سەربڕانە
خۆی دا سەر گۆچانەکەی و گوتی: کاکەی ساڵێک دوای دروێنە بۆ سەربڕانە قایسیوڕۆنیان بۆ لێناین. ئەودەمیش وابوو بۆ دوو نەفەر لە قاپێکدا چێشتیان تێدەکرد. نانیان بۆ هێناین و منیش لەگەڵ کەسێکی دیکە کەوتم و دەست بە نان خواردن کرا. کابرای کە لەگەڵ من نانی دەخوارد پاروویەکی گەورەی چاک کرد و وەبەر ڕۆنی داو هەمووی کێشا بەر دەمی خۆی و گوتی : تەح لەو بایەی دێ
منیش پارووم بۆ ڕازاندەوە و وەبەر ڕۆنم دا و هەموویم هێنا بۆ لای خۆم و گوتم:
ئەڵڵای دەکرد بە قووڕی دەگرت.
کابرا کە زانی لەگەڵ پیاوی خۆی تێکەوتووە گوتی کاکە با وەک خومان لێبێتەوە.
محمەدی مەلا برایم پیاوێکی ڕوح سوک و قسە خۆش لە سەرەتاکانی دەیەی هەزار و سێسەد و شەستی هەتاویدا دوو ساڵ بە شوانی لە لای باوکم بوو.
گورانیشی دەگوت و شەوانیش کە مەڕ شەوبەکێو نەبوایە چیرۆکی بۆ دەگیڕاینەوە.
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
دەستەوانە
ملوانکەیەکی ئاو
لە ئەستۆی ڕووبار و
ڕێی پەڕینەوەم لە دەراوێکدا
با قووم ... قووم... تینووی
ئەوبەری ژیانەوەم
دەستەوانەیەکی بڵێسە
لە دەستی ئاگر و
سووتانی پیرۆزە لە مەتەرێزدا
گەرم لە باوەشت دەگرم
ژیان بەرەکانی شەڕێکی بێکۆتاییە
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۱/٦
@soleymanmukoryani
۸ ی زام
لە ڕۆژی ۸ ی زامەوە
ماڵئاوا
کۆتری بە بەرینایی ئاسمان
مامزی بە بەرینایی دەشت
بە ڕۆژێک ناگەینە هیچ کوێ
ئاوا دەبێ و
تا ژوانێکی تر دوورە...
لە شەوی 8 ی بێکۆتاییەوە
بەیانیت باش
هەرچەند من و تۆ
خەونەکانمان یەک نەبێ
ئەوە چەپکێ چرا.... روونە!
لێکدانەوەی دەبێتە ئازادی
ئەوە چەپکێ گوڵ
بەرۆکت ڕووتە
ئەوە چەپکێ هەتوان
زامەکانت.....
ماڵئاوا
تا بزانین سبەینێ چ دەبێ؟
سولەیمان موکریانی
۸ ی زامی ساڵێکی ون
@soleymanmukoryani
تووش
بە هەڵە هاتم
لەشوێنێکی تووشدا
کە نەدەبوو
تووشت بووم
تۆ نازانم
بە شوین نیشتمانێ ون
بە شوێن ئەوینێ بزرکاو
خەریک بوو لە بیر دەچوویەوە
بە هەڵە چووم
لە شوێنێکی تووشدا
کە نەدەبوو
تووشت بووم
تۆ نازانم
بە شوێن ئاوێکی بزر و
بە شوێن مەیلێکی ڕسکاو
تیژ تێپەڕی،زوو توایەوە
ڕێی من کۆتایی نەهات و
ڕێگای ئەتۆش نەبڕایەوە
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۱۲/۲
@soleymanmukoryani
کارت پۆستاڵێکی واڵنتاین
ڕۆژێ کە هیچ
ئەو ڕۆژگارانەی ڕابردوون
ئەو ڕۆژانەی کە نەهاتوون
بیکەن بە ڕۆژی خۆشویستن
هێشتا کەمە.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۱۱/۲٥
@soleymanmukoryani
"بۆ تۆیە وا چاو لە ڕێگام"
بۆ تۆیە وا چاو لە ڕێگام
شەوان گاڤێ
کە وا دەگرن لە چڵی "تەلاجێن"٭ سێبەران
ڕەنگی ڕەشایی
وە بۆ دڵماندوانیشت پەژارە بەردەوام
بۆ تۆیە وا چاو لە ڕێگام
شەوان گاڤێ
ئەو دەمەی لە جێدا دەرەکان وەک مردوو ماران خەوتووانن
ئەوێ ڕاش کە دەستی پەڕپەڕۆک دەبەستێت لە پێی سەرووی کێوی داو
وەبیرت بێمەوە یان نا
ئەوە من هەر لە یادت دام
بۆ تۆیە وا چاو لە ڕێگام
٭ تەلاجێن ؛ نێوی پنجە گیایەکە لە زێدی شاعیر
شێعر:نیما یووشیج
وەرگێران سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"بمدوێنە باران"
بمدوێنە باران
ئەم وەرزە شێتە
هەرچی گوڵ و گەڵایە بردی
لە گەڕەکی باخەوە
ڕمێنی ڕۆیشتنە،
تاو دەدا...
