باران نییە
شتێک لە سەری داوم کە باران نییە،
سەدەفەکانی ژێر خاک
بە لێوی دوورواوەوە
باسێ لە مرواری ناکەن.
هەموو شەوێ
دنیام دیتووە کە لە دوای دڵدارێکەی
وەک پیاوێک جگەرە دەکێشێ
وە پشتی ئەو کچانەی کە سبەینێ
دیسان فریوی دەخۆن،
بەردەدا.
شتێک لە سەری داوم کە باران نییە.
لەو سەرە
خوداش باڵندەیەکی تەنیایە
کە دەخوێنێ بۆ هەورەکان.
شیعری لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
کات ون دەبێ لە تۆ دا
زۆری بە بەرەوە نەماوە تاریکی
شەو دوا ئەستێرۆکی
لە کالان دەرکێشا و
لە خوێنی ڕووناکی گەوزی
کات بوون و نەبوونی تۆیە
تا لێرە بووی
درەنگ و زووم نەدەزانی
نەمدەپرسی لە کاتژمێر
تولحی بەیانی و تەنگی ئێوارێ
کات لە تۆ دا ون بوو......ون...
کە لێرە نی
ڕۆژ دەبێ بە شەو و مانگێک
مانگ دەبێتە ساڵێک و تاریک
ساڵیش سەدەیەک و بێدەنگی
ماندوو نەبن
ئەی ڕووناکی بەر ئاوابوون
گمەکانی بەر بێدەنگی
ئێرە دەنگی ژنێکی ئاڵۆزە
بەدەم خەونی سبەینێوە
کات: هەزار و چوارسەد و کچێک
شوێن: سێبەری ئەوینێکی بریندار
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۲/۲٤
@soleymanmukoryani
دوو شیعری لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
کایە
مەودای چاوێک کە دەبینێ و
چاوێک کە نابینێ
یەک نییە.
تیشک لە نسێکان دا
هێشتا زیندووە
وە درەخت
لە خەو دا.
ئەو دنیایە
دوو پێڵووی پێکەوە دووراوی منداڵێکن
کە دەیویست تاهەتایە
ئاوێنەیەکی شکاوی ڕووەو هەتاو
ڕاگڕتبێ.
دوایین پلان
من لێرە
هەرچی دیتوومە
نیو جەغزێک
کە هیچ پەڕگارێ تەواوی ناکا:
مانگێکی ناتەواو کە هاو وێنەی خۆی
قەت لە هیچ شەوێکی چاردە دا
نابینێتەوە.
هەرچی دیتوومە
موسافیرانێ
کە پشتەو ڕێ
لە سەر ئەسپە مەستەکان غاریان داوە.
هەرچی دیتوومە
لەو باڵندەیە دەچێ
کە هەرمان هێنایە دنیا و
ئەو جار
لە دوو باڵی کردەوە.
@soleymanmukoryani
تا دەریای سوور
لە نیگات دا لە دایک بووم
وەک مووسایەکی ڕووت
لە لانکێک دا بە سەر نیلەوە
ڕەوانەی چارەنووسێکی نادیار
وە زانیم کە سەرەتا دەست هەبوو و ئاو
وە دایمە وتەیەک لە نیوان پێست و تینوێتی دا
تەنیا دانیشتبوو
وە ئەو ئەژدیهایەی
کە لە نووکی گۆچانەکەمەوە هەستا و
زەوی و خەڵکەکەی قووت دا
هەزاران سەریکەی لە ڕەشایی خەو دا
حەشار دابوو
چلۆن بڵێم؟
خودای من !
ئەی خودای من !
ببە زمانم
تا باوەڕم پێ بکەن.
شیعری: لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی:سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
دوو سنورر
ئێوارێ
لە سنووری ئاوابوونەوە
کۆچێ تا شەو
دەمباتەوە
ڕەنگێ تا ڕەش دەمخاتەوە
باوەشی ئەستێرە
لە سنووری بوومەلێڵەوە
بەیانی، پەنابەرم
تا ڕووناکی
ناسنامەیەکم دەداتێ
لە کام کەوشەن چاوەڕێ بم
کە نازانم!
لێوت لە سنووری شەو دا
لە تخووبی بەیانیش دا
چاوت دەگاتێ.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۱۲/۲٤
@soleymanmukoryani
...درێژەی بابەتی پێشوو (لەندەی، شێعری زارەکی پەشتوون)
سوور
یارم،
چاوی سووری پێ جوانە
لە کوێ دەتوانم چاوی ڕەشم بگۆڕم؟
ئاو و ئاور
ئەوینت
ئاو و ئاورە
کڵپەکانی دەمسووتێنێ و
شەپۆلەکانی نوقمم دەکا.
