لەو دەمی دا کە شاعیر نیم
کاڵ نابێوە
لە پێکەنیم دا___ لە گریانم
هەر دەمەوێ هەودای خەیاڵ و
ڕاستی لێک گرێ دەم
پردێک هەڵبەستم
باریکتر لە موو
پێی دا بچمە جێگای مەبەست و
شوێنێ ڕاستی بێ__ تۆ دووری
لە خەیاڵ دا کەیفی خۆمە__بێ سنووری
لە هەر دوو لا نێوت دێنم
لە سەر لاپەڕەکەی دڵم
سۆمای چاوم
لە تاریکان دا
کە ئەستێرە دەپشکوێن
کە ڕووناک بوو هەتاو دەڕوێن
دێمەوە نێو پێکەنینت
فرمێسک بارانت و
پێکەوە پردێک هەڵبەستین
لە غوربەتی ڕوحمانەوە
تا دەراوی نیشتمان
ئەو ساتانەی کاتژمرێک نەیژماردن
چوون لە کیسمان
نێوت دێنم
لەو دەمەی دا کە شاعیر نیم
لەو کاتانەی زۆر بێ هیوام
کاڵ نابێوە
من ئاوام
تازانم تۆ...
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٢/١٧
@soleymanmukoryani
تۆ چۆنی دەخوێنێوە
تا تەنیاییم پڕی دەنگ و
هەنگاوم ڕەنگی تۆ نەبێ
تا خەونەکانم درێژ و
تا شەوم ئەستێرەڕێژ و
نەدەبوو
ڕۆژێ نەتناسم
ڕێی کاکێشانی ئارەزووەکانم
تا پیاسەی ژێر باران و
شەوێک نەگەینە بەیان و
ئاڵای ڕووناکی هەڵنەدەین
لەو وڵاتەی کە خۆمان و
نەدەبوو
نەباما شاعیر
خاڵی کۆتایی دانانێم
نازانم تۆ
ئاشنای کامە خۆێندنەوەی
سووڕی گەردوون
ناو لەپی دەست
یا نووسراوەی نێوچاوانم...
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٢/٥
@soleymanmukoryani
باوەشێنی پەپوولە
ئا...
بڕێکیش ڕ... ێ
ئاگرێک لە بوومەلێڵەوە
چاوت کە هەڵدێنی.
پەپوولەیەک لە نادیارەوە پەنجەت
دەکا باوەشێنی
کە دورووژێنی ئارامیم ----- ئا....
ڕ ... ێ
دەڕۆیی و داییسێ نیگات
دەڕوانی و بڵێسەی باڵات
تەشەنەی ژوانی پەپوولە و ئاگرە
دەڵێم: سەرەتا و هیچ جێیەک
کۆتایی و هیچ ڕێیەک
تەواو نابێ
ئێمەین دەگەینە کۆتایی.
زوو
دەنووسم و هێڵێکی بەسەر دادێنم
لەولاوە دای دەنێم و
دیسان دەنووسم ئا ...
ڕ ... ێ
ڕێیەکی تر هەڵدەکەم
تاریک و چۆڵ و
بای دێ تا...
پەپوولەیەک لە تەنیاییم
دێتە ژوورێ و دەسووتێ.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/١/٢٨
@soleymanmukoryani
گاڵتە و تۆڵە
لە دەیەی هەزار و سێسەد و حەفتای
هەتاوی ماشێنی سواری کەم بوو.
بە چەن دێیەک ئەگر ماشێنێکی تێدا
بووایە. ئەو ماشێنەش موسافیری
ئەو چەن دێیەی دێنا و دەبرد.سۆفی
جیپێکی ڕووسی هەبوو کە لە ماشێنی
کەس نەدەچوو. واتە لەو ناوچە دا
ماشێنی وەک ئەوەی ئەوی لێ نەبوو.
زستانێکی سەخڵەت کوڕێکی سەرباز
موعەلیم سوار دەبێ و لە ڕێگایە دەڵێ:
ئەرێ سۆفی ئەو ماشێنە بۆخۆت
دروستت کردووە.