بە سەر پشتی باوە
سوارێک ئاودیوی نادیارەکان دەبێ
بمدوێنە باران
ئەم وەرزە شێتە
هەرچی جوانییە بردی
لە گەڕەکی یارەوە
ڕمێنی دابڕانە
تاو دەدا...
بە سەر پشتی ژانەوە
سوارێک ئاودیوی یادەکان دەبێ
بمدوێنە باران
کیژی شۆڕابەی هەوری شەنگ
ئەم وەرزە شێتە
کوا دەست لە یەخەی
گوڵ و گەڵا و جوانی دەکاتەوە؟
لە هەرێمی ژوانی
بێ کۆتایی چاوەڕوانەوە
باران!
دەی باران
بە ڕێژنەیەکت، خوناوەیەکت
بمدوێنە....
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۸/٥
@soleymanmukoryani
"شەوێک لەبەر مانگەشەو"
دەمەو ئێوارێ بوو ئەو کاتەی هەتاو سەری دەخاتە سەر شانی شاخ و وردە وردە گەردوون تارماییەک بەسەر پێڵووی شەودا دەکێشێ و دانە دانە ئەستێرە لەسەر پەردەی ڕەشی ئاسمانی شەودا دەنەخشێن.
ئاورەکە دامرکا بوو ژیلەمۆی دەگەشاوە و لە پەنا سێکووچکە هەڵمی کتری و هاڵاوی هەناسەی تێکدەهاڵان. لە بێدەنگیەکی دڵڕفێندا خەیاڵ بردبوویەوە شوێنێکی دوور، تەواو ببوو بە بەشێک لەو سرووشتە، تاوناتاوێک ماڵئاوایی گەڵایەک لە بەژنی دار و خشپەی خشۆکێک چڕنووکێکی بە بێدەنگیدا دێنا و ئەویش دەگەڕاوە و هەناسەیەکی هەڵدەکێشا:
چووبوومەوە ئەوێ ئەو شوێنەی ئەوین بە باڵە شینەکانی خوی بە شووشەی تەنیاییمدا کێشا و تێکەڵی هەناسەم بوو خزایە دڵمەوە، بە خۆم نەبوو چلۆن هاتنە دنیا و ڕۆیشتنیش بە خۆمان نییە.
هەموو ساڵێ دەهاتەوە ئاوایی، ئیدی ئاوای لای من دەبوو بە بەهەشت و خۆشترین شوێنی ئەو دنیایە، بۆیە گتویانە:"ئەو شوێنە خۆشە دڵی لێخۆشە" کە سەر لە پاییزانیش دەڕۆیشتەوە چۆڵ دەبوو ئەوەندە چۆڵ دەتگوت هیچ زیندەوەرێکی تێدا نییە.
ئەستێرۆکێک لە باشووری ئاسمانەوە ڕاخووشی و کووندێک فڕی و گۆمی مەندی بێدەنگی شڵەژاند، بڕێک ئاوردووی بە ئاورەکەوە ناو شیبایەک گەشاندییەوە...
ئەو کات ئاوایی کارەبای نەبوو، مانگەشەوان تریفەی مانگ وڵاتی ڕووناک دەکرد و خوڕەی ئاوی کانی چ مۆسیقایەک بوو، وێنەی مانگیش لە نێو ئەستێرەکەی بەر کانیدا مەلەی دەکرد و چ دیمەنێک بوو. کە مانگیش پەنای دەگرت و دیار نەدەما ئەستێرەکان لە ئاسمان زیاتر دەردەکەوتن و دەنگی سیسرکە و خوڕەی ئاو و خشەی گەڵا بەدەم شنەیەکی فێنکەوە و پێکەنینی ئەویش کە ماڵەکەیان لەولای ماڵی ئێمەوە بوو لە بەر هەیوانێ چ بەهەشتێ بوو، هاوینان جێوبانم دەبردە سەربان و بە دەم ئەو دەنگ و دیمەنانەوە خەو دەیبردمەوە.
شەو ڕاشکا بوو جارناجارێ لوورەی گورگێک شەوی ئەوەندەی کە بە هەیبەت دەکرد و ترسێک لە دڵمان دەنیشت، گەڵایەکیش لە دارێک دەبۆوە و لە تاریکیدا ون دەبوو، ڕێی کاکێشان بێ ڕیبوار، ئەویش دەیڕوانییە ئەو دیمەنەو ئاسۆیەکی دوورە دەست و....