باخەوان
پەپوولە تێر دەبێ
لە دیداری گوڵ.
بڕیاری غەدارانەی تۆیە بەخەوان
وەگریانم دەخا.
دوایین نیگاە
تەنیا پتەپتێکیتر ،
چرا!
ئەوە دوایین نیگایە.
هۆ مانگ
هۆ مانگ
زووکە هەڵێ
یارم
موسافیری کێوە دوورەکانە.
چاوپێکەوتن
دیدار، چەپکە گوڵێ نییە
کە بتوانی بە هەواڵنێرێک دا
بینێری بۆ یار.
سڵاو ئەی مانگ
سڵاو ئەی مانگ
نەکەی ئابڕویی یارم بەری
ئەوە خەریکە دێ بۆلام.
بەرز و نزیک
لە بەرزاییەکان سەردەکەوم و
لە نزیکەوە دەڕوانم
کە جێوبانی کاروانچییەکان
چۆن ڕادخەن.
نیوەشەو
نیوەشەوە و
گەییومە نێو دێ
کێ لە خۆی ڕادەبینێ
یارم لە خەو هەستێنێ؟
تاڵان
ڕێگر
هەموانیان بە تاڵان بردووە و
من لە هەناسەکانی یار دا
بە تاڵان چووم.
لە تاریکی دا
وەرە و
لە بەر تریفەی مانگەشەو
ماچم کە نازەنین
کە بسکم لە تاریکی دا
ئاڵۆز نییە.
دۆڕاو
ئێستە کە یارم
لە شەڕ دا دۆڕاوە
ناچارم ئەو ماچەی دابوومێ
لێی بستێنمەوە.
دەستت بێنە
دەستت بێنە
ئەویندارانە
دەچینە مەیدان و
دمرین
ئەگەر خەنجێر ببارێ.
بگەڕێوە
بگەڕێوە
ئێستە کە فیشەکی چەکێکی نامۆ
دابێژ دابێژی کردووی
من برینەکانت دەدروومەوە و
لێوەکانم دەدەم بە تۆ.
لەت لەت بووم
لەت لەت بووم و
دەبێ لەت و پەتەکانی گیانم کۆکەمەوە
بەڵا هەرگیز دەستەکانم هەڵناگرمەوە
تا جارێکیکە نەچنەوە گەردنی یار
بێبەزەیی مەبە
مژۆڵەکانت شەقار شەقاریان
کردووە دڵم،
دڵرەق مەبە
هێدی هێدی
چاوەکانت بکەوە
هەر وەکوو چۆن ئەمن
دەمرم.
بارانی مەشخەڵە داگیرساوەکان
کفنی سوور لەبەر یارم دەکەن و
لەبەر منیش
بارانی مەشخەڵە داگیرساوەکان.
وەرگێڕانی #سولەیمانموکریانی
@soleymanmukoryani
"کاتێکیتر درەنگ دەبێ"
مەودای نێوان تۆ و چاوم
زۆر نەبوو
بۆ ناتبینم ئەی؟
مەمخە کاتێکی تر
بەیانی چاوەڕێ دەبم
چاوەڕێی کیژی هەتاوی ڕەنگ پەڕیو
نیوەڕۆ لە بەڕبەڕۆچکێ
بیرەوەرێکانمان هەڵدەخەم
ئەوە نییە ڕێگا ڕەنگێک و
هەنگاو ڕەنگێک و
هەڵمێ بەرۆکی پەنجەرە بەرنادا
مەمخە کاتێکی تر
شەوێش بە دیار شیعرێکەوە
دەنووسم چاو و
چرایەک دادەگیرسێ
دەنووسم لێو و
قژت شۆڕابە و دەپەیوێ
دەنووسم کچێک
ڕەنگی کازیوە
مەودای نێوانمان زۆر نەبوو
هەر نەبوو
بە دەممەوە پێدەکەنێ
پێێێدەکەنێ!
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۱۰/۲۲
@soleymanmukoryani
تێلێگڕام بە زمانی کوردی
سۆرانی:
/channel/setlanguage/1kurdish
هەورامی:
/channel/setlanguage/horami
@soleymanmukoryani
ئیدی هاوڕێی کام جادە بم
کچێک دوێنێ
هاوڕێی جادە
ڕۆیشت و ڕۆیشت
ئێستە سەفەر مانایەکیتری هەیە.
کچێک دوێنێ
هاوڕێی ژیان
سەرچۆپی ڕەشبەڵەکی
بەهاڕێک بەدەستەوە
پاییز لێیساند.
کچێک ئەوڕۆ
لە بەرەی نێرگز و
هاوڕێی پەپوولەپایزە
"بەقەت هەموو ئەو کیژانەی نەمناسیون
بەقت هەموو ئەو ڕۆژگارانەی نەژیاوی"٭
بە کۆڵانی دڵمان دا
ڕادەکەی و ناتگەینێ.
