taqetirega | Unsorted

Telegram-канал taqetirega - تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

363

ساباتێک لە شێعر و نووسراوە و هەستی شەماڵ https://t.me/shemalkurd

Subscribe to a channel

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

(ڕوانەوە)

ژینا
پەلکەکانی دەڕوێنەوە
دەبنە داری بۆنی وڵات
بۆنی عەشق
ڕەنگی ژیان
بیچمی خەبات
سروودێکن دەچنە سەر زار
گەرم و بەسۆز
بۆ چیا سەرکێشەکانی دەبەن
ڕازی نەورۆزی نەکەرۆز
پەلکەکانی دەبن بە پەت
بۆ گەردنی هەوسارپچڕاو
دەبنە ئاڵا و شەکانەوە
دەبنە هەوری باراناوی
دەبنە تاڵ تاڵ
تیشکی هەتاو

      شەماڵ ئیسماعیل‌ پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

شڕۆڤەی شێعری ‍ کچی بەیان


شاعیر: سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٦)

شرۆڤەکار :شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

من ئەڵێم:
پەپوولەیەک فڕی بە باڵی سەوز و سوورەوە
من ئەڵێم:
گوڵێ بە دەم شنەی شەماڵەوە بزەی بزووت
تۆ ئەڵێی:
چ بوو پەپوولەیەک فڕی
یانە سوورەگوڵ، زەردە کەوتە لێوی ناسکی
من ئەڵێم:
ھەتا ھەتایە دەوری جوانییە
ئەمڕۆ گەر ھەتاو کەسیرەیە نەماوە ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان بە سووتمانی ھەوری لۆکەیی نەزۆک
پڕ لە خاڵ و قۆپەنە
جەنگەڵێ کە جێ ژوانی پۆلەپۆڕی باڕییە
جێگە مۆڵی کەمتیار و گورگ و ڕێوییە
شۆڕەبی کە بۆتەداری چاکی بێ نەشە و شنە
زەلکە گەر تەیاری تێر و قۆشەنە
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە.
باسی شەو مەکە نە شایەری شەوم
باسی خەو مەکە لەلای ھومێدێکەوە فێرە سەر ڕەوم
بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەھاری لێوە دێ
بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیای، بەدەستی با
بە گوڵ چناوی، لێوە دێ
بۆنی سەرسەکۆی بە کاگڵی، بە ئاوپژاوی، لێوە دێ
پێم مەڵی کە داکەوم
پێم مەڵێ کە ئاڵی زاڵی شەو، چاوی بێخەوی چڕە
پێم مەڵێ نەھاتنەوە ئەوەی کە چوون
مەگری بۆ خەساری بێ گەڕانەوە
ڕێگەمان دوور و سەخت و قاقڕە
خۆشەویستەکەم
ئێمە نوێنەری خەباتی ڕۆژھەڵات
ڕۆژھەڵاتی سووری ئاگرین
فێر نەبووین بەزین و دابەزین
ڕانەھاتووە
چاوی قارەمانی کورد
بە شەونمی گرین
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

لەگەڵ مامۆستای خۆشەویست عەبدوڕەحمان فەهیمی پێشەنگی ئەدەبی منداڵان

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

"گەندڕ"

‌ ✍ شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

قەت بۆ حەز و
کەیفی شانم
دەستم بۆ چەک نەبردووە
هەرگیز ساتێ خەونەکانم
بۆ هەرێمی شەڕ و خوێن و
جەندەک نەچووە
بەڵام چ‌بکەم
پێشێل دەکا مافەکانی نیشتمانم
ئەوەی گەندڕستانی بیری
نیوەی زەوی داگرتووە...!!!

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

ڕۆمانی دەروێش

✍ شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

ئەم ڕۆمانە بە قەڵەمی شاعیر و نووسەر مامۆستا عەلی حەسەنیانی(هاوار) نووسراوە و چاپەمەنی مانگ دووهەم چاپی کردووە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ساکار و شیرین نووسراوە و خۆی لە وردەکاری تکنیکی نەداوە و وەکوو حەکایەت‌خوێنێکی دەموڕاوێژ خۆش بەسەرهاتی دەروێشێک دەگێڕێتەوە کە لە چایخانەی گوێزانی زمزیران بە ڕێکەوت تووشی دەبێت . نووسەر چ بەڕاستی تووشی ئەو دەروێشە بووبێت و چ لە دونیای خەیاڵدا ئەوەی خوڵقاندبێ ، جوانی داڕشتوە و جوانی وێنا کردووە. دەروێش پیاوێکی جیهان دیتووی لێزانە کە بەسەرهاتە ناخۆشەکەی بۆ نووسەر ەگێڕێتەوە و ئەم کورتە ڕۆمانەی لێ دروست دەبێت. بڕێک دابونەریت و یاسای سەقەت و کولتووری ناحەزی وەکوو ژن لە پێی خوێن دان زەق دەکاتەوە .لە لایەکی‌تریشەوە بە جوانی زۆڵم و زۆر و جەنایەتی ئاغا نیشان دەدا و ئەو ڕۆژە ڕەشانە وەکوو فیلمێک دێنێتەوە بەر چاوی خوێنەر .لە نێواخنی ڕۆمانەکەدا باسی چەندین شاعیر و گۆرانی‌وێژی گەورەی کورد دەکا و زۆر شارەزا دەیەوێ وەبیر خوێنەریان بێنێتەوە و لە هەر کامیان نموونەیەک شێعر یان گۆرانی سەرکەوتوو دێنێتەوە . لە باری زمانیشەوە ، خاوەنی زمانێکی ڕەسەن و خۆش و ڕێک و لەبارە و گرێ و ناتەواوییەکی تێدا نابینی و چێژی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێ. لە باری جوگرافییەوە بڕێک هەڵەی چکۆلەی تێدایە و خۆزگە نووسەر زیاتر لێی وردببایەتەوە و شارەزاتر بوایە تێیدا. بەگشتی کارێکی جوانە و بۆ ئەوە دەبێت وەکوو ڕۆمان سەیری بکرێ و بخوێندرێتەوە و باسی لەسەر بکرێ.

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

مامۆستــــــــا

ئەی موعەلێم، جاڕە نێرگز ، دژ بە دەشتی شۆرەکات
ئێستە بۆ نەخشانی گوڵزار تۆی نەناسی سات و کات

گەر بە عیسای دابوو یەزدان ڕۆحی نوێ بەخشینەکەی
دای بە تۆش ئەم موعجیزە تا پێی بدەی کۆمەڵ نەجات

شەو لەسەر تەختی زەمانا وەک زوحاکێ بوو بەشا
جیا لە تاران چی بێ چاری کاتێ ڕۆژی ڕووت هەڵات

کاتێ خۆرت هاتە ئاسۆ کەوتە ڕێ کاروانی ژین
شاسواری چینی تۆیە وابەرەو لووتکەی دەبات

ئەو گوڵانەی تۆ لە باغا باغەوانیت بۆ دەکرد
بوونە ڕۆحی کۆمەڵی مە ، گشتی سەرتۆپی وڵات

بۆ مرۆڤ و بەختیاری چیت هەیە دەیکەی فیدا
گیان و ڕۆح و عەشق و تاسەت ؛ هۆش و بیری وەک قەڵات

چم لە دەست دێ ئێستە بۆ تۆ وەک ئەمەگ بیدەم نیشان؟
با بە ڕستەی سادە بێژم ؛ گیان و ڕۆحی من فیدات

(شەماڵ ئیسماعیل پوور)
@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

دێڕێک قەمچی و شووخاڵێک چەخماخە

✍ شـــــــــــەماڵ ئیسماعیل‌پوور

لەم گۆڕە پان و بەرینەدا
بەدەم هەرا و زەنای زەمانەوە
بووکێ
بە پێڵاوی ڕکێفەوە
بە نەرمەڕێی خانی زینا
تێدەپەڕێ و
کچێنی بە دیواری خانەوە هەڵدەواسێ
زاواش لە تەلاری گوێی "گا"‌دا
لە کاتارسیس دانابەزێ
منیش هەموو شەوێ
بە ئەسپێکی بەفرینەوە خەودەبینم

هــــــۆ کەرتە لانەوازەکەی ڕۆحم
چەندە بە قەو
لە گۆمی هەوەسی نێرێکدا سەما دەکەی
چەندە بە قیزەوە
لە بیلبیلەی هزری مندا خۆت دائەشۆی
تۆزێ هێور
ئەم بیلبیلە
سپێنی پەنجەرەیەکە
تێیدا
گشت باڵندەکان
بە هێڵی بێ‌ڕەگەزیدا
پیاسە ئەکەن

تــــــــۆ چ لە چەخماخە ئەچوێی
یان ئاو قەمچییەی
نیچـــــــــە
دێڕە بیری پێ دەنووسی
ڕەنگە هێندەی باڵای سەرچۆپی گرێک
کە دەسرۆکەی فوارەی خوێن نادا بەکەس