شەوێک لەو شەوانە نامەیەکم نووسی هەموو ئەو جوانیانەم ئاوێتە کرد تا بەشکو هەستی خۆمی پێبگەیەنم بەڵام ئەویش چووە ڕیزی ئەو نامانەی هەرگیز نەگەیشتونە شوێنی مەبەست.
تۆ بڵێی دڵی ئەویش بۆ من لێیدابێ یان تەنانەت هەستی بە ترپەی دڵی من کردبێ؟نازانم... دوا هاوین کامە بوو هاتنەوە و دوا هاوین کامە بوو نەگەڕانەوە؟ لە بیرم نەماوە!
دواجار من و تەنیای و پرسیاری بێ وەڵام ماینەوە و ئاواییەکی چۆڵ!
گێژەڵووکەیەک تەق و ڕەوی خستە قنگەلاشک و بابردەڵە و کوندێک پڕ بە شەو بێدەنگی دادڕی و ئەستێرۆکێک لە باشووری ئاسمانەوە ڕاخووشی...
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۷/۲۲
@soleymanmukoryani
"دەدەڵێ، مانگەشەو"
مانگە شەو، زنەی دێ
ئەستێرۆک دەدرەوشێ
نێ تاوێ بڕەوێنێ خەو لە چاوی کەس خۆ
خەمی ئەو چەند خەوتووە
دەڕەوێنێ، خەو لە چاوی تەڕم.
لەگەڵمدایە سپێدە چاوەڕێ
بەیان لێمی دەوێ
لە هەناسەی متفەڕکی، بۆ و خێڵە بەگیان دۆڕاوە بەشکو بێنم خەبەرێ
خوێناوی جەرگ خۆ
دەیخاتەوە هەر پەکی سەفەرم.
ناسک ڕازاوە بەژن پەلکە گوڵێ
کە بە گیانیش چاندم
وە بە گیان ئاویشم دا
ئای حەیف! دەشکێتەوە لە بەرم.
دەستانم دەکووتم دەس
واڵا کەم دەرکێ بەس
چاودێریم بێ هۆیە
کە بێتە دەرێ کەس
دار و دیواری پێکدادراویان
دەڕووخێتە سەرم.
مانگەشەو، زنەی دێ
ئەستێرۆک دەدرەوشێ
ماوەتەوە پێی ئاوڵە لە ڕێی درێژ
لە نزیک ئاوایی پیاوێ تەنیا؛
کۆڵێک بە کۆڵەوە
دەستی لەسەر دەرگا، بە خۆی دەڵێ:
"خەمی ئەو چەند خەوتووە
دەڕەوێنێ، خەو لە چاوی تەڕم.
شێعر:نیما یوشیج
وەرگێڕان: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"ماڵم هەورییە"
ماڵم هەورییە
یەکسەرە وڵاتیش لەگەڵی هەوری
لە بەرزایی بستووا ورد و وێران و مەست
لوول دەخوا با
یەکسەرە دنیا ویرانە لەو
وە هۆشی ئەمن
هۆ نەیژەن کە تۆی
دوورخستەوە لە ڕێگا ئاوازی نەی لە کوێی؟
ماڵم هەورییە بڵام
هەور دایداوەتە باران
لە خەیاڵی ڕۆژانی ڕووناکم کەوا لەکیشم چوون
من ڕووخساری هەتاوم
دەبەمە بارەگای دەریا بۆ تەماشای
وە هەموو دنیا ورد و وێرانە لە بایە
وە بەرێوە، نەیژەن کە دایم لێدەدا نەی لەو دنیا هەوراوییەدا
رێ
خۆی لە پێش دایە ئەوە.
شێعر : نیما یوشیج
وەرگێران: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
هەجو
کەرەکەم، ئێستە، تەبیبە گۆڕاوە
بە فیزە ، تەرسی عەنبەر نسای ناوە
انکرالاصوات بوو زەرەت ڕۆژێ، ڕۆی
ڕایکێشە ، جل و بەڕت وا باوە
۱٤۰۰/٦/۳
@soleymanmukoryani
"سپی وەک ژانم"
ئەمڕۆ لە دلمدا
لەرزینی نادیاری ئەستێرەکان
هەست پێدەکەم
دڵم لێ ونە، بەڵام
لە روحی مژدا.
بە دەرزیلە تیشک لە باڵەکانم دەدرێ و
خەفەتم
بیرەوەرێکان دەخاتە مەلە
لە سەرچاوەی خەیاڵدا
گوڵەباخەکان گش سپین،
سپی وەک ژانم؛
سپێتی وان
لەبەر بەفرێکە باریوە بە سەریاندا.