سۆفی ئەو قسەی لە دڵ گران دەبێ و
هیچ ناڵێ تا نزیک دەبنەوە لە شار.
لە پڕ ماشێن دەکوژێتەوە وسۆفی دەڵێ:
دا بێزەحمەت دابەزەو پاڵی پێوەنێ با
بزانم هەڵدەبێتەوە.
کوڕە دادەبەزێ و ئێدی بێخەبەر لەوەی
سۆفی بە ئەنقەست ماشێنی
کوژاندووەتەوە تا تۆڵەی ڵێ بکاتەوە.
تێر پاڵی پێ بە ماشێنەوە دەنێ و هەڵی دەکاتەوە و پێی پێوە دەنێ و بە جێی دێڵێ.
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
لە گەڕان بە شوێن تۆ دا
شیعری ئەحمد شاملوو
وەرگێڕان و خوێندنەوەی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
یەک بەو شیعرە
دەتوانم
لە دێڕێک دا
داگیرسێنم ئەوین
چلۆن چاوت دەیکا
یەک بەو شیعرانەی کە
نایخوێننەوە
بەردێک دەبم و هیچ
لە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژگارە دا
دەتوانم
هێڵێک بکێشم
بەسەر ئەو دێڕەدا و
هەرچی سنوورە
چلۆن دڵت دەیکا
یەک بەو شیعرانەی کە
دەرگایان ناکەنەوە
با شاعیرێک بم و هیچ
لە کۆڵانەکانی تەنیایی دا
ئەوە سێ خاڵ و ...
واتە کۆتاییم نەهاتووە
یەک بەو ئەوینەی
بە نیگایەک دادەگیرسێ
با بەردێک بم و قوورس
لە داخی هەر چیی سوکییە
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/١٩
@soleymanmukoryani
خۆزگە
دوور نییە گەر
لە زەمەنێکی ترەوە
هاتبێتین؛
دڵنیام کە
یەکەمین جارە دەتبینم
کەچی دەڵێی
هەزاران ساڵە دەتناسم
خۆزگە گیانە
لە پاش مەرگیش
لە دنیایەکی ترەوە
بتبینمەوە!
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/٨
@soleymanmukoryani
هەستانەوە
دەلاقەیەک
ڕوو لە باکوور ناکەمەوە
هەر زریانی سارد نەبوو پشتی بەردام
دەرگاکەشم
بەرەو باشوور پێوە دەدەم
شەماڵ نەبوو بە لم و خۆڵی بیابان
هاتە ژوورێ
دەچمە بەر پەنجەرەی
بەرەو ڕۆژهەڵات
دەمێکە شەوە
بزانم بۆچی ڕۆژ نابێتەوە
گۆیا هەتاو
لە کۆڵانەکانی ئاسمان گیراوە
دەمەو ئێوارێ
لە دەلاقەی ژووری کۆنی
هەزاران ساڵەمەوە ڕوو بە ڕۆژاوا دەڕوانم
ڕۆژی پەسڵان
خۆر لە خۆرئاواوە هەڵدێ.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/١١/٤
@soleymanmukoryani
فەرامۆشی
لە بیرم چویەتەوە،
وەها لە بیر چونەوەیەک
کە دەشت بینم
دەبێ بیری لێ بکەمەوە
چون و لە کوێ ناسیومی
نەم دەزانی
ئەوین تۆزی لێ دەنیشێ
ڕۆژێک فەرامۆشت دەکەم!
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۱۰/۲۸
@soleymanmukoryani
چەن پۆرترێتی رەش و سپی
یەکەم شیعرم کاتیک نووسی
ئەویندار بووم،
ئەوینداری کیژێکی سرکی
مامز ئاسا
کیژێک و خەونەکانی نیشتمان
تەنیا ئاواتم دیتنی بوو
کە نەم دەدیت
هەموو شتێکم دەبوو بە ئەو
گوڵەکانی بەر پەنجەرە
خەونی شەوان
کە دەهات بە ئەسپایی
لە ڕێگای قوتابخانە
لە وێستگەش دا لەگەڵم سواری
پاس دەبوو وەک تارمایی
یەکم ژوانم
لە کۆڵانێکی تەریک بوو
کە شیعرێکی نازدار سەری دادێنا و
ماچێکی دەدامێ
ئەویش بێ ئێرەیی تێدەپەری
بێ ئاوڕدانەوە
دەبوومە بابردەڵەیەک بەدەم
ئەوینەوە لە دەشتی بەرینی تەنیایی
یەکم بێکەسیم
لە سەر کوورسی قوتابخانە
بە زمانێکی بێگانە
"بابا آب داد
بابا نان داد"
خەونەکانم دەبوون بە هیچ
دایکم نەبوو لە نێویانا.
یەکەم غەریبیم
تۆ بووی
ڵە شارێکی دوورەوە
دووری بە پیوانەی ئەوین
بە تلەفونی سەر شەقام
ویستم هەواڵت بپرسم
دوای چەن زەنگێ هەڵت گرت و
کوتت من نیم،
دەستت، دەستم
چاوت، چاوم و
دلت، دڵمی داگیر کردبوو
یەکەم ژانم کاتێک نووسێ
بریندار بووم
برینێ هەر دەکولێتەوە
تۆ چوزانی چ دەردێکە
ڕۆیشتن هیچ.
غەریبی و بێ وڵاتیم لات گرینگ نەبوو.
دەنگ تۆ مەڵێ، هاوار بووم.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/٩/٢٨
@soleymanmukoryani
ڕێبواری ون
شان بە شانی ڕووناکی
زانیم کە ناگەڕێیەوە
بەسەر چوو هاوڕێی شیرین
بزەت بە دەم
شەپۆلێکی بەستێنەوە
لێو بە لێوی ئەوینەوە
چاوەڕوانی شەونم ناکەم
نەما گەڵایەک ڕایژێنێ
سیخوار زاممان دادەپۆشن
لە تارمایی، چاوەکانت بستێنەوە
ڕێ بە ڕێی
ڕێبواری ون
لە دڵدا نزیک دیار و
لە چاودا خەونی دوور و
ئاسمان و کۆلارەیەک
ماڵئاوایی و سنوور و
سرروودێکی نەنووسراوە
ماڵ بە ماڵی تەنیاییەوە
مەودایەکی قووڵ دەبینم
لە بەینی خۆم و ئێوە دا
لە قەومێکی دووری مێژووم
یان تاکێکم لە داهاتوویەکی
لەمێژینەی نەهاتۆوە
تۆ نەتگوت و
ڕێ نایزانی و
منیش بە دیار تەنیاییەوە
لە بیرم دەچێتەوە
چون بوو هاتم
شان بە شانی دابڕان، تەواو نابێ.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۹/۱۹
@soleymanmukoryani
بە شوێن خۆم دا
دڵ لێدەدا و
مەیلی فڕین، دەمڕفێنێ
تا چاوانی ڕەشی تۆ
سۆمای دواڕۆژی سپین
بە لای مانگ دا تێپەڕێم
نەمناسێوە
شەوی پاییز
بە لای هەتاو دا تێپەڕێم
تەنیا گەرمای بەڕبەڕۆچکێ
ڕۆژی خەزان
لە گوڵ گەڕام
هەڵوەری بوو
لە ژیان گەڕام
ئەو مەییی بوو
گورگەبایەک دەلوورێنێ
گەڵاکانم زەرد و سوور و دەترسێنێ
دڵ لێدەدا و
بە شوێن خۆم دا دەگەڕێم
بەڵکوو تۆ ببینمەوە
بێرەدا هاتی، مەچۆ
شوێن پێی دڵێ، پەنجەیەک،
ئەوینێکم، لەو خاکە دا بەجێهێشتووە
هاتوو باران نەیشتبۆوە.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۸/۱٤
@soleymanmukoryani
چاخی بەردین
لە سەردەمی
بەردینی کۆن بوو
بە بەردت زانی و تا ئێستا...
لە بەردینی نێوەڕاست بوو
بەردت هەڵچنی و دیوار
یەکەم دووری و
کەوشەنمان بوو
لە چاخی بەردینی نوێوە
دەلاقە و دەرگا و ڕۆچنەیەک
هیوامان بوو
کەچی دڵیشت بوو بە بەرد
دەبێ چاخی مرۆڤی بەردین نزیک بێ
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۸/٦
@soleymanmukoryani
تۆ ناناسرێی
من ناناسرێم
چاکتر لەوەی تۆ ناسیوتم
چاوەکانت
کە هەردووکمان
تێی دا خەومان لێدەکەوی
چارەنووسێکی جوانتر
لە شەوانی ئەم دونیایە
دەبەخشنە ڕووناکایی مۆڤانەی من
چاوەکانت
کە پێیان دا دەچمەوە
سەیران و سەفەر
هەستێکی نائاشنام
لە چاو جادەکانی زەوی پێدەدەن
چاوەکانت
کە تەنیایی بێ کۆتایی من دەنوێنن
ئەوە نین کە خۆیان وایان دەزانی
تۆ ناناسرێی
چاکتر لەوەی من ناسیومی
شیعر پۆل ئێلوار
وەرگێرانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
چەند بەتڵی شەو ڕاشکاوە
چەند بەتڵی شەو ڕاشکاوە
ڕۆیون میوان و جێیان خاڵی، دەمێکە
خانەخوێ بە تەنێ لە لەماڵ دانیشتووە.
لە بەستێنی چۆڵ شوێنی خۆی کە نەی ئاژنە
داییسێ کوچکئاوری ئەو
بەتەنیایە، ماندووە.
چیها قسە ماوە زیندانی
لەسەر لێوانی بەڵام
لەو شەوە تاریکە لەگەڵ دەنگی نەیەکەی کەوتووە
کە وە سۆراخی هیچ بەندییەک ناکەون
خانەخوێ بە تەنێ لە ماڵ دانیشتووە.
شیعر: نیما یوشیج
زستانی ١٣٣٦
کوردییەکەی:سولەیمان موکریانی
٢٩ خاکەلێوەی ١٤٠٣
@soleymanmukoryani
نانی جومعە
نزیکەی بیست ساڵێک بەرێ، کا رەحمان
ناوێک مجێور بوو. هاوینان ژن و
منداڵەکانی دەچوونە کوورەخانە و
ئەویش لەبەر کارەکەی دەماوە.
بۆ نان و چا و پاک و خاوێنی دەهاتەوە
ماڵی خوشکەزایەکی کە جێرانیان بوو.
با ئەوەی کە هەموو ئەرکێکی بەسەر
ئەوانەوە بوو کە دەبووە ڕۆژی جومعە بە فەرغونێکەوە وە کوچان دەکەوت.
نانی جومعە، نانی جومعە.....
کە دەگەیشتە ماڵی ئەوان، لە دەرگای
دەدا و نانە جومەکەشی لێدەستاندن!
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
ئەوین نەبێ
بێ ماندوو بوون
بە بێ بێزران
لەبەر چییە نازانم
زۆر لەمێژە ئەم زەوییە
بە چوار وەرزی تەمەنی دا
تێدەپەڕێ و
لە مەشخەڵی دوا رۆژی دا
تەواو دەبێ و
دیسان دێتەوە سەرەتا.
ئەوین نەبێ و
چاوی گەشت
هیوای دوا ڕۆژ کە وا دەکا
منیش وا بم
دوا دێڕم بڵێسە بێ و
وەکو قەقنەس هەستمەوە
لە سووتمانی کۆنەکانم.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١٢/٢٧
@soleymanmukoryani
لە گەڕان بە شوین تۆ دا
لە گەڕان بە شوێن تۆ دا
لەبەر دەرگای کێو دا دەگریم
لەبەر دەم دەریا و گیا.
لە گەڕان بە شوێن تۆ دا
لە سەر ڕێی بایەکان دەگریم
لە چوار ڕێیانی وەرزەکان،
لە چوارچێوەی شکاوی پەنجەرەیەک
لە قاپێکی کۆنەی دەگرێ
کاتێ کە هەورە ئاسمان.
لە چاوڕوانی وێنەی تۆ
ئەو پەڕاوە بەتاڵە
تا چەند
تا چەندە
هەڵدەدرێتەوە؟
پەژیرانی هاتنی با و
ئەوین
کە خوشکی مەرگە.
وە هەرمان
ڕازی خۆی
لەگەڵ تۆ هێنایە گۆڕێ.
ئیدی بوویە کۆتەڵی گەنجێ:
پێویستە و دێنێتە تەما
گەنجێکی وا
کە خاوەنێتی خاک و زێدانی
ئاوەها
لەبەر شیرین کردووە
ناوت بەیانێکە بە تەوێڵی ئاسمان دا تێدەپەڕێ
دەک متفەرک بێ نێوی تۆ!.
وە ئێمەش هەر وا
دووبارەی دەکەینەوە
شەو و ڕۆژ و
ئێستا....
شیعری ئەحمەد شاملوو
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
ڕۆژێک کەمە
ئەو ڕۆژەی
ئەوینی من داگیرسا
ڕۆژی خۆشەویستی من بوو
ئیدی ڕۆژێک نا
سەدان ڕۆژ
ئیدی ساڵێک نا
دەیان ساڵ
بەردەوامە گڕی ئەشقم
دەتانەوێ بە ڕۆژێک
ئەوانی ترم وێران کەن
خۆشەویستیم پێ بفرۆشن
بەختەوەریم بڕوخێنن
لەوەشدا وەک ئێوە نابم
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/٢٥
@soleymanmukoryani
یەک بەو چیایە
دەتوانم بنارێک
بە کانی دا بناسمەوە
وەرزێک بە ڕەنگ و
باڵندەیەکیش بە دەنگی
چ دەبوو
یەک بەو ڕێگایە تۆ بی و
ئیدی نەنووسم.
دەتوانم
گوڵێک بە بۆنی ڕا
دڵێک بە لێدانی و
دەستێک بە گەرمیی دا بناسمەوە
تارماییەک لە بوومەلێڵەوە
چ دەبوو تۆ بایی و
یەک بەو چیایە
باوەشت بیگرتمایەوە
بەو خورپەی لە دڵمە
بە چاوەڕوانی دا
کە هەر دەینووسم و کۆتایی نایە
یەک بەو هاوارە
بەو زامانە، کە زمانی منە
لەوش سادەتر ، دەڵالێ...
هەر لێم گەڕێ، چ دەبێ!
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/١٨
@soleymanmukoryani
نووسینەوەی ئەوین و زام
بە دەست خۆم نییە،
چۆن ئاو لە خاک زنە دەکا
یان کانیەک دەژێتەوە
ڕنووی قورس هەرەس دێنی
چاوەڕوانێک چاو لە ڕێگا دەمێنێ.
بەشێکی ئەوین تۆ،
هێندێکی نیشتمان و
بڕێکیش ئەو برینانەن
جارناجارێک دێنەوە سۆ.
دەست بۆ هەر شتێک دەبەم
خۆ نادەن بە دەستمەوە
ئەگەر گوڵ بێ دەتوێتەوە
کە دەم دەنێمە دەم کانی
بزر دەبێ، دەبڕێتەوە
کە بەردی ئەو شاخانە بێ دەبێ بە تەم.
جارارن ڕێگر گیرفانی بەتاڵ دەکردین
ئێستا ئاو و بەردیش دەبەن
باوەڕ ناکەن
چاوێک لە ڕووبارەکان و
سەیرێکی ئەو گرد و بنارانە بکەن
لە ماچ کردنت دەترسم،
خۆشەویستم
نەکا وەکو گوڵ بژاکێی
وەکو ئاو ببی بە هەڵم
بەم جۆرە تاوانی ئەوان
بەسەر نێوچاوانی خۆم و
بەختی رەش و
چارەنووسمان دادەهێنم!
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/٥
@soleymanmukoryani
تابڵۆیەکی خوێناوی
چی دەبیسم
لەو چوارچێوە شکاوە دا
دەست دەبەی
بۆ پەلەپیتکە و
بەرانبەرەکەت هەر خۆتی
ئەژنۆت نەشکا؟
دەستت نەلەرزی؟
چی دەبینم
لەو تابڵۆ خوێناوییە دا
تەقەیەک و
تۆ نا
ئەو کەوتۆتە سەر خاک
دەبێ چی بی، تێماوم !
کە توانیت
تەنانەت خۆشت بکوژی.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٢/١١/٣
@soleymanmukoryani
پەلەپیتکە
شەڕ کۆتایی هاتووە
زەوی نیوەی بەهەشت و نیوەی دۆزەخە
وە قیامەت
تا چەن سەدەیتر دووپاتە نابێتەوە
وەرە ئەوینداری بکەین تەنیای من
لەگەڵ ئاژۆبای٭ ئەو بەلەمەی
نازانێ بەرەو کوێ دەڕوا
بەو بایە شێتانەی لە نێو سامی
ئەو دێوەزمەی چیمەنتۆیانە
پێش ئەوەی مانگ بتوێتەوە و
ئەستێرە مۆم ئاسا لە ئاسمان بتکێ
لانوێنە٭٭ ئەنتیکەکەت
بۆ لای دوایین لوتکە سەهۆڵییەکان ڕاگڕە و
لە هەرکوێ بۆ تەمەنی درێژی
باڵندە کێوییەکان هومێدێ بوو
لەنگەر بگرە.
لێگەڕێ کۆتەلێ لە تۆ بە یادگاری
بۆ وێرانەکان بتاشم و
قژی زێوینت بۆ یارمەتی بدەم
بە مووزەی شوێنەوارە دێرینەکان.
شەڕ کۆتایی هاتووە
تەنیای من
وە سەربازێ کە بێ هێز و بێ هیوا
لە بەرەکانەوە دەگەڕێتەوە
لە سێبەرێکی خەمۆک دەچێ
کە لەشی تۆ بە سەر خاک دا ڕادەکێشێ
من سێوێک و کۆترێکم
بۆ هێناوی
تا بۆمبەکان و ئێسقانەکان
لە بیر چنەوە.
لە دەرێ لەسەر شەقام
منداڵێک سواری ماشێنی
خوێندنگەکەی دەبێ
غەریبەیەکی پەشۆکاو جگەرە دەکێشێ
سواڵکەرێک لەگەڵ خۆی دەدوێ
هەموو شتێ لە جێی خۆی و ئاساییە.
شەڕ کۆتایی هاتووە
تەنای من
بەڵام هێشتا قامکی شادەت
پەلەپیتکە بەرنادا.
٭ ئاژۆبا= بادبان
٭٭ لانوێن= قطب نما
تێبینی: ئەو دوو وشەیە دروستکراوی خۆمن
شیعری لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
ئاە
وەک ئاهێ کە یەکەم وتەی مرۆڤ بوو
وەک ڕێگایەک
کە بێ سەفەر
تۆ دەگەیەنێ و
ئاوێنەیەک
کە بێ چاو
تۆ دەبینێ.
وەک هەر ماچێ
کە منداڵێک دێنێتە دنیا
بە نێوی تەنیایی.
وەک ئاهێ کە یەکەم وتەی مرۆڤ بوو
وە دوایین وتەی،
بووینە کوورتترین رستەکان و
ئیدی
بە هیچ زمانێ
دووپاتە نەبووینەوە.
شیعری لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
پشت بە پشتی بەڕوو
تا دوا دێڕی
ئەم ئەوینەم
کە شەپۆلی دڵە
بە کەنارەکانی تاسەمەوە
بیخوێنەوە
تا دوا سەمای
زەردە گەڵای
بە سەر دارەمەیتی باوە
بڕوانە دار
ئیدی وایە
کەس نسێی بە بیر دا نایە
پشت بە پشتی بەڕوو
ئەو چیایانە بەخەبەر بوون و
ئێمە لە داوێنی مێژوو دا خەواڵوو
هەڵێگرە
نەخشەی بێ دەرەتانیمان
تا دوا وەرزی پەپوولە
لەگەڵم بە
تا دوا دێڕی ئەوین و
سەرەتای وڵاتێک کە کاژە
بە چاوت نەبێ
بە بەژنت نەبێ
وە دوواندنت کە سەرەتایەک
بۆ هەموو کۆتاییەکان
سوکناییم نایە.
سولەیمان موکریانی
۱٤۰۲/۹/۱
@soleymanmukoryani
If You Forget Me
I want you to know
one thing.
You know how this is:
if I look
at the crystal moon, at the red branch
of the slow autumn at my window,
if I touch
near the fire
the impalpable ash
or the wrinkled body of the log,
everything carries me to you,
as if everything that exists,
aromas, light, metals,
were little boats
that sail
toward those isles of yours that wait for me.
Well, now,
if little by little you stop loving me
I shall stop loving you little by little.
If suddenly
you forget me
do not look for me,
for I shall already have forgotten you.
If you think it long and mad,
the wind of banners
that passes through my life,
and you decide
to leave me at the shore
of the heart where I have roots,
remember
that on that day,
at that hour,
I shall lift my arms
and my roots will set off
to seek another land.
But
if each day,
each hour,
you feel that you are destined for me
with implacable sweetness,
if each day a flower
climbs up to your lips to seek me,
ah my love, ah my own,
in me all that fire is repeated,
in me nothing is extinguished or forgotten,
my love feeds on your love, beloved,
and as long as you live it will be in your arms
without leaving mine.
Pblo Neruda
ئەگەر فەرامۆشم کەی
دەمەوێ شتێک بزانی
دەزانی چۆنە تۆ:
ئەگەر بڕوانمە
مانگی بلووری، چڵی سووری
پاییزی ئاهۆن
لە پەنجەرەکەمەوە
ئەگەر دەست
بەرمە نزیکی ئاور و
خۆڵەمێشێ کە بۆ دەست
لێدان نابێ و
گیانی چرچولۆچی کۆلکە دار
هەموو شتێ بەرەو تۆم دەبا،
دەڵێی هەر شتێکی هەیە
بۆنی خۆش، ڕووناکی، ئاسنەواڵە،
ئەو بەلەمە بچکۆڵانە بوون،
کە سەوڵیان لێدەدا
بەرەو دوورگەکانی تۆ
کە چاوەڕێی منن.
چاکە، ئێستا،
ئەگەر وردە وردە واز لە
خۆشەویستیم بێنی
ئەوە منیش خۆشەویستیت
لە بیر دەکەم وردە وردە.
ئەگەر لەپردا
فەرامۆشم کەی
لێم مەگەڕێ
چونکە من لە پێش دا لە بیرم کردوویی.
ئەگەر وادەزانی
بای لە مێژینەی
ئەو بەیداخانەی بە ژیانم دا تیدەپەڕن
شێتم دەکا،
وە بڕیار دەدەی
بەجێم بێڵی لە بەستێنی
دڵێک دا کە ڕگم داکوتاوە
لە بیرت بێ
ڕاست لەو ڕۆژە دا
لەو سەحاتە دا
باوەشم دەکەمەوە و
ڕیشەکانم دەڕۆن
بە شوێن خاکێکیتردا.
بەڵام
هەر ڕۆژێ
هەر سەحاتێ
هەستت کرد لە چارەنووسی من دای
بە شیرنایەتیەکی بێوێنەوە
ئەگەر هەر ڕۆژێ گوڵێ
بە لێوەکانتا سەرکەوت
لە گەڕان بە شوێن من دا
ئای ئەوینی من، ئای کە تۆ هی من،
هەموو ئاورەکان لە ناخم دا هەڵدەبنەوە،
لە من دا هیچ شتێ ناکووژێتەوە
یان لە بیرناچێتەوە
بژیوی ئەوینی
من بە ئەوینی تۆوەیە
خۆشەویستم،
بە درێژایی ژیان لە باوەشت دادەبم
بێ جێهێشتن
کە تۆی هی من.
شیعری پابڵۆ نێڕۆدا
وەرگێرانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
درێژەی وتار
زمان و تێگەیشتن
ئەگەر زمان نەبووایە هیچ دوور نەبوو پێوەندی مرۆڤەکان و لێک نزیکبوونەوە و دروست بوونی شارستانییەت هەرگیز ڕووی نەدایە. ژیانی مرۆڤیش وەک گیانلەبەرانی تر دەبوو ئێستا کە ئەو وتارە دەنووسم چەند شەڕی گەورە لە ئارادایە کە مرۆڤ هەموو سنوورێکی تێدا بەزاندووە لە کوشتنی ژن و منداڵ و پیر و جوان و دەست ناپارێزن و بە کورتی تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن واوێ دەچێ وشەی سیاسەت حیزترین وشە و داهێنانی زمانی مرۆڤایەتی بێ لە ڕابردوودا ئەوانەی بڕیاری شەڕ و کوشت و کوشتاریان دەدا لە ڕیزی پێشەوە بوون
ڕەنگە لە کاتی هەڵدڕینی یەکتردا تۆزێک بەزەییان هەبایە یان لانی کەم تەنیا جەنگاوەرەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبوون بەڵام سیاسەتوانی ئێستا لە دوورەوە و بە دەستی کەسانی تر ئەو کارە دەکا و بۆ خۆشی ترسەنۆکانە لە دوورەوە سەیر دەکا مرۆڤ لە زۆر شتدا ئەگەر داهێنانی بووە و پێشکەوتووە بەڵام لە زۆر شتی تریشدا هەر لە سەردەمەکەی هابیل و قابیلدا ڕاوەستاوە. زمان کە دەبوو ببووایەتە هۆی تێگەیشتن و پێوەندی باشتر و دنیای بەرەو ئاشتی ببەردایە هەر هیچی پێ نەکراوە لێرەدا وا دێتە سەرم کە بڵێم بریا مرۆڤیش زمانی نەبووایە بە خۆی و دنیاش لە دەستی بحەسایەتەوە
زمانی شار، زمانی دێ !
ئەو دەستەواژە و دابەشکردنەم بۆ یەکەم جار لە کۆڕی پەردە لادانی کتێبێکی وەرگێڕدراو بیست کە یەک لە ڕەخنەگرانی کە لەسەر وەرگێڕانەکە دەدوا پێی وا بوو بە زمانی لادێیی. نووسراوە من ئەوە نازانم ئەوە داهێنانی خۆیەتی یان لە زمانێکی تری وەرگرتووە یانەوەی لە باسی زمانی ڕۆماندا بە کار دێ. ئەو دەم و ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو دەستەواژە و دابەشکردنەم پێ ناشرین و ناقۆڵا بوو. گومان لەوەدا نییە کە لە دێیەکەوە بۆ دێیەکی کە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دی زمان دەگۆڕێ هەروەها لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی تر هەر ڕاستە زمانی یاسا، زمانی ئەدەبی، زمانی کۆمەڵناسی و ئیتر هەر هەموویان واژەی تایبەت و مانای تایبەتیان هەیە و ڕەنگە خەڵکانی خۆی لێی حاڵی بن ئەگەر بیگوتبایە زمانی ئەدەبی یان نووسین وە زمانی زارەکی هەم جوانتر دەبوو هەمیش ڕەنگە دابەشکردنێک بوایە کە بێ ڕێزی تێدا نەدەبوو گریمان ئەو دەستەواژەیە لە زمانێکی تردا هەبێ وە لەویان وەرگرتبێ بەڵام بۆ زمانی کوردی دەکرێ بڵێین زمانێکی لادێیە و ئەوە هیچ لە بەرزی ئەو زمانە کەم ناکاتەوە تەمەنی شار بەو مانایەی ئەوان دەڵێن کەمە و نیو سەدە لەوە پێش زۆربەی شارەکان وەک دێیەک وابوون جگە لەوەش ئایا کەسێک کە لە شارێکی گەورەی ئەو کوردەوارییە دەژی وە کەسێک کە لە دێیەکی دووردا دەژی قسەکردنیان جیاوازە و لێک تێناگەن ئەگەر جیاوازییەکش هەبێ لە نێوانیاندا ئەوە ئەو کەسانەی کە لە ناوەندی شارەکان دەژین زمانەکەیان پڕ بووە لە وشەی فارسی و ترکی و عەرەبی و نەک شتێکی زیاتر.
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani