کاناڵی جیاواز بۆ ناساندنی شاعیرانی گەورەی کوردەواری شێعر و پەخشان ڕخنە و پێشنیارەکانتان لەسەر دیدە دادەنین {ئاڵوگۆڕمان نییە} @tiropk
تا حەیاتم بێ لە دڵما،شەرتە میهرت دەر نەکەم
ڕۆژ پەرستم تا بمێنم،سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم
شەرت و عەهدە مەیلی گەرمت قەت لە لام ساردۆ نەبێ
تا ،سەرم نەدروونە جاوو زیارەتی مەحشەر نەکم
وشکە سۆفی ڕیش بڕاوە،واعیزی سەر مینبەرم
چۆن لە داخی غەیری ئەبرۆت تەرکی هەر مینبەر نەکەم؟
گەر وەکوو مەجنون لە کێوی نەجدەدا خۆم داگرم
شەمشەمە کوێرەم کەڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم
گەر لە لێوی لەعلی ئاڵت قەترەیێکم دەس کەوێ
ڕوو ڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم
نووکی موژگانی لە خەنجەر تیژ تەرە بۆ قەتڵی من
چۆن بە جارێ تف لە شیرو خەنجەر و نەشتەر نەکەم
عەرزی یارم کرد،کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە
پێی وتم بەزمە ! لەسەرچی عود لە سەر مجمەر نەکەم
هەر شەوێ دولبەر بە نازۆ ڕووبکاتە مەنزڵم
ڕەبی لاڵ بم گەر لە ڕێیا تەرکی ڕوح و سەر نەکم
یار بە ئیستیهزازەوە فەرمووی قانعا ماوی شوکور
لافی میهری تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکم
🔸مامۆستا قانع
@trupkirezgari
https://mamle.net/archives/13015
بولبولم وا لە قەفەس هاتە دەرێ
«ماملێ»م پێی بڵێ دا بێتە سەرێ
بورینگێنی بە دەنگی نەرمی
دڵ ببرژێنێ هەناسەی گەرمی
بچریکێنێ بە دەنگی خۆشی
بڕفێنێ لە دڵی کوڵ هۆشی
ڕاڕفێنێ لە دڵان دەرد و پەرۆش
پێبکەنێ ڕۆڵە لە دەسچووی ڕەشپۆش
ڕاپەڕێنێ هەموو ئاخ و داخێک
ئاخ و داخێکی لەسەر دڵ شاخێک
دەنگی وا خۆش و چریکەی بازی
«ئەزغەر» و «باربود»ی پێنازی
لەنگەری دەگرێ بە باڵداری حەوا
«مریەمێ» کاتێ دەخوێنێ بە هەوا
«سوورەگوڵ»، «لالە بە دەست»ت چاکە
«جوانەمەرگت» ئەوە مینای خاکە
«یار یار»ت گوڵە فێنکایی دڵە
دەنگی تۆ دوژمنە بۆ مشک و مڵە
«خاڵی ڕێبوار» و «هەڵاڵە و زەمزەم»
بڵێ گۆرانی بە کوردی دەم دەم
خاڵە گیان دەمدەمە تۆش بۆی بوەنە
تاکوو ساڕێژ بێ لە دڵ ئەو کەوەنە
خاڵی خۆشت کە بە دەنگت مەستە
دڵی مەشکێنە لە دنیا بەستە
«ماملێ» بولبولی کوردستانە
هەر بژی، نەمری ڕەبی بەو زووانە
دەی دەی ئەو دەنگی بریندارت بێ
دڵبرینداری مە هەر کارت بێ
تاکوو نیشتمان بێ بە بەزمت ئاوا
نیشتمان گیانی من ئەوڕۆت باوە
نیشتمان ڕیشەیی جەرگ و دڵی مەی
مەسەلی کوردییە ئاو و گڵی مەی
خاڵی من چونکێ گەلی دەربەدەرە
شەو و ڕۆژ خواردنی خوێنی جگەرە
گەر دەڵێی چۆن دەخورێ خوێنی جیگەر
خوێن بەشی خواردنی کوردانە مەگەر
بەڵێ خوێن جەرگە بە فرمێسک ئەڕژێ
لە گلێنەم دە گڵێنەم دەپژێ
ئەی خودای گەورە هەڵینەگری لەوان
نۆرەی گۆرزی مە بدەی ڕۆژ و شەوان
ئینچەلیشبێتەوە نۆرە و کەڕەتن
تاف و ماف و هەل و هات و هەڕەتن
هۆنراوەی مامۆستا سەید محەممەد ئەمین بەرزەنجی
ناسراو بە (خاڵە مین)
/channel/awiin
جەبەڕووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت
هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت
ناهەقە شەکوە لە بێعەهدی و بێپەروایی
کەی وەفایێکی ئەدا کردووە سەد دەفعە زمووت
بە گوڵ و لالە بەهاری ڕوخی ڕازاوەتەوە
غایەتی کوێری وەرە هێچ نەبێ سەیری کە بە لووت
وەکوو دەریایە نەسیمی سەحەری سەبزەیی گوڵ
پێکەوە مەوج و حوبابی دەهەژا و دەبزووت
ئەشعەس و باقلی و حاتەم و گەر حەسسانی
دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە سکوونت بە سکووت
هەرچی لەو لاوە نەیێ من لەوێ نایناسمەوە
ئەوی ناسیوتە مەئموورە بە ئەمری جەبەڕووت
نانی خۆی تاکوو بە تەندووری گەرم پێوە نەدا
ناڕوا «حاجی» ئەگەر چاوی دەرێنن بە بزووت
🔸 #حاجی قادر کۆیی
@trupkirezgari
هاتیە خەونم دوێ شەوێ باشە چ کارێکت هەبوو؟
سەیرە زانیت لای منیش قەول و قەرارێکت هەبوو!
