جە لای عاقـڵان ســـاحێب عـــەقڵ و دین
دانـــــا بـــــزورگـــان کوردســــتان زەمین
ڕاستەن مـــەواچـان فارسی شــەکەرەن
کوردی جـــە فــارسی بـــەڵ شیرینتەرەن
پەی چێش نە دەوران ئی دنیای بەدکێش
مەعلوومـەن هـــەرکەس بـــە زوان وێش
(خانای قوبادی: ۱۰٨۳ـ۱۱٦٨ کۆچی)
دیمەنەکانی ئەوڕۆی ئامەد ـ باکووری کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی
۳ ڕەشەمەی ۱٤۰۲
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
زوان ناسنامەی گەل و نەتەوەیە
8 ساڵە بەردەوام تا بۆم کراوە یەکێ لە چالاکییە مەیدانیەکانم کۆکردنەوەی شوێنەناو (چیا، دۆڵ، دەشت، کانی، چەم، گەڕەک، گۆڕستان، مەزار و ...)ی ئاواییەکانی کوردەوارییە. هەتا ئیستا نزیکی ۳۵۰۰۰ شوێنەناوم کۆ کردووەتەوە.
تکایە ئێوەش شوێنەناوەکانی گوندی خۆتان بەم ناونیشانە بنێرن (@irajmoradi).
@dastnoosxane
@kelaterzankon
لە خۆم ئاگر هەڵێنم وەک چنارۆک
لە چاوم گریە دەربێ وەک حەمامۆک
پێشتر لە سەردانی دێی جۆنی ناوچەی برادۆستی ورمێ باسی سووتانی لەخۆوەی داری ئەورس لە چیاکانی ئەوێ بیست، ئەمجارە ئەم باسەی مامۆستا مەسعوود محەمەد پاڵپشت بەو شێعرەی حاجی قادری کۆیی بۆ چنارەکانی چنارۆک هاتە بەرباس (بەرگی ۱۲ـ کۆبەرهەم ـ نامەکان ـ لاپەڕە: ۲۰۳)
دەگێڕنەوە ئەگەر بەڕوودارێ لەخۆوە ئاگری تێ بەر بوو واتای ئەوەیە تەمەنی هەڵکشاوە بۆ هەزار ساڵ و پاشای شاری دێوان مردووە. ئەگەریش داری پەڵک (سوورەچنار) یا کێکفێ بسووتێ، ئەوە تەمەنی ئەو دارە لە سەد ساڵ هەڵکشاوە و بەرەبابی پاشایەتیەک نەماوە و تاج و تەخت گوێزراوەتەوە بۆ بەرەبابی پاشایەکی دیکە لە وڵاتی مرۆڤەکان.
هاوپێچ وێنەی دار پەڵکەکەی دێی سەوڵاوای ژوورییە کە تەمەنی بە ٨۰۰ ساڵ خەمڵێندراوە و لە ئیدارەی شوێنەوارناسی ئێران تۆمار کراوە.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
کاڵەکەمارانە و ژنی دووگیان
بەشێک لە وێژەی کوردی کە دەچێتە بازنەی فۆلکلۆر و فەرهەنگی زارەکی، شێعر و فەردی ناو ڕاز و هەقایەتەکانە.
مێژووی داهاتنی ئەمانە دیار نییە و ڕەنگە تا قووڵایی ڕەگی دار بەڕووەکان تەمەنیان بێت.
قاقەزی خانبالق و قەڵەمی قامیشەڵان و مەرەکەفی پیازومازوو ئەو دێڕانەی نەنووسیوەتەوە، لێ پەڕەی زمان و تێنووسی سینگی پیرەدایکان و پیرەباوان هەڵیگرتووە و فێرخوازی گەرەک لێی دانیشێ و تۆماری بکات.
لە بابەتی ژمارە ۵۵۵٨ دەفتەری ۲۷ ـ زنجیرە دەفتەری گەنجینەی پزیشکی و خوراکی و کشتوکاڵ و ژینگە و جوغرافیای حەکیمانی کوردەواری ـ قسەیەکی پیرەژنێکی لای خۆمانم دەنووسییەوە لەسەر بڤەبوونی گیای کاڵەکەمارانە بۆ ژنی دووگیان. بە هەر حاڵ ئەو گیایە ـ ئەگەریش بۆ کەسانیتر دەرمان بێ ـ بۆ ژنی دووگیان مەترسیدارە.
پیرەدایک باسی لەوە دەکرد ژنی دووگیان نابێ بە نێو گیاجاڕی نەدرواودا بڕوات. چونکا لەسەر کونەدێو و گیای دەمنەدێو (کاڵەکەمارانە) دەکەوێ و شای دێوان پف لە نێوگەڵی دەکات و کۆرپەکەی لەبار دەچێ.