کچێک سبەینی
دەستەخوشکی ڕووناکییە و
هاوڕێی هەتاو
چاوی گەشی.
قژی ڕەشی لە با دا دەشەکێتەوە
تا نازانم "ژینا"
لەو شیعرەوە مژێکە...
٭ شیعری پۆل ئێلوار بە دەسکارێوە
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/٦/۲۹
@soleymanmukoryani
سووپێڕنۆوا
ڕووتم بەڵام
جلەکانم
لەبەر دادەکەنی
دەبێ ئاورینگ و من ئاهێ
تا ئاورێک هەڵکەین
کە شەوێک لە گووگردی مانگ بەربێ
وە تا بەیانی ئەو زمینە ساردە
بکاتە خۆڵەمێش.
بوومەلێڵ
شەو بەشوێن شتێکەوە
کە ڕۆژ نییە
وە ڕۆژ بە شۆێن شتێکەوە
کە شەو ساندوویەتەوە
وە من بە شوێن ئەو دووانەوە
بوومەلێڵێکم پێواوە
کە نە شەوە و
نە ڕۆژ
ئەو تاهەتایییەکی خۆڵەمێشییە.
دوو شیعر لە لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
منداڵێ له بەستێن
دەریای سپی ڕەش هەڵگەڕا
بە لاشان وەکو کاتی شەڕی تڕۆی
ئەو دەمەی هومێڕ شەڕە
خوێناوێکانی دەهۆنییەوە
وە قارەمانانی ڕاکشاو و نەنێژراو
لە بن باڵەخانە بەرزەکانی تڕۆی
بەڵام ئەو کوڕە بچکۆڵەیە لە سیان
نەنێژراوە و ڕاکشاو وەک خەوتوان
خەڵکی کوێیە؟
مژی شیمیایی شام؟
زبڵدانەکانی بەیروتی جوان؟
یان ئاژاوەی شارستانییەتێ
دێ تێک بچێ؟
ئەو خەریکە پشوو دەدا
دایکوبابی نەماون
خوشکەکانی خنکاون
براکەشی ئاو بردوویەتە بەستێنێکی تر
دەتوانم چ بکەم من
بۆو ساوا گیان لە دەست داوە
کێ دەڕەوێنێتەوە
ئەو خەمەی ڕووی تێکردووم؟
من هەڵیدەگرمەوە
نەوە بێناوەکەم
بەخێرهاتنی دەکەم بۆ باوەشی شکاوم
مەرگێکی وا شیرین تەنانت
فریشتەکانیش بۆی دەگرین
وە پەریانی دەریایی
بە لۆتکەی قەوزەیان دەیخەنە سەر ئاو
بچکۆڵە
تۆ ئێستا هی منی
بخەوە لە باوەشمدا تاکو من
ئەو لایلایەت بۆ دەخوێنم
ڕەنگە لە دنیایەکی بە بەزەیتردا
وەخەبەر بێی
شوێنێ کە منداڵان لە قەراخی دەریا نامرن
هەرچۆنێ بێ، هیوای ئاشتی
بۆ ئەو دنیا تێشکاوە
شاعیر: ئیریکا جانگ
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
پێداچونەوە:خاتوو ڕێزان ساڵحی
Erica Jong
Child on the Beach
The Mediterranean is black with bodies
as in the time of the Trojan War
when Homer sang of bloody battles
& heroes lay unburied
beneath the topless towers of Troy.
But this little boy of three
sleeps unburied on a beach.
Where is he from?
The chemical fog of Syria?
The garbage dumps of beautiful Beirut?
The chaos of civilization come undone?
He rests,
his parents lost,
his sisters drowned,
his brother thrown up on another beach…
What shall I do
with this dead toddler
who breaks me open to grief?
I will adopt him,
my nameless grandson,
welcome him into my shattered breast,
his death so sweet even cherubs weep
& Nereids float him in their seaweed boats…
Little one,
now you are mine—
sleep in my arms while I sing you this lullaby…
maybe you’ll awaken in a kinder world
where children don’t die at the edge of the sea.
Meanwhile, dream of peace
for this broken world.
@soleymanmukoryani
بە زمانی بەرد
بە زمانی دار
نووسیم سێبەر و
تاوێک لێرە با ژیان ڕاوەستێ
بە زمانی ڕێگا
دەنووسم چاوەڕوان
بەشکو لەو کەلە دەرکەوتێوە
بە زمانی بەرد
دەنووسم ڕەق
هاتوو دڵت نەرم بوو
بە زمانی ئاو
دەنووسم تینوێتی
بەڵکوو بارانێک
لەو وشکەساڵەوە
ڕوبارێک لەو چۆمە ویشکەوە
بە زمانی شەقام
دەنووسم پیاسە
بەشکو بیرت کردم و
لێرەوە ڕابردی
بە زمانی ئەستێرە
دەنووسم شەو
لە تاریکانیشدا
ئیدی دەدرەوشێیەوە و ڕێنمای
بە زمانی شیعر
خۆشەویستی دەنووسم
با باخی ئەوین بێبەر نەبێ
وە بە زمانی کۆچ
شەمێک دادەگیرسێنم
کە ڕۆیشتنت گەڕانەوەی نەبوو.
سولەیمان موکیانی
۱٤۰۱/٤/۲٥
@soleymanmukoryani
سوارێک لە رەگەزی ئاوەوە
کانییەک بووی ڕوون
سەردمانێک
گەلێک لێیان دەخواردەوە
هەور بووی و
ئاسمان ڕێگای خولیاکانت
ڕۆژگارێک
بۆ ئەوینداران خوناوە
بۆ دەشت و دەر ڕێژنەی باران
بوویتە تەرزە بۆ نەیاران.
سەردەمێکیش
چۆمێکی بەخوڕ
سەرچاوەت لە بەفر و
ئەو چیا سەرکێشانەوە
بەرەو پێدەشتە بەپیتەکانی هیوا دەئاژووت
ئێستاش دەریایەکی
لە دڵماندا بێ سنوور
لە چاوماندا بەرین
سولەیمان موکریانی
١٤٠١/٤/٢١
@soleymanmukoryani
ناتەبا
هەم تاریک بێت و هەم ڕووناک
نەگوونجاوە لە کاتێکدا
هەم نزیک و دووریشن لێم
چۆنی ڕووداوە ناتەبا
لەلام نین وا لەلاشم و
خۆشی بە جێوبان ڕاکشا
بێکەسێ گەر لەت لەتین و
نەدەکرا "قەتعە" "غەزەل" با؟
سولەیمان موکریانی
١٤٠١/٥/٩
@soleymanmukoryani
لە بیرم مەکەن
پێنووسەکان،
لە بیرم مەکەن
هۆنراوەیەک چاوەڕێمە، بینووسمەوە
با لە کەشی بێ هەستیدا وشک نەبێ
سەرچاوەکان،
لە بیرم مەکەن
بەراوێک، بێستانێک
چاوەڕێم دەکا بیدێرم
با لەهەوای ئەو وەرزەدا وشک نەبێ
چیاکان،
لەبیرم مەکەن
لە لوتکەتان ئاورێک چاوەڕێمە
لە نەورۆزێکی پیرۆزدا بیکەمەوە
دەریاکان،
لەبیرم مەکەن
هەور هەر وا نەزۆک و
چۆمیش هەر وا وشک نابێ
ئەو ڕۆژە دێ دەخرۆشین بەرەو لاتان
ڕێکاکان،
چاوەڕێمان بن
چاو لە چیا و
بین بە چاوەی بنارەوە
سنگ لە سنگی دەریا دەسووین
دەست لە نێو دەستی یارەوە.
لە بیرمان مەکەن.
سولەیمان موکریانی
1401/3/7
@soleymanmukoryani
ئێمە سێ کەس
دەرگا دەکەمەوە
پێ دەنێیە ماڵەکەمەوە
وە چۆمێک کێو لە نێوەڕاستەوە لەت دەکا
وە تاڵانی دەکا.
ئێرە هەر ئەو ژوورەیە کە تێی دا
بێ ئەوەی بمانەوێ
چیها باران باریوە و بای هاتووە
ئێرە پەرەستگەی ئەو جەغزە رەشانەیە
کە بە پەڕگاری هەناسەکانمان
تا بتەوێ دەکێشرێنەوە
وە هەموو جارێ لە خۆیان دا
نێوەڕاستێکی تازە دەبیننەوە
تا لە بیرمان نەچووبێتەوە
کە دایمە میوانێکی لەناکاو هەیە
کە لە نزیکەوە
تەماشای دڵداریمان دەکا.
ئێمە سێ کس بوویین.
شیعری لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
سەفەرێک بە کات دا
بکرایە
سەفەرێک بە کات دا،
دەڕۆیشتم.
لە ڕەنگی داهاتوو ناپرسم
بۆ ڕابردوش
تەنیا سی ساڵێک بەس بوو
بگەڕایەمەوە و
بەیانییەکی بەهاری
بۆنی دەرکوبانم کردبا و
بچوومایە ژوور،
دیو بە دیو
بمگوتبایە کوا لە کوێی؟
بەس نەبوو لەوێ شەونم لە وشەکانم دەنیشت
بەس نەبوو ڕێیەکی ڕوونم لەبەر بوو
زۆرم نەدەویست
ئەوەندەی خواردنەوەی چایەک
بەسەرەوەنانی قاپێک دۆ
یان کردنەوەی دەرگایەک
لە بن دار بییەکەی بەر دێ
بەس بوو چاوم پێت کەوتایە
زۆرم پێنەدەچوو
بکرایە گەر
سەفەرێک بە کات دا !...
دەڕۆیشتم.
سڵاو، ئێرە دەنگی شیعرێکی ئاڵۆزە
کات: بیستی گوڵانی هەزار و سێسەد و نازانم...
شوێن: بن سێبەری دارێکی تووڕە
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۲/۲۰
@soleymanmukoryani
وەرزی چواروم
تیشک نەبووی
کە چاوم کردەوە کەچی
تا قووڵایی دڵم
تا ناخی ڕوحم ڕووناکت کردەوە
ئاو نەبووی
چلۆنە ئەی لەو وشکەرۆیە دا
کە زارم کردەوە
تا ئەو پەڕی تینوێتیم دەشکێنی
تا ناخی ئاوەدانیم دەبەی
تۆ هەوا نەبووی
ئەدی چۆن کە هەناسەم هەڵکێشا
لەو هەوا ژەهراوییە دا
بە بەرزی ئەوین
تا قووڵایی ژیان بانگت کردم
ڕێگاش نەبووی
کەچی کە هەنگاوم بەو ڕێگا
دژوارە دا ڕۆیی
تا تروپکی سەفەرت بردم و
هیوا...
ئەی کانی و ڕووناکی و هەناسە
"ڕێگای باخت بە کوێ دا"
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۱/۳۰
@soleymanmukoryani
نشێو
ڕێی هات دەگرمە بەر
کەچی بەرەو نشێوە هەر، دەمبا
نەهاتی......
باوەشت مەشخەڵێک بێ
کەڕاگەی ژیان
کە نەیدیتم و نەیبیستم
جیهان......
بە دڵیش دا ئەوینێک
تەنگی نوێژی شێوان
بەڵێنم دابووە دڵدار و
بیرم لە چەتە و چەقڵ و
گورگی ڕێگا نەکردەوە
ڕێی ژوانم لە با پرسی
هەور شوێن پێی بۆ هەڵگرتم
تینوێتیمم بە کانی گووت:
نەیدەشکاند دەراوی ڕوونی ئەو نەبێ
قەت بیرم لێ نەکردەوە
تا هەنگاوم پێ شل نەبێ
پێش ئەوەی بڕۆی بتگەمێ
ڕێی ئەوین دەگرمە بەر
کەچی بەرەو دابڕانە هەر، دەمبا
نەهاتی......
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۱/۳
@soleymanmukoryani
وەجاخی سارد
ماوەتەوە لە شەوانی دوور
لە سەر ڕێی بێدەنگی لێرەوار
سێکووچکەی ئاورێکی ورد
بە خۆڵەمێشێکی سەردەوە.
چلۆن ئەندێشە تۆز لێ نیشتووەکانی من
کەسەربارە
شێوەیەک، گشتی تێدا دیارە
داستانێ، کۆتا بەدەردەوە.
ڕۆژی خۆشم کە لەگەڵما گەرم و گووڕ بوون
نەخشی بە ڕەنگی ناتەبان
سارد بوونەوە و وەکو بەرد وان
بە کاتی پاییز عومری من بەهارێکە بە ڕەنگی زەردەوە.
هەر وەکو چۆن ماوە لە شەوانی دوورەوە
لە سەر ڕێی بێدەنگی لێرەوار
سێکووچکەی ئاورێکی ورد
بە خۆڵەمێشێکی سەردەوە.
شیعری: نیما یوشیج
وەرگێڕانی: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
لەندەی یان تاک بەیتەکانی پەشتوون
پەشتوو زمانی گەلی پەشتوونە، زۆرینەی ئەو خەڵکە لە وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان و هیندوستان دەژین و هێندێکیشیان لە ئێران. ئەو شوێنانە سەرزەمینی دایکی خۆیانەو سنوورەکان لێکیان دابڕیون. زۆریشیان ئاوارە بوون و بە وڵاتانیتری دنیا دا بڵاو بوونەوە.
موحسێن عیمادی دەڵێ: کاتێ بیست و دو ساڵان بووم ڕۆژێکیان لە کلارا خانس شاعیری ئیسپانیاییەوە نامەیەکم پێگەیشت کە چواڕ پەڕی هاوپێچ کرابوو بەزمانی فارسی شاعیرێکی ئەفغان بە نێوی بەهائەدین مەجروح کە باسی ئاوارەیی بوو. لەگەڵ ئەو کاغەزانەدا هەڵبژاردەیەکی لە تاکە بەیتەکانی پەشتوون بو ناردبووم کە بۆخۆی لە زمانی فەڕانسەوە وەریگێڕابوون کە مەجرووح بڵاوی کردبوونەوە.