ڕەنگە ڕێگەت گوم بووە نیوەشەێ، وەنیە گوڵم؟
یا لەگەڵ کۆرپەی دڵم لابار و بارێکت هەبوو
خۆشەویستیشت دەزانی؟ سەیرە لام ئەی بێوەفا!
پاشی دەربازی تەمەن زانیت کە یارێکت هەبوو
کاتێ داتخست ئەو سەرەت من هەر بەحاڵ بیستم سڵاو
هەست و خوستت لێ بڕا ڕووی شەرمەسارێکت هەبوو
دەمهەویست یەک شت بڵێم، وا بۆغزی گریان ڕێی نەدام
نام نەگوت چونکە لەمێژ بوو ئاسەوارێکت هەبوو
کاتی ڕۆین دڵبەخەم بووی، واق وڕمای ڕوو لە من
ڕەنگە لەو دێوانەیەت چەند ئینتیزارێکت هەبوو
بەو بەیانەی بۆنی گوڵ، گشت ماڵەکەی داگرتبووم
هەرچی بوو خەونە بەڵام، کورتەوتارێکت هەبوو!
ئەشق واتا بێ گلە دەم دابخەی مات و خەمۆش
دڵ بە کاتێ خۆش بکەی، ژوان و قەرارێک هەبوو
🔸 شەهریار
🔸وەرگێڕ: حەسەن ڕەوش (پارێزەر)
@trupkirezgari
نێرگسی شەھلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە
گوڵ وەکو بولبول ھەمیشە عاشق و مەجبوورتە
نۆشدارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان
باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە
ڕۆژ کەوا ڕووزەرد و سەرگەردانە ھەر دێت و دەچێ
شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە
بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم
تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە
پێی وتم ھۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم
تۆزی ئەو، دەرمانی چاوی پڕلەخوێنی سوورتە
گەر حەقیقەتبینی عاشق، لابە نەعلەینی حەیات
جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە
تۆ کە شیرینی زەمانی، من کە فەرھادی غەریب
حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان، ڕەقیب شاپوورتە
بۆچی عاشق شێتی تۆ وا، مەیلی فیردەوست ھەیە؟
بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە، دڵبەر حوورتە
گەر نیگاھێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە؟
تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە
مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی
موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە
ئەم قەسیدە وەختێ ھاتە خزمەتت بیخوێنەوە
عەرزوحاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەھجوورتە
ئەی دڵە بەسیە ھەتا کەی تۆ خەریکی ھاتوچۆی
موشکیلە وەسڵی، تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە
بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی
ئەحمەدی بێچارە تەنھا عاشقی مەغدوورتە
🔸ئەحمەد موختار جاف
@trupkirezgari
🎙#مێهدی_حوجەت_سادات
🎵تەماشای تۆ
بە جارێکی تەماشای تۆ،
فیدات بێ، هەم دڵ و دینم
ئەگەر سەد جار قیامەت بێ
دەمێکی هەستە بتبینم
لە غەمزەی چاوەکەت دەتکێ
لە جەرگم خوێن و نازانم
نە خەستەی پەنجەیی بازم؟
نە بەستەی دەستی شاهینم!
وەکوو نەی کون کونە جەرگم
لە تاو هیجرانی تۆ بۆیە
بە سۆزی نەی دەسووتێم و
بە نەغمەی نەی دەناڵێنم
وەکوو نەی کون کونە جەرگم
لە حەسرەت وردەخاڵانی
شکا پشتم، بڕا جەرگم،
لە نووکی تیری مۆژگانی
ئەوێستا گەر دەبینێ من،
دەپۆشێ باغی ڕوخساری
موسڵمانان تەماشا کەن
لە شەرت و عەقڵ و ڕەفتاری
تەماشای بولبولی دڵ کەن،
بە ناحەق خۆ نەسووتاوە
دەڵێن ئەمڕۆ لە من زیزە،
گوڵی نەوڕەستە تۆراوە
چەمەن یەکبارە خامۆشە،
خرۆشی بولبولان با بێ
دڵ ئەمرۆ مات و مەدهۆشە،
خودا فەسڵی گوڵان با بێ!
نەماوە حاڵەتی ژینم
لە دەستم چوو ڕوحی شیرینم
ڕەفیقان بێن بکەن شینم
سدای گریە و فغان با بێ
ئەسیری تاری گیسووتم
هیلاکی چاوی جادوودتم
شەهیدی تیری ئەبرووتم
دەسا عیسای زەمان با بێ
بە مەولا گەر لەمەولا دڵ بە قوربانت نەبێ نابێ
بە دڵ گەر دڵ موتیع و بەندی فەرمانت نەبێ نابێ
کەسێ مەقسوودی کەسبی دەوڵەتی قوربی مەحەببەت بێ
غوڵامی بۆ غوڵامانی غوڵامانت نەبێ نابێ
زوھووری نووری تووری مەعریفەت بۆ چاوی بێ نوورم
لە تۆزی سورمە ڕەنگی خاکی دامانت نەبێ نابێ
فیراری قەیسەری زوڵمەت لە شاری شامی خاتردا
بە حوکمی بەرقی تیغی شاھی تورکانت نەبێ نابێ
بەیانی داستانی شیوەنی بولبول لەبەر گوڵدا
بە خەندەی لێوی شۆرئەنگێزی خەندانت نەبێ نابێ
فەلەک مەشھوورە لافی ئیقتداری ڕەفعەتە ئەمما
وجوودی بو سەریری خاکی ئەیوانت نەبێ نابێ
سەرم سەمتوورە، سینەم نەی، سوراحی دیدە، ئەشکم مەی
مەزەی مەی، یا نەوایی نەی، لە دیوانت نەبێ نابێ
لەبۆ گوڵ شۆری بولبول، شۆڕشی تووتی لەبۆ شەککەر
بە شەوقی شەھدی لێوی شەککەر ئەفشانت نەبێ نابێ
بە لالەی مەعریفەت تەعمیری قەتعەی باغە کۆنی دڵ
ھەتا مەعمووری بەستی فەیزی ئیحسانت نەبێ نابێ
لە ڕۆژی کەشمەکەشدا ناریا ھەرگیز نەجاتی تۆ
حیسامەددین کەفیلی باری عوسیانت نەبێ نابێ!
🔸مامۆستا ناری
@trupkirezgari
کەریم کابان
وەسیەت
مێلۆدی:کەریم کابان
هۆنراوەی وەلی دێوانە
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
تەنیا گۆڕکەم لە ڕێی خێڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گۆران بێ
کێلێکی بەرزیش بە قەد باڵای شەم
لە ژوور سەرم بێ، بێ زیاد و بێ کەم
یاران وەسیەتم ...
تاقێکیش وێنەی تاقی برۆی ئەو
کە سوجدەگاهی گیانم بێ بە شەو
بنووسن بە خوێن: جەرگی سەر کردووم
کە من بە تیری دەستی شەم مردووم
یاران وەسیەتم ...
چونکە ئەو شەمە تاتاری چینە
لە دەشت بێزارە و چیانشینە
بەڵکوو هەڵکەوێ لە ڕاگوزارێ
رێگای بخاتە سەر گۆڕم جارێ
یاران وەسیەتم...
بزانێ کوشتەی دەستی خۆیەتی
لە خاکا مەیلی ڕەنگ و بۆیەتی
جوابی پرسیاری گۆڕیشم وایە
دیاری مەحشەرم شەڕی لەیلایە
یاران وەسیەتم
@trupkirezgari
دەزانی چۆنە وا ماوم؟ لە عیشقی دڵبەرە مانم
دەپرسی بۆچی داماوی؟ لە دەستی یارە دامانم
دڵەی پەروانەکەم تینی شەمی ڕووتی نییە بۆیە
وەکوو پەروانە سووتاوم وەکوو شەم دیدەگریانم
بە شمشیری برۆ و تیری موژەت کاری کرا جەرگم
شەهیدی مەعرەکەی شمشێری ئەبرۆ و تیری موژگانم
لە دووری چاوەکانت چاوەکەم حوکمی نەما چاوم
کراسی یۆسفە دەرمانی چاوی پیری کەنعانم
لەبەر خەم چەم دەبارێنێ لەسەر مەزرای دڵم ئەسرین
مرادم شین نەبوو گەرچی پەڵەی دا هەوری بارانم
تەهومتەن بۆ جگەرگۆشەت گەلێ پێویستە نۆشداروو
بە نووکی خەنجەرت جەرگم بڕا داماوی دەرمانم
ئەگەر تۆ لەیلەکەی بێ مەیلەکەی سەرخێڵەکەی نازی
منیش مەجنوونەکەی ئاوارەکەی دەشت و بیابانم
بەهارە و کاتی گوڵ پشکووتن و دەرکەوتنی خێڵە
بە هیوای دیتنی باڵانەمامی کیژی کوێستانم
دڵم سووتا وەکوو پەروانە فرمێسکی شەمە ئاوم
وەکوو بولبول لە عیشقی خونچە جەرگی لەت لەتە دانم
«لسان الغيب»ی شیرازی مەیی باقی دەوێ ساقی
منیش موحتاجی تۆم و چاو لە دەستی خێر و ئیحسانم
لەبەر چاوی حەقیقی باغی میراوا موسەللایە
گەواراتر لە ڕوکنابادە ئاوی حەوزی بۆکانم
🔸حەقیقی
@trupkirezgari
نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کردووە
تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجنئەنجن کردووە
با سەریشم دابنێم مومکین نییە دەست هەڵگرم