پێشتر کۆلکە زێڕینەیک بوون ئەوان
دەبارێ بەفر بە بەسەر ڕوحیشدا
کلوو کلوو:
دیمەن و ماچان
نووقم دەبن لە سێبەری ڕووناکی هەر کەسێ
بیریان لێبکاتەوە
بەفر لە کووڵەباخەکان دەبێتەوە
بەڵام لە ڕوح نا و
سەرپەنجەی ساڵ و زەمانان
کفنێکی لێ دەچنێ.
داخوا دەتوێتەوە بەفر
کاتێ مەرگ ئێمە لەگەڵ خۆی دەبا
یان دوایە لەوێ
بەفرێکیتر دەبێ و
گوڵەباخی کامڵتری کە؟
ئاسوودەییەکمان دەبێ داخوا
وەک ئەوەی عیسا گووتی:
یان ئەو پرسیارە
هیچ وەڵامێکی نابێ؟
گەر ئەوین فریوماندا
کێ لە دڵمانی دەنێ؟
گەر خەڵتانی تاریکی بین
زانست کوا باسێ دەکا
وە ئاژاوەیەک لەو نزیکانە لێدەدا؟
گەر هیوا لە دەست چوو بێ و
[سەرگوورشتەی] بابول دەست پێبکا
کام مەشخەڵ
دەتوانێ جادەکانی زەوی ڕووناک کا؟
کە ڕوون خەیاڵێکێ بێهۆ بێ
چی بەسەر بێتاوانیدا دێ؟
چی بەسەر دڵ دێ
گەر خەدەنگێ بۆ ئەوین نەبێ؟
ئەگەر مەرگ کۆتایی بێ
چیان لێ بەسەر دێ شاعیران و
هەر چییە نووستووە و
بە بیری کەسدا نایەن و
لە یادان چوونەوە؟
ئای هەتاوی هومێد!
ئاوی زووڵاڵ ، مانگی نوێ!
دڵی منداڵان!
ڕوحی زبری گاشەبەردەکان!
ئەمڕۆ لە دلمدا
لەرزینی نادیاری ئەستێرەکان
هەست پێدەکەم
وە گوڵەباخەکان گشتی سپین
سپی وەک ژانم
نووقمی بیرەوەری لە سەرچاوەی خەیاڵ
شاعیر:فردریکۆ گارسیا لۆرکا
وەرگێران: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"کیژی لادێ"
ئاسمان بە با دەچێ:
کیژی لادێ،
لە بن دار گێلاس،
تەژی هاواری سوور
بە تاسەتەوەم
ئارەزووت دەکەم
ئاسمان ڕەنگی دەپەڕێ...
ئەگەر تۆ ئەوەت دەزانی
ڕادەبردی لە پشت دارەوە
ماچێکت دەدامێ.
شاعیر:فردریکۆ گارسیا لۆرکا
وەرگێڕان:سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"درۆیەکی تاهەتایی"
قورئان ی من بایە
وە ئایەتەکانی
هەناسە
حەجم سەفەرێ بوو
تا ماڵێکێ بێ دەرگا
وە تەوافم
هەوت هەزار جار سووڕانەوە بوو
بە دەوری دەریا گەلێکی وشک
ئەو ڕۆژەی لە بەهەشت دەرکرام
باوکم گوتی:
"سووژدەم بۆ بەرە!"
شەیتان نەبووگم
بەڵام تەواوی ڕێ تا گەیمە زەوی
شێتانە
پێکەنیم
وە بوومە حەوا
تەنیا بۆ تۆ:
ئادەمێ کە تاهەتایە
شیاوی گراوێکی تاوانبارە.
شێعر:لەیلا فەرجامی
و:سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"لێرە و لەوێ"
گڕ لە ڕێگا و
دەست لە مەودا
بۆ بەرنەدەم؟
تا لەوێی
مژ لە ماچ و
خەم لە خاچ بۆ نەدەم؟
تا لێرەی
بێهوودە
وشەکانم کوولاندەوە
ڕێگا هەیە بە بنار و
کانیش هەیە بە ڕووبار
ناگا.........