هـــــــۆ کەرتە لانەوازەکەی ڕۆحم
ئەمشەو بە باڵای شەهیدێکەوە نووستم
خەونی بە سەبووری ڕەشەباوە دەبینی
لە جۆلانەی دیوەخان و
چوارئێسکەی داهۆڵەکان دەدوا
منیش بەدوای زەندەقی خۆمدا دەگەڕام و
خەوی پاپۆڕەکانم
بە لکەی شەپۆلەکانەوە گرێ دەدا

چەندە لە ئامێزی
بێ‌ورەییدا گەڵا دەکەی
شەکەتی داڕمانی شەوگەڕی
میچی ئەم شەوەزەنگە بەرتەسکە
لە بەژنی هیچ ڕۆچنە و
گزینگێکت شەتەک نادا

ئای چەندە گڕکانی تەرکی زەوی و
ڕمبازێنی کەڵکەڵەکانی مێشکت
بە لێواری سنوورەوە هەڵدەپەسێری

تــــــــۆ
لە ئاسمان و زەوی چی دەزانی؟
مرۆڤ تا دەرکەی ئاسمان گاڵە نەدا
لە بزرکردنی ڕێگەی ژیان نابێتەوە
تــــــــــۆ
کە دەست لە گراویی خاک و
هەورە گرمە و
ساتێ برووسکەی دەم نمەباران و
بەژنی نەرم و نیانی بەفر هەڵناژەنی
چیتە لە بووکە بارانە و
خەونی تەڕ و
فەلسەفەی پیاوێکی فێدار و
ڕۆڵی ژنە ئەویندارێکی ژیان

هــــــۆ کەرتە لانەوازەکەی ڕۆحم
هێندە بە ڕق
پرێسکەکانم تووڕ مەدە
پیت بە پیت و
وشە بە وشەم
لە دڕکستانی ترس و
کەنارەکانی زەلکاو و
قووڵە برینان هەڵگوێزیوە
حەزەکانم بیرت لە باڵی فریشتە دەسوێن
ئەو باڵانەی
بە شەقژنیان
لە گۆنای خۆشەویستی دەشنێن و
سریوەی ژیان وەڕێ دەخەن
بەڵکوو بڵێی:
مرۆڤ فریشتەیە گەر
باڵەکانی بداتە دەست بای خۆشەویستی

هـــــــۆ کەرتە لانەوازەکەی ڕۆحم
خەرمانانی ئەمساڵیش
مێرووی ڕۆحم
خستە نێو دەغڵ‌ و دانی حەزەکانتان
ئەوەی پۆل‌پۆل
مەلی وەک خۆت
لە سەر دڵی مێژوو هەڵتان ڕشت
دەنک‌دەنکم ترووکاندن
ئــــــــاخ چ پووچەڵستانە کێڵگەی حەزتان
لە سەر لێوی وەرز و ساڵا
وشەیەکم نەهاتە گوێ
ئەو کاتانەی کە دەبن کۆ
بڵێن :
بۆ گۆڕینی کێڵگەی حەزمان
ورە و زاتمان
خستۆتە گۆ
☘☘☘☘☘☘☘☘

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

(نووری ئاتەشگا)
بۆ شەهیدانی سروشت پارێز

خۆم دەسووتێم تا وڵاتم گڕ نەچێتە نێو لەشی
چاوەکانم بابسووتێن کزنەبێ چاوی گەشی
سەد هەزاران کەمتیاریش ببنە مۆتەی باخ و ڕەز
میوەکەی سەربەست وئازاد،تۆ بەشی باغی مەشی
من گڕێک بەربێتە جەستەم نووری ئاتەشگایە بۆم
با لەبەر شۆقم ببینێ دوژمنم چارەی ڕەشی
ناحەزان ئاگر بە جەستەی نیشتمانمدا دەکەن
من لە ئاوی مۆمی ڕۆحم پێی دەدەم ئێستا بەشی
پڕ بە مێژوو ئاگری بەربۆتە جەستە و ئێستەکەش
هەربەپێوە ڕادەوەستن دوند و شاخی سەرکەشی
ڕۆحی یاران بۆتە باران، قاقڕی خاکی وەتەن
لادەچێت و داری ئاوات دێتەوە کات و کەشی
سەدهەزاران خەونی پیست بۆ دەبینن خێڵی شەو
جوانی فەرموو مامەهێمن هەردەمێنی وهەر هەشی

شەماڵ ئیسماعیل پوور


@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

رەحیم لوقمانی شاعیرێک لە خێڵی داربەڕو
د.شەماڵ ئیسماعیل پوور.سەقز
لە سایتی ناوەندی نووسەرانی کوردستان بڵاو بۆتەوە
👇👇👇
http://nnkurdistan.org//2021/07/22/rahim_loqmani2021/

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

لەو دروشم و قسەزل و بریقەدارانە وەزاڵە دێ کە چاوبەستی هەژارانی پێدەکەن و سیاسەتبازان لە ڕێی هەڕاجی نیشتماندا دەیکەن:
بۆ ڕازانەوەی سەر مێز و
بۆ ڕازیبوونی دڵدار و
پڕ کردنی گیرفانی بانک
هەراجی نیشتمان دەکات….!
لوقمانی شاعیرێکی مامۆستایە،شاعیرێک کە عومرێک کاری پەروەردەی کردووە و لەبەر دەم پۆل و تەختە ڕەشە و وایت بۆرددا ڕاوەستاوە و تۆوی ئەندێشەی چاندووە، بە وانە و شێعرە برووسکەی بێدەنگی زرێباری زەنگی بیری قوتابی شڵەقاندووە و بۆ لابردنی ترس و خۆفی ئەوان کاری کردووە، هەمیشە چەپک چەپک وانەی تازەی چنیوە. لوقمانی زۆرجار لە دیوانە شێعرییەکەی دا وەکوو مامۆستایەکی دەروەست لە بەرانبەر خوێنەردا ڕادەوەستێ و وانەی ژیان و بیر و ئەندێشە و تابۆ شکێنی و پیرۆزی سڕینەوە دەڵێتەوە:
هاتووم چەپکێ وانەی تازە بچنم
بیدەم لەبەر یەخەی هەرێمی پاوانی ڕێتان
ئەگەر پەردەی چاوتان لادەن
بۆ تیرێژی وانەی تازەم
ئەگەر ئەمجارە قژی شێواوی باوەڕتان
مشتوماڵ دەن بە ڕۆنی ئەم وانە تازەم
بەڵێن ئەدەم …..
بەڵێن ئەدا هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ ئەخەڵەتێنێ و ئاژەڵمرۆی لێ دروست دەکات،بکاتە تۆپی ڕەنگاڵە و بیخاتە زەوی فوتباڵی منداڵانەوە.
ئەوسا شاعێر دەبێتە حکایەت خوانی کۆماری بێدەنگی. ئەو هەرێم و کۆمارەی کە دەنگی کپ کراوە و گوێی ئاخنراوە. کۆمەڵگایەک کە تەنیا و بێکەس لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا تەریک ماوەتەوە. دەنگی تاکی ئەو کۆمەڵگایە خەفەکراوە و تریفەی روخساری کچانی لە بن هەوری چارشێودا حەشار دراوە و ئازادی و ئەوین لە سەهۆڵبەندانی دوورە بەهاردا ڕچاوە، شاعێڕ لە شێعری هاواری بێدەنگی دا لە ڕاسپاردەی جەبران خەلیل جەبران دەچێ کە وەک پێغەمبەرێکی ڕاستەقینە بۆ ڕزگار کردنی خەڵک لە بێدەنگی و بیرڕچیان و ئاوات خنکان و ژین بە خەساری، هاوار دەکات و لە قووڵایی زامەکانی گەلدا ڕۆدەچێ و دەریایەک شەپۆلی دەنگ دەخولقێنێ و دەریای بیر و هەست و ئەندێشەی خوێنەر دەهەژێنێ :
دەنگ
چەپڵەبارانی بەربووکی پەلکەزێڕینەی هەتاوە
بۆ گۆڤەندی باخچەی وشک و تینووی ڕۆحمان
هەناسەی سەوزی بەهار و
مچوڕکی باخی حەزمانە
لێوی سڕبووی کۆماری ئەشق
دەخاتە شکۆفەی ژین …..
شاعیر کاتێک سەنگەساری کچانی پەلکە شۆڕی قەسیدەی دەبینێ و لە هاواری بێڕەنگی و لە کۆماری بێدەنگییەوە هاتە پەیڤین،ئەوسا بۆ موعجزەیەک دەگەڕێ کە بتوانێ لەم مەراق و دەردانە ڕزگاری بێت و باڵی حەزی بکاتەوە و وەکوو مرۆڤ بژیەت. ئەوندەی ئاواتی گیانەڵایەک بۆ سێحری دەرمانێک، لە ڕۆحی مەولەوی و دەستانی عیسادا هەستی شێعراوی و پیرۆزدەکات و بۆ حەزەرەتی ئازادی دەنێرێ:
ئەوندەی هەموودونیا
کەویری ئاواتی ئێمەش
هەناوی پڕبە سۆی ئێمەش
چەمانی وشکە ڕۆی ئێمەش
چاوەڕێی موعجیزەی تۆن
ئەی حەزرەتی «ئازادی»
کە ئازادی نەبوو ژیان ڕەنگی نامێنێ و هەموو شتەکانی تر لە بێڕەنگیدا دەمێننەوە. گەشە بەرەو ژاکان دەچێ و وردە وردە پایزێکی ڕەنگ بزرکاو باڵی بە سەر هەموو جوانییەکاندا دەکێشێ. شاعێرلە نەبوونی ئازادی دا لە ژیانی پڕ لە ژانی ژنان دەدوێ. ئەو ژنانەی زۆر زوو بەفری غوربەت لەسەر سەریان دەنیشێ و تەنیا لە ئاوێنەی خەیاڵدا بەفرپۆشی قژەکانیان ڕەش دەبێتەوە و سەد مەخابن ڕۆحیان لە قەفەسدا وەکوو مەلێکی غەمگین پەڕوپۆی دەوەرێ و لە ورینگە و دەنگ و باڵەفرتەش دەکەوێ. کە ڕۆح ژاکا ناوەندی بیرو ئەندێشە ژاکاوە. کە بیر و ئەندێشە نەما ئیتر نیوەی کۆمەڵگا دەژاکێ و لایەکی هەمیشە تاریک ژیان دادەگرێ:
ژنێک دەناسم
درەختی ناوەکەی بە گشت بایەک
ڕادەشەکێ لێرە و لەوێ….
کەچی خۆیشی نە دەنکێ ئەندێشە و
نە دەنکە هەنجیری شێعر،هیچ ناگرێ
ئەفسووس! ئەفسووس!
لەوەها بارودۆخێکدا ئەو دوو نیوەی کۆمەڵگایە هیچ تەبا و ڕەبا نابن و ئەوەی بەناوی ژیان لەم دوو نیوەوە سەرهەڵدەدا جگە لە دۆزەخێک هیچی ترنییە. کە خولیاکان باڵ نەگرن و لە باڵای بیری یەکتردا هێلانە نەکەن، ئەوین دەبێتە نایلۆنی و لە گوڵدانی ئەندێشەدا دڕکی بەد گومانی دەڕوێ. هەر بۆیە شاعیری زامستان و پشکۆی هاوار لە وەها حاڵەتێکدا ئاوڕ لە ژیانی هاوبەشی ژن و مێردایەتی دەداتەوە و بە وشە سێحراوییەکانی باشی و خراپییەکانی هەڵدەسەنگێنێ:
یاسای ژن ومێردایەتی
مادەکانی حزبایەتی
هەر کام بۆیەک،بۆ چاودێری
لە چوارچێوەی دیسپلیندا
بۆ ئەوی تریان دەڕوانێ
ڕێگە و جێگە وئەندیشەیان
هەستی«ڕوباتێک» دەیزانێ!
هەر لە شەن وکەو کردنی بارودۆخی ژیانی هاوبەش و بنەماڵەدا بە ناخی ناشیرینییەکاندا ڕۆدەچێ و ئەمجار نەگۆڕی ژیان و چۆنییەتی ژیان بەسەر بردنی جیلەکان دەخاتە بن زەڕڕەبینی ئەندیشەی شاعیرانەوە و کاتێک دەبینێ هیچ ئاڵوگۆڕێک پێک نەهاتووە و ژیانی جیلەکان هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە، ئەم تراژدیایە لە چوارچێوەی شێعرێکی جوان و ساکاردا دەخولقێنێ و دەڵێ:

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

کەچی لە وڵاتانی پێشکەوتوو گەورە نووسەر و فەیلەسووفەکانیان خۆیان بە کاری منداڵانەوە ماندوو دەکەن و هەر ئەوەش پێشکەوتن بەدوا خۆیدا دێنێ . هەڵبەت بە گشتی لە نێو ئێمەدا ڕەخنەگر کەمە . زۆربەیان ڕۆخێنەر و جنێوفرۆشن . لە جێی ڕەخنەی بەجێ و کارساز نووسەری دەق دەڕووخێنن . هەموو شتێک لە بەرتیشکی فەرهەنگ و بە کەلتوورکردن دێتە ئاراوە . هیچ فەرهەنگیازییەک لەم بارەوە نەکراوە.

پرسیار: بە ڕای تۆ چی بکرێ باشە، بۆ ئەوەی شاعیران و چیرۆکنووسان و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد لێک نزیک بن و ئاگاداری بەرهەم و چالاکیی یەکتر بن لە هەر چوار بەشی کوردستان، بۆ ئەوەی بزانرێ چی و چۆن بۆ منداڵان دەنووسرێ.
وەڵام:
بەڕای من لە باشوور دەبێ ناوەندێکی تایبەت بە کاری ئەدەبیاتی منداڵان دابمەزرێ و کۆمەڵێک پسپۆڕی چالاک لە هەر چوارپارچە بانگهێشتی کار بکرێن و بە پێی بەرنامە و گەڵاڵەی تایبەت کار بکرێ و لە ڕێی ئەو ناوەندەوە ئاگاداری چالاکی هەموو شاعیران و چیرۆکنووسان و خەمخۆرانی ئەدەبیاتی منداڵان ببین . هەموو شاعیران و نووسەران بناسرێن و کارەکانیان بناسرێ . ساڵانە لە چوارچێوە سەمپوزیۆمێکدا کاری ساڵێک چالاکی و نووسین و چاپی کتێب و کاری ئەدەبیاتی منداڵانی چوارپارچە هەڵسەنگێندرێ و پۆلینبەندی بکرێ و پێش بە کاری دووپاتە و چەندپاتە بگیرێ. چالاکانی بواری منداڵان خەڵات بکرێن و ڕێز لە زەحمەت و هەوڵیان بگیرێ . بەرهەمەکانیان بۆ چاپ بکەن و کوالێتی لەبەر چاو بگیرێ. و....

پرسیار: نزیکیی و پەیوەندی نێوان هەر دوو بواری: ( ئەدەبیاتی منداڵان و پەروەردە ) چۆنە، یان ئەدەبیات دەتوانێ بواری پەروەردە بەرەو پێش ببا؟
وەڵام:
هەر نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵان شارەزای پەروەردەش نەبێت ، ناتوانێ لەم بوارەدا خزمەتی باش و بەر چاو بکات . بەشێکی زۆری پەروەرەدەی منداڵ لە ڕێی ئەدەبیاتەوە دەکرێ . لە لایەکەی‌تریشەوە ئەگەر ئەدەبیاتی منداڵ لە چوارچێوەی پەروەردەی ساغ و گەشەسەندوو دا نەبێت ، ئەدبیاتێکی سەقەت و پڕ لە خورافات و دواکەوتوویی دەبێت . بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەدەبیاتی بەهێز و گەشەکردوو دەتوانێ پەروەردە بەرەو پێش بەرێ و لە لووتکەی نزیک بکاتەوە. ئەدەبیات دەتوانێ منداڵ بەرەو ژیانی ئازاد بەرێ و لە دەمارگرژی و خورافات و شۆڤێنیزمی دوور بخاتەوە و مرۆڤخواز و سروشتخواز و موڕاڵخوازی لێ دروست بکات .


ئامادەکردنی: ڕۆستەم خامۆش

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز "شەماڵ ئیسماعیل پوور" سەبارەت بە ئەدەبیاتی منداڵان.

پرسیار: لەکەیەوە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی؟
وەڵام:
من ساڵی 1992 بووم بە مامۆستای سەرەتایی و هەرلەو ساڵەوە لە بەر ئەوەی لە گەڵ منداڵانی قوتابخانە کارم دەکرد و هاودەمیان بووم دەستم کرد بە نووسینی شێعری منداڵان . لەو ساتەوە تا ئێستا جاروبار شێعری منداڵان دەنووسم .

پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیەو چۆن لە شیعری گەورەساڵان جیادەکرێتەوە؟
وەڵام :
شێعری منداڵان دەبێ پڕبێت لە هەست و تایبەتمەندی دونیای منداڵ . لە قسەی پڕ پێچ و پەناو و ئاڵۆز و ئاوێتەی نەسیحەت دەبێ دوور بێت . بە زمانێکی سادە و ساکار و بێگرێ‌وگۆڵ نووسرابێ . وشەی ڕەق و تەق و نەسواو و دوور لە زەینی منداڵی تێدا نەبێ . ئەوەندەی دەکرێ لە جیهانی ئایدیۆلۆژیا و بەسراوەی گەورەکان بێ بەری بێ. وەکوو جیهانی منداڵ پاک و پڕلە ڕەنگی ژیان بێ . بتوانێ منداڵ بخاتە ئەو دونیا پڕ لە جووڵە و جوانییەوە کە شیاوی ئەوانە و هەمیشە تێیدا نوقم دەبن . شێعرێک بێ دەروازەی وشەی جوان و ڕەسەنیان بەڕوودا بکاتەوە و گەنجینەی وشەیان دەوڵەمەند بکات .

پرسیار: لە ئێستادا شیعری منداڵانی کورد لە چ ئاستێکدایەو چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟
وەڵام: گەلی کورد بەداخەوە نەیتوانیوە بۆ شێعر و ئەدەبی منداڵان بە گشتی خاوەنی پڕۆژە بێت و هەربە شێوەی پاشاگەردانی کاری بۆ کراوە . زۆرجار شاعیری شێعری منداڵان بە بێ سەرنجدان بە دەروونناسی منداڵ و زانستی داڕشتنی شێعری زارۆک ، شێعری نووسیوە و بە زۆر لە دەلاقەی ئەدەبی منداڵانی تەپاندووە . هەر بۆیە بەداخەوە لە چاو گەلانی پێگەیشتوو ، خاوەنی شێعری منداڵانەی زۆر سەرکەوتوو نین و شاعیری پسپۆڕی شێعری منداڵمان کەمە . بە پێچەوانەی نەتەوکانی‌تر ، لەو شاعیرانە بێ بەشین کە هەموو تەمەنیان تەرخان کردبێ بۆ شێعر و ئەدەبی منداڵان . لە باری چیرۆک نووسینیشەوە بە داخەوە کۆڵین و دەبوو زۆر لەوەی ئێستا کە هەیە ، زیاترمان هەوڵ دابا . زۆربەی شێعری منداڵانی کورد ، لە هەستێکی گەورانەوە سەرچاوەی گرتووە و بە چاوی گەوەرکانەوە لە جیهانی ڕوانیوە . دەبێ ئەوەش بڵێم کە بە خۆشییەوە چەند شاعیرێکی لێزان و زمان پاراو و ئاشنا بە جیهانی مندڵان سەریان هەڵداوە و دیانەوەێ پسپۆڕانە لەم بوارەدا کار بکەن کە هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سۆنگەی هەوڵ و کار و تازەگەری ئەوانەوە بتوانین شاهێدی گۆڕان‌کارییەکی باش و بەرچاو بکەین لەم بوارەدا .

پرسیار: تۆ، چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان دەکەی، یان شارەزایان و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە، چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵانیان کردووە؟
وەڵام: ئەگەر بێین و پێناسەیەک لە ئەدەبیات بە گشتی بکەین ، ئەوسا پێناسەکردنی ئەدەبیاتی منداڵان کارێکی ئاسانتر دەبێت . سارتر دەڵێ : ئەدەبیاتی هەر گەلێک لەو خۆنیشاندانە هونەریانە پێکدێت کە دەچێتە چوارچێوەی وشە و کەلامەوە . بەم پێودانگە هەر کارێکی هونەری کە بە زمانی منداڵان و بە پێی فامی منداڵ ئامادەکرابێ و لە بواری چیرۆک و شێعر و شانۆ و ئەفسانەدا خوڵقابێ و هەستی جوانیناسی منداڵان بهەژێنێ ، ئەدەبیانی منداڵە. هەر دەقێکی خوڵقاو کە منداڵ پێوەندی لە گەڵدا بگرێ و ببێتە هۆی گەشە و ناسینی ئەو و کاریگەری لە سەر منداڵ هەبێت ، ئەدەبیاتی منداڵانە. هەر نووسەرێک چی لە جیهانی‌ منداڵ بۆ گرینگە ، بۆ پێناسەی جەختی لەسەر ئەوە کردوە.

پرسیار: شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن لە نووسینی شیعر و چیرۆکدا، پێویستە شارەزاییان لەچیدا هەبێ؟
وەڵام:
دەبێ ئەدەبیاتی منداڵان زۆر بە جوانی بناسن و شارەزاییەکی پوختیان لە سەری هەبێت . وەکوو یەکێک لە لقەکانی ئەدەبیات چاوی لیبکەن و بۆ ناسینی خوێندنەوەی تایبەتیان ببێت . لە بواری دەروون‌ناسی منداڵەوە شارەزا بن . قوناخەکانی گەشە و گەورەبوونی منداڵ بناسن و لە سەر گرووپە تەمەنییەکان بە تەواوی شارەزا بن و بزانن کە بۆ چ تەمەنێک دەنووسن و تایبەتمەندی ئەو تەمەنە چییە . دەبێ بزانن منداڵ بە پێی تەمەن ساڵانی سەرەتای ژیان و تا نزیک دوازدەساڵیش لە قوناخی ئابژێکتیف دان و نووسراوەکانیش دەبێ هەر لەو قۆناخەدابن ، مەگەر ئەوەی کە منداڵ ئەو قۆناخەی تێپەڕاندبێ و چووبێتە قۆناخی سۆبژێکتیڤەوە. جا ئەگەر نووسەر و شاعێری منداڵان ئەوە نەزانن ، ئەدەبێکی سەقەت بەرهەم دێنن و بە دڵنیاییەوە بەکاری منداڵان نایەت .
پرسیار: لە ڕووی دەروونناسییەوە، ئەدەبیاتی منداڵان تا چەند بە گرنگ سەیر کراوە، یان قسەی دەروونناسان چیە لە بارەی گرنگیی ئەدەبیاتی منداڵان؟

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

‌ سادقی هیدایەت دەڵێ:

هۆ نابینا ، خەم داتنەگرێ!
دونیا شتێکی جوانی تێدانییە بۆ دیتن!
بڕوا بکە ئێمەش خۆمان داوە لە کوێری!
نە گریانی ماسییەکان دەبیندرێ و
نە خەونی گورگەکان و
نە کەوتنەخوارێی هەڵۆکان و
نە دەروونی مرۆڤەکان.......

وەرگێڕان : شەماڵ
@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

‌ لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

شەماڵ ئیسماعیل پوور

تۆ
هیچ بەیانێک
نە لە سەفەری ناکامڵی مانگ دەدوێی
نە ئەستێرەیەک
دەکەیە نیشانەی ئەو ڕێگایەی
تریفە‌شەو بەرەو مانگت دەبا
منیش
هەموو ڕۆژێک
شەتڵی گزینگ لە دێراوی ئەوین دەدەم و
لە پاراو دا
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
بۆ شەونمی بەرەبەیان
نە لە باران و سەوزە دەدوێی
نە لە سەر پەلکی هیچ گوڵێک
نمێک لە سپێدە دەخەیتە چاو
منیش
نمەنمە بە شۆڕابەی شەو دا دێم و
لە چەخماخە و شەبەق دەخێزم
سارین
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
تاڵێک لە شەو بەدوو خۆتدا ڕادەکێشی و
هەودا هەودا شەوان لەیەک گرێ دەدەی
منیش
بۆ زەردەی سەران دێمە سوژدە و
نوقمەساری هەقیقەتم
چێشتەنگاوان
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
داری هیچ پرسیارێک
لە زۆنگەڵەی مێشکت
بنج‌داناکوتێ و
منیش
گەڵای پرسم تورتن
کاتێ گوڵی وەڵام دەگرن
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
بە بێ خەونێک هەر لە خەو دای
بێ گرێدانی دوو لق تیرێژ
تەنیا هەبوون بوونی تۆیە و
منیش
چۆپی گری بیرم لە شەوگەڕدا
پاش دەسبەردان و هەونای دەهۆڵ
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
قەدەرت بە چارەنووسمەوە
پێکانمان پێملی یەک ڕێن
ئەوەی ڕێبوارە دەژی
هەبوون وەنەوزە بۆ مان و نەمان
زۆنگەمێشکان دەکەینە باغ
گەڵا گەڵا پرس بڕوێ
خەونەکانمان
لە پەنجەی هیچ خەولێکدەرێک ناخەین
لە گەڵ هەر هۆرامانێکدا
لە سەر دەستی تیشک و هەتاو
خەونی نوێمان تەعبیر دەکەین
لە ئیشراق و هەتاو دەدوێین
بە دەروازەی هەقیقەتا تێدەپەڕین
بە ملیۆنان ڕووەکی نوێ
دەگوورێین و بەلەز دەڕوێین

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

(شەوێک و خەوێک)

شــــــەماڵ ئێیماعیل پوور

لەو شەوانەیە کە دڵم بە قەت هەموو جیهان تەنگە. بە زۆر و ئاستەم دەتوانم وشەیەکی لێ دەر بێنم . حەزم لە گریانێکی بە خوڕە و ناتوانم . چاوەکانم گۆمی خوێنن و هەڵچوڕانیشیان مەحاڵە. بە ژانە ڕێی تەنیاییدا تێدەپەرم . ژانێکی تابڵێی دوور و درێژ ، سەرتاپای لەشم دادەگرێ. نازانم لە چی دەدوێم ، نازانم ژیان چۆن کەوتووە وا خەریکە هەناسەم لێ دەچنێ. هەموو قورسایەکانی داوەتە شانم. لە شان و ملم ڕادەبینێ و بە باری دەزانێ. باڵام دەکا بە کەوان و تیرێکی سەقەتم پێ دەهاوێ. پەنجە بەهێزەکانی لە کەللەی سەرم دەچەقێنێ و دەیگوشێ. نازانم چیم لێدێ ؛ بەڵام لە پڕدا دەبمە کۆگای ئاگر ، بەرچاوەکانم ڕەش دەبێ. هاڵاوێکی تابڵێی ناحۆش و نامۆ لە ڕوخسارم دەدرێ. ڕەنگە هەنگاو هەنگاو بەرەو پیری ڕاکێشم بکا. دەستێک سارد و بێ ڕۆح بەرەو زریان و ئاقارێکی تاریک و سڕ ، ڕامدەکێشێ. شەو لۆیەک لە عابا ڕەشەکەی دەخاتە ئەستۆم . گۆرانییەک لە چەشنی کۆچ و بەستەڵەک بە گوێمدا دەچرپێنێ. نازانم کوێوە دەچم ، هێندە دەزانم ڕوو لە هەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم . ڕەنگە پێویست بێ مرۆڤ ماوە ماوە هەست بە پەنجە ساردەکانی مەرگ بکا. هێدی هێدی چاوەکانی بۆ چەند ساتێک بە نەمان بسپێرێ . لە خەڵوەتی پرچ درێژێکی چاوسووری ڕۆح ئەستێندا وەحەسێ. ئارام وەکوو زراوی تۆقیوی سوارێکی لە خانی زین فڕێ دراو . وەکوو کچێکی بەردەم پیاوێکی ڕیش خورمایی بێ بەزەیی پڕ لە هەوەس، وەکوو کەروێشکێکی دەست و پێ بەستراوی چوار دەور بەتاژی گیراوی دەست پیرە ڕاوچییەکی بەربەسێڵ خۆر. مەرگ بە دەموددانێکی داپچڕاوی شاشەوە خۆی نیشان بدا و مرۆڤیش وەک سۆفیلکەی هەموو دوعایەک لە بیر چوو ، تەنیا خۆی بە ڕیشە تەنک و کورتەکەیەوە هەڵواسێ. تەنیا بە فرمێسکەکانی ، گەرمی بە ڕوخساری ڕچیاوی ببەخشێ. مرۆڤ شەکەت دەبێ و بە چۆکدا دێ . وەک کەڵەکێوییەکی تەمەن تێپەڕ بوو زرم بە زەوی دا دەکەوێ و زۆر سانا دەمرێ. چەندە بە دژواری دەژی ؛ ئاواش سادە دەمرێ. لە پایزێکی سارد دا ڕەنگە ئیتر پەل بۆ هیچ بەهار و هاوین و تەنانەت زستانێکیش نەکوتێ. مرۆڤ بێ دەسەڵات وەک کۆترێکی باڵ وەریوی مەرگە ساتێ ،بە دەندووکێکی هاوار تێدا قەتیس ماوەوە بە قولاپی مەرگەوە بێ . تۆ بڵێی ژیان تاکەی لە هەرمان و سەوزە و شەراب و جوانی و ئەوین بدوێ؟ تۆ بڵێی ئەم ئەسپە خورتە تاکەی بحیلێنێ و سمکۆڵ بکا و لە هەموو ئازرەکان خۆ بدزێتەوە؟ بێگومان مەرگ شەوێک هەر وەک ئەمشەو سووک و سادە چۆک بە ژیان دادەدا و دەستی مرۆڤێکی تر دەگرێ و بوخچەکەی لە بەرزەخێکی وشکەڕۆدا بە عەرزیدا دەدا و سەرمەست لە پێمل کردنێکی مرۆڤێکی چەتوونی تر ، گۆرانی نەمان دەڵێ. ئاها ......لە دوورەوە دەنگێکی نامۆ گۆرانی نەمان دەڵێ . نزیک ، زۆر نزیک ، نزیکتر لە هەستم ، لە تۆ و لەخودا و لە نیشتمانم ، ختوکەی ڕۆحم دەدا و پەنجەکانم بۆلای خۆی دەکێشێ. مرۆڤ چەندە دەتوانی پێمل نەبێ؟ چەندە دەتوانێ خۆی بدزێتەوە؟ دڵنیام هەر ئەمشەو ، یا خۆ شەوێکی دی، هێدی هێدی بەرەو نەمان پێ هەڵدەگرێ و پڕ بە قوڕگی گۆرانی کۆچ دەڵێ ........

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

(دڵنیایی)

تاریکی قەت
سۆمای چاوی پێ‌نادزرێ
هەرچەند شەوەی
بێت و ڕۆحی کیژان بەرێ

ئاڵی زاڵی دەتارێنن
ئەو خۆرانەی
لە هەوری قژ دێنەدەرێ

شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

تاسی دڵ

شاعیر: شەماڵ ئیسماعیل‌پوور
خوێندنەوە: پەریا موحەممەدی
میکس: بێهنام شەریفی

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

باران

باران کاتێ دەباری
بە لەشما دێتە خوارێ
دڵم دەکا بە سەوزە
وەک هەواری بەهارێ
ئای چەندە خۆشە باران
خودا زوو زوو ببارێ
بەسەر گوڵزار و کوێستان
بەنێو دۆڵ و بنارێ
ئەمن دەڵێم گۆرانی
ئەویش دەبێ بە تارێ

شـــــــــەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

دیاری هەژین ناسری
شێعری پایز
شەماڵ ئیسماعیل‌پوور
@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

ئەم خەڵکە کەوا گشتی لە سەر ئەم گۆیەن
بیردۆزن ئەگەر ، شادی لەلایان کــــــــۆیەن
گەر گەوهەری ئەم ئەقڵە نەناسن ئـــــەوسا
گش گێل و حەپۆل دایمە خەریک ڕۆرۆیەن

✍ شـــــــەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

تەوسین
(بۆ ئەوانەی ڕۆحی مردوو بەبەر نەوەی نوێدا دەکەن)

‌ ✍ شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

ڕۆحتان
کەوی دژە
بۆ ساتێ لەنجەی قەل بێ‌ئۆقرەیە

دڵتان
پەری شێتە
بۆ دیتنی ڕەشە دێوێ بیزوو دەکا

پەنجە
دەنێنە ئەو قژەی
کەللەی ڕزیو کێڵگەیەتی

کەچی
بەردی سنگتان هەنووکەش
خۆشەویستی و عەشقی ناوە

بێژن
جەرگتان بەسەر سێڵێکی
کام داخەوە هەڵقرچاوە

☘☘☘☘☘☘

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

"کە تۆ نابی"

له شارا نی به قوڕگيرێ به جارێ
دڵم دەمرێ بزەی لێوم دەتارێ
كه تۆنابی وەكوو شێت نيمه ئۆقره
هەموو خەڵكی دەزانن نی له شارێ
له خۆشی و كامەرانيش بێت و بدوێم
له چاوم هەر زوخاو و خوێن دەبارێ
به سەر دەريای خەمانا وەك مراوی
شەپۆلان دەمپسێنن له کەنارێ
لە لێوی مانگ و گوڵ بوو خاکەلێوە
کەچی نەمدی بکا گوڵ تاقە دارێ

شەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

شیعری تاسی دڵ
شەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

دنیای من و منداڵەکەم
هەر تەونێکە و نەخشەی دڕاو
خەونەکانمان ئاسمانێکە و
هەر یەک خەیاڵی باڵ کراو
ساڵمان یەک ڕەنگ
سازمان یەک دەنگ
تەنیا دووشت بە جیا دەژین
من بە ئاواتی ڕابردوو
ئەو بە خەیاڵی داهاتوو
شاعیر لە خەمە گەورەکانی نیشتماندا تل دەدات و دانە دانە بە زامیانەدا تێدەپەڕێ. لە شێعری گیتاردا پێی وایە دەردی ئەو و گەلەکەی هێندە لە دەردی گەلانی تر جیایە کە نە ئەوان دەتوانن لە ئێمە بگەین و نە ئێمەش بە باشی لەوان.
شاعێر لەم شێعرەدا لە گەڵ گەلانی بەش مەینەتی جیهان هاو سۆزە و زۆر زوو دڵی دەکاتە هێلانەی کەنارییە هەڵفڕیوەکەی هێندوستان. ئاوڕ لە کوردقڕان و ئەرمەنی قڕانی خەلیفەکانی ئانکارا دەداتە و دیسان لە گەڵ ڕۆژ ڕەشییەکانیاندا شین دەگێڕێ. هەڵقرچانی هەڵەبجە و شمشێرە سوورەکەی سەعدی وەقاس و زامی هەورامان و ئەنفالی بێ بڕانەوە،پێکەوە گرێ دەدا و هەمیسان شین دەگێڕێ. بۆ هەڵفڕینی تەوار و غەزەلی حافز و داخرانی دەرکەی بەندیخانە دەبێتە بەهار و سەوزەزار. ناخی بۆ شەپۆلی دڵڕفێنی شەرابی مەولانا و ئەندێشەی سەعدی و لوتکەی دەماوەندی شاملوو لە پەنا نالی و مەولەوی تاوە گۆێزدا دەکاتەوە. باسی تەواوی ئەو زامانە دەکات کە لە کورشەوە دەست پێدەکات و لە عەمامەی سەفەوییەکانەوە بە دم دم دا تێدەپەڕێ و دەستێک بەسەر کۆرپە ساواکەی کۆماردا دێنێ و دیسان لە پڕمەی گریان دەدات وەکوو گۆران شێوە هیوا ڕۆڵەڕۆی بۆ دەکات. لە سەدەیک شەڕ و خوێن و تالان و بڕۆ دەدوێ:
هەزاران پۆلە هاوار و
بە هەزاران هەڵفڕینمان
بۆ پێشوازی عەشق چوون و نەهاتنەوە
هەتا ئێستاش، نە قەفەس تێرمان لێدەخوا
نە شمشێریان پاراوی ئاوی ڕۆحی من ….
لە رۆژی باوکدا باوکی کۆڵبەر دەمرێ و لە ڕۆژی دایکدا جگەرگۆشە دەمرێ و لە ڕۆژی مامۆستادا مامۆستا لە دار دەدرێ. سەرڕای ئەو هەموو دەردەش دەبینێ سازەکان لە خەودان و شێعرەکان قسرن و خەونەکان بێ سەروشوێنن. هەر بۆیە شاعیر گیتار دەکا بە هێما و لە گەڵی دەدوێ و دەردە دڵی لە گەڵدا دەکات. بە قەت هەموو ئازارەکان دڵی لەوە پڕە کە هەموو ئەو دەرد و داخانە بۆ وڵاتانی گیتار تەنیا هۆیەکن بۆ بازرگانی. ئیتر تەنیا بڕوای بە هێز و ساز و دەنگ و شێعر و هەستی خۆی دەمێنێ و پشت بە خۆی و چیاکانی دەبەستێتەوە:
پەردەی کەونە سازم شین دەخوێنێ و
شێعرم سوورە لەناو خوێنی وشەکانی
بەڵام ئەمڕۆ
لانەی بەرزی سازی سەری پڕ لە ئەندێشەی تازەم
ئاسۆی مێژووم پڕپڕ دەکات
لە جریوەی ژیانەوە و
لە باڵەوازەی وشیاری و نەزمی فڕین
لە ئاوازی بەرزی شعوور
لوقمانی شاعیری ئەوین و خۆشەویستییە. بە سروە پێکەنینی خونچەی نازدەکاتەوە و لە شەونمی گوڵی گۆنا دەدوێ و گەڵای بسک شانە دەکات و داوا دەکات دڵدار دەستی گەرمی دڵی بگرێ. ئەوین لە ڕازی باران دا دەبینێ و بە سروشکی تەمی گۆنای یار دەڕەوێنێ. بە ڕازی عەشقی دڵدار شادە و دەمی دەم لە دەم نان ئارام دەگرێ و لە دووری یار مەرگی دووری چەشتووە. ئەم دڵە پڕ لە ئەوینە دەخوازێ لە پاش مەرگیش هەر بە ئەوینەوە ڕۆحی لە گەڕدا بێ:
من لەخوام دەوێ گەر ڕۆژێ مردم
ڕۆحم بکاتە بەر پەپوولەیەک
خۆشەویستی ناو هەموو دڵان بێ
بەهارێک تەمەن
لێو لە سەرلێوی گەرمی گوڵان بێ
مامۆستا ڕەحیم لوقمانی جیا لە شێعروشاعێری ئاوڕی لە ئەدەبی مناڵانیش داوەتەوە و چەند پەڕتووکی جوان و کەم وێنەی پێشکەش بە کتێبخانەی بێ نازی مناڵانی کورد کردووە. لە وەرگێڕانیشدا ئەسپی تاوداوە و سەلماندوویەتی دەتوانێ شۆڕەسواری ئەو ڕێگەیەش بێت. چەند کتێبی لە بواری چیرۆکی فولکلۆر و کارەساتەکانی گەلی کورد و هەروەها بابەتگەلی تری بە چاپ گەیاندووە. خاوەنی دەیان وتاری زانستی و بە کەڵکە کە لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا چاپ کراون. با ئێمەی کوردیش نووسەران و شاعیران و خەمخۆرانی نەتەوەکەمان بکەین بە تاجی سەرمان و گوڵزاری ئەندێشەیان بە ئاوی خۆشەویستی و پێزانین ئاو بدەین و چی تر لە هیچ شاعێرو هیچ دڵسۆزێکی تر ئەم شێعرە نەبیستینەوە:
تۆ گوتت من
پەڕیوەی خاکی هەندەران
ئاوارەی ناو تاریکترین کووچەی دنیام
بەڵام من
لە خاک و شار و زێدی خۆم
غەریب غەریب
تەنیای تەنیام


سەرچاوە:
زامستان و پشکۆی هاوار- ڕەحیم لەقمانی - انتشارات علمی کالج- ١٣٩٣
تێبینی : ئەم وتارە لە ژومارە 16ی گۆڤاری بەیاندا چاپ کراوە
@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

رەحیم لوقمانی شاعیرێک لە خێڵی داربەڕوو

د.شەماڵ ئیسماعیل پوور

خەم و دەردی زەمانە پیری کردووم وشک و بێ زەوقم
کە شاعێروشک و بێ شۆر بوو لەناو خەڵکی دەبێ لاچێ(مامۆستا هێمن)

کەم شاعێر هەیە وەکوو مامۆستا ڕەحیم لوقمانی بە لاوی شێعرەکانی کرابێتنە بەستە و گۆرانی و لاوانی وڵات بە شۆر و زەوقەوە بیڵێنەوە و ئاوا زوو بچێتە دڵی گەلەکەیەوە. ڕەنگە هۆی ئەمەیش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مامۆستا ڕەحیم لوقمانی خزمەت بە ئەدەب و فەرهەنگ و فولکلۆری کوردی( بە هەموو لقەکانییەوە) و هەروەها ڕۆشنگەری کردبێتە هەوێنی کارەکانی و بە زمانی نووسین و موسیقا و دیکەی هونەرەکانی ترلە مەیدانی چالاکی و ڕاژەدا بووبێت. لە ئاوڕێکی خێرا لە کار و چالاکییەکانی ئەم شاعێرە دەروەستە دەمانەوێ سەرپۆش لە سەر ئەم ڕازە لادەین و بێ ئەوەی هەوارمان لە بەستێنی پێداهەڵگوتن و تاریفی نابەجێ هەڵدابێ لە ڕێی کارەکانییەوە جارێکی تر بیناسینەوە.
بە درێژایی مێژوو شاعێران یان دۆستی دەسەڵات بوون و لە لایەن حاکمان و دەسەڵاتدارانەوە گەورە کراونەتەوە و خەڵاتیان پێ دراوە و لە پڕدا وەکوو کارگ هەڵتۆقیون ،یا خۆ دژی دەسەڵات بوون و بە شێوەی جۆراوجۆر سزا دراون. دیارە شاعیری دیوەخان و دەسەڵات فڕی بە سەر ڕۆشنگەری و ڕۆشنبیرییەوە نەبووە و تەنیا کاری ئەوە بووە بە شان و شکۆی میردا بخوێنێ و پرێسکە پرێسکە زێڕ و ئاڵتوون وەربگرێ و و شێعرەکانیشی پێش لە خۆی بمرن و لە بن سەری حاکم و میردا بنێژرێن. بەڵام شاعیری دەروەست و دژە دەسەڵات هەر بە زیندوویی لە دڵی خەڵکدا ماڵ دەکاتەوە و پاش مەرگیش هەر لەو ماڵەدا دەمێنێ و شێعرەکانیشی وەکوو ئەستێرە پرشنگ داوێن.
ڕەحیم لوقمانی شاعیری دژە دەسەڵاتە و هەمیشە قەڵەمی سەر شۆڕ و شێعری ڕووڕەشی لە قاوداوە و باسی ئەو بەرماڵە شێعرییانەی کردووە کە ڕووگەیان کەعبەی دۆلار بووە. بۆخۆشی وەکوو شاعێر لە گەندەڵی کورسی و دەسەڵات و بۆنی زێڕ سووتی نەفت دەدوێ. لە هەموو ئەو شتانە بێزارە کە زوڵمی دەسەڵات دەکاتە خێر و بەرەکەت و چاوبەستانە بەسەر خەڵکی هەژاریدا دەبارێنێ:
وا دەبینم هەمووڕۆژێ
پیاوانی سەرخۆشی دەسەڵات
پیاڵە پیاڵە عەداڵەت و
پەرداخ پەرداخ ئارەقی ڕۆحی گەل و
مەزە مەزە مافی ژنان دەخۆنەوە…
بۆ نیشاندانی جیاوازی نێوان خەڵکانی لێزان و شارەزا و خەمخۆر و مرۆڤدۆست لە گەڵ حاکمان و پیاوانی دەسەڵات شاعیرانە جلوبەرگی لورکا و گادامێر و ڕامبۆی شاعێر و ڤیکتۆرگارا و چامسکی لە بەر شاعیران و هونەرمەندان و نووسەرانی وڵات دەکات و جلوبەرگ و پۆتینی هیتلێرو ستالین و موسولینی و پینووشە دەکاتە بەر حاکمان و پیاوانی دەسەڵات.
ئەگەر کاک سوارەی شاعێرکاتی خۆی ناخۆشییەکانی ژیانی لە شاردا دەبینێ و دڵی لە شاردا پڕ لە دەرد و کوڵ دەبێت، ئەوە لوقمانی شاعیر دەبێنێ کە چاوی گوندیش بە شەوارە کەوتووە و گوندیش لە گوڵ ئەستێرەی باخی شەو بێ بەشە و قاقای موتۆڕ دەنگی زەمزەمەی وردەخیزەکانی کانی دەخنکێنێ:
بێوەژنی درەختی بێ شنەی قژ زەرد
تاسەباری حەسانەوەی ڕێبوارێکە
…..
کاتێک گەلێک بە ماوەی سەدەیەک چالاکی و تێکۆشان پەیتا پەیتا شکست دێنێ و کارەساتی جەرگ بڕی بەسەردا دێ و ناکامی باڵی بەسەردا دەکێشێ، ئەمجارە وەهم سەرتاپا ژیانی خەڵک دادگرێ و بەختیارعەلی گوتەنی هەموان بەردەوام دەکەونە دوای تارمایی و شەڕبۆ سەرکردە تارماییەکان دەکەن. هەر بۆیە شاعیر لە شێعری پەشیمانی دا بە قووڵایی ئەم وەهمەدا ڕۆدەچی و وەکوو ڕۆشنگەرێکی لێزان بەردبارانی پەنجەرەی ئەندێشەکان دەکات. وەهم ژیان دادەگرێ و عەداڵەتی نەبوو وەک تراویلکەی خۆی دەنوێنێ و شتە پیرۆزکراوەکان خۆیان دەسەپێنن و سادە خەیاڵیش دەنگ بە مەرگی خۆیان ئەدەن. پەشیمانی ئەو شێعرەیە کە شاعێر لە گەڵ ئەوە دا لە هەموو وەهمستانی شێعرەکانی پەشیمانە،خوێنەر ڕادەچڵەکێنێ لە وەهمستان دوورکەوێتەوە و لە کێڵگەی ژیرستانی دا ژیری و حەقیقەت بچێنێ و ڕاستەقینە بدروێتەوە:
دنیا کێڵگەی ڕەنگاوڕەنگی وەهمستانە
نووستوانی وەرزەکانی وشکی خەیاڵ
ژین دەچێنن،مەرگ دەدروون
ئەی هاوڕێیان لێم دوورکەون!
پەتای پەشیمانی نەگرن!
ئەوکاتانەی نان دەچێتە پشتی شێر و بۆ پەیدا کردنی،کەرامەتی چینی هەژار و نەدار دەشکێنێ و مناڵانی برسی بۆ نان و تێرکردنی خۆیان سەر بە زبڵی کەناری شاردا دەکەن،شاعێر وەکوو کامێرا بە دەستێکی لێهاتوو لە لێنزی وشەوە ئەم حاڵەتە دەخاتە بەر چاو و دەردەکان زەق دەکاتەوە. لە هەڕاجی جەستەی جوانی سادە ژنێک دەدوێ کە لە بازاڕی کەسادی ژین دا کەرامەتی دەشکێ و بۆ مانەوەی مناڵەکانی ملکەچی ئەو بارودۆخە دەبێت. لەو شێعرە بیژوانە دەدوێ کە لە بەرکەوشی پێی سوڵتاندا کڕنۆش دەبەن.

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

وەڵام:
دەروونناسی پێمان دەڵێ منداڵ چۆن گەشە دەکات . چۆن دەدوێ. بەڕێدا ڕۆیشتنی چۆنە . چۆن دەبینێ و چۆن دەبیستێ. تایبەتمەندی بیر و تێفکرێنی چۆنە. هەست و عاتیفەی لە چ ئاستێک دایە. چۆن لەگەڵ جیهانی دەوروبەری پێوەندی دروست دەکات و تەعامولی چۆنە. پرسیارەکانی چ ڕەنگ و بۆنێکیان هەیە و بە چ شێوازێک پرسیار دەکات .

شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لە چ ئاستێکدان و بە گشتی ناسیاوی لەسەر جیهانی دەوروبەر و خۆی چەندە. ئەمانەو و دەیان شتی‌تر سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە دەروونناسی ئەدەبیاتی منداڵ بە هێند وەردەگرێ و زۆربە گرینگی دەزانێ . ئەدەبیاتی منداڵان پاڵی بە دەروونناسییەوە داوە و ڕەنگە هیچ زانستێکی‌تر هێندەی دەروونناسی ئاگای لە ئەدەبی منداڵان نەبێت . بۆ وێنە فڕۆید یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە ڕێی ئەدەبیاتی منداڵانەوە پەی بە دەیان کێشەی دەروونی منداڵ بردووە و لە هەمان کاتیشدا هەر لە ڕێی ئەو ئەدەبیاتەوە کێشەکانی چارەسەر کردووە.

پرسیار: هۆکار چیە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، شیعر  زیاتر نووسراوەو چیرۆک کەمتر، بەڕای بەڕێزت بۆچی شاعیرمان زیاترەو چیرۆکنووسمان لەو بوارەدا  کەمترە؟
وەڵام:
ئەم پەتایە لە ئەدەبیاتی گەورەساڵانیشدا هەیە و هۆکاری زۆرە . یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە کورد خاوەنی کتێب و نووسراوە نەبووە و بۆ ئەوەی بەرهەمە خوڵقاوەکان لە زەین و بیردا بمێننەوە ، بە شێوەی شێعر نووسراون . جونکە لەبەرکردنی ئاسانە و لە یادچوونیشی ئەستەم. نووسەری کورد کەمتر خۆی لە بواری پەخشان داوە و کەمتر شتەکانی گێڕاوەتەوە . چیرۆک گێڕانەوەیە و شاح و باڵ پێ بەخشینە . وەکوو ئەزموون ئەوە کارێکی هاسان نەبووە و کورد ئەزموونی تێیدا نەبووە . ئێمەی کورد چیرۆکە فۆلکلۆرەکانیشمان بە شێوازی بەیت و لاوک گێڕاوەتە . لە لایەکی‌تریشەوە چیرۆک خاوەن پلان و چوارچێوەی تایبەتە و ڕەنگە نووسەری کورد خۆی بەو چوارچێوانەوە خەریک نەکردبێ و پێی وابووبێ گێڕانەوە و چیرۆک گوتن کاری حەکایەت خوێن و داپیرەکانە . نووسینی پسپۆڕانە بۆ منداڵ دەبێ لە بن سێبەری پەروەردەدا بکرێ و پەروەردەش هەمیشە لە چنگی نەتەوەی سەردەست دابووە و ئیزن نەدراوە بە زمانی کوردی ئەو کارە گرینگە بۆ منداڵی کورد بکرێ . لە شارەکانی کوردستاندا ، سەدان و هەزاران کتێبی چیرۆکی منداڵانی غەیرە کوردی وەچنگ دەکەوێ و بە جوانترین دیزاین و کوالێتی چاپ کراون . بەڵام موخابن کتێبی چیڕۆکی منداڵان بە زمانی کوردی زۆر کەمن و ئەریش ببێت بە کوالێتی خراپ دەحرێنە بەر چاوی منداڵان و لە بەراورد کردن دا هێزی بەربەرەکانی لە گەڵ کتێب و دەسەڵاتی سەردەست دا نییە و هەر وا بە بێ هێزیش دەمێنێتەوە . بەداخەوە حکومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە کارێکی خاوەن پلان و ڕێکوپێک لەم بوارەدا بکات . دەکرا لێژنەیەک لە پسپۆران پێک بێت و کاری زۆر گرینگیان بۆ ئەدەبی منداڵان کردبا.

 پرسیار: تا چەند وەرگێڕان لە بواری منداڵان بەرەو پێشچووە، یان ئەوەی کراوە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی پێش خستووە؟
وەڵام:
وەرگێڕان کارێکی زۆر گرینگە و دەتوانێ گۆڕانکاری گەورە لە ئەدەبی منداڵاندا دروست بکات . بەڵێ لەم ساڵانی دوایی دا بە هۆی حوزووری خەڵکانێکی زۆر لە دیازپۆڕا و ناسینی زۆرتری ئەدەبیاتی گەلانی پێشکەوتوو ، نووسەرانی کورد هەستیان بەو زەروورتە کرد کە شاکاری خوڵقاو بۆ منداڵان بکەنە کوردی و منداڵی کوردیش لەو بەرهەمانە بێبەش نەبن . هەر بۆیە وەرگێڕاەکان پێشکەوتنی ئەدەبیاتی منداڵانی پێوە بوە . بەڵام هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێکرد ، کار بۆ ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ بە پێی پلان و بەرنامەی تایبەت بێت . تا ناوەندێکی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان دانەمەزرێ و وەزارەتی پەروەردەش بۆ ئەم کارە پلانی زانستی نەبێت و نووسەرانی پسپۆر و خاوەن بەهرە لە سەر میزی ئەو کارە گەورە کۆنەکرێنەوە ، پێشکەوتنی ئەدەبیاتی منداڵان بەرچاو نابێت .

پرسیار: بە بیر و تێڕوانینی تۆ، وەک "شەماڵ ئیسماعیل پوور" شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوە، یان ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا کەمە، بەڵگە بۆ پرسیارەکەمان کەمیی نووسراو و  کتێبە لەو بارەیەوە؟
وەڵام:
وەک هەموومان دەزانین لە نێو کورددا بە هۆی نەبوونی دەسەڵات و قەبارەیەکی بەهێز لە هەموو بوارێکەوە ، کاری بنەڕەتی و پڕ بەهرە ناکرێ . ئەم کارە بە پاشاگەردانی ڕووی ڕووناکی بە خۆیەوە نابینێ و دەتوانم بڵێم کاری تاکە کەس نییە . ئەم کارانە دەبێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تۆکمەدا بکرێن . پڕۆژەیەک کە لێژنەیەکی لێزان و ماندوونەناس و پسپۆڕی لە پشت بێت . نووسەران و قەڵەم بەدەستی ڕەخنە گریش خۆی لەو بوارە نەداوە . ڕەنگە پێیان کارێکی سووک و چرووک و کەم بایەخ بێت . ڕەنگە پێیان وابێت ئەم کارانە لە لووت‌بەرزییان کەم دەکاتەوە و لە شان و شکۆیان داخات .

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

"لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم ..."

شێعر و دەنگ
#دوکتورئیبراهیم_ئیسماعیل_پور
#شەمـــــاڵ

@taqetirega

/channel/NaghmeieParvaz

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

کورتە باسێک لەسەر ڕۆمانی" منداڵباز "ی فەرهاد پیرباڵ

شەماڵ ئسماعیل پوور

منداڵباز ڕۆمانێکی فەرهاد پیرباڵە و چاپی دووهەمی ئەم ڕۆمانە هی ساڵی 2006 هـ
فەرهاد پیرباڵ دەیەوێ کۆمەڵێک کێشەی گەورە بێتێتە بەرباس کە بەداخەوە کۆمەڵگای کوردی ئاوڕی لێ نەداوەتەوە و توێژینەوەی لە سەر نەکردووە. باسی سەرەکی ئەم ڕۆمانە کێشەی منداڵی نێرینەی کوردە. ڕۆماننووس دەیەوێ بڵێ کار لە تەمەنی منداڵیدا بۆ مندان کۆمەڵێک کێشەی ڕۆحی و دەروونی و جەستەیی دروست دەکات کە هیچ کات و لە هیچ تەمەنێکدا قەرەبوو نابێتەوە و هەمیشە سێبەری نەحسیان بە سەر ژیانی تاکی کۆمەڵگادا دەمێنێ. یەکێک لەو دەردە گەورانە کە ئاوقەی ژیانی منداڵ دەبێت و دواتر هەموو تەمەنی بۆژۆ دەکات ، تەجاوزکردن بە منداڵە. ئەو منداڵەی لە باتی ئەوەی لە قوتابخانە بێت و وانەی ژیان فێر ببێت و بە ساغی و شێوەیەکی دروست گەورە و پەروەردە ببێ ، لە بن کارتێکەری ئاکاری بۆگەنی گەورەکاندا دەمێنێتەوە و ئەو بۆگەنییە خۆ لە بەر لووتی دوور ناخاتەوە و هەموو ژیانیشی لێ بۆگەن دەکات . باس لە چاوی پڕ لەحیزیی پیاوی ئەو کۆمەڵگایە دەکات کەلەبەر داپۆشراوی هەمیشەیی و لەماڵخزانی ڕەگەزی بەرانبەر هیچ کات بواری ئەوەی بۆنەڕەخساوە تێر لە دیداری ژن و ڕەگەزی مێیینە بخوات و بۆ دامرکانی هەستی نێرینەیی خۆی پەنای بۆ ئاکاری چەوت و ناحەزی منداڵبازی بردووە . بەم کارە لەلایەک خۆی هێورکردۆتەوە و لە لایەکیش ڕۆح و هەستی خۆی و منداڵی بەستەزمانی بۆ هەمیشە تێکداوە و کەسایەتی هەردوولای شێواندووە. فەرهاد پیرباڵ لە لایەکی‌تریشەوە زۆر شارەزایانە باس لەو فرتوفێڵە دژە مرۆیانەی سەددامی دیکتاتۆر و بەعسی سەرشۆڕی مێژوو دەکات کە بۆ تێکدانی کۆمەڵگای کوردی لە هیچ فێڵ و ئاکارێکی حیزانە نەپرینگاونەتەوە و تەنانەت ڕەحمیان بە منداڵی پاک و بێگەردیش نەکردووە ولە دەیان ئاکاری پیس و نامرۆڤانەیانەوە ئاڵاندوون. فەرهاد باس لە کۆمەڵگای داخراوی مۆڕاڵ بە ئابڕووە گرێدراو دەکات کە تاکی کۆمەڵگا لە ترسی بێ‌ئابڕوویی و حەیا چوون پەنا بۆ منداڵ کوشتن و خۆکوشتن دەبات و بۆ پاک کردنەوەی کۆمەڵگا لەم ئاکار و بیرچەوتی و حیزەکارییە هیچ ناکات.هەر بۆیە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا جابیرجەنازەی باوکی یووسفی منداڵ و بێ‌سەروشوێنکراو و ئەتککراو لە باتی ڕاسان و یاغی بوون لە وەها کۆمەڵگایەک ، خۆی بە پەتەوەهەڵدواسێ و چاوی ڕۆحی لە بێ‌ئابڕوویی دەبەستێ و ئەم نەریتە پڕ لە خوێڕیگەری و ترسنۆکانەیە بۆ یاسینی کوڕی بە جێ دێڵێ. لەم ڕۆمانەش دا ڕۆڵی ژن چ وەک دایک وچ وەک خوشک، تەنیا گریان و شێت بوون و وڕینەکردنە. لە کۆتا خەونی یاسینی برا ئەتک و بێ‌سەروشوێن کراودا منداڵان دێنێتە مەیدان و بە هیوایە بەرەیەکی تازە لەدایک بن و هیوادارە ئەو بەرەیە پەشێوگوتەنی ژەنگی مێژوو دابشۆرن و کۆمەڵگا لە چەوتی و پڕ لە ناحەزی ڕزگار بکەن.

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

شەماڵ ئیسماعیل پوور

تۆ
هیچ بەیانێک
نە لە سەفەری ناکامڵی مانگ دەدوێی
نە ئەستێرەیەک
دەکەیە نیشانەی ئەو ڕێگایەی
تریفە‌شەو بەرەو مانگت دەبا
منیش
هەموو ڕۆژێک
شەتڵی گزینگ لە دێراوی ئەوین دەدەم و
لە پاراو دا
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
بۆ شەونمی بەرەبەیان
نە لە باران و سەوزە دەدوێی
نە لە سەر پەلکی هیچ گوڵێک
نمێک لە سپێدە دەخەیتە چاو
منیش
نمەنمە بە شۆڕابەی شەو دا دێم و
لە چەخماخە و شەبەق دەخێزم
سارین
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
تاڵێک لە شەو بەدوو خۆتدا ڕادەکێشی و
هەودا هەودا شەوان لەیەک گرێ دەدەی
منیش
بۆ زەردەی سەران دێمە سوژدە و
نوقمەساری هەقیقەتم
چێشتەنگاوان
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
داری هیچ پرسیارێک
لە زۆنگەڵەی مێشکت
بنج‌داناکوتێ و
منیش
گەڵای پرسم تورتن
کاتێ گوڵی وەڵام دەگرن
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
بە بێ خەونێک هەر لە خەو دای
بێ گرێدانی دوو لق تیرێژ
تەنیا هەبوون بوونی تۆیە و
منیش
چۆپی گری بیرم لە شەوگەڕدا
پاش دەسبەردان و هەونای دەهۆڵ
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
قەدەرت بە چارەنووسمەوە
پێکانمان پێملی یەک ڕێن
ئەوەی ڕێبوارە دەژی
هەبوون وەنەوزە بۆ مان و نەمان
زۆنگەمێشکان دەکەینە باغ
گەڵا گەڵا پرس بڕوێ
خەونەکانمان
لە پەنجەی هیچ خەولێکدەرێک ناخەین
لە گەڵ هەر هۆرامانێکدا
لە سەر دەستی تیشک و هەتاو
خەونی نوێمان تەعبیر دەکەین
لە ئیشراق و هەتاو دەدوێین
بە دەروازەی هەقیقەتا تێدەپەڕین
بە ملیۆنان ڕووەکی نوێ
دەگوورێین و بەلەز دەڕوێین

@taqetirega

Читать полностью…

تاقەتی ڕێگا( شێعر و نووسراوەی شەماڵ)

شەوە و من هەر لە ڕووناوی ئەتۆ ڕووم
بە دەنگی تۆ لە دێوجامان نزیک بووم
من و سێحری برووسکەی هـەوری نازت
چ زوو سووتام لە نێو تاریکی ڕۆچـووم

شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega

Читать полностью…
Subscribe to a channel