خوا منی بۆ ماچی ئەو لێوانە نەوسن کردووە
هیچ ئەسەر ناکا لە تۆ فەریاد و هاوارم یەقین
خوا دڵی تۆی یا لە پۆڵا یا لە ئاسن کردووە
دەرد و جەور و خەم هەمووی بۆ پیاوە، ئوستادی ئەزەل
دائیمە هەر خێر و خۆشی و شادی بۆ ژن کردووە
زەحمەتە ناکرێتەوە هەرگیز گرێی بەختم بە کەس
دەستی حەق ئەم ڕشتەیەی یەکسەر گرێچن کردووە
کەس لە جەمعی زیو و زێڕ خێری نەدیوە چاوەکەم
زۆر دەسی پاک و بە نوێژی پیس و چڵکن کردووە
یاری بێڕەحمم کەمالی دەردی دووری و جەوری خۆی
یەک کەڕەت وەقفی دڵی سەودازەدەی من کردووە
🔸مامۆستا کەماڵی
@trupkirezgari
ڕاپۆرتێکی تایبەت لە سەد و یازدەیەمین دانیشتنی بنکەی کتێبخوێنیی کانیی سەردەشت
ڕێزگرتن و ناساندنی خاتوو سارا خەنشا و شڕۆڤەی کتێبی مژاوا
ئەو زولفی سەمەن سایە سەراپایە لە باڵات
چاوی بەدی لێ دوور بێ چ زیبایە لە باڵات
گەهـ دەستە و گەهـ بەستە، دەمێ کرژ و دەمێ خاو
هەر تەرزێ کە مەتبووعە بەدڵ وایە لە باڵات
شوعلەی روخت و تیرەگیی زولفی سیەهفام
مەهتابە کە تێکەڵ شەوی یەلدایە لە باڵات
ڕوخسارە فرووزەندە تەرازی قەدی نەخلت
نوورێکە تەقازایی تەجەللایە لە باڵات
باغی ئیرەمی سینە دە گوڵزاری جەماڵت
حەسرەت بە دووسەد جەننەتی مەئوایە لە باڵات
غونچەی دەهەنی تۆ بە گەهی خەندەو گوفتار
دورجێکە گوهەرخێز و شەکەرزایە لە باڵات
قامەت نییە بیلاهی قیامەت لەوە هەستا
لەو شۆڕش و غەوغایە کە پەیدایە لە باڵات
جانا مەکە مەنعی ئەدەبی زار لە زاری
شێتی گوڵی دیدارت و شەیدایە لە باڵات
🔸 ئەدەب
@trupkirezgari
لێم گەڕێن باتێر بخوێنم بۆگەلم
دەنگی ئازادی هەڵێنم مـن مەلم
لێم گەڕێن با ڕازی دەروون دەربڕم
کێ دەزانێ منی کورد چەند دڵ پڕم
مـن کە شێتی لارو لەنجەکەی گوڵێم
بالەمەودوا شێعری سەربەستی بڵێم
بێتە ژوانم پەری شێعری سـەربەخۆ
کەس نەڵێ پێم ،جیاوازی خوازی ئەتۆ
بەکەیفی خۆم قافیەی بۆلەکەودەم
وشەی ڕەسـەن بالەشاباشی ئەودەم
لەشێعرم دا وەکـوو ڕاوچێکی چازان
کەڕۆژگارێک دەـوونە ڕاوی بازان
مەبەستی خۆم بهەنـگێوم بەتیرێ
وەهاتیرێ مەتاڵیش بۆی نەگیرێ
لێم گەڕێن با دەنگ هەڵێنم مەمگرن
لەسـەر مافی ڕەوام بۆچی دەمگرن
لەبەندێ دان کۆمەڵێکی بێ تاوان
کۆمەڵێکیش شـەهید کران لە لاوان
کۆمەڵێکیش هـەربێ دەنگن لە ترسان
کۆمەڵێک هەڵیان بڕی دەنگ نەترسان
ئەبەوهۆیە هەتا مان دەربەدەر بوون
بەتاوانی ئەوەی خاوەن هونەر بوون
کام دەسهەڵات ڕێزی وانی لە بەربوو
هونەر بۆخێو هەوێنی دەردی سەربوو
ئەبەوحاڵەش هونەرمەند نێوی بەرزە
چیای سـەختە وباشاری ناکا تەرزە
🔸 ئەحمەدی ئازەر هۆگر
@kavehmolani
براکــەم حاڵـەتــم گریانــە ئەمــڕۆ
دڵ و جەرگم تەواو بوریانە ئەمڕۆ
بە یەک لەحزە دووسەد حاڵم ئەگۆڕیەت
تــەمــاشای حاڵــەتـم سەیــرانە ئەمـــڕۆ
لــە باخــی مەزرەعەی ئیقباڵــی لارم
لە خەم کۆکۆ وەکوو خەرمانە ئەمڕۆ
ئەوەندە پەستە بەختی شوومی نەحسم
لــە بەختــم واعیزیش شەیتانـە ئەمـــڕۆ
گــرفتارم بە دەرد و بــێ پزیشکم
تەداویم ھەر خەم و گریانە ئەمڕۆ
ستارەی بەختی نەحسم وا لە گۆما
لە عــەقرەب تالیعــم، میزانە ئەمڕۆ
خەمم تاج و سەراپەردەم نەخۆشین
دەروونی دڵ عەجەب وێرانە ئەمڕۆ؟
وەکوو قانع خەیاڵی گەورەییم بوو
کە چی ئێستە خەمم بۆ نانە ئەمڕۆ
🔸مامۆستا قانع
@trupkirezgari
هۆ کوردە ژن تەواری ون
ئوستوورەی جوانی سەردەمان
بە ناوی عیشق و ئازادی
چیرۆکێکی تازەت خولقان
🔸#سیمین_چایچی
@trupkirezgari
📄 شیعری "باخەوانی دارەپیرە"
کە بە قەڵەمی کاک ڕەحیم لوقمانی بۆ ڕۆحی پیرۆزی مامۆستا جەلال مەلەکشا پێشکەش کراوە.
منی تینووی ئاوی ڕەزی شێعرستانت
بادەی موژدەی ژیانەوەی پیرە دارم بۆ هێناوی
گەشانەوەی، چرۆی بیر و هەڵکردنی شنەی شعوور
پیرە دارێک، ژوانگە و لانکەی فکری سەوزی دڵدارانە
ڕاژانی با، سەمای گەڵا و هەوای دەمی دارەپیرە
بەستەی وشە دیلەکانی تۆیە، سترانی دەشت و کێوانم
بە خامەی دڵ بە خوێنی خاک و ڕیشەوە
زڕەی چڕانی زنجیر و ڕۆحی ڕەهای هەڵوێستی تۆ تۆمار دەکەن
لە تەوێڵی بەرد و سینگی سووری هەردا
بەرزەلانی سەرپەلانی داری شێعرت، سەوزی ڕازی ژیان بووە
پڕ لە فێرگەی مەلی شەیدای وشەکانتە
هەڵۆی هاوار، چەکی خامە و وانەی فڕین،
شەوی خەوی نیشتمانیان شەق کردووە
ئێستا تەور، لە تاوی شەرمی دەستی خۆی
توانای نییە، لە هەیبەتی بووژانەوەی پیرەداری تۆ بڕوانێ
چریکەی ناو قەفەسکەی کەوی شێعرت
ژەنگی زەنگی ڕەوتی چەوتی کاروانی زوو زڕاندەوە
دەبێ بەڕۆژ بکرێنەوە، بازگەکانی ڕەوت و ڕوانین
وا دەبینم خێڵێ پواز، بە ڕووزەردی
بۆ سڕینی پەڵەی شەرمێ
گشت سەرگەرمی وانەی سەوزی پەشیمانین
ئێستا هەموو گوڵاڵانی پەلکە شۆڕ و خانمەداری باخانی شار
بە شەونمی چاوی گریاوی شێعری تۆ
قژەکانی ئەندێشەیان ڕەنگساژ ئەکەن
ئەی باخەوانی شێعرستان!
هەستە بسکی خەزانکاری سنەی ئەوین بهۆنەوە
ئەمڕۆ پۆل پۆل کچە ڕۆز و ژنە یاسی شەقامانت
دەستە گوڵی باخچەی ئازادی شێعری تۆ
ئەدەن لە لای لێوی قژی پەرێشانیان
هەتا گوڵاوی بزەیان بڕژێتە سەر دەمی جێ ژوان
هاوڕێی شێعر و ڕازی ئەوین!
هاتووم عەتری مزگێنییەک لە سەر بووکی مەزارەکەت بپرژێنم
هاتووم بڵێم: جەلال هەستە،
قوفڵی لێوی شەقام شکا
لە سەر باڵای جوانییەکانی نیشتمانت
هەرچەند خونچەی گوڵمان وەرین
بەڵام داڵی زاڵی سەرپۆش، فڕین!
#ڕەحیم_لوقمانی
/channel/meleksha
ڕۆژی کرێکار. کرێکاران. ڕۆژی خۆم، ڕۆژی تۆ، ڕۆژی ئەوان!
پیرۆزکرا.
بەڵام
کێشەکانیان هەروا بەجێی ما!
هەرچەند منی کرێکار
هێندە سەرقاڵی کرێکاریی خۆمم
کە نە سات و نە ڕۆژ و مانگ و ساڵ، خۆمیشم لێ ون بووە!
وەرز کە هیچ تەنها
نێوی دەبیستین
بەهار هات و هاوین بەڕێیە
جوانیی بەهار نابینین و هاڵاوی گەرمای هاوین
بێهێزمان دەکا
بە ڤەڕسانی گەڵا دەوەرین و بە شەختەی زستان دەگرسین!
ئەوساڵیش بێ پیرۆزبایی ڕۆژمان چوو!
چاوەڕێ بەهارێ دیکەین...
"شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا"
ئەیچە وابوو ڕۆژی کرێکاریش تەواو بوو😊
فرسەتە،سا دەی
زەمانی گەرمییی بازاڕتە
🔸ئەحمەد موختار جاف
@trupkirezgari
ئەی بریندارانی مەینەت دەردی هیجرم چارەکەن
وا بە جارێ بمکوژن , ناخی دڵم سەت پارەکەن
من زەبوونی چارەنووسی ژینی خۆم وا لەودەمە
شیوەن و زاریم دەبێتە شێعر و بەزم و دیکلەمە
با بناڵێنم لە دەستی عومرەکەی پڕ مەینەتم
وا لەبەر بریان و زووخی جەرگەکەی پڕحەسرەتم
باشە ئەسرین هەڵوەرێنم وەک شەتاوانی بەهار
بەڵکوو تەڕکا ئاگری ناخی دڵی کۆیلەی هەژار
سەوزەزارانی بەهاری ئەو دڵەم پڕمەینەتە
تازە دەرچوو چەهچەهەی بولبول لە باخم زەحمەتە
گشتی لەش نوقمی خەزانە و چاوەڕێی زریان دەکا
بۆ خەمی بێچارەگیم و بێ کەسیم گریان دەکا
هەر شەوێک نەیکەم تەوافی بوتکەدەی تاریکی خەم
نامەوێ ئەوهیجرە وەک پەروانە بۆ دیداری شەم
شۆقی شەمعم وەک تریفە نیشتە سەر لەوحی دڵم
ڕێنمایە بۆ قەڵەم چیرۆک بنووسێ بۆ کوڵم
ڕۆح ئەسیری دەستی شەیتانی قەڵای بەدکارییە
لەش کە بێ شەرم و حەیا بێ کارەکەی یەکجارییە
گەر بە تۆمار هەست بنووسی دەردی ڕزگار هەر کەمە
باسی دەرد و مەینەتە و کورد کوتەنی مامەخەمە
🔸ڕزگار.ع
@trupkirezgari
🔺ڕۆژی سنه و شوناسی ئەم شاره
✍ پژمان حهبیبی
✅ بابا مەردۆخ له لاپەڕەی ۱۰۸ی کتێبی دووهەمی مێژووی مەردۆخدا دەڵێت: سڵێمان خانی ئەردەڵان له شەشی مانگی گۆڵانی ۱۰۱٦ی کۆچی هەتاوی، شاری له مێژینەی سنەی سەر له نوێ درووسکردووەتەوە. به پێشنیاری شۆرای شاری سنە ئەو ڕۆژه به ناوی "ڕۆژی سنە" ناونراوە.
✅ سنه بهدرێژایی تەمەنی مەکۆی پاڵەوانان، هونەرمەندانی پەنجەزێڕین، ئەدیبان و.... هتد بووە. ئەوەی زۆر کەم ئاوڕی لێدراوەتەوە و خەڵکی شارەکانی دیکە، ئاگایان لێ نییه، بیری مرۆڤدۆستی دانیشتوانی ڕەسەنی شاری سنەیە. بەدڵنیاییهوە لەم شاره، مرۆڤ له هەموو شتێک پیرۆزتره. نەیارانی کورد و بەکرێگیراونیان بۆ پێناسەنەکردنی تایبەتمەندییەکانی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم شاره و بۆ چاندنی تووی دوو و چەند بەرەکی له نێوان سنه و شارەکانی دیکەی کوردستان، به درێژایی مێژوو هەوڵی چڕوپڕیان داوە. بەخۆشحاڵییەوە ئەو هەوڵە نگریسانە به هۆی وشیاری شارۆمەندانی چالاک و لێهاتووەوە، قەت بە ئامانج نەگەیشتووە.
بۆ نموونە: بابانەکان که له لایەن عوسمانیەکانەوە نازناوی پاشایەتیان پێدرابوو، به پیلانی عوسمانیەکان له باشووری کوردستانەوە هێرشیان بۆ ئەمارەتی ئەردەڵانەکان هێنا، ئەردەڵانەکان که له لایەن سەفەوییەکانەوە نازناوی خانیان پێدرابوو، بەرگرییەکی ئەوتۆیان نەکرد. بابانەکان مەریوان و سەقزیان گرت. سەفەوییەکان به هانای ئەردەڵانەکانەوە هاتن و شارەکانیان له دەست بابانەکان گرتەوە. پاش حەسانەوە له ماندوویەتی شەڕ و گۆڕانی هەنگامەی شەڕ به خۆشیی و بەزم، سەرداری قزڵباش له چۆنیەتی بەدەستەوەدانی مەریوان و سەقزی پرسی، قاسم سوڵتانی هەورامی فەرماندەی ئەردەڵانەکان له وڵامدا دەڵێت:
به هۆی هاوزمانی و دوور بیرکردنەوە، سوپای ئەردەڵان وازی له ڕێوشوێنی دۆستایەتی و ئاشنایەتی له گەڵ دلێرانی بابان نەهێناوه، بههیچ شێوەیەک بەنیازی جەنگ دەستی شەڕیان له برای خۆیان نەکردووەتەوە.عەباسقولی خانی قاجار به قسەکانی قاسم سوڵتان ورووژا، پتر له ۱۰۰۰ کەسی سەربڕی، به سەری خەڵکی بێگوناحی سنه کەلهمنارێکی دروست کرد و سەری قاسمخانی وەکو بەیداخ به سەر بەرزایی سەرەکانی ترەوە هەڵواسی ئەو مناره له ناو خەڵکدا به "کوڵینکۆ" بەناوبانگ بووە.
@pejmanhabibi
بولبولی تەبعم ئەوا دیسان سەناخوانی دەکا
نوکتە سەنجی و بەزلەگۆیی و عەنبەر ئەفشانی دەکا
هــەرکەسێ ئیزهاری دانایی بکات و ، مەقسەدی
خودپەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا
خەرقەپۆشێ کەی دەپۆشێ جەوهەری زاتی ئەمن؟
بیتە نێو، جیلوەی، بە زوشتی خۆی بە عوریانی دەکا
زابیتەی تەبعم سوارە، ئیددیعای شاهی هەیە
موحتەشەم دیوانە ، داوای تەختی خاقانی دەکا
شاهیدی فیکرم کە بێتە جیلوەگاهی دولبەری
شاهی خوسرەو ڕۆحی شیرینی بە قوربانی دەکا
نووکی خامەی من کە بێتە مەعنائارایی کەمال
خەت بەخەت ئیزهاری نەقشی سوورەتی (مانی) دەکا
ئیستیتاعە و قووەتی تەبعم، بە کوردی و فارسی
عارەبی، ئیزهاری چــالاکــی و چـەسپانـی دەکا
خاترێکی شۆخ و خۆش و بێ غەم و جەمعم هەبوو
ئێستە بۆ زوڵفی کەسێ مەشقی پەرێشانی دەکا
هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوە، یەقین
خۆی کە دامێن گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکا
ئەو کەسە تەحدیسی نیعمەت بێ موراد و مەتلەبی
میسلی ( نـالـی ) ئیمتیسالی ئەمری یەزدانـی دەکا
حەزرەتی #نالی
@trupkirezgari
گەنجی عیشقت پڕ بە وێرانەی دڵە و من پێم کەمە
تا زیاد بێ چاوهڕێی دیشم مەڵێ ئێحسان بەسە
گەر قسەی عیشقی گوڵ و بولبول لە لات ئەفسانەیە
تۆ گوڵی خەندان و ئەمنیش بولبولی گریان بەسە
ئاورت بەردا دڵ و گیانی حەقیقی چاوهکەم
دهردی بێ دهرمانە عیشقت دهردی بێ دهرمان بەسە
🔸حەقیقی
@trupkirezgari
پارچە گۆشتێکە دڵی من، ڕوو نییە
ناڵەناڵی من درەنگە، زوو نییە
دەردی دووری... دەردی دووری کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەمڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم، ساقی! ئەدی!؟
🔸هێمن
@trupkirezgari
ئامانجی ئەدەب و هونەر
کاتێک لە سەفەر گەڕامەوە، منداڵەکان وتیان: دوێنێ پیاوێکی نەناسیاو چەن جار هاتووە و کاری پێت بووە.
هێشتا قسەکە دوایی نەهات بوو، لە دەرکەیان دا. یەکێ لە کوڕەکان چووە بەردەرکە و گەڕایەوە، وتی: هەمان کابرایە. بەحورمەتەوە هێنامانە ماڵەوە، بە هۆی ئەوەی کە لە ساڵانی ژیانم، شانازی ئەوەم هەبووە پێڵاوی گەورە پیاوان جووت کەم و دەستی چەندین شاعیری مەزن ماچ کەم، تا ڕادەیەک لە کاری کۆمەڵایەتی و ئەدەبی سەردەر دێنم. بۆیە زۆر جار کەسانێک بۆ پرس و ڕا دێنە لام. جاری وا هەیە بە دیتنی لاوێکی خاوەن بەهرە و دڵسۆزی نیشتمان لە خۆشیان لاقم بە عەرزەوە گیر نابێت و هیوام بە دواڕۆژی گەل زۆرتر دەبێت. جاریواش هەیە کابرا بە فیزێکەوە پارچەهەڵبەستێک لە باخەڵی دەرێنێ کە دەڵێم خۆزگا تا ڕۆژی حەشر لە باخەڵیدا دەمایەوە. کابرا هاتووە دەڵێ: کتێبێکم نووسیوە شان دەدا لە شانی کتێبی "شەڕ و ئاشتی" تۆلستۆی. پێم خۆشە منیش وەکوو ئەو خاوەن ناو بم. پێی دەڵێم ئەو گەورانە پێش لە ناو، خاوەن فام بوون و ئەوەندە خەمی خەڵکیان لە بەر بوو، کاتیان بۆ خۆنواندن نەبوو. کەچی دەتۆرێ و دواجار دەبیسمەوە چووە لە شوێنێک بیست جڵدی لێ چاپ کردووە و لە پشتی کتێبەکە بۆیان نووسیوە: هەژماری چاپ سێ هەزار دانە!
بەڵام ئەمەیان باسێکی زۆر جیاواز بوو. دەیگوت دە ساڵە ژنم هێناوە. بەڵام لەبەر بێدەرەتانی لە ماڵی خەزوورم دەژیم. خەزووری زۆر ناودار بوو. دەیگوت خەزوورم لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا لە ڕیزی پێشەوە دادەنیشێ و خۆی وا نیشان دەدا کە ئەوەی بەلایەوە بێبایەخە، ماڵی دنیایە و تەنیا ئاسەواری گەورەپیاوانی نیشتمان لە بواری کەلتوور و ئەدەب و هونەر بۆی گرینگە. بەڵام من یەک شتم بۆ دەرکەوتووە، ئەو جۆرە کەسانە ڕەنگە بتوانن لەگەڵ کۆمەڵگا درۆ بکەن، بەڵام لەگەڵ بنەماڵە ناکرێ. کەسێک لەگەڵیان ژیابێت دەزانێ ئەوانە تەنیا ئەو شتانە بۆیان گرینگە کە بۆنی پارەیان لێوە بێت. باسی ئەخلاق و ئەدەب و هونەری ڕاستەقینە، لایان قخەیە. وتم: جا ئەمانە بە من چی؟ وتی: بیستوومە ئێوە زۆر دڵسۆزانە و شارەزایانە سەبارەت بە دەردەکانی کۆمەڵگا دەنووسن و زۆرێک لە دەردەکان دەناسن. بەڵکوو ڕێگە چارەیێکیش بۆ من بدۆزیتەوە. وتم: باشە دەردی خۆت چییە؟ وتی؛ خەزوورم و کەسانێکی وەکوو ئەو خۆ ناڕۆن ببنە هاوماڵی خەڵکی ئاسایی و بۆرەپیاوان. پێیان خۆشە لەگەڵ کەسانێک دابنیشن کە لەقەبی دکتور و مامۆستای زانکۆ و... هەبێت. جا بۆیە زۆربەی شەوان ئەو جۆرە کەسانە بانگهێشت دەکەنە ماڵی خۆیان و نان دەدەن بۆ ناو. بەڵام بۆ بەیانی لەنێو خەڵکی وای دەگێڕنەوە کە دوێنێشەو جەماعەتێک لە زانایانی شار هاتبوون و هەڵیانپێچابووم کە دەبێ ئەو هەموو زانستەم بهێنمە سەر کاغەز. هەرچەندە خۆی هەتا ئێستا دوو دێڕیشی نەنووسیوە و حازرخۆری بن سێبەرە. بە ڕۆژیش چەند بەتاڵ و بێعارێک کە تەنیا لاسایی ڕووناکبیران دەکەنەوە، لە دەوری خۆیاندا کۆ دەکەنەوە هەتا خەڵک بڵێن سەرقاڵی کارێکی گرینگن.
وتم: بڕیار بوو باسی دەردی خۆت بکەی! وتی ئاخر لە بەختی ڕەشم چەند مانگە پیاوێکی دکتۆر کە پسپۆڕی ژنانە، ئەویش بووە بە ئاشنامان. ژنەکەم جارناجارێک خۆی دەکاتە مردوو، خەسووم وەکوو کچانی نیوە عازەب دەیکاتە قیژەقیژ. خەزوورم بە تەلەفوون داوا لە جەنابی دکتۆر دەکات کە تەشریف بێنن. من ئەو دکتۆرە باش دەناسم. بڕوا فەرموون هەتا شتێکی تێدا نەبێت، گۆڕیش بۆ باوکی خۆی هەڵناکەنێت. تا ئەمانە تەلەفوونی بۆ دەکەن وەکوو مازەرە جندۆکە لە بەر دەرکە حازرە. خێرا خانم دەبەنە دیوێک و پاش تۆزێک ئەم شان و ئەو شانکردن ئەو حەیا داماڵدراوە، زیندوو دەبێتەوە. وتم: باشە ئەگەر دەزانی کورتانی لارە، تەڵاق و جیایی باشترە تا ئەو ژیانە. ئیتر کارتان بە یەک نەبێت. وتی: خۆزگا بە تەڵاق دەرباز ئەبووم. ئەمانە هیچ پێوەرێکی ئەخلاقییان نییە. من بە تەغار شتی نهێنیم لێیان دیوە. دەزانم سەری گوریسەکەیان بە کوێوە بەندە. باسی مان و نەمانە. تێدابردنی یەکێکی وەکوو من بۆ ئەوان زۆر ئاسانە. من تاقەتی کارکردنم نەبوو. دەمزانی ئەمانەش لە سەد لاوە مڵک و ماڵیان هەیە، بۆیە خۆم پێ هەڵاواسیون. دە ساڵ وێنەی ورچی لۆتی لەبەر دەمیاندا هەڵپەڕیم. بەڵام ئێستا دەبمە بەزمی کابرای کۆسە کە چوو بۆ ڕیش سمێڵیشی دانا.
وتم: براکەم! من لە زاری گەورەپیاوان تەنیا باسی پیاوەتی و شەڕەفم بیستووە. گیانیان خۆش ویستووە بەڵام نە بەقەدەر ئابڕوو. دەردی سەرەکی لە دەروونی خۆتە، ناتەوێ ڕێگای پیاوەتی تاقی بکەیتەوە و ڕەنگ و بۆی ئەوانت گرتووە. جا مەگەر پرس بە یەکێکی لە خەزوورت پیستر بکەیت.
سۆلۆمون ڕابینۆڤیچ/ نەمر برایم وێنسی
خوێنەری هێژا!
ئەدەب و هونەر ڕێگایەکی پیرۆزە هەتا مرۆڤ بەرەو بیری بەرزی ئینسانی بەرێت. کەچی کەسانێک کردوویانە دەسمایە بۆ نان و ناو و ڕاو. پێویستە کۆمەڵگا بە چاوکراوەیی ئەو ناوزلە بێ ناوەرۆکانە لە ئەدیب و هونەرمەندی ڕاستەقینە جیا بکاتەوە.
عیسا ئەحمەدی١٤٠٤/٠١/٣٠
لەت لەتم کەن سوێند بە گیانی تۆ دەسم هەڵناگرم
غەیری ئازادیت نەبێ بۆ هیچ خەباتێ نامرم
سەر لەپێناوی کەژ و کوێستان و شاخ و ئاوەکەت
گیان فیدای تۆ بووم ، دەمێنم تا بمێنێ ناوەکەت
حەک بەقووربان کێوی قەندیل و قەڵای کوردانە بم
حەک بەقووربان قامەتی کیژی بەڵێن مەردانە بم
حەک بەقووربان زایەڵەی دەنگی چەم و ڕووبارەکەت
حەک بەقووربان سەد برینی کۆنی نێو ڕووخسارەکەت
حەک بەقووربان خۆری نێو ئاڵای سەغیر و دەربەدەر
حەک بەقووربان ئەو هەڵۆیانەی ئەگەر چوون بۆ سەفەر
حەک بەقووربان ئەو دڵەی بم وا ئەگەر بۆت لێدەدا
بۆ نەجاتی تۆ عەزیزم نرخی گیانت پێ دەدا
گیان فیداتم تا بمێنم هەر لە سەنگەر دا تەنم
گەر نەماشم سوێند بە گیانی تۆ بە ژانت ڕاچەنم
🔸 هێمن هەژار
@trupkirezgari
ئەگەر جارێ دادەنیشتم لە سەر کورسی شارەوانی
هەموو شارم پڕ ئەکرد لە ئاوەدانی
بە ناوی تۆ
لە سەر چەقی چوار ڕییانەدا
لە ناو وێستگه و پاسەکاندا
لە مەکتەبا
لە زانکۆدا
پڕم ئەکرد لە ناویی تۆ
ئەگەر سەرۆک کۆمار ئەبووم
لە تەقەی پێڵاوەکانت
لە هەناسەی پڕ گریانت
لەو غەمە مرچ و مۆنانەی بە چاوتەوە هەڵواسراوە
سرودێکی نیشتمانیم بۆت ساز ئەکرد
ئەگەر خودا ساڵم پێ بات
سێ وەرزی کۆ ئەکەمەوە
پاییز و زستان و هاوین دەسڕمەوە
لە بەهاردا دەتنووسمەوە
فەرمان ئەدەم جوانیت ڕاگرن
تا هەموو ساڵ پڕ کەم لە (ژن )
🔸لوقمان پوورڕوستەمی
@trupkirezgari