەیدانی کوڕی شێر؟
لە ئاگر کەی دەترسێ شێری جوامێر؟
چەکی سەوزت لە دەست دایە و نەترسی
لە تین و دووکەڵ و گڕ کەی دەپرسی
شەریفێکی لە ڕێبازی شەریف دای
نیشانت دا شەریف هەر بەرزە ئاڵای
شەهیدانی سەوز دڵخۆش و شادن
کە ڕێبازی شکۆداریان لە یادن
لە ئاسمانی وڵاتمان چاوەدێرن
لەوێڕا ئافەرینت بۆ دەنێرن
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#دەڵێم_بتکەم_بە_شێعرێکی_هەتایی
دەڵێم بتکەم بە شێعرێکی هەتایی
لەشێعریشدا گەلێک جوانی، خودایی
لە تۆ بدوێم بە هێزی هزر و هەستم
بکەم وەسفت ئەوەندەی بێ لە دەستم
لە وەسفت جاروبار دوودڵ دەمێنم
دەزانم دڵنیاشم کەم دەهێنم
دەزانی بۆ؟؟ ئەتۆ بێڕادە جوانی
دەمێک ساڵ بوو تەمام بوو، نەمدەتوانی
دەکەوتمە مینگەمینگ و لێوەلەرزە
چلۆن دەکرا بە من ئەم باسە بەرزە
نیگارێکی ئەوەند بێ عەیب و ئیراد
تەماشات سەد دڵی غەمبار دەکا شاد
شکۆداری جیهانیت و شیاوی
لە هەرچی لێی دەڕوانم زۆر تەواوی
لە چی بدوێم لە چاوی ناز و مەستت؟
لە شلکی و ساف و لووسی قۆڵ و دەستت؟
لە گەردنت یا لە لێوی دڵڕفێنت؟
لە کوڵمەت یا لە ئەبرووی سوور بە خوێنت؟
لە سینەت یا لە میوەی پێگەیشتووت؟
لە کردەت یا لە تەبع و عادەت و خووت؟
لە بەژنت یا لە قەددی وەک غەدەنگت؟
لە مەکرت یا لە خۆشی تۆنی دەنگت؟
لە ئەندامی زەریفی وەک نەمامت؟
لە شیرینی و لە گوفتار و کەڵامت؟
دەترسم شەرمەزاری خواکەشت بم
خەجاڵەتباری لای باڵاکەشت بم
چ بووی هاتی کەوا مێشکت تەزاندم؟
دڵێکم بوو ئەویشت لێ ستاندم
دەبەسە گیانە نازانت وەڵا نێ
لەوەی زیاتر ئەگەر بیکەی ڕەوا نێ
بە جووت چۆکم لەبەر پێت داکوتاوە
مەحاڵە لەو مەڕامەم بچمە دواوە
دەفەرموو تەڕکە لێوت بۆ وەڵامێک
منەتبارم کە بیبیستم کەلامێک
ئەرێنی بێ وەڵامت سەرفەرازم
هەتایی بەو ئەوینەی تۆ دەنازم
گڕم گرتۆ گڕی عەشقێکی پاکە
بە وێنەی خۆشەویستیی ئاو و خاکە
دەسووتێم تۆ سڵامەت چاوی تۆ خۆش
کە گڕ بگرم بزانە فەخرە بۆ تۆش
ئەتۆ شایانی زۆر زیاتر لەوانەی
هەناسەم بۆ ژیانم تۆ بەهانەی
بە تۆ دێنم ئەوەی شادەی ئەوینە
لە دەرکی خۆت بە داماویم ببینە
دەسم بەرزە بەرەو قاپی دوو ئەبرۆت
بەرەو ماڵی ئەوین بمبە لەگەڵ خۆت
گەدام هانا بەرەو ماڵت دەهێنم
بە یەخسیریش قەبووڵم کەی دەمێنم
بە شەرتێ دەست بەتاڵم جێ نەهێڵی
غەم و ئازار و ژانم پێ نەهێڵی
ئیزن دەی تێر بە دڵ بتگرمە باوەش
ئەتۆش بخزێیە نێو ئامێزی کاوەش
لە تۆ ناز و لە من شێعری ئەوینمان
دەڕازێنین بە شێعر و نازێ ژینمان
وەرە ئەی دیدە مەستی چاوشەهێنم
منی شاعێر بە تەنیا تۆی هەوێنم
کە تۆ بی تاکوو دەمرم خۆشەویستم
دەسی سەد شاعێریشت بۆ دەبەستم
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#برینی_دڵ
دڵ و مێشکم بە دەست دەرد و خەم و مەینت وڕ و گێژن
برینی من دەمێک ساڵە بەبێ تیمار و ساڕێژن
لە بەختی خۆم نەدی ڕۆژێ لە کۆڕی شادی دانیشم
ئەوەی خۆزگەی ژیانم بوو لەبەر چاوم دەیاننێژن
دڵم ڕازی نهێنی زۆر حەشارداوە لە نێو خۆیدا
لەبەختی من خەم و مەینەت لەسەر مێزی وتووێژن
بە تیری ڕۆژگار جەرگ و دڵم پێکراوە تا ئەمڕۆ
ئەوەندەی دێتەوە بیرم گڵۆڵەم هەر لە جێی لێژن
کەژ و کۆی نیشتمانیشم وەکوو ناخم بریندارن
شەقام و شاخ و پێدەشتیش تەواوی جێگە دەسڕێژن
دەسووتێ ماڵی کورد، ئەسرین لە چاوی دایکەکان دەڕژێ
خەفەت دەرکی بە ماڵم گرت بە جێژنانەی شەوی جێژن
قەڵەم ئەشکی لە چاو دەتکێ و پەڕی دەفتەر دەخووسێنێ
وەکوو دایکی وەتەن شێعرم لە کۆڕی پرسە خۆوێژن
لە ئاسۆی بەختی "کاوە"ی کورد ورە و هیوا بەدی دەکرێن
حەز و هیوام دەمێک ساڵە بە پڕشنگی گەلاوێژن
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#کورد_و_جێژن
بەرەو جەژنە و لە زێدی من هەمیسان شین و گریانە
دڵی دایکی وەتەن دیسان خەمین و مات و بریانە
چ دڵخۆشیم بە قوربان بێ؟ ئەوەندەی دێتەوە بیرم
لە زێد و نیشتمانی من هەموو ڕۆژ ڕۆژی قوربانە
دڵی دایکان بریندار و جلی خوشکان ڕەشن دایم
لە قوربانگای ئەوینداری سەری کوردان لە مەیدانە
کەژ و کێو و شەقامی شار بە خوێنی پاکی کورد سوورن
تەماشا کەن کە قوربانیش بەڕاستی هەر لە کورد جوانە
لە شانی باوکی کورد دەرد و خەمی دنیا بە کۆ بارن
موخابن پشتی باوکانم چەماوەی تێکەیەک نانە
نەبوو جارێک بە چاوی خۆم ببینم جێژن و خۆشیمان
بەرەو جێژنانە ماڵی کورد ئەوا دیسان لە سووتانە
لە غەم کەنگێ ڕەهایی دێ خودایە خاک و زێدی من؟
گەلی کوردم بڵێی جارێک ببینێ ڕۆژی فەرعانە؟
بە ئاواتم کە ڕۆژێکی لەسەر ئەم خاکە پیرۆزەم
سەری بەرزی کوڕی کوردان دژان نەیکەن بە نیشانە
کە دایکی نیشتمان جلکی ڕەشی پرسەی دڕی شەرتبێ
سەری "کاوە"ی لە ڕێ دانێم بڵێم بۆت کۆچی قوربانە
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
دەسپێکی خولێکی نوێی فێرکاریی ڕێنووسی کوردی لە لایان ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان لقی داشبەند.
جێگای ئاماژەیە ماوەی چوار ساڵە خولەکانی فێرکاریی ڕێنووسی زمانی کوردی لەلایان فێرگەی بەیانی داشبەندەوە بە شێوەیەکی تەواو خۆبەخشانە بەڕێوە دەچێت.
22ی جۆزەردانی 2723ی کوردی
وانەبێژ : شادی خەلیل بەیگی
بەرپرسی فێرگەی بەیان : #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi
#بۆ_مامە_قالە
مامە کوا ئێستا سەدای شمشاڵەکەت؟
بێژە پێم ئێستاکە چۆنە حاڵەکەت؟
مامە ئێستا لای گەلی کورد گەورە بووی
هێندە زۆرن ئاشنا و هاواڵەکەت
مامە پێش مردن نەبوو تەنیا کەسێ
بێتە سەردانت لە کونجی ماڵەکەت
دەنگی شمشاڵت لە کۆڵانان دەهات
وردە پووڵیان بۆ دەخستییە پیاڵەکەت
مامە شمشاڵ بوو کە دەیناڵاند لە جێت
کەس نەبوو گوێبیستی ئاهـ و ناڵەکەت
مامە قالەی تاک و تەنیا بووی و بەس
خۆت و ژینی سارد و تفت و تاڵەکەت
ساڵوەگەڕ کەس نەیدەگرت بۆ تۆی خەمین
بێ نرخ بوو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکەت
مامە ئێستا تۆ نەماوی دیوتە چۆن
شیرنە لامان قەدوگیپاڵەکەت
وەک بلیمەت دێن و ناودێرت دەکەن
جێ نییە پێیدا بکەن میداڵەکەت
جێگەتیان بردۆتە تەشقی ئاسمان
وەک فڕۆکە ساز کراوە باڵەکەت
دەیبەنە موزە و لەبەر چاو دایدەنێن
فەندەک و مۆدنە و کڵاو و کاڵەکەت
تۆ دەزانی مردنت زۆر پێ کەوت؟
خۆشەویست بووی لای گەلە ڕووتاڵەکەت
لەم وڵاتە تاکوو زیندووی بێ کەسی
ناتدوێنن پوور و مام و خاڵەکەت
گەر هەژاریش بووی هونەر نرخی نییە و
نابتە نان و ئاوێ بۆ منداڵەکەت
ئێستێ مردووی و چ خۆش ناوت دەبەن
دەرکەوت ئەمجار بە ناوت فاڵەکەت
بوویەتە گەورە هونەرمەندی گەلم
ڕێزی زۆرە مامە گیان شمشاڵەکەت
31ی بانەمەڕی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
@kaveh_dashbandi
#ئەوین
منی ئاوارە لە نێو ئەم گەڕەکەش جێم نابێ
دەبڵێ نازێ، ئەرێ بۆ دڵی تۆش ڕێم نابێ؟
تەمەنێک ڕازی دڵم باسی ئەوینت بوو گوڵم
هەر کڵاوێ لە سەری ئەو دڵە گەر نێم نابێ
تەنگە کۆڵانی حەز و چاوی حەسوودیش لەسەری
حەک ڕەبی کوێر بێ حەسوود هەرچی دەڵێم دێم نابێ
هەر دەڵێم پێتی دەڵێم: سوورەگوڵم، بەندی دڵمــ
ــ تۆ هەموو ژینی منی، هێندە دەخەجڵێم نابێ
لێدە خەنجێری جەفات خوێنی دڵم بڕژێنە
کوردم و ڕۆژێ ئەگەر بێ هۆ نەکوژرێم نابێ
من و ئەم خاکە گەلێ ڕۆژی وەهامان دیوە
لە تکەی خوێنی لەشی خۆم کە بترسێم نابێ
شەڕەفی شێعری منن عەشقی وڵات و گەلەکەم
لە ئەوین و شەڕەفی ئەم گەلە نەدوێم نابێ
بە خەیاڵیش سەفەری دووری لە خاک ئەستەمە بۆم
دوور لە ئامێزی وەتەن هێزی دەس و پێم نابێ
خاکی تاراوگە سەفای مەوتەنی "کاوە"ی نییە بۆم
هەر هەمووی کۆکەیەوە ماڵی گڵی دێم نابێ
20ی بانەمەڕی 2723
✍ #کاوەداشبەندی
/channel/kaveh_dashbandi