هەر ئەو ساڵەش هەڵبژاردەیەک لەو شیعرانەو لەندەی تریشم وەرگێڕا سەر زمانی فارسی.
ئەم گۆرانییە زارەکیانە لە زمانی ترەوە کراونە فارسی بەڵام شیلەی شاعیرانەی ئەو شیعرانە هێندە بەهێزن دوای ئەو هەمووە ئاڵوگۆڕە هێشتا لە ناخی هەر شیعرێکا دەدرەوشێنەوە.
فەرموون ئەوەش چەن شیعرێک بەزمانی کوردی. لەندەی واتە کوورت وەکو هایکۆی ژاپۆنی ئەو شیعرانە ئەدەبی زارەکین و هەوڵمداوە لە وەرگێڕانیش دا ڕەچاوی ئەم بابەتە بکەم . سەرنج ڕاکێشە ئەو شیعرانە زۆربەیان لە زمانی ژنانەوە گوتراون.
پەلکە گوڵ
لە بەر پەلکە گوڵێ،
کچان چاوڕێ دەبن
بکەن سڵاوێ لە باخەوان.
بەرەو کێوەکان
ئەی ئەو گوڵەی
کە دەڕۆی بەرەو کێوان
ئاودانت لە سەر من بێ
تەنیا بێژە تۆی هی کێی؟
دڵم
دڵم هەر وەکو منداڵێ
گڕووی گرتووە و
گوڵی باخی ئەو غەریبەیەی دەوێ.
هۆی موسافیر
هۆی موسافیر
لە چاو لێکردن تێر بووی
یا هەمیسان ڕوو وەرگیڕم؟
هێلانە
کەزیەکانم مەبڕەوە دایە!
با پەرێشان بن لە سەر شانم.
ئەو مەلانەی دەخوێنن
لە سەر داری هەڵپاچراوا هێلانە ناکەن.
دەوا
هەر گەڵایەکی پنجە گیای
پەنا کانی،
دەرمانی هەموو دەردێکە
سووچی لەچکەی کچان
دەستی بە سەر دا هێناون
کە پڕیان کردووە گۆزەیان.
ژوان
ئەگەر دەتەوێ بمبینی،
قەرارمان ئەو کانییەی
دەچم بۆ ئاو
ئەو جار بە مست
هێدی
هێدی
پڕی دەکەم.
دۆعا
بڕوانە یارم
لەوبەری چۆمێوە خەریکە نزا دەکا
قەبووڵی ناکا خوا، دەزانم
چون بسکی ڕەشی خۆڵاوی کردۆ.
چەتر
باخەڵێ گوڵم بۆ بڕنە
با چەترێ
بە نێو چاوانمەوە درووست کەم.
ئەستێرەکان
گوڵەکانی لە دەست وەرنەگرتم یارم!
چەن باڵوێزی لە ئەستێرانی دەنێرمە لای
تا ڕازی کەن.
لە پشت سەرت ڕاوەستاوم
بە گوڵێ بە دەستەوە
لە پشت سەرت ڕاوەستاوم.
یا گوڵم لێ وەرگرە
یا لێم گەڕێ با بڕۆم!
چاوی پیس
گوڵێکی سوورت هاویشتووە بۆ لام.
هەی خۆش دەستی تۆ!
حەیف چاوی پیس سووسەیان کردۆ!
سەرگەردان
ڕووت گوڵی سوور و
چاوەکانت شەم.
تێماوم!
دەبێ ببمە پەپوولە
یانە چەکچەکی؟
دز
خێراکە!
دەمەوێ لێوەکانمت پێ ببەخشم،
مەرگ لە دێدا دەسووڕێتەوە
نەوەکا بمبا.
لێوم ماچ کە
دیوار ببڕە و
ماچ کە لێوانم
مێردەکەم بەننایە و
چای دەکاتەوە.
خواردنەوە
لێوم بۆ تۆ بیان مژە!
لە هیچ مەترسێ
شەکر نییە
ناتوێتەوە.
بەرد
منی شۆخوشەنگ
لێومت پێ دەبەخشم و
باوەشت بۆ دەکەمەوە.
ئەتۆی ترسەنۆک
خەو دەتکاتە بەرد.
شاردنەوە
بۆچی منەتباری تۆ بم، مانگ!
کە بە دزێوە ماچ دەکەم و
دیواریش دەمشارێتەوە.
شەونم
یارم لە نێو گوڵان دا
خەو بردوویەوە
من شەونمی لێوانم
نم نم
دەبارێنمە سەری.
شۆخی
شۆخی نازانێ!
بە بسکم لێمدا و
دڵ ئێشە لێم!
وەرگێڕانی #سولەیمانموکریانی
@soleymanmukoryani
خەشخاشک
ئێدی خەون نییە
بە خەبەرم و
لەگەڵ کانیاوەکان دا
کەوتوومە ڕێ ----ڕوون
لەگەڵ لوتکەکان دا
کازیوە!
چاوم بە کازیوە دەکەوێ--- زوو
بە کاژ
کە پاییز هیچ نییە لای ئەو
بە چاوت
کە بینایی خۆی ئایەتێکی پیرۆزە
ئیدی خەون نییە
سوورە لێم دەشکێ ڕکە و
دەفڕێ کەو
خەون نابینم
ئەوینە، ورد دایداوە
بە سەوزایی
کە دواڕۆژی هەموو بارانێکە
بە خەشخاشک
سوور دەکاتەوە ئیدی ئاوایە
بە ڕێگا
سوێند بێ خۆشەویستم
تا کۆتایی.....
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۹/۲٤
@soleymanmukoryani
ژێ
هەوایەکی بەرزم
بەدەم پایزەوە
تا گەروویەک بمێنێ.
فۆرمێکی مزری
بە باڵای شیعردا دەمنووسێوە.
ژێ چەشنی هاواری ئەو کەوانەی
دەچرپێتە گوێی تیرێکەوە_نزیک
ژێ چەشنی ژیانەوەی
ئەو تۆوانەی دەیانچێنین لە خاکا_دوور
دواڕۆژ
من هەورێکی دوورم
بە دەم ئاسمانەوە
تۆ شۆڕابەیەکی شۆخی
بەدم هەوڕێکی تووڕەوە_نزیک
وەک ژوورێ بە بۆنی تۆوە
ژانێ بە برینی ساڕێژ نەبۆوە
شەقامێ کە پاییزان
شۆڕابەی قژێ
کیژێ
هەوایەک دەگۆڕێ.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/۸/۳
@soleymanmukoryani
چۆڵ
کە پەڕەسێلکە ڕیز دەبن
ئیدی دەزانم تەگبیری کۆچیانە
منیش بۆ تاوێ دەچمەوە
ڕابردوویەکی دوور و ئاوایی
لە مەزرایە پووشپەڕ و
لە باخ گەڵاڕێزان
لە دڵیشم دا خەمێ چەقەرە دەدا
ئەوان دەمێکیتر
لە وەرزێکیتر دا دەگەڕێنەوە
فرمێسکەکانم ڕیز بوون
کە بێوادە کۆچت
ڕێگای داگرت و
ئیدی لە نیگام دا زەردەپەڕ
لە لێوم دا بزەڕێزان و
لە دڵم دا شتێک بەربۆوە
بڵێی تو لە دنیایەکیتر دا
لەو دیوی زەمانەوە بگەڕێیەوە!
سەر هەڵدەبڕم
باخ رووت و
سوانە چۆڵ و
پەڕەسێلکە ڕۆیشتبوون.
سولەیمان موکریانی
١٤٠١/٦/١
@soleymanmukoryani
لە جادەیەکی ترەوە
بە تامی سەفەر
جادەیەک
لە غەریبێوە دێ
لە خەونەوە حەیرانێک دەچڕێ
بە حەیرانت بم!
شەونمی گۆنای بەیانی
تێمیسکەی لێوی زەردەپەر
دێ و
ژانی برینی کۆنە و
ڕەنگاڵەی هەورێکی مۆنە و
بەربینگم پێدەگرێ
لێرەوە ئیدی
تەنیا شیعر ناخوێنێوە
هەستە و لەگەڵم
بە تامی جادە
چەن نیشانەی سەرسووڕمان و
بە تامی گەورەڕێ
چەن نیشانەی پرسیار دانێین و
بڕۆین....
کە ڕەوڕەوەی ڕاناوەستێ
هەرچی دەڕوانم
من لێرەم و ڕۆیشتووشم
تۆ ڕۆیشتوویی و لێرەشی
ئاوا
لە هەڵەیەکی گەردووندا
ئێمە دەبێ لەگەڵ خەڵکی
دە سەدە لەمەوبەردا، بژین
دە هەستە و
بە تامی برین بمکولێنەوە
جادەیەک
غەریبیم دەکا تا نازانم...
