kurdish_poetry | Unsorted

Telegram-канал kurdish_poetry - شیعر و هۆنراوە

6997

سڵاو خۆشحاڵین کە ئێمەتان هەڵبژارد. لێرەدا خزمەتی شاعیران بە زمانی کوردی و قسەی خۆش و هەندێ بابەتی زانستی دەنووسین. بە ڕەخنە و پێشنیارەکانتان گەورەمان کەن. هەڵەکانمان بۆ بنێرن. سپاس کە لەگەڵماندان. 🌐 books.vejin.net 🌐 awin.blogfa.com 🆔 @EmranHusseini

Subscribe to a channel

شیعر و هۆنراوە

🌷

#_ویساڵی (1902 - 1973)

مەرحەبا ئەی سەییدی خەلقی خودا
مەرحەبا ئەی مەهبەتی وەحی سەما

مەرحەبا ئەی غونچەیی باخی وەفا
مەرحەبا ئەی مەعدەنی سیدق و سەفا

مەرحەبا ئەی مەخزەنی کەنزی وجوود
مەرحەبا ئەی گەوهەری ساحێبزییا

مەرحەبا ئەی رحمة للعالمين
مەرحەبا ئەی شافیعی یەومی جەزا

مەرحەبا ئەی شەمسی بورجی مەعریفەت
مەرحەبا ئەی شەمعی جەمعی ئەنبیا

مەرحەبا ئەی مەنبەعی عەینول کەرەم
مەرحەبا ئەی جامیعی عیلم و حەیا

مەرحەبا ئەی بەدری ئەفلاکی جیهان
مەرحەبا ئەی ڕوویی تو شمس الضحىٰ

مەرحەبا ئەی یوسفی ساحێبجەماڵ
مەرحەبا ئەی بە هەر دەردی ما دەوا

مەرحەبا ئەی ساحێبی تاج و بوراق
مەرحەبا ئەی نووری ڕووی تۆ والضحی

مەرحەبا ئەی موڕشیدی جینن و بەشەر
مەرحەبا ئەی موقتەدا و موجتەبا

مەرحەبا ئەی ساحیبی میعراجی حەق
مەرحەبا ئەی لەعلی تۆ عەینی حەیا

مەرحەبا ئەی نووری ماهـ ئەز ڕوویی تۆ
مەرحەبا ئەی مەلجەئی شاهـ و گەدا

مرحبا چون بهر تو اوراد ماست
یک نظر کن دفعه‌ای بر حال ما

مرحبایی در جواب ما بگو
تا گوئی باب فرح بر ما گشا

در دم نزع روان ای نور حق
بهر ایمان حق بر آن شاه و گدا

خواهد از تو این «وصالی»
گر گوئی مقبول از تو یک رجا

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌾

#_وەفایی (1844 - 1902)

غەمزە و نیگەهـ و ڕوو لە خەمی زولفی دووتادا
وەک نەشئە لە مەی، زوهرە لەنێو شامی سیادا
تۆی جیلوە دەکەی یا نە مەلاییک لە سەمادا
خەندەی گوڵە وا عەتری لە شەبنم بە سەبا دا
یاخود ز شکرخنده عرق کرده لبانت

ساقی بە سەری نەرگسی ئاهوویی تەتاری
بەو چاوە خۆمارەت بدە جامێکی بە یاری
تۆ خەندە ببارێنە ئەمن گریە بە زاری
جامی مەی و خەندەی گوڵ و بارانی بەهاری
زین هر سه توان گشت من پیر جوانت

ئەی زولفی ڕەشت قافڵەسالاری تەریدان
بنواڕە سەفی عاشقی غەمدیدە لە چیدان
هێندەت بە جەفا خەنجەری موژژەت لە دڵی دان
خۆ وەختە بگاتە کەمەرت خوێنی شەهیدان
کی باز کشی آخر از این عزم عنانت

بەو چاوی سیاهت کە دەڵێی ئاهوویی چینی
قەد وا دەبێ تۆ خۆشدڵ و ئەمنیش بە حەزینی
ڕوومەتگوڵ و قەدسەروی ڕەوان زوهرەجەبینی
مەهعاریز و سیمینکەمەری تۆ بە یەقینی
بگذار در آغوش کشم سرو روانت

بۆ قەتڵی «وەفایی» کە بە دڵ ئەو گوڵی خەندان
فەرموویە بڕۆ نێرگسی سەرمەستی بە موژگان
قوربانی نیگاهی بوو بە غەمزێکی دڵ و جان
نەمدیوە دوو نیشانە بە تیرێکی لە ئینسان
قربان شوم ای تُرک به این تیر و کمانت

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍃

#_بێخود (1879 - 1955)

ئەی سەبا، ئەی قاسیدی ئەربابی نامووس و شەرەف
هەستە تا کەرکووک بچۆ ئازانە ئەمما لا تَخَفْ

زوو وەکوو تەلسز بڕۆ دەستی من و داوێنی تۆ
وەختی خۆت نابێ بکەی یەک لەحزە زایع یا تەلەف

ئەم عەریزەم بۆ مودیری مەنتیقەی تاپۆ بەرە
یەعنی چادر حاجی ئەحمەد زادە ئەوڕەحمان شەرەف

پێی بڵێ وەک من هەموو ئەهلی سولەیمانی ئەڵێن
حافیزی ئەو بن لە کاک ئەحمەد هەتا شاهی نەجەف

تا بەراتی ئەشقیا بێ دانەوێڵەی مەعسیەت
تا خەڵاتی ئەولیا بێ شاڵی تورمەی مَنْ عَرَف

خۆشەویستت هەر لە قەسری عوشرەتا بێ بادەنۆش
ناحەزت دایم لە بیری حەسرەتا بخوا ئەسەف

هەر بە ناوی عالەمی ویجدانەوە بەندەش ئەڵێم
هەر بژی تاپۆ مودیری، هەر بژی نِعْمَ الْخَلَفْ

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🎧🍀

#_دەنگی_کوردی

دەنگ: موختار شەفیعی (1989)
شیعر: شاهۆ (1882 - 1971)

ڕەببی تۆ پشتوپەناهی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە عەبدم، تۆ خوامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

شەرمساری بارەگاتم، ڕووم نییە سەر هەڵبڕم
خۆت کە بەخشندەی گوناهی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

موشکیلاتی دین و دنیام هەر بە لوتفت حەل دەبێ
ساحیب و موشکوڵگوشامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

خۆت حەکیمی ئاگەداری ئێش و ئازاری منی
داروویی دەردی شیفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ماڵ و ڕزق و عومر و دەوڵەت، عیزەت و زیللەت هەموو
هەر بە دەس خۆتە نیزامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

گەر دەرم کەن بچمە کوێ لای کێ سکاڵای خۆم بکەم
مەرجەعی لاڵە و تکامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ڕووی دڵ و ڕۆحم لە تۆیە یا ئیلاهەلعالەمین
ڕەببی خۆت مەعبوودی عامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

بەندە هیوام گەر بە ڕەحمەت بێ لە کەس باکم نییە
لابەری جەور و جەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی «شاهۆ» ـی لانەواز
باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

🌼 شیعر و هۆنراوە 🌼

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🎧🌿

#_دەنگی_کوردی

▪️ دەنگ: موختار شەفیعی (1989)
▪️ شیعر: خادیم (1895 - 1953)

وەک فەلەک بۆ عەشقی تۆ سەرگەشتە و حەیرانە ڕۆژ
بۆ جەمال و حوسنی تۆ هەر ڕۆژە سەرگەردانە ڕۆژ

ئیقتیباسی نووری خۆیی کردووە لەو نووری تۆ
چونکی لەو ڕۆژە کە ڕۆژە بۆ تۆ سەرگەردانە ڕۆژ

وا لە ڕێگەی عەشقی تۆ ئەو کاری هەر نەسرەوتنە
جانفیدا و سەربازە بۆ تۆ کاری سەردانانە ڕۆژ

شەو کە دی جیلوەی جەمال و شوعلەیی شەمعی ڕوخت
ڕۆژ و شەو بۆ شەمعی تۆ دەڕوانێ وەک پەروانە ڕۆژ

عەینی ئەم تەئسیرە ئیکسیرە کە تەئسیری لە خاک
وا کە ئەیکاتە تەڵا و گەوهەری یەک دانە ڕۆژ

خوڕڕەمی بەخشی درەخت و نەشئەزا بۆ سەبزەزار
شیرینی بەخشی حەلاوەت میوەیی باغانە ڕۆژ

ماهی دووهەفتە ئەچێتە ژێر خسووف و تیرەگی
گەر بزر بێ ڕووبەڕووی ئەو شوعلەیی تابانە ڕۆژ

مەشقی ئەشقی کرد لە ڕۆژا کەوتە دەشت مەجنوون ئەگەر
بۆ هەموو شام و سەحەر ئەیدی لەسەر شاخانە ڕۆژ

بۆ تەوافی کۆیی تۆ سەرگەشتەیە و دێت و دەچێ
سەوڵەجانی عەشقی تۆ بوو گۆیی ئەم مەیدانە ڕۆژ

یا خودا بڕژێنە سەر خۆی و سەحابە و ئال و بەیت
نووری خۆت و هەم سەڵاتت تا وەکوو تابانە ڕۆژ

من سەگی دەرگاهتم هەم «خادیم» ـی یارانی تۆ
بەندەیی ئیحسانتم قوربان هەتا ئەعیانە ڕۆژ

🌸 شیعر و هۆنراوە 🌸

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌱

#_حەمدی (1876 - 1936)

نەنۆشێ ئاوی گوڵ بولبول منیش نەینێمە سەر دەم دەم
دەبێ ئەو شیوەنی گوڵ گوڵ بکا من گریەیی دەم دەم

کە جامی مەی کوڵی گریەی سوراحی دی دڵی پڕ بوو
بە چاوی پڕ لە ئەشکی خوێنەوە فەریادی کرد جەم جەم

وەهام زانی جەنابی غەم لە دڵدا جێی نییە هەم هات
گەلێ ماڵی دڵ ئاوا بێ کە دای جێگە و بەشی هەم هەم

فەرەح گەر هاتە کن من ناعیلاجم ئەیدەمە بەر شەق
لە یاری نامووافیق خوانەخواستە نەک بخوا غەم غەم

ئومێدی کردەوەی شیرین لە ناشیرین دەبێ نەکرێ
ئەوی جۆیایی لەعلە قەت شکی ناچێتە سەر تەم تەم

دەبێ تەشبیهی ڕوخساری بە قورسی خۆر بکەم نەک مەهـ
لەگەڵ ئاوی حەیاتا مەی قیاس ئەکرێ نەوەک زەمزەم

لە قورسی ڕوومەت و غونچەی دەمی «حەمدی» سوئالێ کە
لەسەر زۆر زۆرە ئیحسانی جوانمەردان لەسەر کەم کەم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌻

#_شێخ_ڕەزا_تاڵەبانی (1831 - 1910)

وەعدی من و تۆ ئەی ڕەمەزان ڕۆژی جەزا بێ
شەرعی من و تۆ لە حوزوور باری خودا بێ

ئەم لالەڕوخانە هەموو ڕەنگزەردی دەسی تۆن
کێ دیویەتی شەقاییق یەرەقانی بەسەرا بێ

🔸 ئەم چوارینە لە لاپەڕە ٦٥ی دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانیدا چاپی ساڵی ١٩٤٦ ی زاییندا هەیە، بە چوارینی ئەو دانراوە. بەڵام نەجمەدین مەلا لە پەراوێزی کەشکۆڵی (أ) ل ٢٥٠ دا نووسیویەتی کە ئەم «روباعی»یە هی زێوەرە و هی شێخ ڕەزا نییە.

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🥀

#_عەونی (1914 - 1992)

حوکمی فاشستی کەمالی تورکەکان
نەیتوانی قەومی کورد کا کەمئومید

لافی سەرداری لەژێر دارا دەبێ
هەر وەکوو دوکتۆر فووئاد و شێخ سەعید

#_پێشەوا_قازی لەبن دارا گوتی
حوکمی زاڵم هەر زەوالی دێ ئەکید

عومری چل ڕۆژە سەگی هار کورد دەڵێ
مەحوە ئەنجامی هەموو تاغی و عەنید

ساڵێ جارێک جەژنی قوربانی هەیە
کورد هەموو ڕۆژێ ئەدا قوربانی عید

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌷

#_ئەدەب (1859 - 1916)

شێت و شەیدایی بتێکە، دڵەکەی پڕ لە خەیاڵ
لە دووسەد وەعدە یەکێکی؛ کە وەفای بووبێ، مەحاڵ

ساحیرە، شێوەزەنە، چیهرەنما، جیلوەگەرە
بێوەفا، پڕ لە جەفا، شەرت و بەقا و عەهدی بەتاڵ

دڵبەرە، شۆخ و گوڵئەندامە، بەناز و بەجەفا
شوهرەیی ئەنجوومەنە و فیتنەیی جان؛ ئافەتی ماڵ

ساقی و بادەخور و ڕەند و خۆشئاواز و حەریف
سادەیە، موغبەچەیە، سەرووقەد و ماهجەماڵ

موومیانتەنگ، دەهانتاق، جیهان جووت پەری
دینکڕ و نازفرۆش و جەرگبڕ و عەقڵزەواڵ

سیمتەن، سێبزەقەن، غونچەدەهەن، جەبهەکەمەن
ماهڕوو، سیلسیلەموو، شیفتەخوو، پڕخەتوخاڵ

زاهید و ناسخی تەقوا، شەڕی تاعەت، سەری کوفر
دزی دین، ساریقی دڵ، کەسری زەکا، نەقسی کەماڵ

سەنەمی زوڵفبەخەم، عیشقی ستەم، فیرقەتی سەم
دەمعەدەم، قوربی عەلەم، هیجری ئەلەم، وەسڵی مەحاڵ

کەبکخەت، بازڕەوش، سەقەرسەدا، پەنجەعوقاب
چاومەراڵ، ئاسکنیگەهـ، شێرفکەن، سمتغەزاڵ

دەگەڵ ئەو یارە هەموو شەو، بە «ئەدەب» عەیش و نەشات
ڕادەبوورد؛ چۆن؟ بە شەراب و نەی و غەوغا و قەواڵ

دوێشەوێ، تەوسەنی خەوی، سەرکەشی کرد و نەهات
باری خەم کۆ بووەوە لەو دەشتە، بە لنگە و بە جەواڵ

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

💐

#_پیرەمێرد (1867 - 1950)

مردن بە عیززەت تەنها جارێکە
ژیان بە زیان گران بارێکە

نابێ دوژمنی خۆت بە کەم بگری
دەرزی خوێنی ڕەگ بەردا پێی ئەمری

زۆر برا هەیە، کە ماڵی بڕا
لەگەڵ برایشا برایی بڕا

تا باوک ماوە برا برایە
میرات کەوتە ناو هەرا و هوریایە

هەندێ تەماعیان هێندە مەحکەمە
سوێندی درۆیان خوارد لە مەحکەمە

حوججەتی حەجە مایەی درۆیان
حجرالاسود ڕوی کردە ڕوویان

حاجیەتی بۆ من زۆر کەڵک ئەگرێ
باوەڕ بە سوێندی درۆم ئەکرێ

نازانم دنیا داری بێبەرە
دەورەی ژیانم پێچی مێزەرە

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍁

#_بێخود (1879 - 1955)

لە بورجی سینە کە ئەو زوهرەچاوە پێ ئەکەنێ
فریشتەیێکە لە عەرشی خوداوە پێ ئەکەنێ

کە لێوی گوڵ بە هەناسەم ئەگا، ئەڵێی ئاخۆ
چ خونچەیێکە بەدەم بای سەباوە پێ ئەکەنێ!؟

لە خۆشی ئەو دەمە زۆری نەماوە باڵ بگرم
ڕەقیب کە ئەگری و ئەو شۆخیلاوە پێ ئەکەنێ

هەزار بولبول ئەکا مەست و ئەیشیگریێنێ
لە گوڵشەنێ کە ئەو ئارەقگوڵاوە پێ ئەکەنێ

ئەسیری شێری دڵی ئەو کەسەم لە خۆشیانا
کە کەوتە سیلسیلەی ئەو زوڵفە خاوە پێ ئەکەنێ

بەدی ئەکا کە سەحەر موویی ڕۆژ و ڕوویی شەوم
ئەڵێی بە من لە کەناری سەماوە پێ ئەکەنێ

ئەزانی «بێخود» ئەگەر چۆنە بەم هەموو غەمەوە
بەدەم بروسکەیی عَرَقُ النِّساءوە پێ ئەکەنێ

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍃

#_کەمالی (1886 - 1974)

شامی دووری من کە ڕۆژی وەسڵی دڵبەر یاد ئەکەم
هەر وەکوو نەی ڕۆژ و شەو هەر شیوەن و فەریاد ئەکەم

هەقمە گەر عەڕعەڕ پەرستش کەم لە شەوقی بەژنی یار
پیری عەشقم چەشنەئایینێکی نوێ ئیجاد ئەکەم

چونکە شێوەی بەژن و باڵای ئەو دڵارامەی ئەکەم
تاکوو گیانم بێ لە بەردا خزمەتی شمشاد ئەکەم

غەم وەفادارە لە من یەک لەحزە جیا نابێتەوە
یاری تەنگانەم خەمە هەر بەو دڵی خۆم شاد ئەکەم

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

☘️

#_مەولەوی (1806 - 1882)

مەتەرسوو جە حیفز تەقریر ئەحواڵ
سۆچۆ خەزانەی خەیاڵ شەماڵ

ئەترسم ئەگەر شەماڵ هەواڵ و ئەحواڵی من بێنێت بۆ ئێوە، لەتاو زۆریی سۆزی دەروونم گەنجینەکەی بسووتێت.

من خۆ شەو و ڕۆ ئارەزووی تۆمەن
پەرێ دیدەنت نەزر و فتۆمەن

من شەو و ڕۆژ ئارەزووی بینینی تۆم هەیە و بۆ ئەم کارەش خەریکی قوربانی و نەزر و سەدەقەدانم.

گلەی تۆ وەی تەور، حاڵەت وەی نەسەق
دووریچت وەی ڕەنگ، خودا تۆ وە حەق

ئەگەر تۆ ئاوا گلەییم لێ بکەیت و منیش بەم شێوە بم و دەردی دووریشت ئەوەندە زۆر بێت، مەگەر خوا خۆی ڕەحمێک بە حاڵم بکات.

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌱

#_سالم (1800 - 1866)

▪️ پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی #_نالی (1800 - 1877)

ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو
دوڕڕ و گوهەر و لوئلوء و لەعل و درەمت بوو
مەهڕوویی سیەهموویی سەمەنبوو خەدەمت بوو
هەر چەند کە عومری خزر و عەیشی جەمت بوو
چونکە ئەمەلت زۆرە چ عومرێکی کەمت بوو

گاهێ بە دوعا ڕوو دەکەیە قیبلەیی حاجات
گاهێ لە ڕەعییەت دەبییە مەرگی موفاجات
ناکەی بە ئەبەد قەت لە دڵا فیکری موکافات
ئەی جامیعی دونیا و قیامەت بە خەیاڵات
ئەو ڕۆژە کە ڕۆیی نە ئەوت بوو نە ئەمت بوو

ئەی مونکیری ئەفسوردەیی زاڵمدڵی بەدزات
ئەی زاهیدی باتینبەد و زاهیر لە عیبادات
بێتەربییەتی موڕشید و بێتەییی مەقامات
دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافی کەرامات
ئەمڕۆ نە دەمت بوو، نە دەمت بوو، نەدەمت بوو

ئەووەل فەرەحی دا فەلەک ئاخر غەمی هێنا
گوم بوو لە دەهەن خەندە و دڵ ماتەمی هێنا
باقڵ دەمی مەرگە کە هەناسەت کەمی هێنا
عومرت نەفەسێکی کە هەموو عالەمی دێنا
بمرە لە غەمیدا کە هەموو سەرفی غەمت بوو

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌼

#_دیاکۆ_هاشمی (1965)

نەورۆز و ساڵی کوردی بەکورتی:
نەورۆز بۆنەیەکی کۆن و دێرینە، هەر لە کۆنەوە جەژنی گیراوە. کەس نازانێت یەکەم ڕۆژی دەستپێکی کەی بووە، چیرۆک و ئەفسانەی جۆربەجۆر وتراوە بۆ دەستپێکەکەی، بەڵام هەموویان ئەفسانەن. ئەوە هێندە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە لە کاتی تەواوبوونی زستان و دەستپێکی بەهار لە نیوگۆی باکووری زەوییەوە، نەورۆز دەست پێ دەکات.

سروشت نوێ دەبێتەوە، مەڕ و ماڵات دەچنە دەر، سەرماوسۆڵە و تاریکی نامێنن، ڕۆژ بەرە بەرە بەرەو درێژتربوون دەڕوات. کەوا بێت نەورۆز بۆنەیەکی سروشتییە، سەر بە هیچ ئایینێک نییە و دژی هیچ ئایینێکیش نییە. ‌هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا جەژنی دەگرن. بەپێی یونسکۆ نەورۆز بۆنەیەکی دێرینە بۆ نزیکەی 300 میلیۆن کەس لە جیهاندا.

خەڵکانێکی زۆر بە دابونەریتی جیاوازەوە جەژنی نەورۆز دەگرن، کورد بە شێوازی تایبەت بە خۆی جەژنی نەورۆز دەگرێت کە لای هیچ نەتەوەیەکی تر بەو شێوەیە ناگیرێت:
ئاهەنگگێڕان لە سروشت و ئاگرکردنەوە لە هەموو لایەک بەتایبەت لەسەر چیا و شاخەکان، هەڵپەڕکێ و شایی کە هەتا چەند شەو و ڕۆژ بەردەوامە. هەروەها لە کاتی خەباتدا وەک ڕەمزی خەبات کەڵکی لێ وەرگیراوە.

لە ڕۆژژمێری کوردیدا نەورۆز وەک دەستپێکی ساڵ جێگیر کراوە. یەکەم ساڵی دەستپێکی ڕۆژژمێرەکەش ساڵی دامەزراندنی ئیمپراتۆریی مادە کە 700 ساڵ پێش لە زایین بووە. ئەمساڵ دەبێتە ساڵی 2721ی کوردی.

مانگەکانیش بریتین لە:
به‌هار: (١. خاکه‌لێوه‌ ٢. بانه‌مه‌ڕ ٣. جۆزه‌ردان).
هاوین: (٤. پووشپه‌ڕ ٥. گه‌لاوێژ ٦. خه‌رمانان).
پاییز: (٧. ڕه‌زبه‌ر ٨.خه‌زه‌ڵوه‌ر ٩. سه‌رماوه‌ز).
زستان: (١٠. به‌فرانبار ١١. ڕێبه‌ندان ١٢. ڕه‌شه‌مه).

▪️ چەند بابەتێک لەسەر نەورۆز، ساڵی نوێ و ڕۆژژمێری کوردی و داگرتنی بگۆڕی ڕۆژژمێری کوردی:

▫️ نەورۆز و ساڵی نوێ
▫️
بگۆڕی ڕۆژژمێری کوردی
▫️ ڕۆژژمێر و ساڵی کوردی و نەورۆز
▫️ فێرگەیەک بۆ ڕاژەی زمانی کوردی

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

💐

#_سالم (1800 - 1866)

شۆری شەهرم گەر وەها بێ جێمە هاموون عاقیبەت
یاری لەیلاخەسڵەتم دەمکاتە مەجنوون عاقیبەت

گەر شەپۆلی بەحری ئەشکم موڵکی ڕووم وا داگرێ
دەبنە یەک هەر دوو لەگەڵ دەریایی جەیحوون عاقیبەت

ڕامی خۆی کردم لە ئەووەڵدا بە عیشوە چاوی مەست
دەست و پای بەستم بە سیحر و کەید و ئەفسوون عاقیبەت

بۆ موتیعی عیسەئاسا ڕاستڕەو بوو پیش از این
وەک خەتی تەرسا بینای نا حەرفی واروون عاقیبەت

سەرچناری چەشمەیی چاوم ئەگەر وا هەڵقوڵێ
مەوج و گەردابی دەگاتە کێوی گودروون عاقیبەت

سێ بە سێ یەک یەک تەڵاق دەن بادەکەش با دوختی ڕەز
تا ئەبەد مەستی دەبەخشێ چاوی مەیگوون عاقیبەت

ئەی ڕەقیب با تۆ لەگەڵ من زوڵمی فیرعەونی بکەی
سەرزەمین قووتت دەدا وەک گەنجی قاروون عاقیبەت

عافییەت بێ وەک غەزەنفەر دوشمن ئەر خوێنم بخوا
پشتی ئەو دەشکێنێ پەنجەی شێری گەردوون عاقیبەت

تەنگدەستی دەوڵەتی لە دوایە «سالم» موژدە بێ
شادمانی دێ لەگەڵ ئەحواڵی مەحزوون عاقیبت

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍁

هەچی زیڕووحە شایی کەوتە نێو دڵ
زەمانی خۆشیی و چەپڵە و پلانە

هەموو دنیا سەراسەر وەک بەهەشتە
نەماوە ڕۆژی ماتەی ناو کولانە

کونەڕەش بۆ کەسێکە بێ گوڵ و دڵ
ئەوا کاتی گوڵان، جێژنی دڵانە

«ئیمامی» بانگ دەکا «ئەو جێژنە پیرۆز»
لە کورد و کیژوکاڵی ژیکەڵانە

#_سەیید_کامیل_ئیمامی (1903 - 1989)

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🪴

#_بێخود (1879 - 1955)

ئەمجا لە عوود و ڕوود و نەی و مەی شەراب ئەدووم
یەعنی لە غەیری ساقی و موتریب خراپ ئەدووم

لەو ساوە عاشقم بە برۆ و ڕوویی دڵبەران
دایم لە مانگی یەکشەوە و ئافتاب ئەدووم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

☘️

#_نالی (1800 - 1877)

گوڵ کە یاغی و دەمدڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی
باغەبان گوێی گرت و وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی

ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای
وا تکا و ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی

چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات
ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوستوشۆی

دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیهـ
نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی

چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ
یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی

مەهـ بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ
دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی

گەر بڵێم شەمسی، دەڵێ ئەو خۆشڕووە بێپەردەیە
وەر بڵێم سەروی، دەڵێ ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی

دیدە و دڵ هەر دوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن
سەروی دڵجۆی عەرعەر و دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی

چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین
ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕووگەنم، خاڵ دەنکەجۆی

من گوتم سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە
ئەو گوتی «نالی» بە میزابی کینایەتمان دەشۆی

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌿

#_ئەوڕەحمان_بەگی_بابان (1880 - 1967)

هەر لە بەحری فورسەوە خاکی هەتا بەحری ڕەشە
نیشتمانی میللەتی کوردە، لە دونیا ئەم بەشە

ڕەوزەیێکی جەننەتە لالە و گوڵی دایم گەشە
پڕ لە ئاڵتوونی سیاهـ و زیوی ساف و بێغەشە

نیعمەت و خێری بە تاڵان وا بە دەست ئەغیارەوە
من بە دڵ هاوار ئەکەم، کەس نایە بەم هاوارەوە

شاخی کوردستان هەموو ئێسقانی ئەجدادی منە
خاکوخۆڵی، گۆشت و لاشەی قەومی ئازادی منە

لاوی کورد بۆ دایکی گەورەت شیوەن و ڕۆڕۆ مەکە
بۆ خۆراوا و خۆرهەڵات قەت مەیلی هاتوچۆ مەکە

ئیعتمادت هەر بە خۆت بێ قەت لە دوژمن کۆ مەکە
فەرقی خەسمی خارجی یا خائینی ناوخۆ مەکە

هەڵمەتێکی وا بەرە، ناو جەرگی دوژمن کون بکا
شۆڕشێ پەیدا بکە، ناوی قیامەت ون بکا

من کە حەقبێژی نەکا، خامەی خەمۆشم بۆ چییە
فیکری ئازادی نەڕێژی، مێشکی بۆشم بۆ چییە

هەوڵی سەربەستی نەدا، من فام و هۆشم بۆ چییە
بۆ فیدای کۆمەڵ نەبێ، کەللەی بەجۆشم بۆ چییە

«بابە» عاجز بووم لە دیلی پاڵەهەنگم لەت ئەکەم
ئەیخەمە ئەستۆ و ملی دوژمن وەکوو سەگ پەت ئەکەم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌴

#_وەفایی (1844 - 1902)

بە خۆڕایی نییە سووتاوی ڕووتە عاشقی شەیدا
لە ڕووتی دیوە جیلوەی ئاتەشی سینا لە سینەیدا

کوتم عەقدی سورەییا ماهی من تونگی شەکەرنەی بوو
کەچی بۆ ڕاستیی ئیعجازی خۆی یارم لە خەندەی دا

عەسای فەتحی مووسا کول بوو بە موعجیزە شکافی کرد
کە فیرعەونی خەتی هات و ئیحاتەی تووری کوڵمەی دا

درۆت فەرموو حەزم بێ نایەڵم، گەر ڕاست دەڵێی سادەی
فەرەنگی قەومی دەججال -ئەی مەسیحا- دەوری کەعبەی دا

لە سینەمدا چ شیرین دڵ دەناڵێنێ بە مەحزوونی
وەرن لەو شیوە گوێ بگرن بە شین و شیوەنی نەیدا

مەکەن مەنعی «وەفایی» چونکە سەرگەردانی جانانە
لەسەر دینی کە شێخی خانەقا بردی کە تۆبەی دا

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌺

#_عەونی (1914 - 1992)

هەر لە ڕێبازی خەباتا پیری ئیرشادم دەوێ
من گەلێکی سەربەخۆ و سەربەست و ئازادم دەوێ

ملکەچی و ژێردەستی پیشەی من نییە ئەی بەدگومان
باسی مێژووی ڕۆژگاری میدیا و مادم دەوێ

سەرگوزشتەی قەیس و لەیلا باس مەکە بۆ من ڕەقیب
داستانی زین و مەم، شیرین و فەرهادم دەوێ

سەر نزم ناکەم لەبەر هێز و تەوژمی ڕۆژگار
تێ دەکۆشم یان مەرگ یان ژینی پڕدادم دەوێ

شەرتە کۆڵ نادەم هەتا ڕۆژێک بە ئامانجم دەگەم
کوردم و ڕۆڵەی بەجەرگ و عەزمی پۆلادم دەوێ

شۆڕشی شێخی حەفید و شێخی پیران شێخ سەعید
بارگەی سمکۆی شکاک و #_قازی مەهابادم دەوێ

قارەمانی شۆڕش و ناوداری چەرخی بیستەمین
جاف سوڵتان و قەدەمخێر و پەریزادم دەوێ

هەڵگری ئاڵای خەباتن بەچکەشێرانی گەلم
سەربڵندم، سەربڵندی خۆم و ئەحفادم دەوێ

«عەونی» سەربەستی لە ڕێبازی خەباتا دێتە دی
من نەوەی زانا و بەهەست و ژیر و ئوستادم دەوێ

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌹

#_زێوەر (1875 - 1948)

لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم
وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم

لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ
تەشەببوس گەر بە کەشتی نووحی إلا الله نەکەم چ بکەم

مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە
لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم

ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم
بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپی خوا نەکەم چ بکەم

لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی
بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم

بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم
لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم

ئەڵێن ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات
وەکوو «زێوەر» بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🎧

#_دەنگی_کوردی

دەنگ: ئادەم نگڵی
شیعر: #_وەفایی (1844 - 1902)

ئەی دڵ وەرە هۆشیار ببە هذا طريق العاشقين
مەحوی جەماڵی یار ببە هذا طريق العاشقين

لەم لاوە گریەی نای و نەی، لەولاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەربدەی، هذا طريق العاشقين

تا دڵ نەسووتێ دەم بەدەم، فانی نەبێ سەر تا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم، هذا طريق العاشقين

🌻 شیعر و هۆنراوە 🌻

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌾

#_ماتەم (1989)

هەتاکوو ئەو دەمەی شینی نەمانم شێوە دادەگرێ
وەکوو بولبول لە دەوری گوڵ سەناخوانی گەلی کوردم

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍂

#_بێخود (1879 - 1955)

لە سایەی نەخلی تووبای قامەتی ئەو نەونیهالانە
سولێمانی بەهەشتی عەدلە، یەعنی پڕ لە غیلمانە

دڵی زاهید بەجارێ بۆ نەبێتە بولبول و قومری؟!
لە لایەک گوڵ، لە لایەک جیلوەیی سەروی خەرامانە

لە عەبدێکی وەکوو من گەر ئەپرسن سەییدت کێیە؟
ئەمیری مالیکی جان، یەعنی شاهەنشاهی خووبانە

یەدی بەیزای بەغەڵ پەروەردەیی ئیعجازی شۆخێکە
لە عەینی فەسڵی شەودا ساحیبی سوبحی گریبانە

زەمانی نەزعە، توخوا لێم مەپۆشە، چاوەکەم چاوت
پیاڵەت بێنە گەردش ساقیا، سا وەختی ئیحسانە

ئەوەندە وەسفی لەعلی لێوی شیرینی ئەمانەم کرد
کەلامم بۆیە وەک بەنگاڵە، «بێخود» شەککەرستانە

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🍀

#_کامەران_موکری (1929 - 1986)

گوڵ بەو جوانییە لە کۆشی دڕکا
ئەگەشێتەوە پەڕەی ڕەنگینی

دڵ بۆ شادیگای بییەوێ بڕ کا
ئەبێ بچێژێ تاڵاوی ژینی

هیواش لە کۆشی ناسۆر و خەما
ئەپشکوێ خونچەی جوان و شیرینی

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌿

#_سابیری (1881 - 1944)

هەر کەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ
شەو ئەبێ خوڵق و ڕەوشت و سەنعەتی پەروانە بێ

با دڵ و جەرگی بە خەنجەر پارەپارە و قیمە کەن
دەنگی ئاخ و ئۆفی نایە، چا نییە گەر وا نەبێ

ئیشتیعالی ئاگری دڵ ئەو دەمە ئەکوژێتەوە
دائیرەی دڵ خەیمەگاهـ و تەختی ئەو سوڵتانە بێ

مەست و مەدهۆشی لیقا چی بکا لە دونیای بێبەقا
هەر دەبێ دێوانە دائیم بێلیباس و خانە بێ

موڵک و ماڵ و مەرتەبەی دونیایی دوونی بۆ چییە؟
شەو دەبێ مەجنوونی زولفی لەیل و ڕۆژ بێخانە بێ

عەشقی یار و حوببی دونیا هەر دوو زیددی یەکترن
گەر دلارامت دەوێ با ماسیوا بێگانە بێ

هەر کەسێ مەجنوونی لەیلا بێ چ باکی تەعنەیە
لازمە هەر چێ بکا نالایق و شێتانە بێ

ناوی مەجنوون ئاگری بەردایە دڵ ناحەق نییە
من وجوودم ماسی و ئەشکم وەکوو ڕۆخانە بێ

حەققە شەو گریان و ناڵینم بە چاوی سوورەوە
چونکە ئەنجامی عەرووسی عادەتە سوورانە بێ

پاییزە و عالەم لە تەعمیراتی نەقشی خانەیە
عاشقی ڕووت هەر مەکانی کەپری تاووستانە بێ

شادییە جەژنە هەموو عالەم بە بەرگی تازەوە
دوور لە باڵات تابەکەی بەرگم ڕەش و زستانە بێ

دەستی بۆ گیرفانی هێنا تاکوو ژیرم کاتەوە
من هەنووم هەڵسا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ

پیاوی عاقڵ گفتوگۆی بێهوودە ناکا موتڵەقا
مەست ئەبێ ڕەفتار و ئەتواری هەموو مەستانە بێ

«سابیری» پیر بووی خەوی غەفڵەت لە چاوت دەرنەچوو
کوا حەکیمی واقیفی ئەم عیللەت و دەرمانە بێ

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌴

#_حەمدی (1876 - 1936)

زەمین ئارایشی خۆی دا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی
بە غونچەی تازەپشکووتوو دەکا عالەم گوڵاوپاشی

هجوومی کرد بە ئاڵای سەوزە نێرگس میرەڵایانە
بە تابووری گوڵی کرد لالە هێرش میسلی بیگباشی

لە سەردا پرچەکانی شۆڕەبی کەوتۆتە داوێنی
لە تەهلیلەی بەهارا بۆتە دەروێشانی بەکتاشی

هەموو دەستێ چڵی کاسەی کەلێکی پڕ لە شەونم کرد
کە وەک ڕۆژ یار هەڵات بیکەن بە یەک دەفعە بە شاباشی

ئەمەندە لووتی بەرزە سەروی سەرکەش هەر دەڵێی یارە
بەغەیری سێبەری قابیل نییە کەس بێتە ویڵداشی

بە شیرین و لەتیفی بۆتە شاخی بێستوون گۆیژە
میسالی کۆهکەن شیرینی ئەرمەن بۆتە سەنگتاشی

بە سواری چڵ بەتوندی گوڵ کە هات زانیم کە تێ دەگلێ
لە باغی عالەما جەولان دەبێ بکرێ بەهێواشی

ئەگەر ئەم باغە ئەهلی باغەبانی بێ بەهەشتێکە
دەبێتە دۆزەخێ وەختێ نیزامی کەوتە دەس ناشی

لە لانەی بولبولانا کوندەبوو بۆ شاخی لێ دەڕوێ
لە پەروازی شەهێنا بێ کە داڵاش کەوتووە لاشی

لە تەبعی ئەهلی دڵدایە بەهاری بێخەزان «حەمدی»
گوڵستانێکی ڕەنگینی لە نووکی یەک قەڵەم تاشی

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…

شیعر و هۆنراوە

🌻

#_مەزڵووم (1916 - 1955)

نەورۆز بەخێر بێی جەژنی نەوبەهار
دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار

سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان
نوقمین لە گوڵدا سەر تا بەدامان

بە هەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان
گوڵ خێمەی هەڵدا بەیداغی چەقان

درەختی دەشت و چیا و لاپاڵان
کردیان بە بەردا کەوای سەوز و جوان

دەستەی گوڵی جوان، پەسەندی نازدار
خۆی ئاریش دا لە کانی و کۆسار

کەنێرە بۆنی خۆشی حازر کرد
بە بۆنی خۆشی جیهانی پڕ کرد

لە وشکە چەمان ئاوان جاری بوون
ئاوەڵ و چەمەن گشت سەوز و شین بوون

هاژەی قەڵبەزان شمشاڵی لێ دا
بای وەعدەی بەهار لە هەڵپەڕکێدا

مەلانی عاشق لە گوڵزاری شین
بەستە ئەخوێنن بە لەهجەی شیرین

👇✍️

📚 | @Kurdish_Poetry

Читать полностью…
Subscribe to a channel