جا بۆ ناواخنی باسەکە ئەم وتووێژە شێعریەی نێوان دێو و دادەیەکی دووگیانی دەگێڕایەوە:
دێو وتی: کەڵەکەڵە کاڵەکە
دادە وتی: کۆڵ کۆڵ کوڕێکە
کۆڵ کۆڵ کەنیشکە
کاکە هەڵکەوت
داسەکوڵەی دەس کەوت
کاڵەکەمارانەی بڕی
شای دێوان چڕی:
موارەک باوکە بێ
موارەک دایکە بێ
موارەک کاکە بێ
دادەیچ وتی: موارەک موارەک
کۆڵم پڕ بێ لە کاڵەک
کوڕێکم ئەوێ شا و کەڵوان
کەنیشکێکم ئەوێ گوپ گوڵوان
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|توێژینەوەی مەیدانی بۆ ساغکردنەوەی دیوانی شێخ عەزیز و شێخ ڕەحمانی جانەوەرە: دوو هاوڕێ و هامفەردی مەولەوی ـ فەردی کەچەڵ و کەتان|
ــ شێخ ساڵح بالیدە لە دێبنیا
ــ تۆفێق باڵکانە لە دێبنیا
ــ حسێن تاوانە لە جانەوەرە
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
🌸گەنجینەی وشەدانی کوردی: شوێنەناوی ئاواییەکانی نیشتمان🌸
📩 هۆ، کۆ، کێو، کاو، کۊە، کێف:
شاهۆ (چیا، هەورامان)، داڵەهۆ (چیا، کرێند)، مایێهۆ (سەختێکە لە نێوان ئاواییەکانی سێف و بۆخەڵوو و سنووری پێنجوێن)، سپەنتاهۆ (چیا، گوندی ماوانە، تەرگەوەڕ)، بزەهۆ (چیا، گاوارە)، مەڵەهۆ (یاڵ، کۆساڵان)، کەڵەهۆ (چیا، گوندی تەنگیوەر، کامیەران)، بەمۆ (= بەمهۆ، چیا، دەربەندیخان)، بەبۆ (= بەبهۆ، چیا، گوندی هەڵەدن لای دووکان)، گمۆ (= گمهۆ، چیا، شارباژێڕ)، باڵامبۆ (= باڵامبهۆ، چیایەکە لە هەڵەبجە)، زمناکۆ (= زمناکهۆ، چیایەک لای دەربەندیخان) و ...
تکایە هاوکاری بفەرموون و شوێنەناوی (کێو، کانی، دەشت، دۆڵ، قەڵا، گۆڕستان، دێکۆن، گەڕەک، چۆم و ...) دێ خۆتان بە ڕێنووسی کوردی یا دەنگ بنێرن. پڕۆژەیەکی چەند ساڵەیە و لەسەری بەردەوامین و لەو بارەوە هەتا ئێستە پتر لە ۴۰ هەزار وشەم کۆ کردووەتەوە.
تکایە ئێوەش بەشدار بن و زانیاری شوێنەناوی گوندی خۆتان بنێرن. دڵنیا بن ئەمە هەلێکە ئەو ناوانە لە فەرامۆشی دەپارێزێ.
وێنە: شاخی بەبۆ
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|نەخشەیەکی سەردەمی عوسمانی: زێدی سەرەکی هۆزی بەرازی ـ سێگۆشەی ڕەحا (ڕحا: ئۆرفا)، سرۆچ و کۆبانێ|
تێبینی ۱: زۆربەی کوردەکانی سەرێکانی، دێرکا حەمکۆ، کۆبانێ، دەشتی ڕەقە، سرۆچ و ڕەها، هەروەها کوردانی شاری (حماە) بە بەرازی دەناسرێن. تەنانەت بە شێوەزاری تایبەتی ئەو خەڵکە دەڵێن: کورمانجی بەرازی.
تێبینی ۲: هۆزی بەرازی ئێستەش لە ناوچەی دیواندەرە و کۆماسی و سەرشیو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەژین. بۆخۆم لە گوندی بلچەسوور، چنارە، گومارەلەنگ و ... کوردی بەرازم بینیوە و هەر بەو ناوە هاوهۆزی خۆیان دەناسنەوە.
داخەکەم ئەوانەی مێژوو ناخوێننەوە و دەستکاری بەڵگەکانی ئێستە بۆ داهاتوو دەکەن لە نووسینەکانیان وشەی تازە و داتاشراوی (برازندە)ی فارسی بۆ ئەو هۆزە ڕەسەنە کوردە دادەنێن.
ژێدەر: Fb الارشیف الکردی
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
دەمەوێ ببم بە دارتوویەک
لەبەر ماڵتان
بشێ ڕۆژێ كە پیر بووی
لقێكم بكەی بە گۆچان!
لە ئامێزی من بترازێی،
لە هەر کوێ بی پەناهەندەی.
📝 لەتیف هەڵمەت
.............................
تێبینی: چەند ڕۆژە ئەو شێعرەم بەرچاو کەوتووە و لە پێوەندی داری توو و گۆچان سەرنجم لا دروست بووە. دڵم نەهات ڕەخنە لە پێگەی هۆنەری مەزن مامۆستا لەتیف هەڵمەت بگرم.
بەڵام...
لە کۆنەوە کوردەواری داری تووی وەک بەرهەم سەیر کردووە و بەکاری هێناوە. توو هێندە پیرۆزە کاتێ کەسێ بە بنیدا دەڕوات، پێ لەسەر تووەکان دانانێت و دەڵێ میوەی بەهەشتە. لقی ناشکێنێتەوە و دەڵێ سێبەری بەهەشت دەبڕم. لقی داری توو هەرگیز ناکرێتە گۆچان. بەڵکوو حیکمەتی پێشینیانی کورد لەوەدایە داری بێبەر وەکوو بناوچ و مڕ و شرۆ و چنار و بی دەکەن بە گۆچان و نەقیزە. هەتا ئەو دارانە بێ ڕوو لە داری بەردار ناکەن. بەردارەکانیش تەنیا بەڕووار و مازووارە لقی بێبەری لە کاتی زستان دەچەمێنن بۆ گۆچان.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|ناسنامەی مامۆستا حەسەن زیرەک|
وەرگیراو: فەیسبووکی Bakir Şiwanî کە ئەویش لە فەیسبووکی (الارشیف الکردي) مامۆستا ئەدهەم شێخۆ وەریگرتووە.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|سلێمانی، گەڕەکی برایم پاشا، لە خزمەت پیاوی دەستنووسەکانی کوردی: مامۆستا موحەمەد عەلی قەرەداغی|
۵ سەرماوەزی ۱٤۰۲
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
🥏نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسی کورد ـ بەختیار عەلی ـ خەڵاتی «هێلدا دۆمین»ی لە وڵاتی ئەڵمان وەرگرت.
🥏سێشەممە ٣٠ی گەڵاڕێزان لێژنەی داوەریی تایبەت بە خەڵاتی «هێڵدا دۆمین»، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە نووسەر ڕاگەیندرا براوەی خەڵاتی هێڵدا دۆمینە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بووە.
🥏ئەم خەڵاتە بە ناوی خانمی هیلدا دۆمین دایکی پەخشانە شێعری ئەڵمانییە کە یەکێک لە هەرە گەورەترین شاعیرەکانی ئەڵمان لە سەدەی بیستمدا ئەژمار دەکرێت. خانمی هیلدا دۆمین یەکەمین براوەی خەڵاتەکە لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی بووە.
🥏ئەم خەڵاتە سێ ساڵ جارێک دەدرێت. دوای خەڵاتی نیلی زاکس ئەمە دووهەمین خەڵاتی گرینگە کە بەختیار عەلی وەری دەگرێت.
تێبینی: گەلی بێدەوڵەتی کورد بە نموونەی کەڵەزانا و بیرمەندانی وەکوو کۆچەر بیرکار، بەختیار عەلی، بێهرووز بووچانی و ... دەتوانێ گەورەترین پاشخانی ژیار و شارستانیەت دابمەزرێنێت بۆ بانەڕۆژ و دواڕۆژ.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
یادەوەری: سەرماوەزی ۱۳۹٦ ـ کارگەی نۆژەنکردنەوەی قورئانەکەی نگڵ
لەو سەردانە هەوڵی دوو هاوڕێی خۆشەویست، هاوپۆلەکانی سەردەمی خوێندن (راهنمایی) ـ کاک ئیدریس موحەمەدی و کاک شەهریار ڕەزایی ـ بەرز دەنرخێنم. ئەوان بوون کە مۆڵەتیان لە نۆژەنکارەکە وەرگرت لە نزیکەوە ئەو قورئانە ببینم و بۆ وتارەکەم لەسەر مێژووی ئەو دەستنووسە و تایبەتمەندیەکانی سوودی لێ ببینم. بەڕێز مەلەکیان سەرەتا بەساردییەوە وەریگرتم، بەڵام کاتێ زانی زانیاریەکانی من لەسەر مێژووی ئەو قورئانە بۆ ئەو تازەیە، هەتا ۳ کاتژمێر نەیهێشت بێمە دەرەوە و وتی ئارخەیان دابنیشە و ئەوەی پێویستە لێی بکۆڵەوە. بەختێکی بەرز و هەلێکی زێڕین بوو کە توانیم زۆربەی لاپەڕەکانی ئەو دەستنووسە هەڵبدەمەوە و چەندین زانیاری تازە بە دەست بهێنم.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
گوێ مەدە ساوە، بۆرانە، هەورە
مەینەت خۆشە بۆ ئاواتی گەورە...
تێبینی: بانگەوازی مەرد و نەبەرد لە دووتوێی کتێبەکاندا زۆرە. مرۆڤ هەتا لەو ساو و تاو و بۆران و هەورەدا نەکەوێ، نازانێت بەرگەی تەوژمی دەگرێ یا ملکەچ دەبێ و ئیدی (مەرد و نەبەرد) نامێنێ.
@kelaterzankon
ئەرێ ئەی کوردی پەنابەر
ئەی لە هەندەران دەربەدەر
هۆ کوڕ و کچ، خانمینە
بەخۆڕایی نەگوتراوە بەرد هەر لە جێی خۆی سەنگینە
ئەمن بەم هەموو ئەزموونە
بەم ئاموشۆ و بەم قاڵبوونە
بەو هەموو گەشت و گەڕانە
بۆم دەرکەوت و بوو بە وانە
نە ڕۆژئاوا نە ڕۆژهەڵات قەت نابێتە پیرەوڵات
هەر سوارێ مەیدانی خۆی
هەر کلچووکێ کلدانی خۆی
جیهان با هەر بۆخۆی خۆش بێ
پیرۆزی میللەتانی خۆی بێ
منیش وەک ئا ئەو خەڵکانە
خۆشیم وڵاتی کوردانە
من کۆرپەم و کۆرپەی ساواش لەناو ژنی ئەم جیهانە
هەر دایکی خۆی لەلا جوانە
کلچووک: ئەو قەڵەمەی کە کلی چاوی پێ دەکێشن.
#هومەر_دزەیی
✨🔊✨
@chrikay_kurd
✨✨✨
CHRIKAYKURD.com
✨🎼✨
دۆمەڵان (دومبەڵان، دومەران)ـ بوومەترەک
ماوەیەکە پشکنین بە ماڵپەڕەکان و وتار و سەرچاوە زانستیەکان و پرسیار لە چەند مامۆستایەکی زانکۆ لەسەر کارگی دۆمەڵان، ئەم زانیاریانەم دەست کەوتووە.
بوومەترەک یا دۆمەڵان جۆرێ کارگی گرانبایە کە لە مەودای یەک بستی بن زەوی هەڵەتۆقێ. جاری وایە هیچ شوێنێ یا نیشانەیەکی دیاری نییە، لەسەرەوە پێی بزانی. جاری وایە گڵەکە دەمەترەکێ ئەدا یا قوڵەمشکێ لایا دەبێ یا ڕێوی و بەراز و مەلی باز بۆی دەگەڕێ. بەو جۆرە خەڵک پێی دەزانن. لە کوردستان گرانترین بەرهەمی کشتوکاڵی و خواردنی گیاییە. پێرارەکە نزیک شاری خۆی بینیم خەڵک بە سمە و پیشکان بۆی دەگەڕان، کیلۆیەک دەوری یەک و نیو ملوێن تمەن بوو.
جیاوازە لەگەڵ کارگی باو کە بە بەرسوورکە و کارگی هەڵز و دار و چیمەن و گیا دەناسرێ. دۆمەڵان تەواو خڕ و بێ قونچک و پەڕەیە و هاوشێوەی سەلکێ سالمەی بێ ڕیشک و تاڵە.
هەندێ زانیاری تایبەتم دەست کەوتووەتە. پوخت و کورتێکی لێرە دادەنم تا خوێنەران پێی بزانن. ئێوەش ئەگەر خاڵێکی زانستی لەسەر پۆلێنبەندی زانستی و ڕەنگ و بۆنی دۆمەڵانی کوردستان و پێگەی لە ئەزموونخانەی پێشینیانی کورددا دەزانن ـ نەک بابەتی پەیوەست بە توێژینەوەی بیانی و باسی لە فەرموودە و ... ـ بۆمی بنێرن.
ــ جیا لە دۆمەڵان و دۆمبەڵان و دۆمەران و دمەڵان لە بەشێکی خانەقین و کفری و کەلار بە بوومەترەک هەم دەناسرێت.
ــ لە ڕها و مێردین و ئامەد (باکوور)، هەموو ڕۆژاوای کوردستان بەتایبەت کۆبانێ، دهۆک و شنگال و کەرکووک و چەمچەماڵ و هەولێر و گەرمیان (باشوور) و ئیلام و مووسیان و ئەیوان و خۆی و ماکۆ و بۆکان (ڕۆژهەڵات)ی کوردستان هەیە.
ــ لە باژێڕی ڕەها و کۆبانێ کەبابی دۆمەڵان بەناوبانگە.
ــ هەموو ڕەنگ و جۆری دۆمەڵان بۆ ئاوتک نابێ کە بکرێتە چاو. زیاتر جۆری سپی (زبێدی) دەبێ.
ــ دۆمەڵانی کوردستان ژیانی هاوبەشی لەسەر ڕەگی چەند گیایەکی وردیلە و بیابانیە. [ئەمەم داناوە بۆ خۆم لە وتارێکی زانستی بڵاوی بکەمەوە.] دەکرێ کار لەسەر زیادکردن و چاندنی ئەو ڕوەکانە بکرێت کە گیای خانەخوێی دۆمەڵانن و خۆڕسک هەیە و هەزاران ساڵە سروشت بۆخۆی کردوویە و هەڵیبژاردووە. نەک بژاردەیەکی دەستکرد و خۆکرد کە ئێکۆسیستم و ژینگەمان بخاتە ژێر مەترسی یا دیاردەیەکی چاوەڕواننەکراو. بوورە و پەرێز و قەدپاڵێ کە ئەو ڕوەکە خۆڕسکانەی زۆر بێت و کەشی گەرما و شێ و هەورەشریخە و فسفۆری گڵی بۆ دابین بکرێت، دۆمەڵان بەمشەمەر هەڵدەتۆقێ و زیاد دەکا.
ــ وەک باوە و بۆ دۆمەڵان باسی دەکەن کە دەبێ لەسەر ڕەگی بەڕوو و فەندۆق بێ، بۆ ئەوەی کوردستان وا نییە. تەنیا بۆ یەک دەوەن ـ جنسی دار ـ و چەند جۆر گیای یەکساڵانەیە.
ــ بەداخەوە بێ توێژینەوەی زانستی و تەنیا لە ڕووی هاوردەکردنی جۆری دۆمبەڵانی ڕەشی ئورووپایی، هەوڵ دراوە پیتاندنی گەرای دۆمەڵانی ڕەش بکرێت لەسەر بەڕووی کوردستان. نموونەیەک کراوە لە باخ و کێڵگەیەکی مێرگەپان پشتی چیای پیرەمەگروون. ئەمە زۆر مەترسیدارە بۆ سەر دارستانەکانی کوردستان. لە هیچ کوێ کوردستان ئەو ژیانە هاوبەشیە بە خۆڕسک و سروشتی نییە. لەوانەیە گەشە بستێنێ و بڵاو بێتەوە و تەشەنە بکات، ببێت بە بەڵا و مەترسی ڕووخێنەر.
ــ دۆمەڵانی کوردستان لە جنسی Terfezia یە. دەبێ یەکێ لەم جۆرانە بێ لە خوارەوە. بۆم دەرنەکەوت کامیانە:
Terfezia arenaria
Terfezia boudieri
Terfezia claveryi
Terfezia leptoderma
Terfezia terfezioides
✍ ئیرەج مورادی (فوق لیسانسی کشتوکاڵ)
۷ ڕەشەمەی ۱٤۰۲
@kelaterzankon
@irajmoradi
کویزرا ئاڤی و سروشتی گەرمی
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کەلتووری کۆنی حەکیمانی کوردەواری باسی سروشتی دەرمان و خواردنە. دیارە باسی (طبع و مزاج) کە لە سەرچاوەکاندا هاتووە لە میراتی پزیشکی کۆنی ئێمەی کوردیشدا ڕیشەیەکی قووڵی هەیە.
هاوڕێیەک لە بادینان لینکی ئەو ڕووبار و چۆمەی دەڤەری زێباری بۆم نارد (Waar Media). لەوێ کووزەڵە یا کۊزەڵە بە کویز، کویزر، پیز و پیزی دەیناسن. قسەیەکی بۆم گواستەوە لە زاری داپیری بۆ سوودی کویز:
کویز سروشتی وایە لە چەقی کانی و ڕووباراندا دەڕوێ. هەرگیز ساری و سەرما پێی ناوێرێ. کەسێک سبیان تا ئێڤار بەڕووتی لەنێو ئاوی ساردا بێ، هاتە دەرەوە یەک بابۆڵە کویز بخوات وەک کوورە گەرم دادێتەوە.
ئەمە هەمان فەلسەفەی سروشتی گەرمی و ساردییە کە گەنجینەیەکی نەنووسراوە لە پەیڤی پێشینیان.
✍ ئیرەج مورادی
۲۹ی ڕێبەندانی ۱٤۰۲
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
بجۆشۆ ھەر کەس وە قەد ناڵەی وێش
بنۆشۆ ھەر کەس وە پیاڵەی وێش
وێنە: دێی باقلاوا ـ کەڵاتەرزان
@kelaterzankon
گیای کاڵەکەمارانە (کالیارە مارانە، دەمنەدێو: Aristolochia sp)
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
نیشتمان ئەی خاک و خۆڵی تۆ کلەی چاوانمە
نیشتمان ناوی بەڕێزت هێزی ڕۆح و گیانمە
@dastnoosxane
@kelaterzankon
*کەچەڵ و کەتان*
[ئەم داستانە عاشقانەیە یەکەم جارە زانیاریەکانی دەخرێنە دەرەوە و تا ئێستە کەس کۆی نەکردووەتەوە. دیارە هێشتا کاری ماوە تا تۆکمە بکرێ.]
*تاکی فریاڕەس، تاکی فریاڕەس
پەنام پێت هاورد تاکی فریاڕەس
کەسی پەی کەسان، کەسی بێکەسی
کەسێکم نییەن پەی من تۆ کەسی
دڵم شێویاس، هێلانەم شوخیاس
بوومەسە تانەی گشت خراو و خاس
تاکی فریاڕەس پەنا و فریام بە
دەرمان دەردی کەچەڵ برام بە
لە کێف و کەوشەن سەرگەردانە
لێوە و هەردەوێڵ شای دڵدارانە*
ئێژن کوڕەکەچەڵ مانگان و ڕۆژانە لە دێ چووە دەر. خێڵ دۆسەکەی شەو و ڕۆژ دەم لە هەڕەشە و گوڕەشەی هەڵناگرن. جا خوەیشک خاس بەمە ئێژن: تاوێ لای مەڵا، تاوێ ماڵ قەیخا و تاوێ دەسەودامان دیواخان ناودێ ئەوێ و ئەڵاڵیێتەو. بەشکوو بکەفنە بەین و خێڵ ڕەشە خوەش بن لە کەچەڵ و کەچەڵیچ بگەیتە مرادی لەو عەشق و هەوا.
کەچەڵ ئێوارەیەک لە بان بەرد ماساوەر حاسڵا ئەوێت. هاوار ئەکا خێڵ ڕەشە خوەتان بگرن یا خوەتان لۆقەو کەن کەچەڵ بکەنە زاوای خوەتان یا ئەبمە شوانێ لە دەشتی کاکی بە کاکی شارەزوور و ئێواران کەتان نانەشوانە ئەچنێتەو.
*براکان کەتان وەک مار دەرکێشیان
بەرەو ماساوەر کەچەڵ کەن بێ گیان
کەچەڵ هەڵکێشیا کەس نەیکردە چاو
دەرچوو لەو ناوە بێ گیر و بێ داو*
خوەیشکی دڵی بوو بە کڵ و کوانی و دەشتی گرتە بەر و کەفتە شوێن کەچەڵ. لە چەم زەردەڵان خێڵ کەتان خوەیشک خاسیان گرت و پەتپەتیان بە سەریا هاورد و بەردەبارانیان کرد. کەتان بەر لەوە بمرێ، وتی:
*هۆ پیر ئیبرایم، هۆ پیر موحەمەو
کەچەڵم بەوبەخت کەچەڵم نامەو
نەکەفێتە داو ئەم خێڵە ڕەشە
لە ناو دڵدارەیل کەتانی بەشە
خێڵەکەی ڕەشە خێڵەکەی لووتن
جەمن جە دەورم خێڵ ڕەشە ڕووتن*
لەو ناوا لاشەی خوەیشکەکەی کەچەڵ ئەوێتە خوەراکی مەل و مار و مۆر و پێشەکانی بە کەڵوەی دەڵ و گەماڵ ئەشکێت. ئیتر کەس ناوێ بڵاڵێتەو لە خوای بانیسەر و باوش بکاتە خزنەکەی پیر موحەمەو و پیر ئیبرایم.
پەنامەکی شەوێ خوەی ئەگەینێتە بەرماڵی کەتان. چاویان بە یەک ئەکەفێ و شەوێ دائەنن بەدزییەو لە دێ دەرچن. لە نیوەشەوێک لە کێفسانی قارچکجاڕ یەکانگیر ئەون. مەیلی شارەزوور ئەکەن تا لێنا ماڵ بەیەکەوە نن و چێرومێر بن. تا ڕۆژ ئەوێتەو کەوشەنی جانەوەرە و سڵتان ئەحمەو جێ تێڵن.
خێڵ ڕەشە هەچی یاڵ و دۆڵە ئەتاقێنەو. لە مێشەڵواز کەتان و کەچەڵ ئەگرن. دەسی لێ ناسرەوێنن و کەتان لێنا ئەکوژن.
*کەتان بانگی کرد جە یاری کەچەڵ
جوانی جوانخاسان نموونە و تەڵ
وا لە بیرت بێ ڕەشسوارێک تێ
هەردووکمان ئەکا جە خاکێ یەکجێ
بەیەکەو ئەچین بۆ دیوانی خوا
لە یاڵ و دۆڵێ یەک خاک و کوا*
خێڵ ڕەشە کەچەڵ کەتبەستە بەرەو جانەوەرە تێرنەو. لەو شوێنەی وا ئیسە بە یاڵ کەچەڵ ئەناسیێ، هەڵیەوەسن لە دار وەنەکە و تۆڵەی خوەیانی لێ ئەکەنەو. ئێژن سێ مانگەی بەهار لاشەکەی بە دار وەنەکەو ئەوێ. قەل و قۆتر بەپاو چاوی دەرتێرن و گۆشتی لێ هەڵەوەرێ.
دوای چەنانێک کە لاشەی کەچەڵ وشکەڵ ئەوێ، ئێوارانێک ڕەشسوارێ ڕێی ئەکەفێتە لای تاقەدار و پێشە و پڵانەکەی هەڵەگرێ. لە دۆڵەتاریکەی یاڵ مێشەڵواز لەتەک لاشەکەی کەتان قەوریان بۆ هەڵەکەنێ و دوور لە چاو خەڵک ئەسپەردەیان ئەکا. ڕەشسوارەکە لەسەر کێلەکەیان ئەنووسێ: هەچی کەسە نازانێ گۆڕی کەتان و کەچەڵ ها لە کوێنا. هەر کەس بچێتە سەریان لە خێڵ دڵدارانە و لای کەس نایگەڕێنێتەو با پەنی ئەو دوو نامرادە بە سەر ئەویچا نەیت.
*چەنی ڕۆزیار کەچ و لار و گێڕ
ڕاسەڕێیە بی یا یەک خەت و خێڕ
بێ دڵ مەردەموار یا بەرد و چوکڵەس
فیتێ و دووزوان کردەی وەک مڵەس
باقی وەسسەلام شای شیرین کەلام
دڵ کەس نەشکێنێ یار نیشتییە جە لام*
تێبینی: لە ناوچەی کەڵاتەرزان و ساڵاڵ و سەرشیو هێشتا داستان کوڕەکەچەڵ لەسەر زوانی خەڵکەوە ماوە. ئەو کارەی کوڕە کەچەڵ کردوویە لای خەڵک قەڵب و قەبیح بووە. هەر بۆیە کاتێ باسی کەسایەتی کوڕێ خراپ و بزۆز و هاروهاج دەکەن بە کوڕەکەچەڵ ناوی دێنن.
© جانەوەرە: ئاواییەکە لە ناوچەی بەرپلەی ساڵاڵی مەریوان
© ماساوەر: کێوێکە لە پشت کۆنەدێی جانەوەرەی ژووری
© قارچکجاڕ: کوێستانێکە لە ئاوایی جانەوەرە
© زەردەڵان: چەم و دۆڵێکە لە ئاوایی قەتەون بەرەو جانەوەرە دێ.
© پیر ئیبرایم: شەخس و خزنێکە لە زیارەتانی ئاوایی جانەوەرەی ژووری.
© پیر موحەمەد: کوڕی شێخ زەکریای شازەلییە و مەزاری لە زیارەتانی جانەوەرەی خوارییە.
© وەنەکەی یاڵ کەچەڵ: تاقەدارێ بوو لە بان کێوی کەچەڵ، لە دوورەوە دیار بوو. بەداخەوە چەند ساڵ پێش ئاوریان تێ بەردا و سووتاندیان.
© سڵتان ئەحمەو: کێوێکە بەرزە لە پشت ئاوایی شێخ شەروەتی و ئاڵیهەمان. هاوسێی کەوشەنی جانەوەرەیە.
© مێشەڵواز: کێوێکی بەرزە لە پشت ئاوایی گلە و زوێرانی سەرشیو. هاوسێی سڵتان ئەحمەوە.
® وتووێژ لەگەڵ: شێخ سابت پلوورە، تۆفێق باڵکانە دێبنیا، میرزا ئەحمەد زارعی و حسێن تاوانە جانەوەرە، حاجی سەعید بیووس دەرەویان
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|بەردەوامبوون لە خزمەت وێژە و مێژووی نیشتمان|
پەسەند کردنی پوختەی وتارێکم (پێوەندی مامۆستا مەولەوی بە چەند شاعیر و زانای ناوچەی کوڕەوێز: شێخ عەزیز و شێخ ڕەحمانی جانەوەرە، ئەحمەد بەگی کۆماسی، مەلا ڕەسووڵی نەقشبەندی تووداری و شێخ مستەفای باقلاوا) بۆ کۆنفڕانسی زانستی مەولەوی.
@dastnoosxane
|چریکەی بەیت و حەیرانت تا سەرووی دوندی قەندیل دەڕوا. قامەتت بە باڵای ئارارات هەڵدەکشێ و نانەوێ. شکۆی تۆ بەرزە و بە قیژەی کەمتیاران نالەرێت...|
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
.
.
|پەسەندکردنی وتار ـ کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی مەولەوی کورد لە سلێمانی بۆ بەهاری ۲۰۲٤|
وتار: پێوەندی مەولەوی و هاوڕێ و هامفەردانی لە ناوچەی کەڵاتەرزان و کۆماسی (شێخ عەزیز و شێخ ڕەحمانی جانەوەرە، ئەحمەد بەگی کۆماسی، مەلا ڕەسووڵ نەقشبەندی تووداری، شێخ مەلا مستەفای باقلاوا)
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|سلێمانی، بنکەی ژین، لە خزمەت پەروەردەکاران و خزمەتکارانی ئەرشیڤخانەی دەستنووسی کوردی: دوو برای کەلەشەکر مامۆستایان ڕەفیق و سدیق ساڵح|
٤ی سەرماوەزی ۱٤۰۲
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
شوێنەناوەکانی ئاوایی بڵبەر ـ هەورامان
پەرتووکێکی وشەدانی کوردی (مێژووییەک بە قووڵایی دیرۆکی هەورامان)
وەرگیراو لە کاناڵی تلێگرامی هەورامانی ئاکادمیک
تێبینی ۱: چەند ساڵە پڕۆژەیەکی ئاوام لەبەر دەستە. هەتا ئێستە نزیک بە ٤۰ هەزار وشەم کۆ کردووەتەوە. تکایە ئێوەش هی گوندی خۆتان بنێرن با بینووسم.
تێبینی ۲: بۆ گوندی بڵبەر ۱۰٦ شوێنەناو تۆمار کراوە، دڵنیام لەوەیش زیاترە. جا ئەگەر لە ٤ پارێزگای کوردنشین لە ڕۆژهەڵات هەر پارێزگا ٨ شارستانی بێ و هەر شارستان ۱۰۰ گوند و هەر گوند ۱۰۰ شوێنەناو، سەرجەم وشەدانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە: ۳۲۰۰۰۰ وشەی شوێنەناو.
تێبینی ۳: دەی ئەم وشەدانە گەورەیە بۆ باشوور و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان حەساو بکەیت، دەڕواتە سەرووی ۱۰۰۰۰۰۰ (یەک ملوێن) وشە.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
کاتێ شەڕی کوردانی لایەنگری (دەوڵەتـنەتەوە و ئۆممەت) نەبوو، هەموو کوردێک خاکی نیشتمانیی کوردستانی دەناسی و ئەوەی لە مێژووی هۆز و تیرە جیاجیاکانی کورد لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە ڕووی داوە، بە مێژووی نەتەوەی کورد دانراوە.
ئەم خوێندنەوەیە هەتا پێش پشکوتنی بیری چەپ لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردا بووە و وەک دەبینین لە یەکەمین ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردیش ڕەنگی داوەتەوە.
تێبینی ۱: وێنەی لاپەڕەی ۱، ژمارە ۱ ڕۆژنامەی (ڕۆژی کورد ـ خاوەنی جمعیت هیوا ـ ئەستەنبۆل ـ ۱۲۹۲ ههتاوی) کە وێنەی سوڵتان سەلاحەدین ئەیووبی داناوە.
تێبینی ۲: وێنەی ڕووبەرگی ژمارە ۱۳ گۆڤاری (هاواری کورد ـ خاوەنی جەلادەت عالی بەدرخان ـ شام ـ ۱۹۳۲) کە وێنەی سەلاحەدین ئەیووبی داناوە.
تێبینی ۳: مێژووی سەردەمی دەوڵەتی ئەیووبیەکان کە بە (دولة الاکراد) ناسراوە و لەوێ ساختەچیانی مێژوو وشەی (و الاتراک)یان پێ زیاد کردووە. وێدەچێ ئەمە ئەو سەرەتایە بووە کە ئەوڕۆیش تورکەکان هەوڵ دەدەن شوناسی کوردیی بە ناسنامەی سوڵتانی ئەیووبیەکانەوە بسڕنەوە.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
|جامع التواریخ، رشیدالدین فضل اللە هەمەدانی، ساڵی نووسین: ۷۰۰ تا ۷۱۰ کۆچی|
ناوەرۆک: کتێبی ناوبراو بە فەرمانی غازان خانی مەغۆل نووسراوە. سەرەتا مێژووی وڵاتی مەغۆل و هۆزەکانی و چەنگیز خان و ئولجایتۆ. پاشان مێژووی ساسانیەکان و هێند و چین و ڕۆژاواییەکان، ئینجا مێژووی پێغەمبەران لە ئادەم تا خاتم و دواتریش مێژووی خەلیفەکان و ...
تێبینی: ژمارەیەک نیگار و وێنەی دەستی لەو کتێبەدا هاتووە کە زۆر ناوازەیە، وەکوو: یۆنسی نەبی و ماسی، لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، موسڵمانبوونی غازان خان و ...
سەرچاوەی دەستنووس: کتێبخانەی زانکۆی ئیدینبۆرگ ـ ئیسکاتلەند (Or.Ms 20)
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
یاسکە هەوشی یەکەم ژنە شاعیر لە مێژووی وێژەی کوردیدا (دایکی یۆسف یاسکە) وتاری توێژینەوەیەکی بەندە بۆ کۆنفڕانسی (ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا) ـ زانکۆی سلێمانی، ڕۆژی ۲۰۲۳/۱۲/٦
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon
@irajmoradi
هەموو مرۆڤێک بێ جیاوازی ـ هەر کەس بێ: دانا، حەکیم، زانا، شاعیر، ڕێبەر، و ... ـ دیوێکی ئینسانی هەیە کە مرۆڤەکانیتر لە دیوی بەرزدا بێزی لێ دەکەنەوە.
داخەکەم لە بەیانیەوە چاوم بە کتێبێ کەوتووە، چەند کاری قیزەونی مرۆڤێکی شاعیرمان لە دیوە ئینسانیەکەی تێدایە.
تێبینی: وێنەکە بۆخۆم ڕووشاندوومە.
✍ ئیرەج مورادی
@dastnoosxane
@kelaterzankon