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۳/۳۰
@soleymanmukoryani
ئیدی لە دووریت ناترسم
چیم بەسەر هاتووە
ئیدی لە دووریت ناترسم
لەوەی کە نی
وە لە ترسی نەبوونت
هەراسان نیم و نامرم
چیم بەسەر هاتووە
کە بە کاتی ماڵئاوایی
ئاوا بێباک
ڕووت ڵێ وەردەگێڕم و
ئیدی لە ترسی دڵتەنگی و دووری
خۆم نادزمەوە لێت
هەر بەڕاستی تۆ پێم بڵێ
چیم بە سەر هەتووە
شیعری: تریستان تزارا
وەرگێڕانی: سولیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
ڕوو لە خەون
ئیدی درەنگ بوو
هەموو ڕێگاکان
دەگەڕانەوە چاوت
وە ئەوانەش
کە کۆتاییان دەچۆوە
چاوەیەکی ڕوون
دەمێکە لێرە نی
بڕوانێ من و
دەستم ناچێتە پێنووس
بنووسم
ڕێگا و ببێوە ڕێبوار
بەیانی و ببێوە شەونم
بنووسم
گەروو، ببێ هاوار
نەورۆز و ببێوە گڕ
بنووسم خۆم و ببێ باوەش
هەر بە چاو بەس بوو
خەمێکی دوور لە کۆڵی شیعر نێم
چاوێکی گەش لە لێکنان و
وەرزێکی سەوز بە خەزان بسپێرم
دەستم نەدەچۆ نووسین
کە پشت لە من و
ڕوو لە باران، دووپاتە نابێوە
پشت لە من و
ڕوو لە ڕۆیین
هەموو وتەکانت
لە نیگایەکدا کورت کردەوە
پشت لە من و
ڕوو لە خەون
هەر خەونێک بوو ئێمە دیتمان
ئیدی درەنگ بوو
هەموو ڕێگاکان
دەگەڕانەوە چاوت...
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۱/۳
@soleymanmukoryani
سوعاد سەباح
خاتوو سوعاد محەمەد سەباح شاعیر نووسەر و ڕەخنەگری کۆیتی لە ساڵی 1942 لە دایک بووە دوکتورای لە سیاسەت و ئابووریدا وەرگرتووە بێجگەلە زمانی عەڕەبی کە زمانی دایکییەتی، بە سەر زمانی فەڕانسەوی و ئینگلیزیشدا زاڵە و توانیوێتی چەندین خەڵات لە بوارەکانی ئەدەب و سیاسەت و ئابووریدا وەرگرێ
ئەوانەی خوارەوە چەند نموونە لە شیعرەکانێتی
دەستەکانی تۆ
تەنیا تۆ......خاوەنی مێژوی من!
نێوی خۆت لە لاپەڕەی یەکەم بنووسە،
وە لە لاپەڕەی سێیەم،
وە دەیەم،
وە دوایین لاپەڕە،
تەنیا تۆ دەتوانی ڕۆژەکانم بەریەوە سەر یەک
لە سەدەی یەکمی لە دایک بوون
تا سەدەی بیست و یەکەمی دوای ئەوین.
تەنیا تۆ،
دەتوانی،
ئەوەی دەتەوێ زیادی کەی بە ڕۆژەکانمەوە
وە ئەوەی دەتەوێ لێی کەم کەیەوە.
تەواوی میژوی من لە بەری دەستانی تۆوە ڕەوانە و
هەر دشڕژێتە بەری دەستەکانتەوە
دێمۆکراسی
دێمۆکراسی ئەوە نییە
کە پیاو ڕای خۆی لە سەر سیاسەت دەربڕێ و
کەسیش بەرهەڵەستی نەبێ
دێمۆکراسی ئەوەیە
ژن ڕای خۆی لەسەر ئەوین دەربڕێ و
کەس نەیکوژێ
کە نەتوانم قاوەت لەگەڵ بخۆمەوە
کە نەتوانم
قاوەت لەگەڵ بخۆمەوە
قاوەخانەکان بەکاری چی دێن؟
گەر نەتوانم لەگەڵ ئەتو
بێ ئەوەی کە مەبەستێکم بێ
پیاسە بکەم
دەی شەقامەکان بەکاری چی دێن؟
کە نەتوانم
بە بێ ترس تامی نێوی تۆ بکەم
ئەدی زمان بۆ چی دەبێ؟
کە نەشتوانم هاوار بکەم
خۆشم دەوێی
دەی دەمم بەکاری چی دێ؟
ئەوەی دوور دەخرێتەوە منم
هەوڵم دا بۆنی تۆ
لە خانەکانی پێستم کەمەوە
پێستم لێ بۆوە و
تۆ لێ نەبوویەوە
هەوڵم دا دوورت خەمەوە
بۆ کۆتایی دنیا
جانتاکانتم ساز کرد
پەتەی سەفەرم بۆ کڕی
لە یەکەم ڕیزی گەمیدا
جێم بۆ گرتێوە
کاتێ بەلەم وەڕێ کەوت
چاوم پڕ بوو لە ئاو
تازە زانیم لە لەنگەرگەم
تازە زانیم ئەوەی کە
دوور دەخرێتەوە منم
نەک تۆ
ورگێڕانی: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
دڵ لە دوا
هەر ئەوەندەم
چاوەڕێ بووی تا گەڕامەوە
ئیدی وێستگەت
نازانم بەرەو کوێ
جێ هێشت
هەر ئەوەندەم
دڵ لە دوا بووی تا دوا نیگا
ئیدی نازانم چاوت
بەرەو کوێ لێکنا
هەر ئەوەندە
دوور کەوتمەوە، چاو ترووکا
ئیدی نەمزانی شەونمێ
مەفح بۆوە و
شەم چۆن سووتا
هەر دێمەوە و
وا دەزانم لە دوا وێستگە
دەتبینمەوە
تاپۆیەک دێتە بەر چاوم
دەڵێم ئەوە
بە باراندا بێم تەر دەبی
بە هەتاودا گەرمات دبێ
بە بەستەڵەکیشا هەر هیچ
بە شەونمێکدا بەیانی دەر دەکەوم
سپی.... سپی.......
کەچی ئەتۆم چاوەڕێ نی
سولەیمان موکریانی
١٤٠٠/١١/٢٦
@soleymanmukoryani
خوێندمەوە باران
لە ڕێبەندانێکەوە
نووسیم بەفر
کولوو کولوو...
بیرەوەریت سپی کردم
٭٭٭
لە پاییزێکەوە
نووسیم گەڵاڕێزان
وشە وشە...
ڕووت بوویەوە و
ڕێگا و شوێن پێم دادەپۆشی
٭٭٭
لە هاوینێکەوە
نووسیم ڕابردوو
ئیدی بۆنی شەمامە و جوانیت
من و کۆڵان و شیعری هەڵگرت
٭٭٭
لە هەورێکەوە
خوێندمەوە باران
دایدەدەی و
کانی کانی...
بنار بنار...
داخوا ڕێبوارەکان دەگەڕێنەوە
گوڵەکانی بەر پەنجەرە گوڵ دەدەن!
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۱۱/۱۰
@soleymanmukoryani
"دوایین هەتاو"
لە بەرزەخەوە بۆ تۆم نووسی
ڕندا من
لەگەڵ بایان ڕۆیشت بووم
بۆ سەرزەمینێ کە لە جوغرافیادا نەبوو
زمانی تازەم بێ ئەلفوبێ
گەلێکم نامەی نەنووسراو بۆ دەناردی
ڕندا من
هەرگیز هیچ چڵێ بیر لە جوودایی ناکاتەوە
مەگەر کاتی تۆفان
لە شوێنی مەرگ
لێک هەڵبڕاین و
نەمانزانی
تۆ ڕۆژێک لە مانگ دەژی و
من لە ژوورێکی دوور هاوتەریبی ڕووبارەکان
گەڵاکانی درەختی خۆڵەمێش و
ئەو باڵندانەی هەرگیز لەبەر چاوتەوە تێناپەڕن.
ڕندا من
تۆ بۆ هەناسە
هیچ هەوایەکت نییە و من
هەوای تازەش ئالودەم دەکا
لەگەڵ ئەوانەشدا
تا بەربوونەوەی هەردووکمان مەودایەکی وا نییە
تۆ دەتوانی بە ئاسوودەیی
بێ ئەوەی وزەی ڕاکێشەر پێت بە پانتاییەکەوە بنووسێنێ
لە بۆشایدا وەحەوا کەوی
منیش بی ئەوەی کە بمەوێ
دەتوانم بۆ جەرگەی زەوی شاربەدەر بم و
بۆ سەرچاوە کوڵاوەکانی ئاسنیش
پەنابەر
ئێمە دەتوانین
لە شوێنێ نێوانی وەفدی چەن ئەستێرەی ون
قۆڵ لە قۆڵی یەک
بێ ئەوەی خلۆر بینە ڕەشچاڵێکەوە
سەفەر بکەین بۆ کاکێشانە کووژاوەکان
من شێعر بڵێم و
تۆ گوێ دەیەیی
وە هیچ شتێ بێجگەلە لەرینێکی هێور لە زەمان
ئێمە لە دوایین هەتاو
نزیکتر نەکاتەوە.
شاعیر: لەیلا فەرجامی
وەرگێڕان: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"مەپرسە"
ئەگەر هاتییەوە هاوین بوو
پرس مەکە!
بە شوێن پێی سێبەرێک،
خەرمانێک،
بێستانێکدا وەرە
ئادرەسم هەموو پێدەشتەکانی ئەو نیشتمانەیە
ئەگەر هاتییەوە پاییز بوو
پرسی ناوێ!
بە شوێن پێی گەڵایەک،
ڕووبارێک،
هاوارێکدا وەرە
ئادرەسم هەموو ئازارەکانی ئەو نیشتمانەیە
ئەگەر هاتییەوە زستان بوو
پرس مەکە!
بە شوێن پێی کلوویەک،
بایەک،
بۆرانێکدا وەرە
ئادرەسم هەموو ڕێگایەکی ئەو نیشتمانەیە
ئەگەر هاتییەوە بەهار بوو
مەپرسە!
بە شوێن پێی کانییەک،
کەوێک،
کۆترێکدا وەرە.
ئادرەس هەموو کچانی ئەو کوردستانەن
پرسی ناوێ!
ئەگەر هاتییەوە بۆخۆم بووم
هەر بەتەنیا خۆم!
بە شوێن پێی ژین،
ئەوین و
ئاشتیدا وەرە
ئادرەسم باوەشێکی بە تاسەوە
وەرە و خۆت بە روحم،
بە هەناسەم، بە باوەشمداکە
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/۷٫۲٤
@soleymanmukoryani
"شانبەشان "
بەهار تۆ بووی
پاییز ئەمن
ناگەنە یەک
ساڵگارێکە بە شوین یەدا
دێن و دەچن!
سەوز و ژیانەوە و بەیانی
زەرد و تەنیایی و ئاوام.
ئەو ئەوینەی داتگیرساند
کاتی وەرین
بێ فایدەیە بەشوێن یەکدا!
شانبەشان نەبین.
۱۳۹٤/۷/۱۰
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"ڕی را"
"ڕی ڕا"... دەنگێ دێتە گوێ ئەم شەو
لە پشتی "کاژ" کە بەنداو
کەوتنی تیشکی ڕەش، وێنەیەک لە خراو
دەهێنێتە بەر چاو.
دەڵێی کەسێکە دەخوێنێ...
بەڵام دەنگی ئادەمی ئەوە نێ
بە ڕێکییەکی هۆش ڕفێن، ئەمن
دەنگ و ئاوازی مرۆڤەکانم بیستووە
لە سووڕی شەوانی گران؛
لە پەژارانی من
گرانتر.
وە ئاوازی مرۆڤانم یەکسەرە
من هەر لەبەرە.
شەوێک لە نێو لۆتکەدا، دڵتەنگ
تێیان هەڵکرد وا؛
کە من ئێستاکەش هەیبەتی دەریا
بە خەو دەبینم.
ڕی ڕا ... ڕی ڕا ...
لە سەریدا هەوای ئاواز
لە وێ شەوەزەنگی
نیە لەگەڵ خۆی ئەو
ئەو بەڵام چووە لەگەڵ دەنگی
ئیدی خۆێندن ناتوانێ.
شێعر:نیما یوشیج
وەرگێڕان: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"فریا نەکەوتم"
کە بیرت دەکەم
لەو دیوی پەنجەرەوە
دوور و نزیک
لە شەقەی باڵ دەدەی و
دێڕەکانم چۆڕ چۆر دێنەخوار
چۆڵ چۆڵ ژوورێک لە تۆ
کە بیرت دەکەم
لەو بەری ئەوینەوە
شەپۆلەکانت
باڵ لە بەستێنی ئارامی باوەشم دەدەن و
تێکم دەدەن و
دوور دەکەونەوە
کەبیری باخ دەکەم
هەر گەڵایە و لە تۆدا سەوز دەبێ
هەر گوڵە و لە تۆدا دەپشکوێ
لە منیشدا گڤەی با و
گەڵاڕێزانی پاییزێ
فریای هیچ نەکەوتم
نە سەیری فڕینی باڵندە و
نە باوەشێ بە شەپۆلتدا
نە ماچێ لە بەژنی باخ و
پاییز ئای پاییز
چ وەرینێ لە تەنیاییدا
کە بیری ڕێگا دەکەم
شەمەنفەرێ لە پاییزی خۆمەوە
تیژ تێدەپەڕێ و
فریای چاوێک، بەیانی باشێک
پێکەوە تاوێک نەکەوتم.
کە بیری بارانت کرد
لە ئاسمانتدا هەورم
هەورم و هێدی دێم
ئەگەر بڵێن بەمەردنیش
دیارە دەمرم!.....
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/٦/٦
@soleymanmukoryani
هەجو
پێم لە کلکی نا نەمزانی کە دووکتر
بەتەڵەب، مووهەندیسێ لەویش پتر
خواریان کردبوو بە زەرە بۆیە دەڵێن:
" بشچێتە بەغدا کەر، نابێ بە یەستر"
۱٤۰۰/٦/۲
@soleymanmukoryani
"وێستاو لە سەر دووڕێیان"
ڕاوەستاو لە سەر ئەو دووڕێیانە
بە سەر لێومدا دێنمە خوار ماڵئاوایی
تا هەنگاو بنێمە جادەی روح و گیانی خومەوە.
بیرەوەرێکان لە خەو هەڵدەستن
کاتژمێرە وەیشوومەکان خەبەریان دەبێتەوە.
من دەگەمە باخچە بچوکەکەی
سروودی سپی خۆم و
لە پڕ لەرزێ سەراپای گیانم دادەگرێ
چلۆن ئەستێرەی کاروانکووژە.
شاعیر:فردریکۆ گارسیا لۆرکا
وەرگێران: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"ئەستێرەی ڕاخوشیو"
جوانی
کە ڕادەخوشی
ئاسمانی سەوزی خەیاڵم
لەپڕدا دەشڵەژێنی و
دەڕووشێنی و
تەواو.......
ڕووناک
کە ڕادەخوشێم
تەنیا و تەنیا حەزم لێیە بێم
ئاسمانی کەسکی مەیلت
بڕووشێنم
با سەرنجت ڕاکشێ....ڕاکشاو
بسووتێم و
تەواوووو......
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۰/٥/٦
@soleymanmukoryani
ئەفسانەی "ڕێوی و قاژوو" یان " روباە و زاغ" داستانێکی کۆنە و دەگەڕێتەوە بو شەش سەد ساڵ پێش زایین، گێڕانەوەی زۆر لەو داستانە هەیە بە هێندێک جیاوازێوە کە زۆربەیان سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆک نووسی فەڕانسەوی "ژان دوو لافونتێن" کە لە کۆمەڵە چیرۆکێکدا لە ساڵی ۱٦٦۸بڵاوی کردۆتەوە.
میرزا عەلی ئەکبەری سابیر کە شاعیرێکی ئازەری زمانە دەیکاتە زمانی ترکی و حەبیب یەغمایی لە ڕووی دەقە ترکێکەوە دەیکاتە فارسی. بێجگەلە ئەوانە دوو وەرگێڕاوی ئازادی تریش بۆ زمانی فارسی لەبەر دەستە بەڵام هیچیان وەک هی حەبیب یەغمانی جوان رەوان و لەسەر زمان خۆش نین.
داستان نووسێکی ئاڵمانی بەو شێوەیە دەیگێڕیتەوە کە وەرزێرێک لەتە گۆشتێک ژاراوی دەکا و ڤاژوو هەڵیدەگرێتەوە و مام ڕێوی هەڵیدەخەڵەتێنێ و کە دوایە گۆشتەکە دەخوا بە ئازارەوە دەمرێ.
لە کتێبی پیرۆزی بووداییەکاندا لە جیاتی ڕێوی چەقەڵە.
ئەوە منیش بە وەرگێرانێکی ئازاد کردومەتە کوردی بەنێوی "قشقەڕە و ڕێوی" بویەش قشقەڕەم هەڵبژاد قەلەسابوونە و قشقەڕە و قاژوو هەموویان سەر بە بنەماڵەیەکن بە هێندیک وێچوون و وێنەچوونەوە.
هیوادارم منداڵانی کورد چێژی لێ وەرگرن.
خوێنەری هێژا تکایە ئەرگەر بڵاوت کردەوە بە نێوی خوم بڵاوی کەوە
سپاس و ڕێز: سولەیمان موکریانی
قشقەڕە و ڕێوی
قشقەڕەیەک لە دەوری دێ
دەیڕوانی شتێک هەڵکەوێ
سەلکێ پەنیری لە دوور دی
هەڵیگرتەوە و زوو فڕی
نیشت لە سەر دارێکی سەر ڕێ
ڕوانی،مام رێویش لە دوور دێ
مام ڕێوی فێڵباز دەست و برد
لە بن دارەوە هەرای کرد
بە گەردن و بەژن و باڵا
لە جوانیدا نیتە هاوتا
پەڕ و باڵت ڕەش و سپیە
جوانتر لەو ڕەنگانە نییە
قشقەڕە زویەک قڕاندی
بێ بیر کردنەوە دۆڕاندی
تازە پەنیرم لە کیس چوو
چۆنە دەنگم مامە فەرموو
ڕێوی سەرێکی بۆ لەقاند
پەنیری برد و تێیتەقاند
@soleymanmukoryani
"ئەوین لە وێرانەدا"
ون بووم
لە چیرۆکێک دا سەردەمێ
لە کۆڵانەکانی لەمەودوا
تۆم دیتەوە
لە شەپۆلەکانی قژت دا
نووقم بووم تاوێ
لە بەستێنی نیگات دەرکەوتمەوە
هاتبووم پەڕێک هەڵدەمەوە
لە پەڕاوی ئەم ژانە
ژانی.........ون بوون
لەمەودوا
بتبینمەوە
ژانی........... کاروان
بەرەودوا
ترسی ڕێگر
ژانی............شار
کە ڕووپەڕێکی دڕاوە
نامەوێ هاوهیچی ئێوە بم
کەمتیارەکان!
نامەوێ
ئەم تابڵۆ شیعرەم لە کوێ دەم
ونە، ئەوین لەم وێرانە-----ونە
۱٤۰۰/۳/۲۰
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani