شەونامە
فرمێسکێ بووم
بە شەونامەی ئەوینێک دا ڕژام
کاتی نەبوو
ئەو چاوانەی بە جێم هێشتن
ئێستە چۆن بن!
بارانێک بووم
لە خەمنامەی جوداییەک
شەوێک نووسرام
زۆر درنگ بوو
ئەو هەورانەی بە جێم هێشتن
ئێستە لە کوێن؟
چاوەکانم
لە دووریتان بوو توامەوە
نامەیەک بووم
لە بن نووکی قەڵەما کولامەوە و
نەگەیشتم.......
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٨/٢٣
@soleymanmukoryani
وام دەزانی بەژنت دارە
وام دەزانی گوڵە لێوت
کە پەپوولەی پێکەنینی
لێ دەنیشێ.
وام زانی ئەستێرەن چاوت
لەو ئاسمانەی
کە خەیاڵم تێیدا دەفڕێ
وام دەزانی بەژنت دارە
هەڵم دەبەست لەسەری
لانەی شیعرێکی ئاوارە
ڕۆژێ چەن گوڵ دەژاکێن و
چەن ئەستێرە دەکوژێنەوە
لە دارستانێکی خاڵی
کە پاییز هات
چەن هێلانە دەردەکەون بە بەتاڵی؟
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٨/٣
@soleymanmukoryani
بیرەوەری چەن دیمەنێک٣
بیرەوەریم
لەگەڵ دەریا
ئەو شەپۆلانە بوون
کە بەستێنیان ماچ دەکرد و
دەکشانەوە
ماندووم ناکەی
دەریای سەرکێش
دەنگێک هەڵدەبژێرم
وەک شەوانی پاییز درێژ و
وەک خەمەکانی شاعیر بێ کۆتایی
هیشتێ هەستمان نابزوێنێ
باڵندەکان بۆ دەخوێنن
من لەبەر چی دەنووسم و
ئێوە بۆ خۆتان جوان دەکەن
کچەکانی زەردەپەڕ و
ژنەکانی دەم شەوەزەنگ
بیرەوەریم
لەگەڵ چۆم دا
ئەو کانی و بەفراوانە بوون
یەکیان گرت و چوون
ماندووم ناکەی هاژەی ڕووبار
تا درنگانی هیوا
ئاسۆیەک بەدەم بوومەلێڵەوە
بەلەمێک لە دەراوتا دەکڕووزێتەوە
هیشتێ ڕامان ناچڵەکێنێ
برین چەقۆ نوقم دەکا و
ژان سەرچۆپی بە دەستەوە
من لەبەر چی دەنووسم و
ئێوە بۆچی دەخوێننەوە
چما مردوو ڕادەچڵەکێ
فڕینیان لە ئاسمان دەکێشاوە
پۆلێ باڵندە و
خەیاڵیشت بەجێیهێشتم
ماندووم ناکەی بیرەوەریم
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٧/٥
@soleymanmukoryani
بیرەوەری چەن دیمەنێک ١
بیرەوەریم
لەگەڵ بەرد
دڵێک بوو مێژووی هەموو تراژدێکان
شاخ
لە تابڵۆیەکا ڕاکشابوو بەرز و
نۆتەی ڕژدییەکی بەسام
تۆش سێگۆشەی بێرموودا
دیار نەمان
واتای خۆی هەیە
ماسی کە چووە بن ئاوەوە
دیار نامێنێ
باڵندە لە ئاسمانا
دوور و دوور دەکەوێتەوە و
بە بەر چاوەوە ون دبێ
بیرەوەریم
لەگەڵ تۆدا ون بوونە
لە نهۆمی پێنجەمی نیشتمانەوە
دەڕوانم دیار نی و
کەچی لە دڵیشم دا شەپۆلان دەدەی.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٧/٢
@soleymanmukoryani
بەیداخ
پاییز بەر لە هاتنی
با دەنێرێ و
بەیداخی وەرین هەڵدەکا
زستان بەر لە هاتنی
تەوژمێکی سارد و
بەیداخیکی سپی بە دەستەوە
تۆش بەر لە هاتن
نیگات نارد و
بەیداخت زەردەخەنەیەک بوو
گۆشەی لێوتی دەکێشاوە
ئەمن زەینێکم دەداوە بەهار
داخەکەم بەر لە هاتن ڕۆیشتبوو
تۆش ڕووت وەردەگێڕاوە
لە منی پاییز و پایزە شیعر
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٦/٦
@soleymanmukoryani
لە پێچەڵاوپوچی ڕێگا
بە ئاسۆی
دوورە دەستی چاوەکانتەوە
بۆ ڕوانینی دەریا و
ئاسمانی پڕ ئەستێرە و
ئەو هێڵەی پێگ دەگەن
دانیشتم.
لە باوەشی سەوزی با
کە وادەکا کاکۆڵت
هەڵپەڕن بێ کۆتا
چپەی پێت دێتە گوێم
ئاشنا.
بۆنی خۆشی پێکەنینت
کە لە گوڵجاری سینەوە
لە باغی پڕ خونچەی ئەوینەوە
دێ و هەڵدەمژم
گش وێرانییەکانی ژیان و ڕابردوو
لە بیر دەکەم
لە پێچەڵاوپوچی ژیان
لێگەڕێ با ئەوین دیسان
لە سنگی پڕ ئازارەوە و بێدەنگیمان
دەست بکاتەوە بە لێدان
دەرکەوێ هەتاو
لە ئاسۆگی هیوامان و
بدرەوشێتەوە.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٥/٢٩
@soleymanmukoryani
ناونیشان
تەنیایی واتە
دەروونێکی بێ سەروشوێن
ئیدی ئەوە شیعرە و
شیعر دەریایە و
ئەستەمە مەلەوان نەبی...
ناونیشانتم
لە با پرسی
لە تۆفان دا سەیری
ئاوێنەیەکی شکاوت دەکرد.
لە ڕێم پرسی
لە پێچەڵاوپوچی زەمان دا
کۆتاییت نادیار بوو
هاوڕێی گرانم تەنیایی!
ناونیشانتم،
لە خاک پرسی
لە باڵای بەرزی دار و
بەژنی خەوتووی ڕووبار و
بڕبڕەی پشتی مێژوو
وڵاتم شۆڕە ژنێک بوو
لە گریانم پرسی
ڕیزە فرمێسک بووی
بە سەر ڕوومەتی ئاڵەوە
لە تووڕەییم پرسی
گرژی بووی
بە نێوچاوانی تاڵەوە
نێونیشانم
لە شۆڕابەی هەورێکی زەردەپەڕ و
چاوی کیژێکی دوای پیاسەی ئێواران
بپرسە
چۆن من و تەنایی و ئەو و
ڕێبوار و خەو و
باوەشێکی ئاواڵە....
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٥/٢٠
@soleymanmukoryani
ئایەتی ئەوین
دەنگێک،
دێتە گوێم و ئا....
پشکووت ئارەزوویەک و
من بۆنی هەموو گوڵەکانم دەزانی
ئەو نەبێ!
ڕەنگێک،
دێتە پێش چاوم و ئا...
دەشەکێتەوە ئاڵایەک و
من ڕەنگی هەموو بەیداخەکانم
دەناسی ئەو نەبێ!
بیخوێنەوە
ئا....
یەکەم ئایەت
ئەوین بوو دابەزی
بیخوێنەوە
ڕێ...
دووهەم ئایەت
ڕووناکی
تێناپەڕین
لە سەدەکانی تاریکی خاتوون
باوەڕ نەەهێنی
بە شاعیرێکی ئەویندار
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٥/١٧
@soleymanmukoryani
وتووێژێکی بەتاڵ
چل و چەند ساڵە
لە پەرداخی شووشەیی
ئەم دنیایە ڕادەمێنم!
زەردەپەڕێ پڕ لە هیوا
چاوەڕوانی چاوت بووین
ژوانگەیەک چۆڵ و لەوەتا
هەڵوەری خەونەکانم پووشپەڕێ و
بازاری ئەوین شکا.
پێم دەڵێی
هەر لە نیوەی خاڵیی
پەرداخێ دەڕوانی و
من دەڵێم چ بکەم کە
بەتاڵی
بەتاڵە!..
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٤/٢٤
@soleymanmukoryani
ئاڵفرێد لۆرد تینسۆن شاعیری بەنێوبانگی
بریتانیایی لە ساڵی ١٨٥٠ لە لایەن مەلەکە
ویکتۆریا نازناوی شای شاعیرانی پێدرا
ئەو شیعرەی بۆ مەرگی هاوڕێی نزیکی
ئارتور هێنڕی هاڵم نووسیوە
من سولەیمان موکریانی لەگەڵ ئاران
هێنامانە سەر زمانی کوردی
خۆێنەری هێژا هەر تێبینییەکت بوو
@s_mukoryani
بشکێنە، بشکێنە، بشکێنە
بشکێنە، بشکێنە، بشکێنە
لەسەر گابەردە خۆڵەمێشییە ساردەکانت،
ئەی دەریا!
ئەو ئەندێشانەی لە من هەڵدەستن
بێنە سەر زمانم با.
ئەی چ شادە ئەو کوڕە ماسیگرە
کە هات و هاوارێتی لەگەڵ خوشکی
کاتی کایە!
ئەی کە باشە ئەو هاوڕێ مەلەوانە
گۆرانی دەڵی بەسەر بەلەمەێوە
کە لە کەنداوێ دایە!
پاپۆڕە بە شکۆکان
دەڕۆن بۆ و بن تەپە
بگرن لەنگەرێ؛
ئای حەیف بۆ دەستێ
کە گرتم و لێم وون بوو،
وە دەنگی دەنگێکیش کە
هێشتا دێ!
بشکێنە، بشکێنە، بشکێنە
لە بەر پێی زنارەکانت، ئەی دەریا!
بەڵام جوانی نیانی ئەو ڕۆژەی کە ڕۆی
هەرگیزم نایەتەوە لا.
شاعیر: ئاڵفڕیر لۆرد تینسۆن
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی و ئاران
Break, Break, Break
Break, break, break,
On thy cold gray stones, O Sea!
And I would that my tongue could utter
The thoughts that arise in me.
O, well for the fisherman’s boy,
That he shouts with his sister at play!
O, well for the sailor lad,
That he sings in his boat on the bay!
And the stately ships go on
To their haven under the hill;
But O for the touch of a vanish’d hand,
And the sound of a voice that is still!
Break, break, break
At the foot of thy crags, O Sea!
But the tender grace of a day that is dead
Will never come back to me.
Alfred, Lord Tennyson
@soleymanmukoryani
هەر مرۆڤە و دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە
میرزا عەوڵا پیاوێکی سەیر بوو، کەم جیکەڵ
دانە بوو، زوو تووڕە دەبوو، دەتۆرا، لەگەڵ
تڕی بزن بەشەڕ دەهات. لەگەڵ ئەوەش دا
پیاوێکی بە خوڵق و ماریفەرت و میوان گر
بوو.
کە لە خەیابان دەبووین ، دەیگوت : ئەوە
دەچم سیغارێک دەکڕم. پێی دەچوو .
ئیدی دەمانزانی ئەوە لەگەڵ کابرا بەشەڕ هاتووە. بە کابرای دەگوت بە چەندی؟
هەرچەندی بگوتایە، دەیگوت بۆ بە وەندە
لە فڵانە جێی هەرزانترە!
قسەیەک لەم و قسەیەک لەو لێیان دەبوو
بە شەڕ دەبوو بچین لێکیان کەینەوە.
- میرزا عەوڵا بۆ وا دەکەی برالە؟
- سەگباب بۆ گران فرۆشی دەکا
- دە لێی مەکڕە کاکە
- نەخێر نابێ شت گران بفرۆشێ
ڕۆژێک لەگەڵ کابرایەکی زەلام دوو
هێندەی خۆی لێی بوو بە شەڕ و هەڵا،
کابرا میزا عەوڵای وەبن خۆی نا، کوڕە کاکە
وا مەکەن هەر جۆرێک بوو لە بن کابرامان دەرهێناوە و لێکمان کردنەوە
- ئەوەتا دەست هەڵناگری میرزا عەوڵا شەڕ
دەکەی و هەر لێدانیش دەخۆی.
- ناوەڵا عوسمان لە بنەوە ئەوەندەم بە
مست لە زگی دا
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
سێ گۆشەی ڕاز
خومار،
نازانم دەڕوانیتە من
یان شوێنێکی دوور
وەک ئەوەی
لە گۆشەی چاوتا نوقم بم
دڵۆپێک لە دەریایەک دا
بێ سەروشوێن
مەند،
نازانم بیرت لای منە
یان هەر گۆشەی لێوەکەت
قووڵ...
زەردەخەنەیەکتە دەم کێشێ
ئەوپەڕی مونالیزا!
لێڵە ئاسمانی...
نازانم نەماوە سۆمای
هەر هەڵیدەگڵۆفم چاوم
بەو هیوایەی خۆر لە گۆشەی
گردەکەی سنگت هەڵێ!
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٣/١٠
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ٦
"زەوی جەغزێکە
قەت کامڵ نابێ"
ئەوە ئەو باڵندانە گوتیان کە ڕۆیشتن
وە درەخت کە ڕاستیەکی تەنیا بوو
بە بەتاڵی هێلانەوە دەستیان لێ بەردا
وە لە داڵەنەکانی ئاسمانی پڕ لە با ون بوون.
"زەوی درەختێکە
قەت کامڵ نابێ"
ئەوە ئەو باڵندانە گوتیان کە ڕۆیشتن و
ئێمە وامان زانی
کە لەتی ون بووی ئەو ئاڵقەیە
وەک گوستیلەیەک کە بووکێکی لاڵ
لە بەستێنێک دا لە بیری چووە
دەی بینینەوە
وە وامان زانی
کە لەتی ون بووی ئەو ئاڵقەیە...
وە هێندە بە شێنەیی بووین و
بە شێنەی و بە شێنەیی
تا هیچ کاتێ دوو لای خاکێ کە دەیتوانی
سەرزەمینی لە دەست چووی ئێمە بێ
پێکەوە نەلکان
وە بەلەمی ئەو شاعیرانەی کە مانگ و ڕۆژیان
کردبووە سەوڵی دڵنیایی خۆیان
بە تاریکای دا ڕۆچوو، ئیدی
نەگەڕاوە بۆ خەونە خووساوەکانمان
ئەوە ئەو باڵندانە گوتیان
کە ڕۆیشتن...
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ٤
شەو،
ڕەشایی لە چاوی تۆ فێر بوو
من
چاوی تۆ
لە شەو
وە دوایە
ڕەشایی
بوو بە پێغەمبەرێک
کە لە وەحی ڕەشی ئەستێرەکانی
چەن ئایەتێکی هێنا
بۆ ڕێنموونی خاک
بە ئەلفبێیەک بە قورسایی کەفارەکانمان
وە دوایە
ڕەشایی
لەسەر عەڕابەی هەورەکان
بوو بە خودایەک
وە دوایە ڕەشایی
وە دوایە ڕەشایی
وە دوایە ڕەشایی
تۆی دەدیت و
نەدەدی...
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ٢
لە دایک بوون لە ڕووناکی
لە دایک بوون لە تاریکی
مەرگ
هەموو شتێ وەک یەک لێ دەکا.
وەک ئەوەی کە خاک
دەمی بۆ حینجەی ناوێکی نەهێنی
دەکاتەوە و
بێ دەنگ
دواین ڕستە کە ڕفاندنی تۆیە
لە گوێیەکانی زەمان دا دەدرکێنێ.
لە دایک بوون لە ڕووناکی
لە دایک بوون لە تاریکی
مەرگ
هەموو شتێ وەک یەک لێ دەکا.
من
وە تۆ:
سەرخەوێک لە لوتکەی کێوێک
کە لە بەخەبەریش دا هیچ نابینێ
بێجگەلە
ئەو دەرانەی مژیان لێ نیشتووە.
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
خەون
شەو لە خەوما
گوڵێ پشکوت
خورد بوومەوە لێوی تۆ بوو
لە سێبەری چنارێکا
ڕاکشابووم
جار جارێ دەبوو بە ڕێگا
هەر لە خەوما
تۆم وڵات بووی
ون بووم تێیدا
کە خەبەرم دەبێتەوە
جەرگ و مێڵاکم دەکەون
خەمێکی قوڵ دامدەگرێ
کۆلکەزێڕینەی دوای باران
کە ناتگەمێ هەر چەندێ دێم
کە نایەوە ئازیزی من
کە تۆی ڕاستیم بوویە خەون
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٨/١٤
@soleymanmukoryani
ئاونگ
ئاونگێ بووی
نیشتی لە من
بەیان ئەنگوت و
دیار نەمای
سڕی پەپوولەی بردبۆوە و
لێی خەوت
بێ ماڵئاوایی.
باخ مانایەکی تری دا بە شەختە و
تۆش مانایەکی تر بە ئەوین
هەور مانایەکی تر دەدا بە ئاسمان و
منیش مانایەکی تر بە تۆ
تۆ شەونمی پێش شەختە بووی
بەسەر دوا گەڵای پاییزەوە
بارێ بووی نیشتی لە لێوم
ماچ دەزانێ چۆن دەڕەوێی
مانی گرتووە
هەور لەو ئاسۆگە سوورە
شۆڕابەیەک
دوو شۆڕابە
بە پرتاو دی لەو دوورە
شۆڕە سوارێک
چەن شۆڕە سوار
بەلار و بەلار و بە لارولەنجەوە
سوار تەعبیری خەونێکی من بوو
لەنجەولاریش شۆرە ژنێک
لە باخێکی پاییزی دا
بەژن وەرین.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٧/٢٤
@soleymanmukoryani
بیرەوەری چەن دیمەنێک ٢
بیرەوەریم
لەگەڵ ڕۆژنامەکانی بەیانی
سەردێڕی هەواڵێکی بەتاڵ بوو
ئێوارێش
سەردێڕەکانیان
بە خەونە وەریوەکان ڕازاندەوە
پەلەپیتکە
وردە ئاوێنەی شکاوی دامێ و
گوێیەکی گپ
بە کام چاوت
سێرەت لێ گرتم
کە دڵم هەر لێدەدا و
تا ئێرە مردن واتایەکی نییە
بیرەوەریم
لەگەڵ ڕادیۆ
شەپۆلی کورتی ئەوین و
هەواڵێکی نامۆ بوو
سەرنج بدەن
ڕێبوارێ شەونمی بەیانی و
ترێفەی مانگەشەو بوو
تۆش ڕندوویەک بووی
بە لاپاڵی تەنیاییەوە
پاڕازێتێ
هەودای خەیاڵی پساندم و
وێنەکانی وەراندم و
هۆبەی چیایەکی دوور
لەسەر شەپۆلی کورتی باران
چاوەڕێت بووم
چاوەڕێ....
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٧/٤
@soleymanmukoryani
بیرەوەری چەن دیمەنێک
بیرەوەریم
لەگەڵ ڕێگا
هەر نەگەیشتن بوو
پاییز
تابڵۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی دامێ و
نۆتی گەڵایەکی وەریو
تۆش پێکەنینێک
کە واتاکەیم نەزانی
بیرەوەریم
لەگەڵ چاوت
شیعرێک بوو بە کێشی ئەوین
شەو
وێنەیەکی ڕەشی
بە ئەستێرە نەخشاوی دامێ و
شەهابێکیش
بە نۆتی ڕاخوشین
تۆش
ئاوڕێک
کە واتاکەیم نەزانی
بیرەوەریم
لەگەڵ هەور
ڕێژنەی ڕەشبەڵەکێک بوو
کە سەرچۆپی
تافی لاوێتی دەگێڕاوە
لافاو
دیمەنی ڕاماڵینێکی دامێ
لە پڕ هەموو شتێ گۆڕابوو
تۆش فیتووی
بایەکت دەگێڕاوە مەست
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٦/٢٧
@soleymanmukoryani
کە چاو لە شۆڕشی دڵ دەربەدر بوو
بە مەستێوە لە حاڵم بێ خەبەر بوو
لە دەوری ئاوری ئەوینا پەپوولەم
بڵێسە و سووتانی وە گیانم وەر بوو
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
ئەو حەوتەی بوو بە حەوحەو
ساڵی هەزارو سیسەد و شێشت و پێنجی هەتاوی، لە پۆلی دووی سەرەتایی دەمانخوێند
مامۆستایەکمان بوو تا بڵێی خوێن شیرین و روح سوک و شارەزا لە زمانی منداڵان، هەر
بەو هۆیەوە منداڵەکان زۆریان خۆش دەویست.نیوەی ساڵی خوێندن تێپەڕی بوو
کاک محەمەدی وێسف پوور (مامۆستاکەمان)
گوتی منداڵەکان من چیدی ناتوانم وانەتان پێ بڵێم چونکە لێرە دەڕۆم و لەوە بەدواوە
موعەلیمێکی تر دێ دەرستان پێ دەڵێ.
ئێمەش دڵگران و غەمبار گوتمان مامۆستا ئێمە لەگەڵ تۆ ڕاهاتووین و بە جێمان مەهێڵە.
گوتی منیش پێم ناخۆشە و بەڵام بەداخەوە ناتوانم و ماڵئاوای لێ کردین ...
دوایە مامۆستایەکی تر هات بە نێوی عومەر
شۆرەتیم لە بیر نەماوە، بە پێچەوانەی مامۆستاکەی تر تووڕە، خوێن تاڵ و بە گیڕە. هەر بۆ مامۆستای منداڵان نەدەبوو.
دایمە کەشێکی ترس و دڵەڕاوکێ بەسەر پۆل دا زاڵ بوو. هەر جارناجارێکیش تووڕە دەبوو
دەیگوت: هەتیوانە دە ساڵی کە هەمووتان ژن دێنن، نازانم ئەو کابرایە بۆ هێندەی پێ سەیر بوو ئێمە گەورە دەبین و ژن دێنین!
ڕۆژێک لە تاقیکاری هێندێک لە منداڵەکان نمرەی کەمیان هێنابۆوە، بانگی دەکردن و دیگوت: بە دەنگی بەرز نمرەکەت پاتە کەوە
با هەمووان بزانن چەندت گرتووە.
عوسمان حەوتی گرتبوو، بانگی کرد و چووە پای تەختەڕەش، گوتی دەی، عوسمان دەستی پێکرد حەوت، حەوت، حەوت، گوتی وا نابێ
دەبێ خێرا بیڵێی، دەستی پێکردەوە حەوت
حەوت لەسەر ڕیتمی خێرا "ت" قرتان و بوو بە حەو حەو حەو...
ئیدی لەو کەشە ترسەش دا منداڵ خۆیان پێ نەگیرا وێکڕا پێکەنین.... خۆشی بزەیەکی هاتێ و گوتی باشە بڕۆ دانیشە.
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
باغی قەیسی
حەمە و حەمەڕەحیم هەردووکیان تۆزێک سەرشێت بوون. سەرەتاکانی هاوینی ساڵێک لە ساڵان کە تازە قەیسی هاتبووە ئەوەی بگا.
(ساڵانی زوو و ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەگەر ماڵێک منداڵی خۆشەویست و نازداریان هەبوایە، لە خۆشەویستیان شتێکیان بە نێوەوە دەکرد. ماڵی کا حەمەش کە باغێکی گەورەیان لە پشت ماڵان هەبوو دارێکی قەیسیان بە نێو تاقانە خوشکەکەیان کە نێوی ئامین بوو تازە دەگەیشتێ کردبوو دەیانگوت ئەو دار قەیسییە هی ئامینە و وابوو بەرەکەی زووتر لە داراکانی کە دەگەیشتێ.)
حەمە بە ویرەویر لە باغییەوە بەرەو ماڵ شۆڕ دەبێتەوە حەمەڕەحمیش لە مزگەوتێوە بە پیاسە بەرەو لای کانی، چاوی بە حەمەد دەکەوێ و هەرای دەکاتێ هۆی حەمەد ئەرێ قەیسییەکان نەگەیون حەمەدیش ڕادەوستێ و دەڵێ: ناواڵا حەمەڕەحیم هەر قەیسییەکەی ئامین گەیوە حەمەڕەحیم کە زەینی بۆ لایەکی کە چوبوو خۆی وا نیشان دەدا حاڵی نەبووە و دووپاتی دەکردەوە حەمەد حاڵی نەبووم ئەرێ چی گەیوە حەمەدیش دیسان، وەڵا حەمەڕەحیم دەڵێم:هەر قەیسییەکەی ئامین گەیوە.
سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
مێژووی ئاوێنەیەک
پەپوولە نەبووی و سووتای
بەدیار شەمی باڵامەوە
هەور نەبووی و گریای
بە بەهاری ئاڵامەوە
خەو نەبووی و
خەونت دەدی
خەونی سەوزی داهاتوویەک
هاوڕێی ژیری سولەیمان بووی
وەک پەپوویەک
چیا نەبووی و
بەرزیت دەگەیشتە ئاسمان
دەریا نەبووی و
بەریناییت هەتاکو نزیکی خودان
ئاوێنە نەبووی و
خۆم تێدا دەدیتی و دەبینم
باڵندە نەبووی و فڕی
چ بێ باکی
لەگەڵ زەردی زەردەپەڕێک
پێش کازیوەی بەیانییەک و
کوژایەوە ڕووناکی
دەڕوانمە
ئاوێنەیەکی وردوخاش و
ڕۆژمێرێکی چۆڵ
کوندێ دای لە شەقەی باڵ و
دەنگی داوە کەلاوە...
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٤/٣٠
@soleymanmukoryani
تاساوی جوانی
تێڕاخوڕە
لە بێدەنگیم
کە بەستێنێک لایلایی بۆ کردووم
با شەپۆلێک هەڵم سێنێ.
تێڕامێنە
لە ڕوانینم
کە من هەر تاساوی جوانییەکەتم
با سۆمای چاوت بمدوێنێ.
تێچریکێنە
هەوای دووریت
بورووژێنێ هەنگی هەستم
خەیاڵێ پەلکێشم دەکا
بەو ڕێیەدا داتە دەستم...
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٤/٢٠
@soleymanmukoryani
ئەو وێنانەی بۆم نەگیران
بەرەو مەنزڵی ئارامی بوو ڕێگام
کەچی لە بەستێنی تۆفان نیشتمەوە
ئاوابوون
لە چی فێر بووی
نەگەڕایەوە ئاسۆگی بەیانی
سیلەی چاوم
لە یەک هەزارومی چرکە دادەنێم
دەرنەکەوتووی لە وێنەکانم
داخوا ڕانەبردووی
یان خێراتر لە نیگام تێپەڕیوی
تۆ ئەو بایەیی
دڵ دەبەی
کەچی هەر شەماڵێ
بێرەدا هات تۆ نەبووی
نێوی ئەو تابڵۆیەم با چاوەڕوانی بێ
پەڵە هەورێ بووی
دڵم دایتێ
کەچی هەر بارانێ دایدا لێرەوە
تۆ نەبووی
یان نەمناسێەوە
هێندە گۆڕای
چواچێوەی شکاو نێوی ئەم وێنەیەم بێ با
واتایەکی نوێ بۆ پووشپەڕ
زەردەپەڕ و
یەک هەزارومی چرکە.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٤/١٢
@soleymanmukoryani
خۆزگە
خۆزگە تۆ
نەدەڕۆیشتی
یان منیش لێرە نەدەبام
لەگەڵ بەهار و وەرین
خاوەن ماڵ و
بێ سەروەرین
خاوەن گراو و بێ ئەوین
ناتەبام
هەموو شتێ
بۆ نووسین نابێ
بەژنی ڕووبار
دڵی درەخت
چاوی ئەستێرە
چۆن دەنووسرێ!
هەموو شتێ
بۆ گوتن نابێ
وتەی نیگا و
قسەی دڵ و
ویرە ویری با
چۆن دەگوترێ
خۆزگە تۆ
نەدەڕۆیشتی و
تەنگی پێ هەڵنەدچنیم
تەنیایی...
چش ئەو شیعرەش نەنووسرابا.
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٣/١٤
@soleymanmukoryani
هاوار
پەنا بە گوڵ
دەراوی بەرامەت
ڕوون هەڵدەمژم
پەنا بە شەم
هەر ڕۆژە و
خەونێک هەڵدەکەم
وای بەو ڕۆژەی
کوێر بێ وەجاخی ڕووناکی
پەنا بە خۆشەویستی
چەخماخەی ئەوین
لە وتەیەکی چاوتەوە
لە ڕوانینێکی بەژنت
یان لەنجەی ئاوڕێک دەدەیەوە
پەنا بە چاو
دیمەنی نیشتمانێک
لە گوڵ و یار
لە خاک و شار
خوڵی تۆ کلە و سۆمای نووسینم
هاوار بەو ڕۆژەی
کە شاعیر نەبم!
سولەیمان موکریانی
١٤٠٣/٣ٚ/٦
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ٥
هەورەکان ڕۆییون
کەسێ دوعای بارانت بۆ دەکا
پیاوێ کە نسێیەکی ڕەشی دەبردە ژوور
گەرووگەی کۆترەکانی سەرزەمینی
لە دەست چووی
بە ددان گرتبوو.
هەورەکان ڕۆییون و
کەسێ دوعای بارانت بۆ دەکا
ئەوە درێژەی شەوێکە
کە نەعرەتەی هاتنی
بوومەلەرزەیەکی درێژی لێدەدا
(ئێمە دایکمان نەبووە و
لەگەڵ ئەوەش
منداڵانێکی شاد بووین)
ئیمە ئاسمان
ئێمە زەوی
ئێمە ڕوحێ لە نیوان ئەو دوانە
لەبەر دەم ڕژان
دەڵێی نازانن
لە پێش نیشتنەوە لەسەر خاک
دەبینە گڵ.
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ٣
کەسێ بە یادی تۆ
شەمێکی داگیرساند و
کوژاوە
کەسێ بە یادی تۆ
چرایەکی هەڵ کرد و
شکا
کەسێ بە یادی تۆ
چاوی هەڵێنا و
کوێر بوو
ئەو جار وەبیری هاتەوە
کە لە وڵاتی لە دەست چوو
کێوەکان بیری قووڵن و
چاڵەکان
ئەستۆندەکی بەرز و
باڵندەکان
ماسی بێ باڵ
ئەوجار وەبیری هاتەوە
کە لە وڵاتی لە دەست چوو
منداڵەکان
دایکانی خۆیان
لە بەر پێی دوورترین کۆلکەزیڕینەکان
دێنە دنیا و
دەیان نێژن
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani
بۆ وڵاتی لە دەست چوو ١
ئێمە
یەک ڕێگامان دی
ڕێیەک دووان بوونی
وەخۆ نەدەگرت
ئیدی تۆ ڕۆیشتی و
من
مامەوە
تۆ بوویە خۆت و
من
لە چاوەکانمەوە ڕووبارێکم
درووست کرد
تا قەراغت
ئێمە یەک ڕێگامان دی و
بەڵام ئاو
هەزاران ڕێگای دیکە.
شیعر لەیلا فەرجامی
وەرگێڕانی سولەیمان موکریانی
@soleymanmukoryani