«من و تۆ»
ئەو فرمێسکانەی بە درێژایی تەمەنی کفتم لە ژێر ئەو دارسنۆبەرانە ڕشتم، پڕیەتی لە برین و بەسەرهات و کارەسات و داستان، کارەساتێک هەرچی قەڵەمی دونیایە ناتوانێ بینوسێتەوە و بیخاتە دووتوێی دەفتەرەکانی دڵم، هیچ لاوکبێژێکیش ناتوانێ بیکاتە داستانی پڕبرینی ئەوینداری زەمەنی تەم و خوێن، من لێرە گۆرانی بۆ مەرگ دەڵێم و تۆش لەوێ ژێیەکانی دڵم دەکەی بەتەقەڵی ئەو برینانەی نێو خەمی کفتم،
ئەی ئاوێنە خوێناویەکانی دەروونی ماتم، چیدی چاوەکانی مەکەن بە هەوێنی یادەوەرە تاڵەکانی دوا هەناسەی پڕ برینم، نە من بەرگەی ئەو هەموو دووریە دەگرم و نە فرمێسکم دەبنە دوا تروسکایی تونێلەکانی نێو دەفتەری ئاگرگرتووی خەمەکانم.
ماویەتی..
ڕەنگە من هەتاهەتایە پارەی ئەنگووستیلەیەکم پێ نەبێت
بیکەمە پەنجەت بەڵام گەر حەز بکەیت هەتا هەتایە
قۆڵ و باسکم لە گەردنت دەئاڵێنم.
| لەتیف هەڵمەت
«من و تۆ»
تۆ بەس ئەم شەو وەرە، من بە کۆترەکان دەڵێم گۆرانیت بۆ بڵێن و بەدار سنۆبەرەکانیش دەڵێم سەمات بۆبکەن، هەورە سپییەکانی ئاسمان دێنمە خوارەوە و بۆتۆ دەیانکەمە کراس، هەرچی هەوری ڕەشیشە دەیانکەمە کەمەربەندی ناسک و تەنکی تۆ، خۆم سەرچۆپی دەگرم و شەقامەکانیش چەپڵە دەکووتن، باران لەخۆشییان فرمێسک بڕژێ و گڵۆپەکانیش وەک ناخم بسووتێن، تۆ ئەمجارە وەرە، دەبینی چۆن کۆڵانەکان پێشوازیت لێدەکەن و دیوارەکانیش بۆت دەچەمێنەوە، بروسک لەهاڕژنی خۆشی دەداو بەفریش وەک دڵی من دەتوێتەوە، دەتۆ وەرە تامن بچمە سەر بەرماڵی خەفەت و هاواربکەم: خوایە گیان ئەم شەو گوڵێک دەبێتە مێوانم و زەمەن بوەستێنە!
ماویەتی..
وەک نەخۆشێک لە ژووری
چاکبوونەوە گوێی لە کەسانی
نزیکترین کەس بوو لە دڵیەوە
دەیانگوت “هێشتا نەمردووە؟.
«من و تۆ»
لە دووری تۆ، ڕەشماڵێکی دڕادڕای بەر ڕەشەبای تۆفانێکی هەزار ساڵەم، گریانێکی بێ کۆتایی ئاهەکانم، نە باران کفنم دەکات و نەهاواریش زیندووم دەکاتەوە، نەدار سنۆبەرەکان تینوێتی چاوەڕوانیم دەشکێنن و نەبەسەرهاتی شۆستەو کۆڵانەکان گریانم دەوەستێنم.
مانگ بەدەسرازەیەکی پڕ ئەستێرە ویستی بێتە مێوانیم، هەورەکان تا ئەودیووی شاخەکان ڕاویانناو نەیانهێشت بێ، تا دوافرمێسکی چاوەکانم بخاتە ناو گوڵدانی مەرگ، لێرە هەموو شتێک چاوەڕێی ترپەی دڵی من و خشپەی هاتنی سەرنجێکی تۆن، نەخەم بەرۆکم بەردەداو نەباران سەرتاپای گیانم تەڕدەکا، لەناو ئەو هەموو تەم و باران و هەور و گریان خەم و بروسک و ڕەهێڵەدا، هێشتا دڵم دەڵێ مەڕۆ، چاوڕێکە، تۆزێکیتر، لەگەڵ شەوقی بروسک و گرمەی هەور و هاژەی ڕوبار و دوا تروسکایی چرای خەمەکان دەردەکەوێ!
ماویەتی..
لە بێباکیمدا نوقم بووم،
بە بێدەنگی بیر لە تێپەڕبوونی
ژیانم دەکەمەوە وەک ئەوەی
پەیوەندی بە منەوە نەبێت.
«من و تۆ»
من قاوەیەكی تاڵی سەردەمی شیرینیبووم و بەقوڕگی تۆدا چوومە خوارەوە، هەموو
شادەمارەكانی جەستەی تۆمكرد، لەگەڵ هەناسەیەكدا بەناو سییەكانتادا شۆڕبوومەوە، لەدوا پلیكانەی دڵت پشوویەكمدا و لەوێشەوە سەركەوتم بۆ شاڕەگی تاڵ بەتاڵی قژی خاوت، لەناو ڕوباری خوێنی گەشتدا مەلەی مەرگمكرد و لەكەنارەكانی دەریای ئاهەكانت خۆم دۆزیەوە، بووم بەباڵندەیەكی باڵشكاو و بە ئاسمانی دواترۆپكی شادەماری بینایی چاوەكانت هەڵفڕیم، گۆرانیم بۆ خەمەكانی خۆم وت و لاوكم بۆ هەناسە دوكەڵاوییەكانم چڕی، بستێ شوێن لەدورگەی باڵات نەما پیایدا نەچمەخوارەوەو، بە نائومێدی سەرمكزكرد و هەر بە«تاڵی»مامەوە، چ كارەساتێك جەرگی بڕیم و لەو مەملەكەتەی تۆدا یەك تۆسقاڵ شیرینیم دەستنەكەوت و هەروەكو قاوە تاڵەكەی جاران لەناو جەستەی تۆدا دوا قوومم لەخۆمدا و بە «تاڵی»سەرم بە كۆشی خەمەكانم كردەوە!
نایێتەوە! ئەی جوانترین كوپی قاوە تاڵەكانی دوینێ و ئەوڕۆو سبەینێم!
ماویەتی..