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/٥/۱۳
@soleymanmukoryani
داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ
پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە
"حاجی قادری کۆیی"
هیچ مەڵێ
ئەگەر ئەو جارە
چاوم بە چاوت کەوتەوە
هیچ مەڵێ
تەنیا سەیرم کە
ئەگەر شەو بوو
با ئەستێرە و مانگ و
شنە بدوێن
سەیرم کە بزانە
داخوا هیچ نەگۆڕاوم
ئەگەر بەیانی بوو
با تیشک و شەونم و
گوڵ بدوێن
هیچ مەڵێ تۆخوا
با تێر چاوت لێکەم
من کوا دەمویست بێ تۆ
ئەو ڕێگایە بڕۆم
ئەو ژیانە بەرمە سەر
کە ئێوارێش بوو
دەست لە ملم کە و
هیچ مەڵێ
با فرمێسک و ئاوابوون
باسی غەریبی و
بێ تۆیی بکەن
ئاخ
ئەگەر ئەو جارە
چاوم بە چاوت کەوتەوە...
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۱/٤/۲۳
@soleymanmukoryani
"هەر شوێنێک"
ئەمڕۆ
ڕۆژێ خۆڵەمێشی...
سووتۆکانم کۆدەکەمەوە و
دەیاندەمە دەم با
تا لە هەموو لایەک
وڵاتێک بڕوێنم.
"ڕازەکان باس ناکرێن"
نە نسێیەک بە سەر خاکەوە
نە شوێن پێیەک لە ئاسمان
ڕازەکان باس ناکرێن:
خەونی ئەو باڵندە یەک باڵە بووم
کە تەنیا
لە ئاودا
هەڵدەفڕی.
"لە ترسەکان و بوێرێکان"
ترسەکانم هەموو
بۆنی مەرگی دایکم دەدەن
وە ئازایەتیم
بۆنی کراسێ لە هەور
کە چاو بەستراو لە بارانی تیردا
بەڕێوە بووە
"منداڵان بێدەنگ نوقم دەبن"
شەپۆلەکان سەربازی قۆشەنی
خێزاو و مانگن
وە زنارەکان
هاوشاریانی بێ قەڵغان
کە سنگیان بۆ تیرە
پەیتا پەیتاکانی شەو
بە دەستەوە داوە
شەڕ دەریایەکە کە تێیدا
منداڵەکان
بە بێدەنگی نوقم دەبن.
چەند شێعر لە لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
حەزی تێکڕایی
سڕێکە فرمێسک
سڕێکە بزە
سڕێکە ئەوین
ئەسرینی ئەو شەوە بزەی ئەوینم بوو.
چیرۆک نیم کە بمگێڕێوە
بەستە نیم کە بمڵێیەوە
دەنگ نیم کە بیبیسی
یان شتێکی وەها کە بیبینی
یان شتێکی وەها کە بیزانی...
من ئێشی هاوبەشم
هاورم کە.
دار لەگەڵ دارستان دەدوێت
گیا لەگەڵ سارا
ستێرە لەگەڵ کاکێشان
وە من لەگەڵ تۆدا دەدوێم
نێوەکەتم پێ بڵێ
دەستیشت بدە بە من
قسەی خۆتم پێ بڵێ
دڵیشت بدە بە من
من چوومە بنج و بنەوانی تۆوە
بەو لێوانەت بۆ هەموو لێوەکان دواوم
وە دەستت ناسیاوی دەستەکانمن.
لە تەریکی ڕووناک دا لەگەڵت گریاوم
لە بەر زیندووان،
وە لە گۆڕستانی تاریک دا لەگەڵم گوتوی
جوانترین سرودەکان
ئاخر مردوی ئەو ساڵە
ئەویندارترینی زیندووەکان بوون.
دەستتم بدەیە
دەستەکانت ناسیاوی خۆمن
ئەی درەنگ دیتراوە تۆ دەدوێنم
وەکو هەور لەگەڵ باران
وەکو گیا لەگەڵ سارا
وەکو باران لەگەڵ دەریا
هەر وەکو باڵندە لەگەڵ بەهار
چلۆنیش دار لەگەڵ دارستان دەدوێ.
چونکە من
چوومە بنج و بنەوانی تۆوە
چونکە دەنگی من
ناسیاوی دەنگی تۆیە.
شاعیر: احمد شاملوو
وەرگێڕانی: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
"ئاە"
وەک ئاهێ کە یەکەم وتەی مرۆ بوو
وەک ڕێیەک
کە بێ ئۆغر
تۆ دەگەیەنێ
وەک ئاوێنەیەک
کە بێ چاو
تۆ دەبینێ
وەک هەر ماچێ
کە منداڵێکی دەبێ
بە نێوی تەنیایی.
وەک ئاهێ کە یەکەم وتەی مرۆ بوو
وە دوا وتەشی،
بووینە کورتترینی ڕستەکان
وە ئیدی
بە هیچ زمانێ
دووپاتە نەبووینەوە
شیعری: لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی: سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani